په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٤

(خەندەقی شەرمەزاریی) شەرمەزار دەکەین.

 


سەرجەم ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج ـ کە کۆمەڵەیەکی بێ لایەنین و سەر بە هیچ حیزبێک نین.. هەڵکەندنی خەندەقی نێوان کەرکوک و هەولێر شەرمەزار دەکەین و بە کارێکی قێزەوەنی دەزانین.. مەخابین کە خەندەقێکی نێوان دوو پارێزگای باشووری کوردستان.. لە لایەن لایەنێکی کوردییەوە جێبەجێ دەکرێت.. کە هەرگیز ئەوەمان بە بیردا ناهات، کە لایەنێکی کوردیمان بانگەشەی کوردستانی گەورە و دەوڵەتی کوردی دەکات و، کەرکوک بە (دڵی کوردستان) ناودەبات.. کەچی کردارەکانیان بە پێچەوانەی قسەکانیان و دروشمەکانیانەوەن و خواستە گڵاوەکانی دوژمنانی کوردمان دەهێننە دی.. کەرکوک لە باشووری کوردستان دادەبڕن.

 

هەموو کوردێک باش دەزانێت کە هەڵکەندنی خەندەقەی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان و خەندەقەی نێوان کەرکوک و هەولێر.. لە لایەن کام دەوڵەتی ناوچەییەوە پیلانی بۆ کێشراوە و بۆ چ مەرام و مەبەستێکی گڵاو دایان رشتووە.. خۆ هەر ئێوەش (لیستی کەرکوکی کوردستانی)تان هەڵوەشاندەوە؟؟

 

ئێمە داوا لەو لایەنە کوردییە دەکەین گەر ئازا و بوێرن با بچن لە دامێنی چیای حەمرین خەندەق هەڵبکەنن کە تیرۆریستان لەو سنوورەوە دێنە کەرکوک و، تەقینەوە لە ناو گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکوکدا دەکەن و تا ئەمڕۆ بە دەیان کورد شەهیدبوونە.. نەک لە ناو کوردستاندا، بۆ مەرامێکی سیاسی و بۆ بەرژەوەندییەکی تایبەتی و کاتی خۆتان بە هەڵکەندنی خەندەق کوردستان پارچە پارچە بکەن.. ئەگینا خەندەقێکی وا نابێتە رێگر لە بەردەم تیرۆریستاندا.. بەم کارە بێ جێ و ناشیرینەتان هەستی هەموو کوردێکتان بریندار کردووە.. بە تایبەتیش کەرکوکییەکان.. ئەم کارەتان دەبێتە پەڵەیەکی شەرمەزاری و لاپەڕەیەکی رەش بۆتان.

 

هیوادارین لەم هەڵەیەتان پەشیمان ببنەوە و ئەم کارەتان رابگرن و داوای لێبووردنیش لە گەلی کوردمان بکەن.. ئەوەش بزانن تەنانەت بەشێکی هەرە زۆری ئەندامان و لایەنگرەکانی خۆشتان لەگەڵ ئەم کارە ناشیرینەتاندا نین.. ئێمە دژی هیچ حیزب و لایەنێک نین، بەڵام لە کارێکی قێزەوەنی وادا هەچ لایەنێک ئەنجامی بدا.. بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نابین.. چونکە بێ دەنگی لە ناڕەوایی، تاوانە بەرانبەر بە رەوا.

 

 

کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج

٢٥\٤\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک