١\١٠\٢٠١٤
خێرایی کات و
تەوژمی تەکنەلۆژیا
لە (ساڵانی
کۆمیدیا)ی (گۆران رەسول)دا.

یاسین برایم
لە دەسپێکی مرۆڤایەتی پرسیار لە بوونی مرۆڤ کراوە ، پرسیارێکی
فەلسەفیانە ، بیرمەندان و فەیلەسوفان بە دوای وەڵامەکەیدا گەراون.مرۆڤ
ئەو بوونەوەرەیە لە کات و شوێندا دەژێت. کاتیش بریتییە لە جموجۆڵ و
چالاکی لە شوێن .(کات جوڵانەوەیە )تەمەنی مرۆڤی تیدا نەشونما دەکرێت ،
کەواتە کات نرخ و بەهای خۆی هەیە. لە دەستدانی چرکەیەک، زیان بە مرۆڤ
دەگەیەنێت. لە چەند چرکەیەک بوومەلەرزە دونیا دەهەژێنێت، لە پێکدادانی
(ئۆتۆمبێل و تەقینی بۆمب) چ روودەدات! لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا،
خوڵەکێک کارکردن سەرمایەکی زۆر دەچێتە نێو گیرفانی سەرمایەدارەکان و
کۆمپانیا گەورەکان.ئەی (کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵ) چەند گرینگن
بۆمرۆڤ و لە دەستدانی ئەم کاتە چەند زیانبەخشە. تێپەڕین و هەنگاونانی
بەلەزی کات و بێئاگایی مرۆڤ لە یەکەم ئاشنابوون بەدونیا(لەدایکبوون)
وهەڵدانەوەی ڕۆژژمێری تەمەن و قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤ وەک یاریەکی
سادەی منداڵ و خەونێکی شیرینی هەرزەکاریە. هێشتا فریای یاری و
ئەزبەرکردنی گۆرانیەکانی منداڵی ناکەوین و تامی شیر لە دەممان
دەرنەچووەوخۆمان لە هەرزەکاریی و گەنجیدا دەبینینەوە .خەون و هیواو
حەزە شیرینەکانی سەرەتامان نەهاتۆتەدێ و لە قۆناغی دواتریش لێمان دەبنە
کۆسپی گەورەی ژیان و تێکەڵ بە خەون و حەزی جیاوازو ڕەنگاڵەییتر دەبێت
وهەست دەکەین تەنها ڕۆژژمێری ساڵانەمان گۆڕییوە.ئەگەر لە رووی
فیزیکیەوە گۆرانکاری لە جەستەمان رووبدات ، بەڵام هێشتا خەون و
حەزەکانمان چەکەرەی نەکردووە و نەمانتوانییوە لە رووی ژیری و
مەعریفەوە، وەک تاک خۆمان بناسێنین .لە تەمەنی پیریشدا ، خەیاڵێکی
پەرتەوازەوجەستەیەکی سست هیچمان لە دەست نایەت. حەزرەتی (نوح)، خاوەن
ئەو تەمەنەدوورو درێژە، پێناسەی بۆتەمەن وەک (دەرگایەک لە هاتنە
ژوورەوەو چوونەوە دەرەوە )کردووە.جا ئێمە بەم تەمەنە بچووکە، فریای چ
دەکەوین! وەک (حاجی قادری کۆیی) دەبێژێت (سەرو ڕیشم سەراپا بۆتە لۆکە)
.کە سەرمان سپی بوو ئەم تەمەنە جوانەمان بۆناگەڕێتەوە .لە کۆمەڵگای
ئەمڕۆماندا، کەشتی ژیانی مرۆڤ لە دەیان کێشەو گرفتی رۆژانە نغرۆ بووە و
ڕۆژ بە ڕۆژیش کێشە نوێیەکان زێدەتر دەبن، ئەمەش وادەکات کاتەکان
ئەوەندە خێرا بن (ئەمڕۆ) لە (بەیانی) نەچێت .دەبینین نامەکەی (نالی و
سالم )کاتێکی زۆری بریووە تا گەیشتۆتە دەستیان ، بەڵام لە ئێستادا ، لە
چەند چرکەیەک نامەکان دەگەنە دوورترین کیشوەرو وڵات .لە گەڵ تەوژمی
تەکنەلۆژیاو دونیای زانست و راگەیاندن و ئینتەرنێت، بوونی مرۆڤ وەک
رۆبۆتێک لە بەردەم ئەم تەوژمە خێرایە ، لە گەڵ زەمەن دەکەوێتە ململانێ
و پێشبڕکێ ، ئاگایی لە رۆیشتنی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان نییە.
لە (ساڵانی کۆمیدیا*)ی گۆراندا،
زەنگێک خێرا و ترسناک بۆ تەمەنمان لێدەدات و وێنەیەکی جەنجاڵ و
پڕکێشەیی ژیانی کۆمەڵایەتیمان بۆ دەنەخشێنێ، تەنانەت چێژ نەبینن لە
خواردن و خەون و سێکس و تەمەن و ژیان. هەموومان وەک موسافیرێکی نامۆ و
سەرگەردان، سەرپێیانە کارەکان ئەنجامدەدەین و هێشتا دەستمان بۆ زۆر شتی
تر راناگات، لە بەردەم ئامرازو کەرستەکانی ژیان، مۆرانە لە جەستەو
تەمەنی ژیانمان دەدات.
خێرا
لە ناشوێن و
ناکات و
کوێرانە ساڵەکان دەخەینە
سەر یەک …
خواردنی خێرا
سێکسی خێرا
ئۆتۆمبێلی خێرا
تەمەنی خێرا…
تەکنەلۆژیا ئەگەر چاوی مرۆڤی کردبێتەوە و دونیای گەورەی، بچووک
کردبێتەوە ، ئەوە لە لایەکی تر بونە کۆیلەی ئامێرەکان و ئالوودەبوونی
زۆر لە بەردەم شاشەو ئامێرەکان، هەست و نەست و جولەو کردارەکانی مرۆڤی
کوشتووە. ئەم ئامێرانە هەم هاوکار و رێنیشاندەرمانن، هەم کاتکوژن .ئێمە
بەشی زۆری کاتە زێرینەکانی خۆمان لە دیار شاشەی ئەلیکترۆنی ئەم
تەکنەلۆژیایە دەکوژین، بەتایبەتی بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خراپ و
ناتەندروست بەشی زۆر بەر ئێمە کەوتووە، ئەویش بەدەر لە هەدەردانی
تەمەنی ئێمە، روح و جەستەوهەست و سۆزمان دەکوژێت. خالیمان دەکاتەوە لە
جوانی ،دوورمان دەخاتەوە لە ئازیزان، جەستەمان سیس و چاوەکانمان پڕ
ئێش، مێشکمان ئاڵۆزو دڵ و دەروونمان پڕدەکات لە نیگەڕانی و خەم .
بەیانیان لە پێشوازی زەنگێکی ناشازی ئامێرێک بە ئاگا دێین و بەدرێژایی
ڕۆژیش لە گەڵ هەناسەو هەنگاوەکانمان ئاشنایە، شەویش پشوومان لێ دەستێنێ
و لە خەوی خۆش و سەرینی نەرم و باوەشی پڕ سۆز و گەرمی هاوسەرمان
دووردەخاتەوە.مۆبایل و لاپتۆپ وشاشە ئەلیکترۆنیەکان دەبنە ئاوێنەی
ئێمەو سیماو رووخسارە دەمامکدارەکانمان بۆ چەندین شێوە دەگۆرێت و تا
چرای بینینمان هێدی هێدی خامۆش دەبێت .ئاگامان لە بوونی خۆمان نامینێت.
بەیانیان بە زەنگی بێتاقەتی خەبەرمان
دەبێتەوە
شەوانەش تەکنەلۆجیا
وەک هاوسەر تا سەر جێگاکانمان
لە گەڵمان دێت…
شاعیر لە رێگای ئەم شیعرە، پەیامێک ئاراستەی کۆمەڵگا دەکات، لێکتڕازان
نەمانی پەیوەندی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و خێزان و دروستبوونی دیواری
بێئاگایی و تەڵبەندیی لە نێو خێزان و دڕاوسێیەکان و نەمانی بەها
جوانەکانی مرۆڤ کە تەکنەلۆژیا بەشی زۆری ئەم رێگریەی دروستکردووەو مرۆڤ
نامۆ دەکات بە ژیان و دەوروبەر زەنگی ئاگایمان بۆ لێدەدات، کە هەرچی
زووە فریانی خۆمان بکەوین، خەریکە کات و ئەو زەمەنە خێراییە سەری ئێمە
سپی و دەروونمان رەش دەکات. شاعیر هەم لە رووی سایکۆلۆژی و سۆسۆلۆژی و
پەروەردەیەوە بە ئاشکرا ئەم زەنگەمان لە رێگای ئاوازی پەیڤ و دێری
شیعرەکە بۆ لێدەدات، کە لەم سەردەمە پڕ ژاوەژاوەی تەکنەلۆژیا هوشیاربین
و ئەم کابووسە ڕەزاقورسە لە سەر ئەقڵ و جەستەو دەروونمان لابەین و
کۆنترۆڵی خۆمان بکەین، چیتر بەماوس و دوگمەی (ok)،
خۆمان کۆیلەی تەکنەلۆژیا نەکەین.
- دەستمان بە مانگ ڕا دەگات . ئاشنای
هاوسێکانمان نین ...
- ماڵەکان گەورەو خێزانەکان
پەرتەوازە...
- مرۆڤایەتیمان سست و پەککەوتووە...
ئەم شیعرە زەنگێکی وریاکەرەوەیە، لە هەمانکاتیشدا، دیوێکی ئەم شیعرە
بوونی رەشبینی و نائاسوودەیی شاعیرە بەرامبەر بە ژیان.لە گۆشەنیگایەکی
تری فەلسەفیانەوە، کەمێک بۆنی نامۆبوون و پووچگەرایی لە هەناسەی
پەیڤەکان دێ، دەکرێت لە دیدەو هزر و خوێندنەوەی کەسێکی تر، بیرو
بۆچوونێکی تر لە هەناوی ئەم شیعرە بدۆزێتەوە. لەوانە خودی هەوێن و
لەدایکبوونی ئەم شیعرە، ژیان و گوزەرانی ئێستای شاعیر بێت کە فریای
فەزای کارو ڕۆژەکانی ژیان نەکەوێت وخەم و جەنجاڵی خودی ژیانی خۆی، بەم
شیعرەی سپارد بێت. شاعیر ژیرانە، وێنەی مرۆڤی سەردەمان بۆدەکات کە لە
شەڕێکی سەخت دایە، دەکرێت بۆ بەیانیش ئەم شەڕە و ململانێیە زێدەتربێت و
بەشێکی گەورە لە ئەستۆی(تەکنەلۆژیا) دەبێت، وەک کابووسێکی ترسێنەر لە
بەردەم مرۆڤ.
_____________________________
* گۆران
ڕەسول ، شیعری ساڵانی کۆمیدیا، هەفتەنامەی (نسێ)، دووشەممە ١٧\٣\٢٠١٤،
ژمارە (٨٢).
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|