په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٤

خەونێکی شیرین و وڕێنەیەک!

 

شادی عەلی

چاوم بە خزمێکمان کەوت کە ٤ ژن و ٣٠ مناڵی هەیە و بۆی گێڕامەوە:


''دوێ شەو لە خەوما پێغەمبەر، بە ڕیشێکی نورانی و سمێڵێکی تەختەوە کە لەگەڵ پژمەدا وەک پانتۆڵێک کە چۆتە ئاوەوە فش دەبێتەوە، دەستی گرتم و فەرمووی: "وەرە هاوەڵم بە، ئێستا ئەتبەم بۆ شوێنێک ئاو بە دەمتا بێتە خوارەوە." منیش سەرێکم لەقاند و دوای کەوتم... بە شوێنێکی زۆر چڕدا تێپەڕی لەولاوە ئاگر بارانێک بوو، هاتوهاواری خەڵک، وگوتم:" ئەوانە کێن؟" فەرمووی:" ئەوانە خوا غەزەبی لێگرتوون، لە دنیادا داوای نەمانی چینەکان و یەکسانی ژن و پیاویان کردووە، باوەڕیان بەوە نەبووە کە ئەبێ دەوڵەمەند و هەژار هەر هەبن، هوشیارانە بیریان کردۆتەوە و لە بوونی خوا و پێغەمبەرەکانیان کۆڵیوەتەوە و ویستوویانە هەموو خەڵک وەک خۆیان بە ژیری و هوشیارانە ئاینەکان ڕەت بکەنەوە.. ئەوانە کافری موتڵەق بوون و خواردنی دەستیان حەرام بووە و باوەڕیان بە گالیلۆ و نیوتن و مارکس و ئەنگڵس و ئەنشتاین و لینین و ستیفن هۆکینگ و ڕیچارد دۆکینز و سەدان هەزاری نموونەی وەک ئەوان هەبووە. ئەوانە لەگەڵ مۆسیقادا سەمایان کردووە، شیعریان بەسەر خۆشەویستییدا هەڵداوە، بۆ ئازادیی تێکۆشاون... هەموو ئەوانە لەگەڵ جوانییدا ژیاون جوانیی، ئەمەش نابێ نا! ئێستا وایان لێ ئەکەین، ئەبێ لە داری قوزەڵقورت بخۆن، ببن بە قەقنەس.''.


منیش تۆقیم و گوتم: "باشە خۆ ئەوە چارەنووسی من و نموونەی وەک من نییە؟" فەرمووی:" نا، خەمت نەبێ، ئەی من بۆچی لێرەم؟ تاکو تۆ و ئەوانەی وەک تۆن ئەو شوێنە خۆشەی ئەولاتریان بە نسیب ئەبێ..." بردمی و خستمیە ناو باخ و باخاتێکەوە، لە جیاتی هەوا خۆشترین عەتر خۆی کرد بە لووتما، تینووم بوو هەرچەند پەرداخە شەرابی تەهورم هەڵئەدا، هەموو لێوم و دەموچاوم ببوو بە هەنگوین لە خۆشیدا، ئاخر شەراب (کە لە دنیادا حەرامە) لێرە بە رووبار بە بەردەمتا ئەڕوات.... ئاوڕم دایەوە بینیم ئەو هەموو شۆخ و شەنگە بە رووتیی و ناز و فیزێکی جوانی فریشتانەوە بەرەو رووم هاتن.. نەمزانی خۆم لە باوەشی کامیاندا ئەگرمەوە و هەر ماچ بوو بە ماچی دەگوت بڕۆ بەو لاوە... من وەک عەلی باپیر هەر ترێم نە ئەخوارد، گێلاس و کیوی و مانگۆ و خورما و هەنجیر و ئەڤۆکادۆ و لالەنگی و چوالە و رێواس... هەرچی دڵ حەزی لێ بێ لێی بوو، ئەی باوکەڕۆ لەو کاڵەکە خۆشە، کورە تۆ بۆ قۆخ و سێوەکەی ناڵێی... منیش لە خۆشیدا هەناسەم سوار ببوو، وام ئەزانی خەوە... گوتم: "سەیدولموستەفا، ئەوە چۆنە بۆ منیش دانراون؟" فەرمووی: "لەبەرئەوەی بێ قسەی خوات نەکردووە و لە پەیڕەوەکانی من لات نەداوە، ٤ ژنت هێناوە کە زۆر لە هی من کەمترە هێشتا، بە ئارەزووی خۆت لەگەڵ هەر یەکێکیان ویستبێتت خەوتووی، وەک ماشێن منداڵت پێ دروست کردوون، کاری ناوماڵ هەمووی هی ئەوان بووە، خزمەتیان کردووی و هەر بێ قسەییەکیشیان کردبێ، ئەو هێزەی کە خوا پێی داوی بەکارتهێناوە و دارکارییت کردوون و هەر بەردەوام بووبن ژمارەی دانەکانیانت کەمکردۆتەوە و لاچاوت شین کردوونەتەوە و هەر کەسێکیان پێیەکی خوار دانابێ ناچارت کردووە دوایی دارشەق هەڵبگرێ... لەوەش زیاتر کوڕەکانت کردووە بە کەڵەگا بەسەر دایک و باوەژنەکانیان و کچەکانەوە، ئاخر ئەوان شوانن و بۆ کچەکان پێویستن. ئەی ئەو ساڵە خۆت و سێ کوڕە شیرینەکەت یەکێک لە کچەکانت نەکوشت لەسەر ئەوەی مەلعونە ئەیویست تامی سێوەکەی حەوا بکات و شیلەی خۆشەویستیی هەڵمژێ؟... ئافەرین، بابە وەڵا پیاو هەر وەک تۆ ئەبێ. گەر سیاسەتمەدار بوویتایە، ئەوا هەمان سوڵتەت بەکاردەهێنا و وەک من هەرچی (کافر و مولحید و مورتەد)ە لە ملت ئەدان و ژنەکانیانت ئەکرد بە دیاری بۆ خۆت و هاوەڵەکانت، ماڵ و موڵکەکانیانت داگیر ئەکرد و بۆ خۆت و دەسەڵاتەکەت بەکارت ئەهێنا... تۆ بێ قسەی خوا و منت نەکردووە... بۆیە ئەو ٧٠ کچە چاو مەستە جوانانە هی تۆن و بڕۆ بێخەم تێیان کەوە... ماڵ ماڵی خۆتە و سەرداری...".


منیش کەوتمە ناو حۆریە نەرم و شلەکان و ئەملام ماچ و ئەولام ماچ...


تومەس خزمەکەم دیسان بە دەم ئەم قسانەوە و لە خۆشیی خەیاڵەکەی خەوی لێکەوتووە و لەبەر خۆیەوە مڵچە مڵچی ماچی لێ هەستاوە... منیش راموەشاند و گوتم هەستە کورە ئێرە دنیاکەی لای محەمەد نییە هێشتا، ئەو هەموو لیکە چییە؟ ئەی ئەوە نییە بە یاسا ٤ ژنت هێناوە؟ بە میسیاریش بۆت هەیە بیکەی بە زیاتر؟ تۆ لێرە دەرووی خێرت لێ کراوەتەوە ئیتر کیسەی چی بۆ ئەو دنیا هەڵئەدووری؟ بەڵام بڕۆ بۆ لای مەلا عەلی و پێی بڵێ خەوەکەی تۆ زۆر لەوەی ئەو خۆشتر بووە و جیهاد و میهادی تیا نەبووە و پێی بڵێ تۆ کە جارێکی تر خەوتیتەوە کاکە حەمە ئەبینیتەوە و دوو قسەی خێریش بۆ مەلا ئەکەیت و دڵنیای بکەرەوە کە خەمی نەبێ جێگاتان بۆ دانراوە و بە قەڕابەش شەراب لە بەردەم کۆشکەکانتاندا هەڵدراونەتەوە...

 


shadiaka@hotmail.com
 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک