٢٦\٤\٢٠٢١
خەڵکی کوردستان نە
''مەڕجەع''ی دەوێ و نە پێویستیشی پێیەتی!

حەسەن رازانی
خەڵکی کوردستان پێویستی بە ئیدارەو یاساو دەستوورێکە کە : مافەکانی
بپارێزێت، ژیان و هەلی کاری بۆ بڕەخسێنێت. ئارامی و ئاساییشی بۆ
دەستەبەر بکات. خەڵک دەیەوێت هەقی کارو مووچەکەی بە تەواوی بدرێتێ، وەک
و هاووەڵاتی سەیر بکرێت و خاوەنی ڕێزو حوڕمەت بێت. خەڵک دەیەوێت ئەو
ئیدارەو یاساو دەستوورە عەدالەتی کۆمەڵایەتی جێبەجێبکات، دزی و گەندەڵی
کۆتایی پێ بهێنێت، ژن کوشتن بنەبڕبکات، شەڕی براکان لە دژی یەکتر
هەلنەگیرسێنێت. دەیان و دەیان شتی تر کە خەڵک بەدوایانەوە وێڵەو
پێویستی پێ هەن . بەڵام خەڵکی کوردستان بێجگە لەبەرژەوەندخوازان و
بازرگانانی نێو بارودۆخی گەندەڵیی هیچ کەسی تر بەدوا بوونی مەڕجەعەوە
وێڵ نییەو نایەوێت.
خەڵکی کوردستان دەبینێت کە پەڕلەمان و حکومەتێک هەیە. ئێ دەباشە
لێگەڕێن با ئەو پەڕلەمانەو ئەو حکومەتە ببن بە پەڕلەمان و حکومەتی
ڕاستەقینەی خەڵک، لەو سەری کوردستانەوە بۆ ئەو سەرو لاکەی تری . با
یاسا دەربکەن و توانای جێبەجێکردنیشیان هەبێ. نەک دێگەڵە ببێتە سنوور و
خاکەکەیی و خەڵکەکەشی بەسەر زۆناندا دا دابەش بکرێن. جا ئەو کاتە ئەو
پەڕلەمانەو ئەو حکومەتە بە پێی دەستوورو یاسا دەبنە مەڕجەع. دەبنە
مەڕجەع بۆ هەموو خەڵک بە دیندارو بێدینیەوە، بە تەواوی نەتەوەو
ڕەگەزەکانەوە، بە هەموو ڕەنگەکانییەوە، بۆ تەواوی بیروڕای سیاسی
جیاوازیش، ...، ...، هتد، کە نیشتەجێی کوردستانن و هاوڵاتی و
هاونیشتیمانین.
پێاسەی سادەو کورتی مەڕجەعی نەتەوایەتی و سیاسی و نیشتیمانی بۆ خەڵکی
کوردستان، بە بڕوای من، بریتییە لە: لێوەشاوەترین و دەراو پاکترین و
راستگۆترین کەس لەگەڵ خەڵکی کوردستان. بەڵام بە پێی ئەو پێناسەیە تا
ئێستا لە نێو ئەوانەی کەدیارو ماوون کە بیانەوێت خۆیان وەک مەڕجەعی
سەرتاسەری بێ زۆنی و بێ دێگەڵەیی نیشان بدەن ، مێژوو پاڵپشتییان لێ
ناکات. خەڵکی کوردستانیش لە مێژوو بە ئاگان و دوێنێیان لەبیرە. تەماشا
هەڵوێست و دیدی هەر یەکێکیان بکەی لە دژی ئەوەی تریاندا ئەم مێژووەت بۆ
پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەگەر هەر بێت و بەرژەوەندخوازانی هەبوونی مەڕجەع وەک شتەکانی تر
بیسەپێنن بەسەر خەڵکی کوردستاندا، ئەوە دڵنییا بن کە ئەویش دەبێتە
بارگرانییەکی تر بۆسەر داهاتی گشتی خەڵکی کوردستان و بەهەدەردانی
سەروەت وسامان لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە دەبێتە بنکەو سەرچاوەو
مۆڵگایەکی تر بۆ حەواندنەوەی لەشکرێکی تری بندیواری.
بۆیە: خەڵکی کوردستان هیچیتر ناتوانێت بەرگەی ئەوهەموو نەداری و
نەهامەتییە بگرێت. خەڵکی کوردستان دەیەوێت وەک ئینسانێک لە وڵات و
نیشتیمانی خۆیدا بە ئازادانە بژیت. نیشتیمانی لێ نەکرێتە دۆزەخ و
بەندیخانەیەک ، لەباتی مانەوە تێیدا هەوڵی ڕاکردن بدات لێی.. خەڵک
دەیەوێت ژیانێکی شیاوی هەبێت. وە ئێستا خەڵک لەو ژیانە شیاوە و لەو
ژیانە ئینسانییەی کەمە. ئێستاو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە مەڕجەعی کەم نییە
و بۆیە ناشیەوێت. خەڵک دەیەوێت کەسێک و بنەماڵەیەک و لایەنێکی سیاسی
نەبێت لەسەرووی یاساو حکومەت و دەستوورەوە بڕیار بدات و حاکم و قسە
بەدەستی کۆتایی بێت.
٢١\٤\٢٠٢١
shwanaz@yahoo.com
|