په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

خەندان حەمەجەزا :

پەروەردەی کۆمەڵگای ئێمە ژنی لەهیچ پێگەیەکا نەکردۆتە سەرۆک ، چ لەناو خێزان چ لەدەرەوەی خێزان بێت.


سازدانی: ئاسۆ عوسمان


خەندان محەمەد جەزا نووسەرى کتێبى ئۆقیانوسێک لەتاوان لەمەدیمانە تایبەتەدا دەڵێت " دەبێت شۆرشێ بکرێ لەپێناو نەمانی ستەمکاران لەوێنەی مەدەنییەتدا وجیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت ،جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب لەحکومەت وجیاکردنەوەی ئەقڵی ژن لەپاشکۆی فکری چەقبەستوی پیاوانە". هەروەها دەڵێت دەبێت کەسێک نوێنەرایەتى خەڵک بکات کەبڕوای تەواوی بەیەکسانی هەبێت جا ئیتر فەرق ناکات ژن بێت یان پیاو گرنگە خاوەن هەڵوێست و کەسی بەتوانا بێت.

 

- لەگەڵ ئەوەى ڕێژەى%30بۆ ژنان مسۆگەرکراوە لەپەرلەمانى کوردستاندا بەڵام بەشێک لەژنان پێیانوایە بەشداری ژنان لەنێو پەرلەمانى ئایندەدا بەشدارییەکى شکڵى دەبێت و ناتوانێت قورسایی خۆى هەبێت پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى ڕێژەى %25 لەپەرلەمانى پێشووداو رێژەى %30 لەپەرلەمانى ئایندەدا ناتوانن چەسپێنەرى مافەکانى ژنان بن؟.


خەندان: پێموایە کێشە لەچەندێتیدا نییە لەکۆمەڵگای ئێمەدا بەڵکو کێشەی چۆنێتیمان هەیە سەبارەت بەبەشداری ژن لە ناو پەرلەمان و دامودەزگا بەرپرسەکاندا تەنانەت من دەڵێم لەنێو رێکخراوەکانیشدا گەرچی ئەو رێژەیە بکرێتە لە50 % ش رۆلێکی ئەو تۆی نابێ چونکە کێن ئەوانەی دەچن ؟زۆرینەی کورسیەکان ئاشکرایە تاپۆکراوە لەسەر لیستی زەردو سەوز کەوابێ ئەوان زۆرترینن ، جا ئایا لەماوەی ئەم ساڵدا تۆ بڵێی گۆرانێکی ریشەیی بەسەر فکرو هوشیاری ئەم دوودەسەڵاتدا هاتبێ کەبریاریان وابێ نوێنەرانی ناو پەرلەمان ئازادکەن و وەک رۆبۆت ئیعازیان پێ نەدەن؟ ئەوان دەمێکە بڕیاریانداوە ئەو پەنجانە دەشکێنن دژبەخواستی ئەوان بەرز بێتەوە ،هەروەک چۆن بونی ژن لەناو پەرلەمان ڕتوشە زیاد کردنی رێژەکەشی هەمان شتە ،تەنها ریکلامە بۆ دنیای دەرەوە ژنان پێویستیان بە بەشەری مەعریفییە نەک کورسی داگیرکردن، بۆ نمونە لەیاسای فرەژنیدا خۆ گەر نوێنەرانی حیزبە عەلمانییەکان بە پێی پەیرەو پرۆگرامی حیزبەکەیان دەنگیان بدایە ئەوا مسۆگەر لە 50% دەنگیان بەرەوسەر بوو ،بەڵام بینیمان بەرنامە تەنها نوسراوی سەر کاغەزە، بەرای من پەرلەمان ژنی تیا نەبێ چاترە لەوەی ژنێکی کۆنەپەرست وگرێدراو بەئەقڵی سەرەک خێڵ وحزبی لەویا نوێنەری من بێو کار لەسەر داهاتووم بکات دەبێ کەسێک نوێنەری ئێمە بێ کەبروای تەواوی بەیەکسانی هەبێت جا ئیتر فەرق ناکات ژن بێت یان پیاوی گرنگ خاوەن هەڵوێست وکەسی بەتوانابێ ژن هەیە لەپەرلەمان تەحەدای ئەکەم تائێستا یەک دێری وتبێت،ئەوە لەبروانامەو پسپۆری گەرێ.هەرچەندە وای دەبینم ئەمجارە خراپتر بێت دەبێ خۆزگە بۆ ئەوانە پێشوو بخوازین چونکە ئێستا کوردستان نوخبەی زۆر جیاوازی تیا دروست بووەو رێکخراوە مەدەنیەکان و لاوان و سەندیکاو ژنان و گروپ ولایەن کەئەمانە بەردەوام دژ بەگەندەڵی و یاسا کۆنەپەرستەکان رادەوەستن وهەڵوێستیان هەیەو خەڵکانی بێ دەنگ نین جابۆیە حزبەکان پێویستیان بەوەیە ئەم جارە نوێنەرەکانیان لەپەرلەمان زۆر گوێرایەڵترو خواجاو خوڵەمایان بن بێ ئیعازی سەرەکردەوسەرەک خێڵ هیچ بریارێک نەدەن.


- گەرچى ئامارێکى باوەڕپێکراو لەئارادانییە بەڵام باس لەزۆرى رێژەى مێینە دەکرێت لەچاونێرینەدا پرسیارەکە ئەوەیە لەهەڵبژاردنێکى وەک هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا پێویست نەبوو ژنان لیستى تایبەت بەخۆیان یان کاندیدیان هەبێت بۆسەرۆکایەتى بۆکێبڕکێکردن لەگەڵ پیاواندا؟.


خەندان: ئەمە وەک پرسیار زۆر جوانە بەڵام مەخابن وەڵامەکەی هێندە ناشرینە کە ئینسان شەرم دایدەگرێت باسی لێبکات ،بوونی ژنی سەرکردە تەنها لەوەدا خۆی نابینێتەوە کێبڕکێ بێ بەرابەر پیاوان چونکە ناکرێ ژن و پیاو بچنە دوو سەنگەری دژ بەیەک، دەبێ کار بۆ ئەوەبێ چۆن یەکبگرن و ببنە تەواوکەری یەکتربێ جیاوازی دەبوو هەمان بێت بەڵام دیارە هۆکارەکان زاڵنو پانتاییەکیان نەهێشتۆتەوە بۆ گۆرانکاریی یەکەم کۆمەڵگا بەژن و پیاویەوە دەزانێت گەر کەسێک خۆشی کاندید بکات جگە لە ماندوو بوون هیچی تری پێ نابڕێت، خۆ کاندیدکردن لەم بارودۆخەی ئێستا واتا ئاسنی سارد دەکوتی دەبێ لەوڵاتێکدا ژن خۆی کاندید بکات کەوڵاتێکی تەواو دیموکراسی بێتو هەموو بنەماکانی چەمکی دیموکراسی تێدا بەر قەرار بێت، بڕوای بەسەرکەوتنی بەرابەرو شکستی خۆی بهێنێت،هەڵبژاردن و خۆ کاندیدکردن مانای دیموکراسی نییە لەوڵاتدا خۆ لەسەردەمی رژێمیشدا هەبوو بەڵام دەرەنجامی سندوقەکان لەبەرمان بوو بەر لەکردنەوەیان بەڵێ بوو بۆ....، ئێستاش هیچ جیاواز نییەو بەر لەو خۆماندووکردنە دەرەنجام روونە ،بەڵێیە بۆ...؟، هەروەک هەلبژاردنەکەی ئەم جارەی ئێران دووەم یەکێ لەهۆکارەکانی سەرکەوتن بۆ خۆ کاندیدکردن پڕوپاگەندەیە ،دوو حزبەکەی مارە بڕوا لەیەک حکومەت هەر لە ئەزەلەوە بڕیاریان داوە پارەی خۆیان بەکەس نەدەن چونکە داهاتی ئەو ولاتە بەنەوت و کشتوکاڵ و بازرگانی و سەمانییەوە هی ئەوانەو لەباو باپیرانیانەوە بۆیان جێماوە ،جا هەمووشمان دەزانین چ ژنێک لەکۆمەڵگای ئێمە خاوەن سەرمایەو داهاتێکی سەربەخۆیە؟ سێ یەم وەک نەریت و وەک کولتوور ئێمە فێر نەکراوین رێز لەدەنگی جیاواز بگرین بەڵکە هەر کە دەنگێکی نوێ دێتە کایەوە ئیتر بەهەموو جۆرێک دەکەوێتە بەر لێشاوی جنێو تانەو تەشەرو سوکایەتی وئیهانەکردن بەدەیان فایلی بۆ دروستدەکرێ وگەر پیاو بوو ئەوا راستەوخۆ ناوی دەکرێتە لیستی گەندەڵ وفایلی بەعس و دزو پیاوکوژ، خۆگەر ژن بێت هەر بەوانەوە ناوەستن ئەوا سەدان تانەوتەشەری ئەخلاقیشی دوادەخەن چوارەم پەروەردەی کۆمەڵگای ئێمە ژنی لەهیچ پێگەیەکدا نەکردۆتە سەرۆک، چ لەناو خێزان چ دەرەوەی خێزان بێت، بەپێچەوانەی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان کە ژن وەک سەرکردە رۆڵی پێدراوە. ژن لەکۆمەڵگای ئێمە هەر لەسەرەتاوە رانایەت بەوەی رای خۆی هەبێت یان سەربەخۆیی هەبێت .


- لەپرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى وسەرۆکایەتى وڵاتەپێشکەوتووەکانى جیهاندا سەنتەرو رێکخراوەکانى ژنان دەورى باڵاو کاریگەر دەگێڕن لەمەڕ بەرنامە وپرۆگرامەکانى لیستە جیاوازەکان لەپێناو بەدەستهێنانى مافى زیاتر بۆ ژنان باوا پرسیارەکە بکەین بۆچى ڕیکخراوەکانى ژنان ئەو کاریگەرییەیان نییە لەسەر لیست وقەوارەکان لەهەڵبژاردنەکانى کوردستاندا؟.


خەندان: نەک تەنها رێکخراوی ژنان بەڵکو بەگشتی رێکخراوە مەدەنییەکان وتەنانەت میدیاو چین وتوێژەکانی ناو کۆمەڵگاش نەیانتوانیوە وەک پێویست کاریگەریان هەبێت لەسەر لیست وقەوارەکان بەبڕوای من رێکخراوی سەربەخۆ زۆر کەمن لەکوردستان جاچ رێکخراوی ژنان بێت یان هەر نوخبەیەکی تر، زیاتر رێکخراوی کۆپی حیزبین لەژێرناوی سەربەخۆدا بەڵام تەواو پابەندو وابەستەن بەفەرمانی ئەو حزبەی بەخێویان دەکات زۆرینەی ژنی رێکخراوەکان هێشتا لەچوارچێوەی یاسایەکدا دەخولێنەوە کە پیاوان لای سەرووی ژوورەکان دادەنیشن وژنیش لەچێشتخانەو منداڵیش لای ریزی پێڵاوەکان کەوابێ ژن دەخاڵەتی نییە لەچاکسازیدا نەلەناو رێکخراو نەلەدەرەوەی رێکخراودا دەیانەوێ وچاوەڕێن پیاوانی سەرەک خێڵ هەمووشتیان بۆ بکات پیاویش وەک کۆماندۆ دەبێتە بکوژو ببڕ.


- کێشەىژنان یەکێکە لەکێشە گرنگەکانى ئەمڕۆى کۆمەڵى کوردەواریى بەبڕواى تۆ پەرلەمانەى ئایندە کەڕێژەی30%ژنانە دەتوانێت بەشێک لەکێشەکانى ژنان چارەسەرەبکات ؟.


خەندان: نەخێر،پەرلەمان نوێنەرانی حزبن نەک خەڵک، جگە لەوەی هەردوو حزب هەر لەسەرەتاوە بۆ خۆیان بڕیوەتەوەو کورسیەکانییان دابەشکردوە،کەلەهیج جێگەیەکی دنیا کەشوناسی دیموکراسی بەخۆی بەخشیبێ ئەمە بکات، کێشەی ژن کاتێ چارەسەر دەبێت کەتاکی کۆمەڵگا ئازاد بێت لەهەموو رویەک دەبێ شۆڕشێ بکرێ لەپێناو نەمانی ستەمکاران لەوێنەی مەدەنییەتدا جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حزب لەحوکمەت جیاکردنەوەی ئەقڵی ژن لەپاشکۆی فکری چەقبەستووی پیاوانەوە.