په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خەتەنەکردنى کچان و منیش وەک یەکێک لە قوربانییەکانى.


شاناز بەرزنجى    


لە سەرەتاوە ده‌مەوێ ئاماژە بەوە بده‌م کە لە ئێستادا زۆر رۆژنامەى (ئەهلى) باس و خواسى خەتەنەکردنى کچانیان کردۆتە بابەتێک لە کۆکردنەوەى خوێنەر لەخۆیان پاش ئەوەى بەپێى بڕیارى نوێى رۆژنامەنووسى هەرێم ئەو دەرفەتەى جارانیان نەما بۆ بڵاوکردنەوەى هەندێ بابەتى سەرنجڕاکێش لەسەر بەرپرسە گەندەڵەکانى هەردوو حیزبەکەى کوردستان، هەوڵى تەواوى ئەو رۆژنامە بەناو (ئەهلی)انەى باشوورى کوردستان بازرگانیکردنە بە هەر بابەتێکى سەرنجڕاکێشەوە، تەنانەت خۆشیان ئەو راستیە ده‌زانن کە کارى ئەوان بەتاڵکردنەوەى رقوکینە و کەفوکوڵى جەماوەرە، وەک بەڕێز ئاسۆس هەردى لە گەرمەى بڕیاردانى یەکەمجارى پەرلەمان لەسەر یاساى رۆژنامەنووسى ئاماژەى بەوەدا کە هەڵەیەکى گەورەیە ئەگەر پەرلەمان ئەو نیمچە ئازادییە لە رۆژنامە (ئەهلی)ەکان بسێنته‌وه‌ چونکە بەڕاى بەڕێزى ئەوان جەماوەر بەتاڵ‌ده‌ەکەنەوە لەهەر رقوکینە و دژایەتیەک کە بۆ سەرانى دەسەڵاتیان هەبێ‌. ئەگینا کوا ئەو رۆڵە راستەقینەیەى ئەوان گێڕاویانە، زۆر لەسەر فرۆکەوانە هەڵاتووەکە یان بەرەڵاکراوەکەى ئاسایشى سلێمانى نووسرا بەڵام کوا ئەو هەموو خۆپیشاندان و مانگرتن و رێپێوانانەى لە کوردستانا بۆى سازکرا، یان چۆن رۆژنامەى هاوڵاتى دەقى دانپێدانانەکانى ئەو فرۆکەوانەى دەستکه‌وت و بلاویکردەوە، کە هەر کەسێک تۆزێک ئەقڵى هەبێ‌، ده‌زانێ ئەوە سیناریۆیەک بوو بۆ بەتاڵکردنەوەى رقى جەماوەر ئەگینا ئەگەر ئەوە دانپێنانى ئەو فرۆکەوانە بووایە رەوانەى هەندەران نەده‌کرا، بەهەرحاڵ ئەو مەسەلەیە زۆر لەوە قووڵترە و ئەوەى کە پیشانى جەماوەر ده‌درێ تەنیا بۆ خۆڵکردنەچاو و هەڵخەڵەتاندنى هەموو ئەوانەیە کە بە داخن بۆ کوژراوانى ئەو کیمیابارانەى هەڵەبجە کەحیزبە ناسیۆنالیستەکان رۆڵى سەرەکیان تێدا گێڕا، ئەى هەموو خەڵکى هەڵەبجە ئاگادارى ئەوە نین کە ئەگەر چەکدارەکانى یەکێتى رێگر نەبوونایە لەبەردەم ئەو خەڵکەى کە هەڵده‌هات ئەو ژمارە زۆرەیان لێ نەده‌کوژرا، ئەوەى ئەودەم یەکێتى کردى هەر لەوە ده‌چێ کە لەم ماوەیەدا بزوتنەوەى تیرۆریستى حەماس بە خەڵکى بێدەسەڵاتى غەزەى کرد، بەرنامەى زۆربەى ئەو حیزبە رەگەزفاشیانە خوڵقاندنى کارەساتە واتە چەند زۆر لە خەڵک بکوژرێ‌ باشترە، هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو کارەساتەکانى کورد دەستى بزووتنەوەى ناسیۆنالیستى کوردى تێدا هەبووە، چوون تۆ کە بزانیت بەشەڕ هیچت پێ ناکرێ بۆ ده‌بیتە مایەى کوشتنى ئەو خەڵکەى کە وەک چەتە خاک و گوند و ماڵ و زێدیان ده‌کەیتە مۆڵگەى شەڕ، وێڕاى ئەوەى ئەم هەموو ساڵە لە شەڕوشۆڕى ناسیۆنالیستەکان بۆ ئەوە بوو بە شێوه‌یه‌کی جیاوازتر پەرلەمانە کارتۆنیەکەى بەعس دابنێتەوە و ئاڵاى ناشیرینى عێراق لە کوردستان هەڵبکەیه‌وە و هەر رۆژەى ملکه‌چییه‌کی تازە بخەیتە پاڵ ملکه‌چییه‌کانت، کورد لە سایەى هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە و هەموو حیزبەکانى ترەوە بوو بە گاڵتەجاڕى دنیا، شەرم نییه‌ تۆ هیچت نەکردبێ بۆ خەڵکى کورد و سەرجەمى کوردستان بکەیتە کۆمپانیا و خاکى کوردستان بەم کۆمپانیا و ئەو کۆمپانیا ببەخشی، خۆ تازە ئێوەش نەمێنن ئەو پارچە خاکانە کەپێشکەشتان کردوون بوونەتە موڵکى ئەوان، ئەى باشە مەشهەدانییه‌ک کە گەورەترین دژایەتیی کوردى کرد لەپەرلەمانى عێراقى جێگەى پرسیار نییه‌ یەکێتى ڤێلاى لە دوکان بۆ دروستکردبێ.


بۆ ئەوەى لە باسەکە لانەده‌م دێمەوە سەرباسى خەتەنەکردن نەک وەک بابەتێک بۆ به‌کاربردن وەک ده‌یبینین بەڵکو وەک بابەتێکى راستەقینە کە خۆم یەکێکم لە قوربانییەکانى.. بەڵام چوون دژ بە خەتەنکردنى کچانم ئاواش دژ بە خەتەنکردنى کوڕانم، چونکە خەتەنەکردن لەڕاستیدا و پێش هەموو شتێک بۆ چاوترسێنى ئەو منداڵە کوڕ و کچانەیە کە هێشتاکە نازانن چى چاوەڕێیان ده‌کا، من دژ بە هەموو نه‌ریت و کولتور و ئاین و خوایەکم کە بە ئەشکەنجەدانمان بوونى خۆیانمان بیر بخه‌نه‌وه‌، ئیتر ئێمە یەک خوامان نییه‌ خوا هەموو کەسێکى هەبووە، هەموو کەسێکى دەسەڵاتدارە، راستیەکەى خوا دەسەلاتەو دەسەلاتیش خوایە، کەواتە هەموو چەشنەکانى دەسەڵات چ ئاینى بێ‌ یان دەوڵەتى یان حیزبى یان لە هەر شوێنێکى ترەوە سەرچاوە بگرێ هەر ئەو دەسەلاتەیە کە توانا و هێزى خۆى لە تێکشکاندنى تاکەکانەوە بەدەستده‌هێنێ‌. ئێمە هەر لەرۆژى لەدایکبوونمانەوە وابەستەى ئەو هەموو یاسا و رێسا و دابونەریتە ناشیرینەین کە هەزاران جار پەشیمانمان ده‌کەنەوە لەو رۆژەى تێدا لەدایک بووین. خەتەنەکردنى کچ و کوڕ بەشێکە لەو ناشیرینیەى کە لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە، وەک گوتم هیچ جیاوازیەک لەنێوان خەتەنەکردنى نێر و مێدا نابینمەوە چونکە ئەو مندڵانەى کە خەتەنە ده‌کرێن نێر بن یان مێ پێش ئەوەى هیچ بیرکردنەوەیەکى سێکسییان هەبێ‌ یان ئاوه‌زیان بەلاى ئەندامى زاوزێیاندا چووبێ‌ ئەتکده‌کرێن، وەک ئەو نوکتەیەى لە رشتەى مرواریدا هاتووە سەبارەت بەوەى کاتێک کوڕەکان خەتەنە ده‌کرێن کچەکانیش ده‌گرین.. کە پێیان ده‌ڵێن بۆ ده‌گرین؟ لەوەڵامدا ده‌ڵێن بۆ ئێمەى تیژ ده‌کەنەوە بۆیە ده‌گرین، ئەمە هەرچەند وەک نوکتە بکەوێتە بەرچاو بەڵام نوکتەیەکە گوزارشت لەواقیعێکى تاڵ و ناشیرین ده‌کا، نوکتەیەکە رەنگدانەوەى تێڕوانینى کۆمەڵە بۆ ئاساییکردنەوەى ئەو کارە دڕنده‌ییه‌ی کە ده‌کرێ، ئەگینا لە تواناى هیچ مناڵێکى سادەو ساکاردا نییه‌ ئه‌ندێشه‌ی بۆ ئەو مەسەلەیە بچێ، ئەوە کۆمەڵە خۆشەى ده‌کا و لەڕووى باشبوونى بۆ سێکس نێر و مێ چەواشە ده‌کا، سەلمێنراوە لەڕووى زانستییه‌وە کە خەتەنەکردنى نێرینەش کارێکى باش نییه‌ و ده‌بێتە هۆکارى چەپاندنى سێکسى و دەیان کێشەى دەروونیی تر، چونکە تۆ وەرە شوێنێکت هەر لەسەرەتاوە ببڕن بەبێ ئەوەى هیچ وەڵامێکت لابێ، کێشەى خەتەنەکردنى ئافرەتیش سەربارى ئەو لێکچوونەى بەڵام زۆر لەوە زیاتر کێشەى لێ دروست ده‌بێ، چوون یەکسەر شوێنى چێژبینینى مێینە لەکاتى سێکسا ده‌بردرێ، من خۆم تائێستا دوو جار شووم کردووە و لە هیچ جارێکیاندا و لە هیچ کاتێکدا چێژى سێکسییم نەبینیەوە، شتێکە تەنیا بە بیرکردنەوە و خوێندنەوە مەگەر بزانم شتێکى وا هەیە واتە وەک ئەوەیە باسى چێژى جۆرە خواردنێکت بۆ بکەن کەچى نەتوانى خۆت چێژى بکەیت.


هەر ئەمەشە وام لێده‌کا بێزار بم لەو هەموو بابەتانەى بەناوى ئەو مەسەلەیەوە و بە تایبەتیش بۆ ورووژاندن لە رۆژنامە (ئەهلی)ەکاندا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بێ ئامانج هەموو ژمارەیەکى ئەو رۆژنامانە ئەو بابەتانەى تێدایە، ئیتر ئەمەیان کردووە بە بنێشتەخۆشکە و حەکایەت. بێهوودە لە بارەیەوە ده‌نووسرێ‌، تازە پەرلەمانە جوانەکەى کوردستانى نێرسالار بڕیارى فرەژنیی دا، کەواتە ژن وەک ئاژەڵ و کاڵایە، پیاداهەڵدانیشى تەنیا بۆ رابواردن و بەکارهێنانێتى، هەموو حیزبەکان و دوو حیزبە باڵادەستەکەش بەتایبەت توانیان باشترین پرۆژەى بەسۆزانیکردنى کچ و ژنى کورد بە ئەنجام بگەیەنن و چەندین رێکخراوى ژنانن و مەدەنى و تاد.. خرانە خزمەت ئەو پرۆژەیە، بەڵێ بەناوى ئازادکردنى ژنانەوە زۆرترین ئافرەتى کوردستان خرانە ژێر به‌رپرسه‌کان کە بەداخەوە ئەوانەى ئەم کارەیان لە سەرەتادا دەستپێکرد و ئێستاش بەردەوامن خودى بەرپرسى رێکخراوەکانى ژنان و ئافرەتانە، ئیتر بڵاوکردنەوەى چەنەحەنێى بەرپرسى ئەم رێکخراوى ژنان و ئافرەتانە چ واتایەکى هەیە، کام ناڕەزاییە باسى لێوەده‌کەن، کام گۆڤار و رۆژنامە و په‌رتووکه‌ ئەمانە دەرى ده‌کەن، هەر هەمووى کارى چەواشەکارانەیە و کچانى نەگبەتى کوردى بێهەڵده‌خەڵتێنن، لەوەتەى ئەم رێکخراوانەى ژنان لەپاش راپەڕینەوە دەستبه‌کاربوون، ژمارەی ئافرەتە سوتاوەکان، کوژراوەکان، سۆزانییه‌کان لەزۆربووندایە، لە کاتێکدا خۆیان سەرچاوەى گه‌نده‌ڵیی و بەسۆزانیکردنى ژنانن هەر خۆشیانن گوایە دژ بەپیاوسالارى قسەده‌کەن. رەنگە ئەو خانمانەى کە رێکخراوەکانى ژنان بەڕێوەده‌بەن ئەوە نەزانن کە ئازادیی ژنان بەڕەڵایى نییە، سێکسى ئازاد و مافى هەڵبژاردنى ئەو کەسەى کە سێسکى لەگەڵ ده‌کەى، ئەو کارە نییه‌ ئەوان بۆ دڵڕاگرتنی به‌رپرسه‌کان و بە ناوى دامەزراندن و پارە و شتى لەو بابەتە کچانى بێتاوان بەرەو ژوورى ترسناکى بەرپرسان ده‌بەن و بەربووکیان بۆ ده‌کەن، ئەوەى لەمڕۆشدا سەرنجمراده‌کێشى نووسین و گفتوگۆى زۆر لەو ژنان و ئافرەتانەیە کە پێشتر سەر به‌ رێکخراوەکانى ژنانى یەکێتى بوون و پاش گەیشتنە هەندەرانیان وەک داکۆکیکەرى ژنان خۆده‌خەنەڕوو، لەکاتێکدا هەر یەک لەوانەى کە ئێستا دەمیان گەرمە و هەیانە ده‌ڵێ ژن خاوەنى لەشى خۆى نییه‌ و هەیانە پێى وایە رۆژنامەنووس ده‌بێ سیخوڕ بێ ئه‌‌گینا ئەگەر سیخوڕ نەبێ قەڵەمەکەى بشکێنێ باشترە و زۆر قسەى هه‌لەقوبەلەقى لەمجۆرە و بەداخیشەوە رۆژنامە و گۆڤارەکان هەر بۆ پڕکردنەوەى لاپەڕەکانیان دیمانە و بابەتەکانى ئەم جۆرە توخمانەى ژنان بڵاوده‌کەنەوە کە خۆیان یەکەمین تاوانبارن، چونکە کەس مافى ئەوەى نییه‌ گاڵتە بە لایەنە سێکسییه‌کانى ئافرەتان بکا و گەوادیی پێوە بکا و ببێتە فرۆشیارى لەشى ئافرەتى ترى بێئاگا، ئەو ئافرەتانەى لەو رێکخراوانەدا کاریان کردووە و کار ده‌کەن، وەک بەرپەرسى حیزبەکانیان تاوانبارن و دهبێ بدرێنە دادگا.

 
داواکارم لەمەو دوا مەسەلەى خەتەکردنى ئافرەتان نەبێتە بابەتێکى تەنیا لەبەر زۆرى خوێنەرانى بڵاوبکرێتەوە، بەڵکو کاتى ئەوە نەک هاتووە بەڵکو بەسەریشچووە بڵێین پێویستە چى بکەین و چۆن دژ بە هەموو ناهه‌قیەکانى دژ بە ئافرەتان بوەستینەوە هەر لە فرەژنییه‌وە تا خەتەنەکردن و هەموو ناهه‌قیەکانى تر.