په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خەسڵەتى ڕاستەقینەیی ژیانمان لەدەستداوە.

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


ئەوە شێوازو ستایڵی ژیانە کە کەسێتی مرۆڤ و چۆنیەتی ژیانت دەستنیشان دەکات.. ژیانی راستەقینەش ئەو ژیانەیە کە بڕێکی زۆری ئاسوودەیی و بەختەوەری تێدابێت.. بەڵام ئەگەر هەر بەردەوامیدان بێت بە ژیان و ئەگەر کولەمەرگی و بەدبەختی بوو ئەو ژیانە مەرگەساتە..! ژیان گرنگی هەیەو لەدەروونی خۆیدا هەڵیگرتووە کە بریتیە لە سادەیی، رۆسۆو جۆن ستیورات میل،ئەم نهێنیەیان ئاشکراکردبوو، بۆیە داکۆکیان لەگەڕانەوەی مرۆڤ دەکرد بۆ سروشت و بۆ گوندەکان،چونکە تاکه ژیانی راستەقینە لەدەم مێرگ و قەدپاڵی چیاو لێرەوارەکاندا بەدی دەکەن !


بێگومان باپیرانمان ژیانیان زۆر سادەبوو، بیرکردنەوەو رەفتارنواندنیشیان سادەتربوو ، بەڵام بڕواو قەناعەتیان زۆر پتەوبوو ، ئەوان ئاسوودەو ئاسایش و بێخەم و بێسەریەشەتر ژیاون لە ئێمە ، خەمی ڤێلاو مۆنیکاو سپلێت و کۆمپیوتەرو بێکارەبایی و بێئاوی و بێ سووتەمەنیان نەبووە..لەگەڵ یەکتردا ژیاون و خۆشەویستیان بەسەر یەکتردا دابەشدەکرد، پەیوەندی ئەوان لەگەلًَ مرۆڤ وخاک و ئاژەڵدا پەیوەندییەکی رۆحی و زیندوو بووە، پەیوەندی ئێمەش لەگەڵ مۆبایل و ئۆتۆمبێل و سەتەلایت و ئینتەرنێتدا پەیوەندییەکی خامۆش و سڕو مردووە،لەگەڵ مرۆڤدا.. لەگەڵ خۆماندا پەیوەندییەکی لاوەکیمان هەیە.!


بەڵگە نەویستە کە ئەو مرۆڤەی زۆرینەی کاتەکانی ژیان لەگەڵ ئامێرە تەکنۆلۆژی و تەکنۆترۆنیەکاندا بەسەردەبات،جیاوازە لەو مرۆڤەی کە کاردەکات یان لە کێڵگەیەکدا جوتیارە یان موزیکژەنیان پەیکەرتاشە.. ئێمەی شاریی چونکە هاوژینین لەگەڵ ئامێرەکاندا بۆیە دەروونمان پەشێو و نیگەرانە، جەنجاڵ وسەرقاڵین و زەبری دەروونی هیلاک و ماندووی کردووین چاو و هەستەکانمان وێرانن.. ئێمەی هۆگری شتە مردووەکان زۆر تەنیاین و لە گۆشەگیریدا نوغرۆین، دوورین لە بیرکردنەوە و خەیاڵفراوانی.. لە تەرکیز و چڕکردنەوە لە خۆمان و ژیانمان..لەهەست و سۆزو عاتیفە تەجرید کراوین و وشک برینگ بووینەتەوە، دەروونمان ئاڵۆزو پەرشوبڵاوە، دووچاری گرێوگۆڵی دەروونی و مێشکی بووین، ئێمە کەسێکین چونکە سادە نەماوین،چونکە هەڵپەمانە بۆ کڕینی ئەو ئامێرانەی دەوروبەرمان و ماڵەکانمانی پێ ئاخنیوە ، بۆیە لە واقیع ولەژیانی راستەقینە دوورکەوتووینەتەوە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی و دراوسێیەتی و رێزو موحیبەت لە نێوانماندا زۆر کاڵ و کز بووەتەوە ، لە پلەی سفر نزیک بۆتەوە ، بۆیە دواجار ئیرادەو وزەو هێزو توانامان لەدەستداوەو ناتوانین پلاکێکی کارەبایی چاک بکەینەوە چ جای مەکینەیان گاسنێک دروست بکەین ...!


ئاکامەکانی ناسادەیی ژیان و کۆکردنەوەی شتومەک و ئامێرەکان ، لە ژیانماندا بێزاریمان پێشکەش دەکەن کە دەتوانێت بەسەرماندا زاڵبێت و ناتوانین بەرگری لێبکەین ، ئەو بێزاری و دووبارە بوونەوەیەش دڵتەنگی و خەمۆکی و فشارو زەبری دەروونیمان بۆ دێنێ ، کە زیان و ئازاری کوشندەمان دەدەنێ و ناچارمان دەکەن کە پەنا بۆ مەیخواردنەوە و جگەرە و نێرگەلە و حەشیشە وتریاک و ماددە هۆشبەرەکان ببەین بۆ ئەوەی بێزاریمان بشارینەوە، بەڵام جەخار و ئەفسووس دەروون و هزرو رەفتارمان نوغرۆترو نوقمتر دەکەین لەمەرگداو ژیانی راستەقینەش لە خۆمان دەتۆرێنین !


کەسێکی سادە ، بەتواناترو چاکترە لە کەسێکی ئاڵۆز کە دووچاری گرێی دەروونی بووە، ئێمە تەنانەت منداڵ و رۆڵەکانیشمان سەرقاڵکردووە بە ئامێری (پلەی ستەیشن و فیلمی ئەکشن و فیلمی کارتۆنی پڕ لە قسەی قۆڕو جنێو ) منداڵ هەن رۆژی دە (10) کاتژمێر بەدیار تەلەفزیۆن و پلەی ستەیشنەوە دادەنیشن ، ئیدی ئەم منداڵە هزرو مێشک و دەروونی تەندروست و ساغ و دروست نابێت ، ئەگەر دە پرسیاری لێبکەیت وەڵامی یەک پرسیارت ناداتەوە ، زۆر گرژو تووڕەو گڕۆز دەبێت ئەگەر بتەوێت واز لە تەماشاکردن و یاریکردنەکەی بهێنێ .. ئەگەر داوای لێبکەیت بچێت بەلای وانەو سەعی و کۆششکردنیەوە ..! ورگی خۆی هەڵدەدڕێت !!!


بۆیە پێویستە ئێمە پارێزگاری لە ستایڵی ژیانی سادە بکەینەوەو خۆمان نەکەین بە کۆیلەی ئامێرو کەرەستە نەفرینەکان ، خۆمان نەکەین بە قوربانی تایەیەکی ئۆتۆمبێل و خولەکێکی مۆبایلەکەی لاقەدەمانەوە .. پێویستە بەهێزو پتەوبین و پارەو ڤێل و مۆنیکا لە خشتەمان نەبەن، چونکە دەبینە برغویەک و هەست و سۆزو لۆژێک لەدەست دەدەین ، نرخی مرۆڤمان لا کەمتر دەبێتەوە لەنرخی سەیارەیەک ، خۆشەویستی و عەشق بەهای مرۆڤایەتی و رۆحی خۆیان لەدەست دەدەن، کاتمان نامێنێ بۆ هاوڕێیەتی و بۆ خزمایەتی و بۆ پەیوەندی مرۆڤانە لەگەڵ یەکتردا.. دەبینە کۆیلەی دۆلارو قەناعەت و بەختەوەریمان لەدەست دەدەین،چونکە هەڵپەدەکەین هەموو ئامێرەکانی بازاڕ (کە بازرگانە چاوچنۆکەکان دوونیایان لێ تەنیووین) بهێنینەوە بۆ ماڵەوەو ئەگەر لەدراوسێکانمان زیاترمان نەبوو ئاسوودەو کامەران نابین ،بەڵام لە راستیدا ئێمە بەو کارەمان، بەو رەفتارەو بیرکردنەوەیەمان سادەیی و ژیانی راستەقینەو ئاسوودەیی و بەختەوەریمان پێشکەش بە شتە مردووەکان و کەرەستەو ئامێرە جەنجاڵەکانی ماڵەکانمان دەکەین و خۆشمان وەکو مرۆڤ نامێنین و دەبین بە ئامێرد !