په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٢\٢٠١٧

غەریبێک بەدوای نیشتماندا دەگەڕێ.

- خوێنەوەیەک بۆ کۆمەڵە شیعری نیشتمان دارستانی دەم ڕووبار بوو -


سەدیق سەعید     


گەڕان بەدوای نێشتمانی ڕاستەقینەدا، کە خۆی لە زێدی ڕەسەنءلە دایک بوونی مرۆڤەکان دەبینێتەوە، ھەمیشە خەمێک بووە بە کۆڵی تاکی کورد. لە نەبوونی وڵاتدا، مرۆڤی کورد بەردەوام ھەستی بە بۆشاییەکی دەروونی گەورە کردووە. چونکە نیشتمان لێرەدا ھێمایەکە بۆ شوناسی مرۆڤء ناسینەوەی لە ئاستی ئەوانی تردا. ئەو  خەمەی مرۆڤی کورد قوڵتر دەبێتەوە، کاتێ ڕووبە ڕووی پرسیارکردن لە بارەی شوناسەوە دەبێتەوە. ناسنامە لێرەدا شوناسێکە بۆجیاکردنەوەی ئەو لەوانی تردا. بۆناسینەوەی ئەو. بەتایبەتیش لە ئاستی نەتەوەییدا.

بۆیە دەبینین ڕووبەرێکی گەورە لە گوتاری شیعری کوردیدا ھەوڵدانە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەونیشاندانی ناسنامە لە ئاست ئەوانیتردا. ئەو ناسنامەش بێگومان لە کوردبووندا خۆی بەرجەستە دەکات.کاتێ وەک گوتارێکی شیعری، لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی ئێمەدا ڕەنگدەداتەوە.

خودی ئەوگوتارەش زۆرترخۆی بەرجەستە دەکات کاتێ مرۆڤ زێدءنیشتمانی ڕەسەنی خۆی جێدێڵێت. مرۆڤی کورد بەو پێیەی بەھۆی بێ دەوڵتییەوە نیشتمانێکی ئازادو سەربەخۆی نەبووە، ئیدی ئەمە ھەمیشە خەونێکی سیاسی گەورەی بووە،کە ڕۆژگارێک دابێتـ ئەویش خاوەنی ناسنامەو نیشتمانی خۆی بێت.

لێرەوەش ئەو خەونە دەبێتە بە شێکی سەرەکی لە دیدگای مرۆڤی کوردء خەمێک کە بەردەوام بە کۆڵیەوەیە. ئیدی ڕوو لە ھەر شوێنء جێگەیەک بکات،ئەو خەونە بە شێکە لە بیرکردنەوەو ڕوانینی. بەتایبەتیش کاتێ لە ئاست کەسانێکی خاوەن نیشتمانء ءڵاتدا، ھەست بە بێ شوناسی دەکات.کۆمەڵە شیعری(نیشتمان دارستانی دەم ڕووباربوو) ھەڵگری ئەو گوتارەیە کە ئاماژەمان پێکرد. لە دووتوێی شیعرەکانی ئەو کۆمەڵە شیعرەدا، غەریبێک دەبینین کە بەدوای نیشتماندا دەگەڕێتء خەمی نیشتمان لە مەنفادا، بە کۆڵیەوەیەتی. غەریبێک کە جوانییەکانی ئەوێی تاراوگە، خۆشییەکانی ئەوێی تاراوگە، نابنە جێگەی سەرنجیء خەیاڵی ھەمیشە بۆ گوندە وێرانکراوەکەی خۆی دەگەڕێتەوە. غەریبێک کە لە تاراوگەشدا، ناتوانێ نیشتمان لە بیر بکاتء بە پێچەوانەوە بە ژیانی ئەوێ ڕانایەتءھەست بە ئاسوودەیی ناکات.

بێگومان ناونیشان کلیلی کردنەوەی کۆدەکانی دەقێکە. سەرەتاو دەسپێکی پەیوەندی خوێنەرە بەدەق. بۆیە ناونیشانی ئەو کۆمەڵە شیعرەوێرای ئەوەی ھەڵگری وێنەیەکی ھونەری جوانەو بەشێکە لە ئستاتیکای ناونیشانی کتێبەکە، ھاوکات دەکرێ ئەو ناونیشانە بە دەلالەتێکی دیکەش بخوێنرێتەوە. ئەویش پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە بە نیشتمانەکەیانەوە. لەمانای دیاری ئەو ناونیشانەدا،ھەریەک لە دوو چەمکی سرووشتی ڕووبارو دارستان ھەیە. کە ھەردووکییان بە شێکی سەرەکیء گەورەن لە پێکھێنەری ژینگەو شوێن.دارستان ھێمایە بۆ جوانیء سەوزییءسرووشت. ھاوکات دەلەلالەتێکیشە بۆ خۆڕاگری لە ئاست باھۆزی سرووشتدا. ڕووباریش کە دیسان چەمکێکی سرووشتییە، ھێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان. چونکە ھیچ بوونەوەرێک ناتوانێ بەبێ ئاوبژیتء ئاو ھێمایە بۆ ئاوەدانی.کەواتە شاعیر، وێنەی نیشتمانێکمان بۆ دەکێشێت، کە ھەمیشە وێرای سوتماککردنء لە نێوبردنی،ھەرزیندووە. ئەگەرچی ناونیشانەکە لە ڕووی ڕێزمانییەوە کاری ڕابردووە.

بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت، کە ئەگەر دارستانێکیش لە نێو بچێت، دارستانێکی دیکە سەرھەڵدەداتەوە. ڕەگی دارەکان ھێندە بە زەویدا ڕۆچوون، ھیچ ھێزێک نییە بتوانێ لە ڕەگەوە ھەڵیانکێشێ. ئەمەلەلایەک، لەلایەکی ترەوە دەکرێ ئاماژەیەکی سیاسیش بدەینە ئەو ناونیشانە. کەھەریەک لە ڕووبار ھێمایە بۆ ڕووباری خوێنی شەھیدانی ئێمە،دارستانیش ئەو نیشتمانەیە کە بەو ڕووبارە دەژیتء زیندووە. لێرەوەش شاعیر ئاماژە بۆ ئەو ھەموو قوربانیانەء خەباتء خوێن ڕشتنە دەکات، کە نەوە لەدوای نەوە لە پێناوی نیشتماندا دەیدات. ئەو نیشتمانەی بەھەموو سوتماکییەی خۆیەوە، شاعیر نایگۆڕێتەوە بە جوانییەکانی نیشتمانێکی دیکە، کە ئەویش مەنفایە.تیمەی سەرەکی ئەو شیعرانە، ھەموویان گوزارشت کردنە لەنیشتمانء دەچنە خانەی شیعری مەنفاوە.

ئەو کۆمەڵە شیعرە بەرھەمی دەساڵ ئاوارەییە لە نیشتمانء ھەموویان ھەڵگری گوتارێکن کە ئەویش غەریبییە بۆ نیشتمان. خەون بینینء تاسەی گەڕانەوەیە بۆ نیشتمان.لەو کۆمەڵە شیعرەدا بەبۆچوونی من، سێ ئاستی گوزارشتکردن لە نیشتمان لە چوارچێوەی شیعرەکان ھەیە. لە ئاستی یەکەمدا،شاعیر دوای ئەوەی دەچێتە ئۆکرانیا،ئیدی بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانێ باوەر بەوە بھێنێت کە نیشتمانی جێھێشتووە. لەو ڕوانگەیەشەوە لە زەمینەی واقیعی وڵاتێکی دیکەدا، کە شاعیر تیایدا پەناھەندەیە، بە خەیال وێنەی نیشتمانی ڕاستە قینە دەکێشێت. لەو قۆناغەدا شاعیر دەڵێت:
ئەوبرینەی لەکوردستان لەدڵم بۆوە...
نەکچی شەنگ..نەشەوی سەرمەستی ڕەنگاو ڕەنگ.بۆیان تیمار ناکرێ.

شاعیر جێھێشتنی زێدی ڕاستەقینەی خۆی، بە برینێکی دڵ وێنا دەکات. لە سەرەتاشەوە، بەبێ ھیچ گومانکردنێکء بە یە قینەوە، باس لەوە دەکات کە نەکچە شۆخەکانی ئەوێءنە شەوی مەست ناتوانن ئەو برینەی سارێژ بکەن. برینی نیشتمان،تەنھا بە شادبوونەوە بە نیشتمان سارێژ دەبێت.شاعیر خۆشییء جوانیەکانی ئەوێ نابینێتءخەیاڵی ھەر لای ئەو برینەیە کەلە دڵی بۆتەوە. برینی دڵ لێرە، لە پاڵ ئاماژەیەکی کەسی کە دڵی مرۆڤێکەو برینداربووە،ھاوکات ئاماژەیەکی بابەتیء گشتیشی ھەیە، ئەویش سووتاندنی نیشتمانء ئەو ھەموو کارەساتء تراژیدیانەی شاعیر لە کوردستان بینیویەتی.بەتایبەتیش کەوەک شاعیر خۆی ئاماژەی پێداوە کە ئەو لە پاییزی ١٩٨٨نیشتمان جێدێڵێت. ئەو کاتەش قۆناغی خامۆشبوونء شۆکی دەروونی پاش کارەساتی ئەنفالە بەدناوەکانء کیمیا بارانکردنی ھەڵەبجەیە. بۆیە شاعیر ئەو تراژیدیانە،بەبرینی دڵی دەزانێت. ھاوکات دڵنیاییش دەداتە نیشتمان کە نەکچی شەنگ، نە شەوی سەرمەستەم، ناتوانن ئەو برینەی بۆ تیمار بکەن.

لێرەدا شاعیر لە قۆناغی سەرەتایی تێکەڵاوبوون بە دنیای غەریبییە. بۆیە لای وایە تازە ھیچ شتێک ناتونێت، برینی دڵی تیمار بکات. لە ئاستی دووەمدا شاعیر بۆ ئەوەی ئێستای تاراوگە جێبھێڵێتء بگەرێتەوە نیشتمان، پێویستی بەوەیە نیشتمانێکی بچووک لە خەیاڵی خۆیدا دروست بکات. بە دەربڕینێکی تر، شاعیر دوای ئەوەی دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کەئیدی ئەو لە شوێنێک دەژیت کە زێدو شوێنی ڕاستە قینەی خۆی نییە وەک باسمان کرد، بە خەیاڵ ئەوێی نیشتمان دێنێتە ئێرەی تاراوگە. بەڵام بە چ شێوەیەک،بێگومان بەگەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی نیشتمان.بۆیە ئەمجارەیان دەڵێت:
بەڕۆژ ئەندێشەیەکی کپ دەست بەسەرم دەکات...
بەشەوتاکء تەنیا لە گەڵ ئازیزانداگفتوگۆمە...
ئەگەر خەون بینین نەبوایە ئێستا کێوی ببووم..


شاعیر خەوندەکاتە جێگرەوەی دنیایێکی واقیعیء ئەوەی بەواقیع بۆی بەرجەستەناکرێت، ھەوڵدەدات بە خەیاڵ بەرجەستەی بکات. بۆیە شاعیرخەون وەک جیھانێکی دیکەی جیاواز لەواقیع کەھەر تەنھا لە خەیاڵدا بوونی ھەیەو بوونێکی بەرجەستەیی نییە،دەبینێت.خەون لێرەدا دەبێتە جێگرەوەی گەیشتنەوە بە نیشتمان بە شێوەیەکی کردارەکی.بەدەربڕینێکی تر. شاعیرخەون وەک فریادرەسێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە دەروونی و کۆمەڵایەتییەی خۆی دەبینێت، کەلە مەنفادا تیادا ئەژیت. دۆخێک کە تا ئەو ڕادەیە کاریگەریەتی کردۆتە سەر ھەست و ڕوانینی شاعیرکەبەرەو کێویبوون کە دەلالەتە بۆ دێوانەیی و پەراگەندەبوون، بیبات.بۆیە خۆشبەختی شاعیر لەوە دایە، کەلەو مەنفایەدا، لەو ژیانە تەنھا و بێکەس وبێ ئازیزانەدا، خەون دەبینێت. ئەگەر خەونیش نەبووایە کێوی ببوو.

لێرەدا بەریەککەوتنی شاعیر لە گەڵ دوو دنیای جیاواز، دووکلتووری جیاواز، دوو شێوە ژیانی جیاواز دەردەکەوێت. گەرچی مەنفا بە ھۆی پێشکەوتنەکانییەوەو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی ژیان، ئەستەمە ببێتە شوێنی کێویکردنی مرۆڤەکان. وەلێ بۆ شاعیر نەجوانییەکانی ئەوێ، نە ژیانی ئەوێ، جێگەی ھەڵوەستە کردن نیین.بۆیە پەنا دەباتە بەر خەون بینین.بەڵام ئایا خەونەکان ھەموویان دەبن بە ڕاستی؟ بێگومان مەحاڵە. ئەگەر ھەموو خەونبینینێکی ئێمە ڕاستی بووایە، ئێستا چەند ئاسوودە، بەختەوەرء شادومان دەبووین. وەلێ نابێ ئەوەمان بیر بچێت خەونەکان ئەگەرکورت ءکەمخایەنیش بن، ھێشتا بۆ ماوەیەک چێژو ئارامی بە مرۆڤ دەدەن. لەو ڕوانگەیەشەوە، شاعیر خەون بینین وەک جێگرەوەیەکی جوان دەبینێت، لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەروونیەی لە میانەی جێھێشتنی واقیعی نیشتماندا، ڕووبەڕووی بۆتەوە.شاعیر دوای ئەوەی نیشتمانی ڕاستە قینەی خۆی جێدێڵێت و دەگاتە مەنفا، ئیدی ھەستی بەنامۆبون بە ھەموو دیاردەو بووەکانی دەوروء بەری لەلادا دروست دەبێت.

بێگومان ساڵەکانی یەکەمی تەناھیکردن لە مەنفاداو لە گەڵ غەریبیدا( گەرچی من مەنفام نەبینیوە وەلێ زۆر بابەتم لەم ڕووەوەو خوێندۆتەوە) ساتەکانی ھەست کردنن بە غەریبییەکی گەورەو کوشندە. غەریبییەک، کە ئاسەوارێکی گەورەو قوڵ لە ژیان و ناخی مرۆڤ جێدێلێ. ئەو ئاسەوارە بەھیچ شتێک(ژدێل_ تەعویزکردنەوە) ناکرێتەوە. بۆیە شاعیر دیسانەوە بەریەککەوتنەکەی خۆی لە گەڵ مەنفادا باسدەکاتء لە کۆپڵەیەکی دیکەدا دەڵێت:
ئەی خانمی نائاشناو شەنگ
کوردێکی ئەوەندە کێویلەم.ئەم شەو لە سەمات ڕانایەم.


شاعیربەبێ ھیچ ھەستکردن بەشەرمێکی کۆمەڵایەتی و دیدێکی خۆبەکەمزانینەوە لە ئاست ئەوی تری نا ئاشنا، باس لەوە دەکات کە بە سەمای کچەچاوشین و پرچ زەردەکانی ئۆکرانیا(کەھەزارەھا گەنج خەونی پێوە دەبینن) ڕانایەت. شاعیر شەرم لەوە ناکات کە باسی نا ئاشنایی خۆی بە سەمای ئۆکرانییەکانەوە بکات. بگرە بە شانازیشەوە باسیدەکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەو ھەستەی شاعیر لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ بێگومان لە شوناسی کوردبوونی خۆیەوە. واتە شاعیر بە ئەندازەیەک وابە ستەیە بە نیشتمانء نەتەوەکەی خۆیەوە، تا ئەو ڕادەیەی باس لەو دیاردانەش بکات کە بۆ ئەو نامۆوپێشتر نەبینراون.بەلایەوە نەنگی نییە وەک ئەوەی کەھەیە پێناسەی خۆی بکات، نەک بە شێوەیەکی ڕتووشکراو، تایبەتمەندییەکی دیکە بە شوناسی نەتەوەییانەی خۆی بدات.

شاعیر لێرەدا بە کچە شۆخ و شەنگەکان دەڵێت، کە ئەو ئەوەیە کەھەیە، نەک کارەکتەرێکی تر. بۆیە دەبینین بەو پەڕی ڕاشکاویی و ڕاستگۆییەوە، دان بە نائاشنایی خۆی دەنێت لە گەڵ ئەواندا. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ئەو دانپیانانە بێ ماسکەی شاعیر،گوزارشت لە دوودنیابینی جیاو دوو کلتوورری جیا دەکات، کە ھەریەکەیان ھەڵگری کۆمەڵی خەسڵەتی کۆمەڵایەتی،پەروەردەیی،خێزانی ءکەسین.کە ئەوانیش کوردو ئۆکرانیەکانن. شاعیر ڕاستەوخۆ بە کچە شەنگەکان دەڵێت کەکوردێکی ئەوەندە کێویلەیە، ئەمشەو لە سەمای ڕانایەت.ھەرلە سەرەتاوە شاعیر بیانووی ئەو پرسیارکردنە لە کچە شۆخەکان دەبڕێت، کە ڕەنگە لە میانەی ئاواێزانبوونی لە گەڵ ئەوان ڕووبەڕووی بکرێتەوە.کەئەویش ئەوەیە کە ئەوبۆچی نائاشنایە بە دنیای ئێرە؟بۆچی جوانییەکانی ئێرەو پێشکەوتنەکانی ئێرە نابنە جێگەی تێڕامان و شادومانی. بێگومان لە بەر ئەوەی ئەو نیشتمانێکی جێھێشتووە. نیشتمانێکی بریندارءخاپوءرکرای بەچڕنۆکی بەعسی فاشییەوە.ئەو برینەش نەکچی شەنگ، نە شەوی مەست و جوان، ناتوانن بۆی تیمار بکەن. ئەوە تەنھا بە شادبوونەوە بە نیشتمان ئەو برینە قەتماغە دەگرێت.

لێرەوەش لە ئاستی سێیەمدا، شاعیر نامۆبوونی تەواوەتی خۆی بە ژیانی ئەوێ دەکاتە بەشێک لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی و ئیدی دڵنیایی دەداتە بەرامبەرەکەی کە ئەو ناتوانێت، لە سەمای ئەو ڕابێت. بەم جۆرەش ئێمە ڕووبەڕووی دوو کلتوور، دووشێوە مرۆڤ، دوو شێوە ژیانی کۆمەڵایەتی دەبینەوە. یەکێکییان ئەو شوناسە کۆمەڵایەتییەیە کە شاعیر ھەڵگریەتی ئەوی تریش شوناسی بەرامبەرە. شاعیر نەبادا مەنفا ببێتە جێگرەوەی شوێن ونیشتمانی ڕاستە قینەی خۆی، ئیدی ھەموو دیاردەکانی بوون و ژیانی ئەو بە نامۆ دەبینێت و ناتوانێ پێیانەوە ئاشنا بێت.ئەمەش لە پێناو ھێشتنەوە شوناسی کوردبوون ونیشتمان لە یادەوەری ودڵ و دەروونیدا.

لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە نزیکەی شانزە ساڵ لەمەو بەر، کۆمەڵە شیعری(ھێلانەی نغرۆ)ی(مارف عومەرگوڵ)م خوێندەوەو چێژء جوانییەکی زۆرم لە شیعرەکان دیت. ئێستا کە دوای ئەو ھەموو ساڵانە، جارێکی ترشیعرەکانی( نیشتمانم دارستانی دەم ڕووبار بوو)خوێندەوە،بەرھەمان ئەو چێژء جوانییە کەوتمەوە کە شانزە ساڵ لەمەوبەربینی بووم. بەھیوای سەرکەوتنء بەرھەمی جوانترء شیعری جوانتر بۆ شاعیر.

____________________________
پەراوێ/ نیشتمانم دارستانی دەم ڕووباربوو/ شیعر/ مارف عومەر گوڵ/ ساڵی چاپ ٢٠١٦.

 

پاییزی ٢٠١٧ - رواندز

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک