١٢\٦\٢٠١٦
خەونەکانی
دیکتاتۆرە بچووکەکەی تورکیا!

عەبدوڵا ساڵح
پرۆسەی بە دیکتاتۆرکردنی دەسەڵات لە تورکیا ھەر لەسەرەتای گەیشتنی
حیزبی دادو گەشە پێدان بە دەسڵات دەستی پێکرد، دیزاینەرو بەجێھێنەری
ئەونەخشەیە ئەردۆگان بوو، بەڵام نیشانەکانی ئەم پرۆسەیە ، یا ووردتر
بڵێن ئەم خەونە ، تا ئەو کاتەی ئەردۆگان نەبووە سەرۆک کۆمار وا بەزەقی
دەرنەکەوتن ، لەسەر ئاستی ناوخۆیی ، سەرەتا یەکلاکردنەوەی دەسەلآت و
یەکدەستبونی لەناو حیزبەکەیدا دەست پێکرد بە لێدانی عەبدوڵا گۆل و
دورخستنەوەی تا گەیشتە تەتەڵەکردن و بژارکردنی گەورە ئەفسەرانی سوپا کە
جێگەی مەترسی گەورەبوون ئەویش لەسەر بنەمای مێژوویەک کە سوپا ھەیەتی لە
چارەنوسی رەوشی سیاسی تورکیادا.
ڕاگەیاندنی ئاگربەس لەگەڵ پەکەکە ودەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی ، کە
لەڕاستیدا ھیچ پرۆسەیەک نەبوو، بە پەردەی دواتری ئەم شانۆیە دەکرێ
ھەژمار بکرێ.
ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لەم پرۆسەیە جگە لە تێپەڕاندنی کات بۆ جێگیر کردن
و دەست قایم کردن لە جومگەکانی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆگانەوە ھیچی تر
نەبوو.
شەڕی سوریا و تێوەگلانی تورکیا تیایدا ، زەلکاوێک بوو ھەتا ئەمڕۆش
ئەردۆگان بەدەستیەوە دەناڵێنێ ، تورکیای کرد بە پرد بۆ بەھێزکردن و
چنگداگرتنی تیرۆرستانی داعش، لەگەڵ میسر دوای حوکمی ئیخوانەکان، تێک
چوو ، بەرەو سعودیەو وڵاتانی خەلیج ملی نا کەئەوانیش بەدەست ئێران و
یەمەنەوە گرفتارن ، خۆی توشی تەنگژەکرد لەگەڵ روسیا ، کارتی پەنابەرانی
دژی ئەوروپا بەکار ھێنا ، لەگەڵ ئێران نێوانی سارد و خۆی ھاویشتە کێشەی
ناگۆرنی قەرەباخ ، قاچێکی خستە نێو زەلکاوی عێراقەوە ، لەگەڵ ئەڵمان
کەوتە گڤەکڤ لەسەر بەجینۆساید ناساندنی قەتڵ و عامی ئەرمەن ، داود
ئوغڵوی وەلانا ، ڕەوشی ئەمنی وڵاتەکەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو خراپی برد
دوای ئەوەی دەستی نایە خوێنی سەدان ھاوڵاتی سڤیل لە کوردستانی تورکیا،
زۆر لەھەوڵی ئەوەدابوو ناوچەیەکی " ئارام " لەناو سوریادا پێکبھێنی بو
پەلاماری کانتۆنەکانی جەزیرە و کۆبانی و عفرین و دژایەتی یەپەگە ئەویشی
نەک ھەر لێپوچەڵ بۆوە ، بگرە پێشڕەویەکانی ئەم دوایەی ھێزەکانی سوریای
دیموکرات بەرەو شاری ستراتیجی مەنبەج گورزێکی تری گورچکبڕ بوو بۆ
ئەردۆگان و داعشی ھاوپەیمانی بەتایبەتی کە ئەمریکا لەو ئۆپەراسێۆنەدا
تورکیای پشتگوێ خست. پەردەیەکی تری ئام شانۆیە کە بەدڵنیایەوە دوا
پەردە نابێ ، تەزویری بڕوانامەی دانیشگایە لەلایەن خودی ئەردۆگانەوە.
دەنگۆی ئەوەھەیە کە ئەردۆگان بەشێکی زۆر لەم گێچەڵانەی بەسەر خۆی و
بەسەر تورکیای دا ھێناوە بخاتە ئەستۆی داود ئۆغلو و بیکاتە کۆچی
قوربانی ، سەرەتا پەیوەندیەکانی دەرەوەی پینەو پەڕۆ بکا بە ھیوای
ئەوەی دوای داعش پێگەی خۆی لە ناوچەکە وەک خۆی مەبەستیەتی بھێڵێتەوە ،
بەتایبەت کە ، ئەسەد ، دوژمنە سەرسەختەکەی ، دوێنێ لەکردنەوەی
پەرلەمانی تازەی سوریا ، وە بەپشت بەستن بە ڕوسیاوە ، نەک تەنیا
سوکایەتیەکی زۆری بە ئەردۆگان کرد بەڵکو پەیامێکی توندی بۆ نارد کە
دەڵێ : حەڵەب دەکەینە گۆڕستانی خەونەکانی ئەردۆگان.
ئەردۆگان ئێستا لەگەڵ چارەنوسی ڕەشی خۆی دەست و پەنجە نەرم دەکا.
پێشھاتەکان ھەموو باس لەوە دەکەن خەونەکانی ئەم دیکتاتۆرە بچوکە ھەر
لەمەودای خەوندا دەمێننەوە ، ھەر بۆیە ھەموو ئەو ھێزانەی، چ لە سوریا و
چ عێراق و چ لەکوردستان ئەجیندای خۆیان خستۆتە پاڵ ئەجیندای
ئەردۆگانەوە و خەونی وەک ئەو دەبینن دەبی زوو فریا کەون دەنا ھی ئەوان
نەک خەون بەڵکو لە زڕەخەون زیاتر تێپەڕ ناکا.
٨\٦\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com
|