٢٧\٩\٢٠١١
خەمە بێنازەکان...

شوان عوسمان
"پێشکەشە بە بەناز و
هەموو ئەو بەنازانەی لە رۆخ رووباری ناز و ئاو خواردنەوەیەکدا لە ناز و
ئاو کران و دەکرێن..".
رۆژێک نییه.. لە ئاسمانی نەگبەتی ئێوەدا،
مانگێک لە سەرچاوبڕکێی لەگەل ئاوی بارانی ئەویندا، لە بنەوە چاوی
نەبڕدرێ و سۆمای نیگاکانی هەتک نەکرێ و چاوی قرژالێکی چاونز کانی ئاوی
چاوتان هەڵنەمژێت و بیناییتان نەڕژێنێت....
ئاخ... لە لاپەرگەی باخی ولاتەکەمدا رۆژانە
چەند چاوی خونچەی گوڵەباخ بێ سۆما دەبن ، لە ساتی پژانی شنەبای بۆنێکی
خۆشی بەر کەمەرو سەر سنگی پڕ لە مەمکی خڕوپڕیان، نوکی تیژی ئەستریەکی
دەم پەل دەبێتە مووی بەر کەپوو ولە پێلوویان رائەچێت ورۆحی هەڵالەیان
هاواری خوێنی لێ هەڵئەستێت...
زریکەی بە هەوا بوویان بە هەورازی کۆڵانە چاوتەنگەکانی نیشتمانم سەر
نەکەون ولە بەردەم حەوشەی کۆشکی حەوایەکی کۆرە بوودا بە رووت وقووتی لە
تەک گوناه وسەبەتەی سێوە گوناهەکانی باخی بەهشت وەجاخ کۆر نەبن، لە
چاوەڕێی هاناو تروسکەیەک ئاوی چاویان نامێنێ وکەسیش لە زمانیان تێناگات
ئەوان چ ئەلێن، ئاخر ئەوان سەریان پێ لە هەش ناون ئەدی سەر لە قاپی کێ
بنێن، دەردی خۆیان بۆ چ دڵێک شەرح بکەن ئەوان هاتوون بەلکو شتێکیان لۆ
بکەن تا بمێنن ونەکوژرێن....
رۆژێک نییه.. بە سەلامەتی بڕوات، ئەگەر فیشەکێکی سەرەڕۆ لە فیشەکدانی
جەمەدانی بەسەرێک، دەرنەچێت و مەرگی رۆحێکی سەرشێت بە فیشەکێکی شێت
نەگۆڕێتەوەو پرسەیەکی خۆڵەمێشیش کۆڕی دانیشتنێک گەرم نەکات ، ئەو رۆژەی
پرسەی رۆحێک وەکو پەری بەو ئاسمانەدا باڵ ئەگرێت، خشکەکەیەکی بەسام بە
بن گوێمدا رەت ئەبێ وئەڕوات، ئاخر خەمی ئێوە چەند بە خەمە چەند بە خەمم
نەکات خەمی ئێوە دڵم لەگەل دڵتانە چەند دڵتان بە ترسێک ئەتەزێ ئەوەندەش
دڵم لۆتان ئەگریێ وترسێکی ناوەخت دڵ وهەناوم ئەتەزێنێ ...
رۆژێک نییه.. ئاوی رووبارێک لە چۆڕانەوەی
تاسەی دڵیدا بە سامی ترسێک زەندەقی نەبردرێت ولە سەروچاوەوە تاسەی چک
نەکرێت، لە جێگای شۆڕ بوونەوەیدا رێگای پێ نەگۆڕدرێ و خەرەندێک
ئامێزێکی تێنەوەرێنێ، لە دوا مەنزلگەی چۆڕانەوەشدا گۆڕێک بە نوێژێکی
مردوو مەراسیمی ناشتنی بۆ دانەبەستێ...
رۆژێک نییه.. سۆسەی ئەو خەمە عاشقانەی لە ئەشقی باڵای خۆرێکدا لوول
ئەخۆن و بە وڵاتی منی خورئاوابوودا وەکو قەرەجێکی سەرشێت عەوداڵی
ئاوەدنییهکی تەڕن تا رۆحیان ئاو بدەن، سەودایەک بە ئاسماندا نەکەن ولە
گەڕانی بێهودەیان بە دوای تریفەی مانگ و تریقەی دەمێکی پڕ لە زووخاو
نەگەڕێن وئنجا لە چاوێکی ماندوو ئەگەڕێن تا تنۆکێک فرمێسکی ناوەختیان
لەگەل بەش بکات وشینێکی بەیەکەوە گریانیان بۆ بگەڕێنێ ....
رۆژێک نییه.. سەرەخۆشی کوژانەوەی چاوێکم لە
چاوەکەی دیکەم نەبیستم، لە بەر پەنجەرەی چاوتاریکی من تەقەتەقی دەستی
بێچاوێک لە دەرگای دڵم نەدات ، دەروونم بە قرتەیەکی دوابڕاوە
رانەچلەکێنێت وچرپەیەکی ناخۆشیش خۆی بە دەرووی دەروونم نەخزێنێت..
رۆژێک نییه.. دەستێکی رەش ودڵێکی رەش و خەمێکی رەش دەست لە سێبەرتان
نەکوتێت تا خنخنۆکتان بگرێت و دڵتان رەش بکات ونەتانخنکێنێت..
رۆژێک نییه ..لەگەل خەزانی خەمی وەرانی پەلکەکانی نێرگزو وەنەوشەو
شەوبۆو رێحانەی باخی کوردستانم، پاییزم لێ نەبارێ وخەزانی روو زەرد
رووی نابووتیم لە بەردەم هەڵنەکات وفوو لە مۆم وسۆمام نەکات، نیگام لە
گلانی شاتەوارێکدا مل بۆ تێکشکانێک نەنێت ونینۆکەکانم لە گۆشت
هەڵنەگەڕێنەوەو خوێنم نەبێتە ئاوو لە دووری سێبەری ئەو مەلانەی بەرەو
هەورێکی بێباران کۆچ ئەکەن، باڵیان وەکو باران دائەبارێت وهەڵنەوەرێن
ودەست وپێیەکانیشم لە تاو شەوەرەشی ئەو رۆژە تاریکانە نامێنن وئەوانیش
یەکەیەکە ئەوەرێن...
شەوێک نییه.. لەبەر بۆنی هەڵکروزانی باڵی
پەپوولەیەکی رۆح سپی، شەوی سپیم تاریک نەبێت وخەونی ئەرخەوانیم بە
زەقنەبووت نەچێت ولە سێبەری دێوەزمەیەک خەوم نەزڕێ ولە کەنار رۆحدانی
ئێوەدا رۆحم دەرنەچێ وهەزارجار نەمرێ..
چەند بە خەم و
چەند بەناز و چەند دڵسوتاون، ئاخر رۆژێک
نییه بڕوات و لە سەر روومەتی رۆژنامەیەک،
چاوێکی کزی فێیس بووکەوە، خەبەری خۆسوتانی
رێواسێک، کنێرێک، شلێرێکی بەندەنە دڵرەقەکانم بە کەناری رۆحم رانەبوورێ،
لە سەر بەستەلەکی ئەو رۆحە سەرشێتەم ئاگرێک بۆ سوتانی رقی پیرۆزتان
نەکەمەوەو خۆم لە بڕی ئەنگۆ و لە بڕی ئەوان
ئەسوتێنم...
چەند سێویە رۆحی سێودارتان، لە سەر بۆنی سێوی عیشقتێکتان چەند بە رق بە
چەقۆی رق کەرت کەرت ئەبن وهەر کەرتێکتان لەت لەت ئەکرێ، لە سەر قومێک
ئاوی رۆح وماچێکدا چەند بە ئاوو چەند بە ژەهرو چەند بە گاز خاچی
خنکانتان بۆ دائەمزرێنن، ئاخر ئەنگۆ خۆ هەمیشە فریشتە بوون چاوتان لە
چاوی مانگ وجەستەتان لە کلی سەر برۆی حۆری وسیماتان لە پێستی حەوایەکی
بێ گوناه بەرببۆوە، خۆ حەواش هەر لە سەر تامێک سێو بوو لە هەموو تامێک
بێبەش کرا، کەنگی وادەی ئەوەیە ئەمڕۆکە لە مانگی هەنگوینتانە بە
شەرمەوە ماچێک تام نەکەن، بڤە بێت ئەگەر بیر لە لەزەتێکتان بکرێتەوە،
شەرم نەبێت ئەگەر وەکو پیاو باسی نێرایەتی خۆتان بکەن....
لە بڕی ئەوەی باڵای شەنگ و شۆختان بە رۆحی
گوڵاوی ماچ ئاو بدرێت، وەکو شەیتانێک رەجم وبەردباران بکرێن، ئێوە
ئەمڕۆکە هەر لە سەر سێوێکی بەهەشت دەرناکرێن، لە سەر باخێک شەڕتانە کە
سێوێکی تێدا نەماوە لێوتان لەگەڵیدا ماچێک بگۆڕێتەوە...
چەند بێنازن ئەنگۆ، چەند بێنازە خەمی ئێوە، چەند لە ناز و نازنازی
تەمەنتان مەحرومن، زاکیرەتان بێ بەختەوەرییه و بەدبەختن بە دەردەسەری،
لە پێناو بەختێک سەر بە هەموو دەرکەی شانسێک ئەکەن کەچی دەرکەکان لە
بەرامبەرتانە کۆرەن و ڵال و کەڕ و کەرن ..
_____________________________________________
*
بهناز:
ئهو کیژه تهمهن بیست و دوو ساڵییهی خهڵکی ههولێر که
وا له لهسهرهمهرگیدا
دوا قسهی کرد ''به هۆی دانهمهزراندنمهوه ئاورم لهخۆبهردا''، له
١١\٩\٢٠١١
گیانی خۆی سپارد.
٢٣\٩\٢٠١١
- هۆلەندە
ماڵپهڕی شوان عوسمان
|