١٣\١٢\٢٠١١
خه‌تای
پایزه!

ئه‌یوب
ره‌حمانی
ڕۆژێکی شه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر
یا کۆتاییه‌کانی مانگی ئۆکتۆبر بوو. هه‌ستم به دڵته‌نگییه‌کی زۆر ده‌کرد،
دڵم گیرابوو، بووغزێک سه‌راپامی گرتبوو، له ئاوێنه سه‌یرێکی خۆمم کرد،
ڕیشم سێ ڕۆژه بوو، مۆدی پیاوانی ئیتالیاییه، به‌س هی من بۆ مۆد نه‌بوو،
هی له‌شقوورسی و بێتاقه‌تی بوو! ژینم قوورس نییه، ته‌نانه‌ت به قه‌ده‌ر
ده له سه‌دی پیاوێکی کوردستان قوورسی باری ژیانم له سه‌ر شان نییه،
یا ئه‌گه‌ر بشبێت هێنده‌ی گوێ پێ ناده‌م و ئیهمالی ده‌که‌م. خه‌می
نانیشم نییه، که‌چی له پیاوه بارقوورسه‌کان که خه‌می نانی ماڵ و
منداڵه وردیلانه‌کان چه‌ماندوویانییه‌وه، دڵته‌نگتربووم. ده‌سته‌کانم
تاقه قڵشتێکی تیا نییه، وه‌ک ئه‌و قڵشتانه‌ی له ده‌سته‌کانی باوک و
دایکمدا ئه‌مدین و ئه‌مه‌ش ئه‌یسه‌لمێنێت که کارم قورس نیه، به‌ڵام
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌و ڕۆژه هێنده دڵته‌نگ بووم، ده‌تگووت پاپۆڕه‌کانم
غه‌ڕق بوون!
پایز و دڵته‌نگیی پێکه‌وه دێن، هاونشینی یه‌کن، به‌ڵام ئایا دڵته‌نگییه‌که‌ی
منیش هه‌ر له‌مه‌ڕ پایزه؟ ڕاسته پایز دڵته‌نگتر له هه‌موو وه‌رزه‌کانی
دیکه‌ی ساڵه، به‌ڵام جوانییه‌کانی خۆیشی هه‌یه، سروشت بۆ ماوه‌یه‌ک
ڕه‌نگی سور و زه‌رد و ته‌نانه‌ت شین و سپیش تێکه‌ڵ به سه‌وز و خۆڵه‌مێشییه
کۆنه‌کان ده‌کا و له که‌مڕه‌نگی ده‌ری دێنێت، جوانییه‌کی تایبه‌تی به
سرووشت ئه‌به‌خشێت، که له وێنه و نیگاره‌کانیشدا ئه‌یبینینه‌وه
خێرا ده‌ڵه‌ین ئه‌وه ڕه‌نگی خه‌زانه. وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆڵکه‌زێڕینه وشک
بووبێ و به‌سه‌ر سرووشتا باریبێ. به‌ڵام ئه‌و جوانییه‌ی پایز کاتیی و
کورت ماوه‌یه و شاعیری خۆی ده‌وێ ڕووخسه‌ت بگرێ و جوان تێی بگا و وه‌ستایانه
بیهۆنێتۆ، وێنه‌گرێک که وه‌ک نێچیروانی حه‌ریس زوو ڕاوی کات،
نیگارکێشێک که هه‌ستیی کا و نووسه‌رێک که بیئاوژوێ و بیکاته وشه و
خانوو و کۆشکی ئه‌ده‌بییاتی لێ بسازێ و وه‌رزشوانێک که تیای ڕاکا و هه‌ڵمی
ڕۆحی گه‌ڵای مردوو هه‌ڵمژێته نێو سییه‌کانی و وزه بگرێ!
لێره وه‌رزه‌کانیش زۆر له یه‌ک ده‌چن، به‌و حاڵه‌ش پایز هه‌ر پایزه
و له هه‌ر کوێ بێت، هه‌ر دڵته‌نگی دێنێت. جیاوازی پایز له‌گه‌ڵ وه‌رزه‌کانی
دیکه گه‌ڵاڕێزانی داره‌کانه لێره. به گه‌ڵاڕێزاندا وه‌رزی پایز له‌وانی
دی جیا ده‌که‌یته‌وه، ئه‌گینا هه‌موو که‌م تا زۆر وه‌ک یه‌ک هه‌وری و
ساردن. لێره خۆر به ده‌گمه‌ن ده‌ر ئه‌که‌وێت، له هاوینیشدا هه‌ر هه‌وره
و جار و بار خۆر ده‌بینیت. بۆیه هه‌ر که خۆر ده‌رکه‌وت، گشت گیانله‌به‌ر،
وه‌ک خۆرپه‌ره‌ست، ڕووت ده‌بنه‌وه و خۆیان وه‌به‌ر تیشک ده‌خه‌ن. به
تایبه‌ت له‌م شاره‌ی ئێمه، که له جوانی و خاوێنیدا به ناوبانگه،
خۆری که‌مه، هۆکاره‌که‌ی نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌یه که ئوروپایه، به‌ڵکوو
ئه‌وه‌شه که سی مایل له ژوور‌و کێوه‌کانی ئاڵپدایه و هه‌وره‌کان له
به‌رزاییه‌کانی ئاڵپه‌وه ناتوانن تێپه‌ڕن و له‌مدیو ده‌مێننه‌وه و تا
باردارتر و باراناویتر ده‌بن، قورس‌تر و نزمتر ده‌بنه‌وه و بانی ئاسمان
نزمتر و ڕه‌نگی شینی جوانی ئاسمانی بڵیند ده‌که‌نه خۆڵه‌مێشی و ته‌مێک
ئه‌خووڵقێنن، هه‌موو کوێ ده‌که‌نه سه‌ر سه‌حنی شانۆیه‌کی دڕاماتیک و
ته‌ماویی که گیانده‌دات بۆ گریان. هه‌ست ده‌که‌یت که به بینینی ئه‌و
شانۆیه پڕ به دڵ گریانت دێت، تێ بووغزاوی و گریان له گه‌رووتدا ماوه‌ته‌وه
و هه‌ر سات ڕه‌نگه هاوار ئاسا بته‌قێتۆ! مه‌جالی گریانت پێ نادات و سه‌حن
و شانۆ ئه‌گۆڕێت....!
ئاخر هه‌ور دایمه حه‌زی له سه‌فه‌ره. هه‌وره‌کان لێره له‌م شاره‌ی
ئێمه که سه‌فه‌ر ده‌که‌ن به‌ره‌و باشوور، له سه‌یته‌ره‌ی ئاڵپ ده‌رناچن،
هه‌مدیسان له سه‌فه‌ره نیوه‌کاره بێئاکامه‌که‌یان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه
بۆ لای ئێمه و هه‌ر هه‌موو تووڕه‌یی خۆیان به سه‌ر ئێمه‌دا خاڵی ده‌که‌نه‌وه.
ئاڵپ به‌ری سه‌فه‌ریانی گرتووه به‌ڵام له ئێمه تووڕه‌ن، باردار بن
یا بێ بار، دایم له هاتوچۆدان، دیسان ده‌ڕۆنه‌وه، دووباره ده‌یانگێڕێته‌وه!
چوار وه‌رزی ساڵ ئه‌م شانۆیه له سه‌ر سێنه! که باردارن زۆر تووڕه‌ن،
هی ئه‌وه‌یه که قوورس و دووگیانن، ئه‌شریخێنن، ئه‌گرمێنن، ئه‌تریشقێنن!
جارێکیان له شریخه‌ی دووانیان داچڵه‌کام، سه‌رم به‌رزکرده‌وه و
پێیانم وت خۆزگه‌م به خۆتان، ده‌نگتان دایمه ئه‌بیسترێت و ئه‌توانن
تووڕه‌یی و هاوارتان به گوێی ئێمه‌مانان بگه‌یه‌نن و لای ئێمه
ڕێسپێکت بۆ خۆتان له‌مخواره‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن، ڕێسپێکت! پێیانم
وت ئێمه زۆرجار ده‌نگمان نابیسترێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاواری پڕ به
گه‌رووش بکه‌ین و ئه‌گه‌ر هاواریشمان زۆر ڕه‌وا بێت، نابیسترێت، ئه‌و
تۆزجاره‌ش که ده‌بیسترێ، له‌م گوێ دێت و له‌و گوێ ئه‌ڕوا، هه‌ر وه‌ک
ئه‌وه‌ی نه‌بیسترابێت! به‌ڵام ئێوه‌ش تووڕه مه‌بن، ئه‌مه سرووشته و
له هه‌وری به‌رزیش که ئێوه‌ن شتی به‌رزتر هه‌یه و له‌وانیش به‌رزتر
و له‌وانیدیکه‌ش.... و ئێوه ناتوانن به گژ باڵای به شکۆی ئاڵپدا چن
و ئه‌مه‌ش وادیاره هیچی له‌گه‌ڵ ناکرێت!
هه‌ورێک که له‌وانیتر باردارتر و ڕوونبیرتر بوو دیسانه‌وه شریخاندی
به سه‌رما و وتی، ئه‌وه‌ی بیستت، شریخه‌ی ئه‌شقی هاوئامێزیی ئێمه‌ی هه‌وره!
که ئاشق بین، یه‌کتر له ئامێز ده‌گرین و خۆشه‌ویستیمان به گوێی هه‌مووان
ده‌گه‌یه‌نین و نایشارینۆ که ئاشقین، ئه‌وه ئاوازی ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌ندی
ئێمه‌یه و پاشان باران ئه‌خووڵقێنین، به‌ڵام له وڵامی ئه‌وه‌ی وتت،
ئه‌بێ بڵێم، له ئاست خۆڕاگری هه‌ورا خۆری به‌رز و تیشکاوێژیش خۆی ده‌رناخات.
له ئاست سه‌بری بێچووی هه‌ورا به‌ردی خاراش خۆی ناگرێ، چ بگات به
ئاڵپ، که هه‌ر به‌رد و خاک و خۆڵه، کاتم به‌رێ، کات، ئه‌من دایکی
ژیانم! له‌به‌ر خۆمه‌وه وتم چه‌ند له خۆ باییه، به‌ڵام دیتم ڕاست ئه‌کا
خۆ، به گه‌وره‌یی و سه‌رسه‌ختیی نییه، به سه‌بر و هیممه‌ت و
تێکۆشانه. قه‌ڵای زۆرداریی نه‌ک هه‌ر ئاڵپ، هی هه‌موو کوێ به سه‌بر
ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌ر ده‌ڕووخێت! ئه‌و له‌خۆبایی بوونه‌ی هه‌ور غروریه‌تی،
بۆیه دایم سه‌ری به‌رزه! به‌ڵام پرسیارێک ئه‌ی هه‌ور؟ وتی فه‌رموو،
پرسیم ئه‌دی خۆ تۆ ده‌ستت به باڵای ئاڵپ ناگات، ئه‌ی چۆن باڵای دێنیته
خوار؟ به پێکه‌نین تریشقاندی، وتی ئه‌ی نازانی بیچووی هه‌ور له ناو
دڵ و بنج و بناوانی چیا ئه‌ژی؟ که بمهه‌وێت له بنه‌وه ئه‌یکۆڵم، ئه‌یڕووخێنم،
ئه‌وجار باڵای پێ نزم ئه‌که‌م! وتم ڕاسته، ئێستا زانیم، تۆ له مرۆڤ
سیاسی‌تری!!
ئه‌م وتووێژه‌ش هیچ له وه‌زعه‌که ناگۆڕێت، هێشتا هه‌ر پایزه و لێره
که‌مجار هه‌یه حه‌وتوویه‌ک خۆر هه‌بێت، خێرا به دوویدا بارانی به
خووڕ دێت، ئه‌مه‌م به‌هه‌ور نه‌وت، وتم با دڵی نه‌ئێشێت، به‌ڵام بۆ
خاڵی کردنی داخی دڵم به تۆی ده‌ڵێم، که‌سم نییه ده‌ردی دڵمی بۆ
هه‌ڵڕێژم، له تۆ زیاتر و هه‌ور نه‌بێت! به‌ڵام ئه‌ویش زۆر دڵته‌نگه،
دایم چاوی به فرمێسکه! بۆ من نابێت، ئه‌و دایکه و ئه‌رکی قورسه،
ئه‌ی نابینی ته‌ڕ ته‌ڕ فرمێسک بۆ گڵ ده‌ڕژێ؟ ئه‌من ئه‌بێ ده‌رده دڵم
بۆ تۆ بێژم، تۆ هاونه‌وعی، هاوجنسی، هاوزمانی، هاوخه‌می، بێ‌وڵاتی!
تیژی خۆری ئێره خۆیشی هۆیه‌کی دیکه‌یه که خێرا هه‌ڵم له گۆلاوه‌کان
هه‌ڵده‌ستێنێت و خێراش باران ده‌بارێت! ئاخر خۆریش باوکی ژینه و به
تیشکی خۆی، هه‌ر که ده‌رکه‌وت، ئاوه‌کان گه‌رم ده‌کاته‌وه و هه‌ڵم
به‌رهه‌م دێنێت که خۆراکی هه‌وره. ڕه‌نگه هه‌موو پێمانوابێت لێره
بۆیه دایم هه‌وره و به‌ری خۆرمان لێگیراوه، به ته‌نیا فیتی هه‌ور
بێت، به‌ڵام خۆریش ده‌ستی تیایه! هه‌ور بۆخۆی چاک ده‌زانێ که ئه‌و
دایک و خۆریش باوکه و ژیان بێ تیشکی باوک خه‌زان و دڵته‌نگه، به‌ڵام
له‌وه‌ش بێزارکه‌رتر جیابوونه‌وه‌ی خۆر و هه‌ور و دوور
که‌وتنه‌وه‌یانه له یه‌کتر. به بێ گه‌رمی تیشکی خۆره که هه‌ور
ئیتر باران نازێ، ده‌یکاته به‌فر، ڕێچکه ده‌کا، بێچووه‌کانی کلوو
ده‌کا و تا جیایی ماوه‌دارتر، بێچووه‌کانیش کلووتر و سارد و سڕتر! من
تێناگه‌م، له‌م ئاژاوه‌ی نێو بنه‌ماڵه‌ی سرووشته! بۆ هه‌موو ساڵی
جارێ لێک ئه‌تۆرێن؟ که بیریشی لێده‌که‌مه‌وه، عیلله‌ت و مه‌علوولم
دێته خه‌یاڵ، به ده‌ست خۆیان نییه، خه‌تای ئه‌وان نییه، زه‌وی
بۆخۆی که‌لله ڕه‌قه و به جاده‌ی پێچاوپێچدا ده‌ڕوا!
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا که وه‌رزه‌کانی ئێره ده‌بینم و له‌گه‌ڵ
وڵاتی خۆمان هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنم، هه‌زار ئاخ و ئۆف هه‌ڵده‌کێشم، که
ئێمه جوانترین وه‌رزه‌کانمان هه‌یه و قه‌دریان نازانین. له وڵاتی
ئێمه وه‌رزه‌کان به مانای وشه ڕه‌نگ و بۆن و تامی خۆیان هه‌یه. که
وتت نه‌ورۆز هات و ئه‌وه به‌هاره، هه‌موو کوێ سه‌وز و نوێیه و
خوونچه و گوڵ و بۆنی هه‌موو گژ و گیای به‌هاریی ده‌که‌یت و ئه‌توانیت
به‌تامترین گیاکانی کوێستان له وه‌رزی خۆیدا به تازه‌یی بخۆیت. هاوین
گه‌رما و تامی خۆی هه‌یه و دنیا قرچه‌ی دێت له گه‌رمانا و کاڵه‌ک و
شووتی و خه‌یار و ترێ و ده‌یان جۆر میوه‌ی ڕه‌نگاڵه به تازه‌یی له
بێستانه‌کانه‌وه که هه‌موو سرووشتین و به خۆر پێ گه‌یوون و نه‌ک به
لامپا و که‌ره‌سته‌ی سه‌نعه‌تی و شیمیایی، له به‌ر ده‌ستتدان، نه‌ک
وه‌ک ئه‌وانه‌ی لێره زۆر و بۆر و بێ تام و بێ ئاون! له وڵاتی خۆمان
ڕه‌نگی پایز زۆر به‌رچاوه و بێجگه له گه‌ڵاڕێزانی داره‌کان، تا
به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت، سه‌رما و باران و کڕێوه‌ش زیادتر ده‌بێت و ئیتر
له سه‌رماوه‌ز خۆت به‌ره‌و زستانی سارد ئاماده ده‌که‌یت. من له بیرم
نه‌ماوه، ئه‌رێ لای خۆشمان پایز هه‌ر دڵته‌نگی دێنێت؟ من له بیرم
نایات له پایزی لای خۆمان وه‌ڕێز بووبم! لای خۆمان زستانیش هه‌ر
زستانه و به‌فره و سه‌رما و ڕێبه‌ندانه، زستانی ئێمه به مانای
وشه سارد و هه‌موو کوێ سه‌هۆڵبه‌ندانه. وڵاتی ئێمه وه‌رزه‌کانی
له جێی خۆیانن، به‌ڵام هێشتا سرووشتێکی وه‌حشی هه‌یه، وه‌ک خۆمان!
بۆیه که بیر له‌مانه ده‌که‌مه‌وه ئاخ و ئۆف هه‌ڵده‌کێشم که ئێمه
له باشترین گۆی زه‌وی به چوار وه‌رزی ساڵه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام
وڵاتمان به ده‌ست خۆمانه‌وه نییه و نه‌ته‌وه‌ی دیکه ده‌ستیان
به‌سه‌ریدا گرتووه و نه‌وه‌د ساڵه زه‌خیره ژێر زه‌وینییه‌کانی به
تاڵان ده‌به‌ن و ئاسه‌واره مێژوویه‌کانمان ئه‌دزن و یا له‌ناویان
ده‌به‌ن و خه‌ڵکه‌که ده‌چه‌وسێننه‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا
له باری ئابووری و فه‌رهه‌نگیی و زۆر بواری دیکه‌وه گه‌لی ئێمه‌یان
دوواکه‌وتوو ڕاگرتووه. ئێمه به مێژووییه‌کی ده‌یان هه‌زار ساڵه له
سه‌ر خاکی خۆمان و وه‌ک گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت، له
زێده‌گای خۆمان خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆمان نین و بنده‌سته‌ی سێ نه‌ته‌وه‌ی
زۆردار و چڵێسین، که دووانیان کۆچه‌رن و ئه‌و خاکه‌ی تێیدا ده‌ژین،
هه‌میشه هی خۆیان نه‌بووه! با ببن و با بژین، کوا ئه‌وه گرفتی منه؟
گرفتی من ئه‌مه‌یه که ئه‌وان ئاغا و سه‌روه‌رم بن له سه‌ر خاکی خۆم!
که چاره‌نووسم ئه‌وان بۆمی دیاری بکه‌ن، ئه‌وان خه‌رجیم بده‌ن له
پاره‌ی خۆم، ئه‌مه گرفتی منه!!
له هه‌موو دڵته‌زێنتر ئه‌مه‌یه که هیچکام له حیزبه
سه‌ره‌کییه‌کانی کوردستان درووست کردنی کیانێکی نه‌ته‌وه‌یی نه له
به‌رنامه و نه له درووشمیاندا نییه و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه
به‌و گه‌وره‌یی و مێژووییه له سه‌ر ئه‌و خاکه بژییایه و دابه‌شکراو
بوویایه، هه‌رگیز له بۆ سه‌ربه‌خۆیی که‌متر خه‌باتیان نه‌ده‌کرد و
کۆمه‌ڵگای جیهانیش به خۆشی خۆی یا به زه‌ختی ئه‌م نه‌ته‌وه،
پشتیوانی له سه‌ربه‌خۆییان ده‌کرد. به جێگای ئه‌وه حیزبه‌کانی ئێمه
یا به ناوی کومونیزمه‌وه، یا به ناوی ئیسلامه‌وه و یا به ناوی
دێمۆکڕاته‌وه، هه‌ر هه‌موویان ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانی له به
داگیرکراوی مانه‌وه‌ی وڵات ده‌که‌ن، نه‌ک پشتیوانی له وڵات و
نه‌ته‌وه چه‌وساوه و داگیرکراوه‌که‌ی خۆیان! ئه‌مه سرووشتیی نییه!
که ئه‌م ڕه‌خنانه ده‌گرم، به مانای ئه‌وه نییه دووژمنایه‌تی
که‌سانێک بکه‌م، به‌ڵکوو به‌و مانایه که وشیاریی بده‌م. خه‌باتێک که
نه‌وه‌د ساڵ وه‌ک زنجیر به‌ڵام پچڕ پچڕ به‌ر ده‌وامه و هێشتا به
ئاکام و ئامانج نه‌گه‌یوه، چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ خۆ دیاره، هه‌ڵه‌کانمان
که دایمه و ده‌رهه‌م دووپاتیان ده‌که‌ینه‌وه و وانه‌یان لێ
وه‌رناگرین، هۆکارن! حیزبی کوردی هه‌ر له مه‌لۆتکه و منداڵییه‌وه
به هه‌ر سیاسه‌تێک جۆش کرا، ئیتر قه‌ت ناگۆڕێت و گۆڕان لای ئه‌و
عه‌یبه‌یه و ئه‌مه‌ش به‌دبه‌ختی ئێمه‌یه، ئه‌م که‌لله وشکیی و
ته‌عه‌سووبه توونده کووشتوومانی! ئه‌مه له غروری هه‌ور ناچێت، له
ته‌عه‌سوبی کازب ده‌چێ! ئه‌م دیارده به‌داخه‌وه ته‌نیا له کورد
ئه‌وه‌شێته‌وه! حیزبی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه نه‌گۆڕ نییه، هی کورد
نه‌بێت، هه‌نووکه‌ش که دونیا هاوارمان ده‌که‌ن که به زیاتر له چل
میلیۆن حه‌شیمه‌ته‌وه داوای سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک ڕه‌واترین مافمان
بکه‌ین، ئه‌وان "خه‌جاڵه‌ت" ئه‌کێشن، شه‌رمن و حه‌یا به‌خۆن له ئاست
دۆستانیان له نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ر!! به‌س که ده‌که‌ونه دژایه‌تی
ناوخۆیی یه‌کتر، حه‌یاکه که ده‌ڵێن دڵۆپێکه، خێرا لێیان ده‌تکێ!
به دڵنییاییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی مافی له مێژینه‌ی ئێمه‌یه و من دڵنیام
که ئه‌گه‌ر وه‌ها درووشمێک دایمه هه‌بوویایه، هه‌م نه‌ته‌وه‌ی کۆ
ده‌کرده‌وه و ده‌مانزانی چیمان ده‌وێت و هه‌میش کۆمه‌ڵگای جیهانی
تێمان ده‌گه‌یشتن و ده‌یانزانی چیمان ده‌وێ و له مێژ بوو پشتیوانی‌یان
لێکردبووین! ئێستا که‌س نازانێت کورد چی ده‌وێ، ته‌نانه‌ت بۆخۆشمان
نازانین چیمان ده‌وێ! هه‌ر لێ گه‌ڕێ خه‌تای پایزه، دڵی ته‌نگ
کردووم....یا هی نه‌بوونی تیشکی خۆره تووڕه‌ی کردووم!
٢١ی سه‌رماوه‌زی ٢٧١١
ماڵپه‌ڕی ئه‌یوب ره‌حمانی
|