په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٢\٢٠١٤

    غەریبترین کەسی سەر ئەم گۆی زەوییە من.


فاتیح سەلام

ئەو کۆتەڵێکە لە بەفر
لە نێو دوو کەوانەى مۆرى خۆرنشینا
نوقمى بروسکەى پەنجەم و
چاوى هەور تێزاوم دەبێت
ئەو..! لە سروشتى وشەما
عەیامێکە راهاتووە
لە زستان و بەفرانبارا، سێبەرى گەڵام بداتێ و
لە پاییزدا، جەستەم بکا بە ئینجانەى
بەرپەنجەرەى رێى فیراق و
لە ئینجانەى دڵما بروێت
ئەو.. ئەو.. ئ ە و.
    *    *    *
ئۆباڵى چى چاوەروانى
چى روانین و نەهاتن و
توورەبوونى تیغى شەو و تێگلانى
داهۆڵەکانى کەشیشە یەک، یەک هەمووى بەگەردنم..
نە سێبەرێ داڵدەى وشەى یاخیم دەدات
نە هاورێیەک، نە ئازێزێ
بەدى دەکەم لێم تێبگات
غەریبترین کەسێ هەبێت لەم دنیایە
تەنیا منم..!
    *    *    *
پەیکەرى عەشقێک تێکشکاو
تۆ کە لە هاژەى (با) نەگەى
لە بەژنى تەربوون نەروانى
ئیتر با هەر روو لە خۆربن
دەمامکى فرت و فێڵت و
گومانەکانى لەت لەت بووى گۆرى سڵاو.
    *    *    *
چى بکەم خەجێ؟
تۆ نیت ، چرایەک ناسووتێ
تروسکەیەک بەدى ناکرێ
لەم نغرۆستانەى رۆحى، لە تونێل هەڵکێشراوما
سەرانسەرى ئەم پێدەشتە
لە خاڵێکى وەک ئارەزووى باڵاپۆشیت
لەرەش دەچێ!
    *    *    *
لە دوورى جوگرافیماندا
کەوانەیەکى یاقووتى هەردەم واڵا و
تەلسیمى رۆحێکى فریو، لەبن ئاسمانى رەهەندێک
لە نێوانى چاوەروانى و
ژاوە ژاواى عەکسى نەشۆراوەى
سەرى (تۆ) شدا.. باوانى من
خەوى هەنگاوى چوونەوە و..
کیشوەرى فۆبیاى تەلبەندێک.
    *    *    *
غەریبى سنگت دەدرێ
گومان پەلت دەگرێ و.. من نیم
بەسەر بەردى دڵتا دێم و
رێگا دەرژێتە هەنگاوم
چاوەرێم بە، منیش وەک خۆت
فەرهەنگێکى تۆزلێنیشتووى
پر لە ژانى کوێرەوەریم.
    *    *    *
دەست بۆ چڵى مەرگێکى لەسەرخۆ مەبە
تا ژیان لە ریسوایدا.. پێت نەڵێ، هانێ خۆکوشتنت!
ژوورەکەت ناو بنێ دۆزەخ
ئەدرێسى شەقامێ رووتیش
بکە بە داڵدەى نەفرەت بوون
تا ئەهریمەن کەژاوەى جوانیت لوول بکا و
پاکییزەیى، نەتناسێتەوە کەهاتى
دەست بۆ گوڵى باخى بەهەشتى من مەبە
نەبا یەک یەک وەک هەڵوەرینى ئارەزووت
پەنجەکانیشت هەڵوەرن
چەند بە کەنەفتى دەتبینم
کە سوار نیت و ئاورزەنگیت دەپێچیتەوە
تەنیا یەک رێگا دەتناسێ..
تا پێت بڵێ: لێرەدا ژیان دەوەستێ و..
دەست پێ دەکات واتاى مردن
دەست پێ دەکات واتاى مردن..!

 

ماڵپەڕی فاتیح سەلام

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک