په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١٥

غەریزەی باڵندەکان.

وریا باقر      

 

ئەوەی بەدرێژایی تەمەنم لەپەڕتووکەکانی زانست و بەرنامە زانسیتییەکانەوە فێربووم. یەکگرتنەوەی ئاژەڵ و مرۆڤ بوو لەمەسەلەی غەریزەداو جیابوونەوەیان بوو لەتوانای بیرکردنەوەو قسەکردن و داھێنان و فێربووندا.


باشترین نمونەش بۆ سەلماندنی فێرنەبوونی ئاژەڵان( واتە فێرنەبوونی ھەمیشەیی بەمانای مانەوەو پەرەپێدان و گواستنەوی بۆ نەوەکانی داھاتوو).


تاقیکردنەوەکانی زانای ناودار و بەتوانای روسی"بافلۆف" بوو، پاش ئەوەی کۆمەڵێک سەگی بەماوەیەکی زۆر فێری ئەوەی کردن بەداگیرساندنی گڵۆپێکی سوور و دواتریش بەلێدانی زەنگێک لیک بەدەمیاندا بێتە خوارێ و ئەوە بەنیشانەی پێدانی خۆراک بزانن، بەڵام پاش ماوەیەک و ڕووداوێک کاتێک "بافلۆف" ھەمان شتی لەگەڵ دووبارەکردنەوە کەزۆر ڕاھێنانیان لەسەرکردبوو، سەیری کرد لەبیریان چۆتەوە، چونکە ئەوەی کەسەگەکان کردبوویان فێربوون نەبوو بەڵکو خوویەک یان ڕاھاتنێکی کاتی بوو،لای ئەو سەگانە نەبووە شتی تر و ھەر زووش لەبیریان چووە.


ئنجا ئەمە ھەر وابوو لەئەقڵی خۆمداو تەسەورم نەدەکرد شتێک لەئاژەڵان ببینم جیاواز لەو غەریزەی پێیان دراوە، وەک بەڕێکەوت لەماڵی برادەرێک و پاش ئەوەی بەھۆی تێکچوونی فانی سپلێتەکەیانەوە پێویست بوو دایگرن، کەچی ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، ئەو ھێلانە زۆر توندو تۆڵەی کوکوختی بوو، وەستای سپلێتەکە ماوەیەک خەریکی بوو تا بەھێزێکی زۆر ھەڵیکەندو ھەر باش بوو کوێری نەکرد، سەیرمان کرد ناوەوەی ھێلانەکە بەتەل دروستکراوە بەشێوەیەک کەبگونجێت لەگەڵ ئەو شوێنە بەربایەدا، چونکە ئەگەر کوکوختییەکە بەتەل دروستی نەکردایە، زەحمەت بوو لەو شوێنەدا و لەبەر ڕەشەبادا خۆی بگرێت.تەنانەت بەتەل بەفانەکەشەوە قایمیان کردبوو، ئەمە وایلێکردم لێرەو لەوێ پرسیاری ھێلانەی باڵندەکان بکەم و بینیم چەند برادەرێکی تریش باسی ئەوەیان بۆ کردم کەئەوانیش بینیویانە لەشوێنی تریش کوکوختی بەتەل ھێلانەکەی دروست دەکات و پاشان بەپووش و پەڵاش دەیتەنێت.


ڕەنگە باڵندەی تریش ھەمان کار بکەن و من نەمدیبێ، بەڵام لەناو دار و درەخت و پەناو پەسارەکان، ھەر پووش و پەڵاش بەکار دەھێنن، ئەمەش والێکردم بگەمە ئەو ڕاستیەی کەمەسەلەکە فێربوونی شتێکی تازەیەو کوکوختی دەیکات و دەزانێ ھێلانە لەو شوێنە سەخت و ڕووتانەی وەک پشتی فانی سپلێت، گەر بەتەل قایم نەکرێت و ناوەوەی ھێلانەکەش بەتەل دروست نەکرێت، ئاستەمە ڕابوەستێت؟!


پرسیارەکەی منیش بۆ خوێنەر ئەوەیە، ئەم باڵندەیە چۆن توانی شتێک دابھێنێت کەپێشتر نەیزانینوە، ئەویش بەکارھێنانی مادەیەکی نوێی وەک تەلە، چەند ناڕەحەتیش بێت لەدروستکردنی ھێلانەدا، بەڵام بەمەبەست و زانین بەکاری دەھێنێت؟!


ھیوادارم ئەم پرسیارە بێتە مایەی جووڵانی ئاوەزمان و زیادبوونی توانای بیرکردنەوەمان، ئەگەر غەریزەی ئاژەڵان جێگیر بێت، ئەی ئەمەی کەبەپێی گۆڕانکاری ھەلومەرجەکان ڕوودەدات چییە؟ تۆ بڵێی غەریزەی ئاژەڵان زیادەی چووبێتە سەر؟ ئەی چۆنیش بەناو ھەموو کوکوختییەکاندا ئەم زانیارییە تازەیەی ھێلانە دروستکردنە بڵاوبۆوە؟

 

ماڵپه‌ڕی وریا باقڕ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک