٢٠\٤\٢٠١١
خەمێک بۆ ئەمڕۆ و
ترس و هەڕەشەیەک بۆ ئایندە!
ئاوڕێک لە دوێنێ!

سهرکهش
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا و دەستپێکی ڕەخنە و ڕەخنەگری و تێبینیەکان،
پەنجە خستنە سەر کەم و کوڕیەکان، پەردە هەڵماڵین لە ڕووی کێشە و گرفت و
بێدادیەکان، تا گەیشتن بە خۆپێشاندان و ململانێ و بەگژا چوونەوەی
گەندەڵیەکانی دەسەڵاتدارەتی باشووری کوردستان لە ڕابردوو، دەبینین
ڕەوتە ئیسلامی و بزاڤە ئیسلامگەراکان، بێلایەن بوون یا لاو نیو و
شەرمنانە دەهاتنە ڕوو، چ وەک پارت و گروپی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان و
بەشێک لە دەسەڵات، چ وەک کەسایەتی و تاک تاکی نێو توڕەییەکانی شەقام و
بەشێک لە خەڵک.
سەرەتا خەڵکێکی ئازادیخواز و ڕەخنەگر، پێشکەوتنخواز لە ڕوانگەی
بیرکردنەوە، تا ڕادەیەک چەپ لە ڕۆژنامەوان، نووسەر، ڕۆشەنبیر، چاودێری
سیاسی دەرەوەی دەسەڵات پێشدەستیان کرد پێشڕەو بوون لە ڕچەشکێنی، ئەوسا
ڕەوتە ئیسلامیەکان قاچێک لەپاش و یەک لە پێش، دەستێک لەگەڵ دەسەڵات و
دیوەخانی دەسەڵات، دەستێک هەر بە ترس و ڕاڕییەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن،
ئەوان ئەوسا پوختەی تێکەڵاوێک بوون لە گومان و دڵەڕاوکە و بڕوا بەخۆ
نەبوون، بەڵام ووردە ووردە لەگەڵ پێشڤەچوونی ڕووداو و پێشهاتەکان،
دروست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان و بازدانی بۆ سەر شەپۆلی تووڕەییەکان وەک
براوەی یەکەم لەم ناوەندە، گروپە ئیسلامییەکانیش بە خشکەیی هاتنە پێش،
لە کت و پڕێک و لەو دەمەی شەقام دەکوڵا و سەکۆیەک بۆ دەنگ هەڵبڕین
پەیدا بوو ، ئەوانیش توانیان خۆ بگەیەننە سەنتەری جوڵانەوە
ئازادیخوازەکە و ببن بە بەشێک لە دەنگەکان، لەمەش زۆرتر چوونە پێش کە
بینیان ئاراستەی باکە بەرەو کوێ هەڵی کردووە، ئیتر کەوتنە خۆ چڕو پڕتر
هەنگاویان نا، لەم چاوتروکانەی ئێستاشدا خەریکە بەتەواوەتی ناسنامەی
جولانەوە کۆمەڵایەتییەکە زەوت دەکەن و دیکەن بە هی خۆیان، لە هەوڵی
ئەوەدان ئاڵای ئیسلام و بەرگی ئاینی ئیسلامی سیاسی بکەنە بەر بزاڤەکە.
ئەگەر وا بڕوا ئەوا ئاسۆی گۆڕانکارییەکان ڕووناک نابینرێ و کارەساتێک
بە ڕێوەیە.
بەم لای تریشدا ئەگەر سەیری ئۆپۆزۆسیۆن بکەین، ئەگەر سەری باڵندەکە
بزووتنەوەی گۆڕان بێ خۆ هەردوو باڵەکانی دوو تەوژمی ئیسلامی سیاسین،
واتە ئۆپۆزیسۆن سەرێکە و دوو باڵی بەهێز*
بەرەو ئاسۆیەکی نادیار و تەڵخی دەهاژوا.
بە کورتی ئەگەر ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات بوو بە جولانەوەیەکی ئیسلامی
سیاسی ئیتر کار لەکار دەترازێ، ئیتر باشووری کوردستانیش توشی ئەو پەتا
سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کلتووریە دەبێ کە شۆڕشی خەڵکی ئێرانی کرد
بە تراژیدیایەک و کۆمەڵگای ئێرانی سەد ساڵ زیاتر گەڕاندەوە دواوە.
ئیتر باشووری کوردستانیش دەستەویەخەی هەمان کارەسات دەبێتەوە کە
ئەفغانستانی کردە تاریکستانی دەسەڵاتێکی بەربەری، دەسەڵاتی سەدەکانی
ناوەڕاست، کارەساتێک کە ڕەنگە تا هەتایە ڕێگربێ لەوەی تشکی خۆری ووریا
بوونەوەی پێ بگا، سەرباری نەمان و تەفروتونا بوونی ماشێنی دەسەڵاتە
پاشڤەڕۆ و حکومەتە سەرکوتگەرەکەی لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا
و ناتۆ.
ئیتر باشووری کوردستانیش هاوشێوەی جولانەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی
دەبێتە جولانەوەیەکی کۆنەپەرستی نامۆ و سەرەڕۆ لە ناوچەکە.
هەر دوور نەڕۆین خەباتی خەڵکی ئازادیخوازی عێراق بۆ ڕزگار بوون لە
ڕژێمی نازیست و فاشیستی بەعس چەند پارتێکی مەزهەبی دواکەوتوو سەر بە
دام و دەزگاکانی ئێران دروێنەیانکرد، ئەگەر بایەکە پێچەوانە هەڵی
نەکردابا و ئەمریکا بڕیاردەری پلە یەک نە بوایە ئەوا ئەو پارتە
مەزهەبیانەی دەسەڵات بێ سێ و دوو لێکردن عێراقیان دەکردە یەکێک لە
ئوستانەکانی کۆماری کۆنەپەرستی ئێران.
هەر بۆیە دەرکەوتنی ئەم ڕەوتە ئیسلامیانە ئەگەر خەمێک بن بۆ ئەمڕۆ
بەسەر قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستاندا ئەوا لە ئاییندە
لە حکومەتی پدک و ینک زۆرتر دەبنە ترس و هەڕەشە و ماڵوێرانی لە ڕووی
پرسی ئازادی و پرسی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، پرسی مافی چارەنووس هتد.
چونکە ئەوان دەقەکانی ئاین و مەزهەب دەکەن بە ئالتەرناتیڤی هەموو شتێک
و هێڵێکی ڕاست چەپ بە سەر ئازادیە تاکە کەسیەکان، ئازادی بیر و ڕا،
ئازادی ئاین و مەزهەبە جیا جیاکان، یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی بە مانا
مۆدێرنەکەی دادێنن.
لە فەرهەنگی ئەوان دیالۆگی پێشکەوتنخوازانە، ڕەخنەگرتن، داواکردنی
یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگا لە نێو حکومەت و دەسەڵاتدا بوونی نییە.
ئەوان ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست بواری ئازادی و ئازادی ڕۆژنامەگەری و
ئازادی بیر و ئازادی نا گوتن، ئازادی ڕێپێوان و خۆپێشاندان، پرسی ماف و
ئازادییەکان بە جارێک توشی ماڵوێرانی و قەیران دەکەن. تاریکستانی
سەدەکۆنەکان وەک لە ئیران و ئەفغانستان و فەلەستین پەیڕەو دەکرێ پیادە
دەکەن، ئەوان ئەگەر ئەلتەرناتیڤی دەساڵاتی ئایندە بن ئەوا خراتر لە پدک
و ینک گۆڕان دەگۆڕن و دەمی هەموو میدیا سڤیل و ئازادیخوازەکانی دەرەوەی
دەسەڵاتیش مز ڕێژ دەکەن.
بۆیە ئەگەر ئەم پرسە گرنگە خەمێک بێ بۆ
ئەمڕۆ ئەوا بۆ سبەی ڕۆژێ دەبێتە ترس و هەڕەشە و کارەسات و چۆک دەداتە
سەر هەموو پرسە مرۆڤایەتیەکان، هەینێ و ئەوسا سەد خۆزگە بە کفن دزی
پێشوو دەخورێ و دەسەڵات و ڕەخنەگرانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنیش دەستیان لە
بنی هەمبانەکە دەردەچێ!
______________________________________________________
*
کۆمەڵگای کوردی بەبێ ئەوەی لە لایەن هەریەکێک لە
پارت و گرووپە ئیسلامییەکان ڕێکخراوکرابێ، خۆی لە خۆیدا ئامادەیی هەموو
ئەم داب و نەرێتانەی تیایە، کە ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی و پارت و بزاڤە
ئیسلامییەکان کردوویانەتە ڕێباز و سیمبۆلی خۆیان و بانگەشەی بۆ دەکەن،
واتە بێ ئەرک و خۆ ماندووکردن، مزگەوت و پەیڕاونی ئاینی دەکەنە سوپای
ئەم بزاڤەیان.
١٨\٤\٢٠١١
- ئوپسالای سوێد
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|