په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٤

خەندەق.. تەواکەری دیواری تورکیایە.
 


ئێمەی کارگێڕ و ئەندامانی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج.. بە توندی ناڕەزایی و نیگەرانی خۆمان لە دژی هەڵکەندنی خەندەقی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین.. ئەمە بە کاریکی قێزەوەن و دژ بە خواستەکانی گەلی کوردمانی دەزانین.

 
بەداخەوە، ئەوەی کە هەرگیز بە بیرماندا ناهات و چاوەڕوانمان نەدەکرد، ئەمەیە کە لەلایەن لایەنێکی کوردییەوە، کە خۆیان بە پێشڕە و بە داکۆکیکەری مافەکانی گەلی کوردمان دەزانن و.. گوایە دژی سنوورە دروستکراوەکانی داگیرکەرانی کوردستانن.. بەڵام بەم کارە ناشیرینەیان دژی قسە و دروشمەکانی خۆیانن.. بەم کارەیان هەستی هەموو کوردێکیان لە هەموو کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا بریندار کرد.. دڵی هەموو دوژمنان و ناحەزانی کورد و کوردستانیشیان خۆش و شاد کرد.. ئێمە هیوای یەگرتنی کوردستانی گەورە دەخوازین و دژی سنوورە دەستکردەکانی داگیرکەرانی کوردستانین.. کەچی لە قۆناغیکی ناسک و هەستیاری چارەنووسازی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردا.. لە جیاتی ئەوەی ئەو لایەنە کوردییەمان هەست بەم قۆناغە هەستیارە بکات و نەکەوێتە خەندەقی داگیرکەرانی کوردستانەوە، کە چی بە دەستی خۆیان خەندەق لە ناوماڵی خۆماندا هەڵدەکەنن .. سنوور دەخەنە نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستانەوە.. ئەی بۆ خەندەق لە دامێنی جەبەل حەمرین هەڵناکەنن؟؟


کۆمەڵەکەمان، پێشتر بە توندی لە دژی دیوارەکەی تورکیا وەستاینەوە و بە دیوارێکی رەگەزپەرستی داگیرکەرانی کوردستانمان ناومان برد و.. بە دیوارەکەی ئیسرائیلمان شێواند.. ئەی بەم خەندەقەی ئێوە بڵێین چی؟؟ ئایا مەبەستان لە خەندەقێکی وا لە نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا چییە؟ ئەمە خەندەقە لە بریندارکردنی هەستی نەتەوەیی کورد زیاتر، چ خزمەتێک بە کورد و کوردستان دەگەیەنێت؟ ئایا ئەمە بە کارێکی تاکڕەوانەی نادەستووری نازانن؟ ئەی لە خۆتان زیاتر کێ و چ لایەنێکی تری کوردستانی ئاگایان لەم کارەتان بووە و رازی بوونە لە جێبەجێکردنی؟ تەنانەت زۆرینەی سەرکردەکانی خۆشتان ئاگایان لەم کارە نییە؟! بەم کارە ناشیرینە خۆتان دەخەنە ژێر گومان و پرسیارەوە؟! هیوادارین تا زووە پەشیمان ببنەوە و ئەم کارە قێزەوەنەتان رابگرن و، دەست لە تەواکردنی ئەم خەندەقە هەڵبگرن و.. گوێ بە نیگەرانی و ناڕەزایی و تووڕەیی جەماوەری کوردستان بدەن و.. داوای لێبووردنيش لە گەلی کوردمان بکەن.. ئەگینا جەماوەری کوردمان لە کوردستان و لە هەندەراندا زیاتر شەرمەزارتان دەکەن و، دەبێتە پەڵەیەکی شەرمەزاری بۆتان.


پاڵپشتی و دڵسۆزی خۆشمان بۆ شۆڕشی ئازادی و رزگاریخوازی گەلی قارەمان و خۆڕاگری کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان و لە هەموو شوێنەکانی تری کوردستانی شیرینمان دووپات دەکەینەوە.


بژی کورد و کوردستان.
مردن و رسوایی بۆ داگیرکەرانی کوردستان.


کۆمەڵەی منداڵانی کورد - نەرویج
١١\٤\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک