٢٧\١١\٢٠١٤ خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی وەڵامیکی دروستە.
محەمەد بێبەش
بەڕێز بارزانی، ئێوە رووبەڕووی خەڵکی کوردستان فەرمووتان ئەگەر خەڵکی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێك خۆڕاگر بێ، ئەوا من کوردستانیێکی سەربەخۆتان دەدەمێ.
ئێستا ئێمە بە گوێرەی ئەو رێکەوتنە کێشەی چارەسەرکردنی لاوازبووون و کەموکورییەکانی ناوەندیی ئێراقمان کردۆتە ئامانج و چارەسەر، نەك کیشە بنەرەتییەکانی رابردووی خەڵکی کوردستان، بەڵێ لەسەر داخوازی جەنابتان زۆر بە پەلە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارنی کوردستان و لەسەر بنەمای یاساکانی ئیراق هەڵکروزێنراو ئامادە کرا و تێپەرێنرا هەروەها بابەت و تەوەری ڕیفراندۆم کرایە دروشم و خرایە ڕۆژەڤی ناوەندە جیهانیەکان، کەچی پاساوی شەڕی داعاش و دەنگە نێودەوڵەتییەکان نەك نەتوانرا کەڵکی نێشتمانی لێوەربگیرێ، بەڵکو بوو بە هۆی لەگۆڕنانی هەموو خواستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و کپکردنی دەنگە ئازادەکان، مەخابن رستیەك هەیە دەبێ بیڵین و هەمومان لەوە تێگەیشتوین کە ئەم هەڵبەز و دابەزە یاخود هەڵچوون و داچوونە بە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، نائومیدییەکی دوورودرێژ لە بیر و هزری خەڵکی کوردستان دروست دەکا و خەڵک بەرەو دامرکانەوەیەکی چەند نەوەیەك دەبا.
لە کۆتاییدا من بەچەند دێرێکی وتەبیژی ''کوتلەی مواتینی عەمار ئەلحەکیم'' دەخەمە روو لەسەر ڕێکەوتنەکە کە دەڵێ ''ئێمە توانیمان هاوکێشەی سەربەخۆی کورد لەناوبەرین'' هەروەها دەڵێ ''نەوتی کوردستان بخەینە ژیر کۆنترۆلی بەغدا بە نەوتی کەرکوکیشەوە کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی کورد دایە'' هەروەها دەڵێ ''جاران کورد بە بە بێ ناردنی نەوت لە سەدا حەڤدەی دەبرد بەلام ئێستا ئێراق لە پارەی خۆی لەسەدا حەوتیان دەدەینی''، جەنابی سەرۆك بە راستیی کارەساتە زیاتر لە ١٠ مانگی کولەمەرگیی و نەهامەتیی خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئێراقێکی بەهیز و ناوەندێکی بەهێزتر بێ، ئەگەر وابێ خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە بروایان بە وتاری هیچ کەس و لایەنێك نەمینێ، بێگومان مافی خۆشیانە بڵێن پەرلەمانی کوردستان بووکەڵەیە و یاسا و رێسا لاستیکە و پیرۆزییەکانی گەل و نیشتمان نادیار و گوماناوییە و لە ژێر مەترسییەکی گەورە دایە، خۆ ئەگەر وەڵامەکەی بەرێزتان پاساوی فاکتەری دەرەکیی و گوشاری دەرەکییش بێ، پێویست بوو ئەو گوشارانە رووبەڕووی خەڵکی کوردستان بکرێتەوە.. تا خەڵکی کوردستان خۆی وەڵامی ئەو گوشارانە بداتەوە! بێگومان ئیستا هەموو خەڵکی کوردستان و شەهیدانی ئەوم رێبازە چاوەڕوانی وەڵامیکی بە پیت و پێز و دروستە.
|