په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خـەون نییه‌، مـۆتەکەیە !


لەپەراوێزی (خەون یان مۆتەکە) کەی نەوشیروان مستەفا دا !


تاهیـر حەسـەن 


نەوشیروان مستەفا خاوەنی کۆمپانیای ( ووشە) و لیستی ( گۆڕان ) ، بۆ خۆنمایشکردنی لە سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، کە بڕیاروایە لە کۆتایی تەمووزی ئەمساڵدا بەڕێوەبچیت، دوو زنجیرە نووسراوی دۆکۆمێنتی لە ژێرناوی (خەون یان مۆتەکە)دا بڵاوکردەوەو پێشکەشی کرد بەوانەی کە ئەو بە ئەندازیاری شەڕی ناوخۆی( یەکێتی وپارتی) لە کوردستان دەزانن. بەڵام پێدەچێ لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی نێوان سەرکردایەتی یەکێتی و نەوشیرواندا، کە هەفتەی ڕابردوو ئەنجام درا، ( ئاگربەست )ی ڕاگەیاندن لە دژی یەکتری ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت ڕاگەیەنرابێ.


مەبەستی سەرەکی من لەم بابەتە کورتەدا، تەنیا وەڵام دانەوەیەکی خێرایە بەو دوو زنجیرە نووسینەی نەوشیروان مستەفاو پەردەلادان لەسەر ئامانجێکە کە ئەو لە بڵاوکردنەوەیاندا هەیەتی. تێکەڵاوکردنی ئەم بابەتەم لەگەڵ شەن وکەوکردنی بەرنامەی ڕەوتەکەی کە ناوی (گۆڕان)ی لەسەر داناوە بەگونجاو نەزانی، بۆیە ئەوەی دووهەمیان هەڵدەگرم بۆ بابەتێکی تری بەم زووانە.


پرسیارگەلێک کە هەر خوێنەرێکی بابەتی (خەون یان مۆتەکە)ی نەوشیروان مستەفا، دەکرێ لە خۆی بکات ئەوەیە: بۆچی نەوشیروان مستەفا لەم کاتەدا دۆکۆمێنت لەسەر شەڕی ناوخۆی کوردستان کە 17ساڵ بەر لەئێستا لە نێوان یەکێتی وپارتیدا هەڵگیرسا، بڵاودەکاتەوە؟!.ئامانجی نەوشیروان چیەو دەیەوێ لەم ڕێگایەوە بە چی بگات ؟!.


بەر لە هەر شتێک ئەو بەڵگە نامانەی کە نەوشیروان مستەفا بڵاوی کردنەوە، بەیانی هیچ شتێکی تازەو ئاشکراکردنی هیچ شتێکی نهێنی بۆ خەڵک نیە. بڵاوکردنەوەیان وە یا ڕاگرتنی، دوورو نزیک هیچ پەیوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکەوە نیە . بڵاوکردنەوەیان هەوڵێکی بێئاکامی خاوەنەکەیەتی بۆ ڕووسپی کردنی خۆی و ڕابردووی خۆی لەبەرچاوی خەڵک، ڕاگرتنیشی مامەڵەیەکی سیاسی کەسیفە لەبازاڕی هەڕاجکردنی ئیمتیازاتی ئەحزابی حاکمدا.


خەڵکی کوردستان بە گیان لەدەستدانی زیاتر لە 10000 جگەرگۆشەیان زامی شەڕی یەکێتی وپارتیان چەشتووە، بە ئاوارەبوونی دەیان هەزار خێزان لە ماڵوخانووبەرەی خۆیاندا ڕۆژگارە سەختە بێبڕانەوەکانی شەڕی ناوخۆیان پشت سەر ناوە، بە بێسەرو شوێنکردنی منداڵەکانیان تەجروبەیان کردووە، بە کەللە تەقاندن و لووت وگوێ بڕین و دیل ڕەمی کردنی دۆست وخۆشەویست ودراوسێکانیان چەشتوویانە، بە تاڵانکردنی ماڵەکانیان و ئیغتیسابی سەدان ژن، برینی قووڵ لە جەستەیاندا هەڵکەنراوە. هاتنی سووپای بەعس و جمهوری ئیسلامی ئێرانیان لە سەر ژیانیان بینی، ماڵەکانیان و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و کۆڵان و جادەکانیان لێکرایە مەیدانی شەڕ، شوێنی ژیان و کارو خەویان نا ئارام کرا. خەڵکی بینیان و بیستیان وچەشتیان کە چۆن ملیۆن ملیۆن دۆلار لە پارووی دەمی منداڵەکانیان درا بە فیشەک وبارووت و بارێنرا بەسەر شارو دێهاتەکانیاندا. ئەوەی لەسەر کاغەزەکانی نێو چەکمەجەکەی نەوشیرواندا نووسراوە، دڵۆپێکیش نیە لە دەریایەک تراژیدیای ئینسانی کە شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا هێنایان. ئەحزاب و کەسانێک کە یاریکەری ئەسڵی ئەو کارەساتە بوون ، ئەحزاب و کەسانێک کە ئەوە کاروکردەوەیان بووبێت بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان بەسەر ژیانی خەڵکدا، بەڕاستی دەبێ شوکرانە بژێری ئەوە بن نەخرێنە قەفەزی تاوانی دادگای جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە، چ جای ئەوەی جورئەتی ئەوەیان هەبێت بە خەڵکی بڵێن دەنگمان بدەنێ و بمانکەنە نوێنەری خۆتان و چارەنووسی ئێستاو ئایندەی خۆتان و منداڵەکانتان بخەنە دەستی ئێمەوە!.


نەوشیروان مستەفا دەیەوێ لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەوە، یان باشتر بڵێم لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ئیعتیرافی ئاشکراو ڕاگەیاندنی نەدامەتی خۆی لە بەشێکی چارەنووسساز لە مێژووی ڕابردووی خۆی و حزبەکەی ، گەردنی خۆی لە کارەساتێک کە بەناڕەوا سەپاندیان بەسەر خەڵکداو خۆی کەسی دوومی لایەنێکی سەرەکی شەڕەکە بووە، ئازاد بکات!. بەڵام ئەو دەزانێ کە پێش ئەو کەسانی تری نێو سەرکردایەتی هەردوو حزبی یەکێتی وپارتی بەشێوازی جۆراوجۆر ئەو هەوڵەیان داو بەهیچ نەگەیشتن و خەڵک گەردنی ئازاد نەکردن. تەواوی ئەو لێپرسراوانەی یەکێتی و پارتی کە لە شەڕی ناوخۆدا، یان فەرماندەی ڕاستەوخۆی بەرەیەکی شەڕ بوون، یان نووسەری میدیاکانی حزبەکانیان بوون و لێپرسراوی چاندن و ووروژاندنی تۆوی ڕق و کینەو گەردەلوولی تۆڵەو بردنەسەری دامارگیری چەکدارەکانیان بوون، هەتا ئێستاش هەوڵدەدەن مەسئولیەتی ئەو تاوانانە لە سەرشانی خۆیان لابدەن . ئەگەر کەسێک بۆ تەنیا ساتێک باوەڕ بە سکاڵاکانی لێپرسراوانی ئەو دوو حزبە بە نەوشیروان مستەفاشەوە بۆ وەرگرتنی بەرائەت لە شەڕی ناوخۆدا بکات، دەبێ بەو ئەنجامە سەیرە بگات، کە شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی ئاشی نەزان بووەو خوا گێڕاویەتی!. بەڵام وانیە، شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی چ ئەوکات کە لەشاخ بوون و چ دوای ڕاپەڕین کە هاتنە نێو شارەکانی کوردستان، زەمینەی ماددی هەبووە، ڕابەرو تیۆریسیۆن و نەخشەداڕێژەری هەبووە، فەرماندەی سەربازی هەبووە، لێپرسراوی مالی وجبەخانە سازکردنی هەبووە، ئامانجی سیاسی و سەربازی هەبووە. بێژەری ڕادیۆو تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەی هەبووە، دەیان قەڵەم بەدەستی میدیاکانیان نانی ڕۆژانەیان لەسەر خواردووە. دەکرێ کەسێک لەو بڕوایەدا بێت ئەم هەموو فۆنکسیۆنە حزبیانە جێگری سەرۆکی حزب و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئاگای لێ نەبێت و هیچ ئیرادەیەکی بەسەریدا نەبێت؟!.


شەڕی یەکێتی و پارتی لە هەردوو قۆناغەکەدا شەڕبووە لەسەر دەسەڵات و ناوچەی نفووز و پێبڕانی ڕابەری تاقانەی بزووتنەوەی کوردایەتی لەکوردستاندا. شەڕبووە لەسەر ئەوەی کە کام یەک لەو دوو حزبە هێندە قوورسایی سیاسی و سەربازی هەیە لە کوردستاندا، تا لەڕێگایەوە بتوانێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا دایبنێت و شەریکە بەشی دەسەڵاتدارەتی لەکوردستان لە ڕژێم پێ بپچڕێ. تەواوی گفتوگۆکانی 1974 و 1983و1991 ی هەردوو حزب لەگەڵ ڕژێمدا، سەرچاوەکەی بۆ ئێرە دەگەڕێتەوە. سەرکردایەتی هەردوو حزب و لەپێشیانەوە نەوشیروان مستەفا هیچ کاتێک گومانێکیان لەو ڕاستیە نەبووە، کە بە تەقوتۆقی پێشمەرگایەتی لە کوردستانەوە ڕژێمی بەعس ناڕوخێ، لەباشترین حاڵەتداو لەئەوپەڕی ڕەونەقی هێزدا تەنیا دەتوانێ فشارێک بخاتە سەر ڕژێم و وادار بە گفتوگۆی بکات و ئیمتیازێکیان لە دەسەڵاتدا پێ بدات. شەڕی ناوخۆ تا زەمانێک ڕژێمی بەعس مابوو، لەسەر ئەوەبوو کام یەک لەو دوو هێزە ئەم شانسەی پێ دەبڕێ. ئەمە فەلسەفەی ووجوود و سیاسەتی ئەحزابی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە لە 100ساڵی ڕابردوودا.


نەوشیروان مستەفا لە هۆنینەوەی ئیعتیرافەکەیدا زۆر مایەی لەسەر ئەوە داناوەو بەوەوە شانازی دەکات ، کە هیچ نامەیەکی هەڕەشەئامێزو هاندان بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لە نێو بەڵگەنامەکاندا بەناوی ئەوەوەو بە خەتی ئەو نیە !. بەڵام ئەوە بێ ئەندازە مناڵانەو سادە گەراییە، ئەگەر کەسێک بیەوێ بەم مەسەلەیە میدالی بێ تاوانی و بەرائەت بدات لەیەخەی خۆی، چونکە بە بەراورد لەگەڵ جەنگە ماڵوێرانکەرە جیهانی و ناوچەیی وناوخۆییەکاندا لە دنیادا، کە ملیۆنەها کوشتارو ماڵوێرانی لەپشت خۆیەوە بەجێهێشتووە، کەمترین بەڵگەنامەی نووسراو بەخەتی سەرۆکی دەوڵەت و حزبەکان لەبەر دەستدا هەیە. ئەوەتا دادگای عێراق گیری خواردووە بە دەست (عەلی حەسەن مەجید)ەوە، هەرچی دەکەن بەڵگەنامەیەکی نووسراو یان بیستراویان بە خەتی خۆی یان بە دەنگی خۆی دەست ناکەوێت. ئایا بەڕاستی ئەوە بەڵگەی بێتاوانی یەکێک لە دڕندەترین سەرانی ڕژێمی بەعسە؟!.
مەسەلەکە هاوکێشەیەکی سەخت نیەو تەحلیلی زۆری ناوێت. شەڕێکی چەند ساڵە لە نێوان دوو حزبی خاوەن میلیشیای کوردستاندا بەڕێوەبراوەو وێڕای ئاکامە مەترسیدارە ماڵوێرانکەرەکانی تری، زیاتر لە 10000 لاوی کوردستان تیایدا کرانە سووتەمەنی. نەوشیروان مستەفا جێگری سەرۆکی بەرەیەکی شەڕ بووە. کێ دەتوانێ بڕوا بکات کە ئەم کەسی دووەمەی سەرکردایەتی، هیچ کاریگەریەکی لەو بەشە هەستیارەی ژیانی حزبەکەیدا نەبووە؟!. ئەگەر نەیبووە بۆچی لەوێ بووەو چ کارە بووە؟!.


99% ی درۆکانی جیهان بەمەبەستی قازانج و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری دەکرێ، کە لەلایەن دەزگاو دامەزراوەی شارەزاوپیشەیییەوە دەچنرێن، لەکاتێکدا خۆیان ڕاستیەکانی پشتی ئەو درۆیانە زۆر بە ڕۆشنی دەناسن.


سەرنج بدەن. نەوشیروان مستەفا لەوەڵامی ( مەلابەختیار و ئەرسەلان بایز) دا، کە گوایە لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ووتبوویان کە ئەوان پارەیان داوە بە نەوشیروان مستەفا. ئاوها وەڵامیان دەداتەوە:( من یەکێک بووم لە دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و هەمووداوودەزگا دارایی و ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندنەکانی، بەشدارێکی سەرەکی بووم لە ڕابردووی یەکێتی و لەدروستکردنی ئێستای یەکێتیدا، بە هەموو لایەنە سەلبی و ئیجابیەکانیەوە، من هەروەکو شەریکم لە هەڵگرتنی ئۆباڵی مێژوویی هەموو سەرکەوتن و دەسکەوت و شکستەکانی یەکێتیدا ، هەروەها شەریکم لە هەمووسەروەت و سامان ودارایی یەکێتیدا. کەس بۆی نیە منەت بەسەر مندا بکات. هاوکاری ئەوەڵ وئاخری مام جەلال بۆ ئێمە 10 ملیۆن دۆلار و بینایەکی حکومەت و گردێکی موڵکی کۆمپانیای نۆکان بووە). (سایتی سبەی ڕوونکردنەوەیەک لە نەوشیروان مستەفاوە).


نەوشیروان مستەفا ئەوەندە شەهامەتی سیاسی نیە کە تا ئاخرین ساتەکانی ئەندامەتی لە مەکتەبی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتیدا ئۆباڵی مێژوویی ڕابردووی حزبەکەی لە ئەستۆ بگرێ.چونکە ئێستا بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک وسپیکردنی ڕابردووی خۆی، دەیەوێ لە قازانجەکەیدا شەریک بێت وخۆی لە زەرەرەکەی بدزێتەوە، ئەمە نە عادیلانەیەو نە سیاسیەو نە پرەنسیپێکی ڕاستگۆیانەیە. مێژوویەک شکستخواردووەکان بینووسن، فریوکارانەترو ژەهراوی ترە..


نەوشیروان مستەفا لەو هەوڵە بێئاکامەکەیدا بۆ ئازادکردنی گەردنی لە کارەساتی جەنگی ناوخۆ، تەنیا لە ساڵی 1991 ەوە قسە دەکات، لەکاتێکدا وەک هەموو دەزانین شەڕی ناوخۆی یەکێتی وپارتی مێژوویەکی کۆنتری هەیە. نازانم نەوشیروان مستەفا کارەساتی( سەبراوشاتێلا) کە لە(پشتئاشان و قەڕناقا)دا بەسەر حزبی شیوعی عێراقی دا هێنایان، مەسئولیەتەکەی دەخاتە ئەستۆی کێ و کێ بە پاڵەوانی ئەو داستانە دەزانێ؟!.


ئەی هێرشی 14/7/2000 یەکێتی بۆ سەر بارەگاکانی ئێمەو ڕێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان وسەنتەری پارێزگاری ژنان و بڕینی ئاووکارەبا و تەلەفۆنی بارەگاکانی ڕادیۆو کۆمیتەی ڕابەری و دواتریش کوشتنی 5 ئینسانی تێکۆشەری ئێمە بە ڕۆژی ڕووناک ولەنێو چەقی شاری سلێمانیدا، کە تەنانەت وەکو عورفوعادەتی ڕژێمی هارودڕندەی بەعسیشیان نەکردو تەرمەکانیان نەدایەوە بە کەسوکاریان، مەسئولیەتەکەی لە ئەستۆی کێیە؟!.خۆ ئەوکات نەوشیروان مستەفا جێگری تاڵەبانی بوو و تەواوی دەزگاکانی زانیاری وئاسایش وپێشمەرگە ڕاستەوخۆ ڕێنوێنیان لەوەوە وەردەگرت. لەکاتێکدا نووسراوێکیش بەدەست و خەتی نەوشیروان مستەفا کە فەرمانبدات بە هێزەکانی هێرش بکەنە سەر ئێمە لەبەردەستدا نیە!.


من هیچ گۆمانێکم لەوە نیە، ئەگەر ئەمڕۆو لەم سەروبەندەی سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەماندا نەوشیروان مستەفاو کۆمپانیاکەی گوێگرێکیان هەبێت، بە هیچ شێوەیەک گەواهی لەسەر حەقانیەتی قسەو سیاسەتی ڕادیکاڵ و ڕابردووی ئەو نادەن، بەڵکو گەواهی لەسەر ناڕەزایەتی قووڵو جەماوەری ئێستای خەڵکی کوردستان لەدژی دەسەڵاتی گەندەڵ و فەسادی ئێستای کوردستان دەدەن. ئەمەش ناتوانێت ئایندەیەک بۆ ئەو بەدی بێنێ.

 


20ی ئایاری 2009