٥\٨\٢٠١٦
خەونێک لە نیوەڕۆدا.

نەژاد عەزیز
سورمێ
ئەو بەرھەڵە ھەبێ
و نەبێ چییە؟
ئاوازی جادووگەرانی تاریکی
بەئێمە لێ نەدرا...
بەفر،
لە دەرەوەی بازنەی وەرزەکاندا
چرۆی دەرکردبوو..
ڕووبار،
پیریەتی یۆتۆبیای لە کۆڵ نابوو،
بە نەزمی کولانەوەی برینەکانمان
دۆڵاو دۆڵ دەھات...
بەھارێکی پۆشتە بوو...
درەخت گەڵایان ھەڵوەراند.
ئەستێرە لە ھەوران نقوم بوون.
بەڵام ئاخ.. کلیلی عومریان شکاندین..
چەخماخەی نەوایان بە زریان سپارد...
بەم جۆرە،
(مەرگ)یش جیاوازی تێکەوت!!
بڕوانە! لێومان بە لێوی بورکانەوە ناوە
قاسیدی ھەتاویش لە قامیشەڵانی سۆزدا،
ئاوازی جادووگەرانی تاریکی دەچڕێ...
بەختەوەر بوون ئەوانەی ڕۆیشتن..
بەختەوەر بوون ئەوانەی نوێژیان بۆ ئایندەی بەفر دەکرد...
بەختەوەر بوون...
ئەوانەی (با) یان لە چاو کرد و
دڵیان لە باران پڕ کرد بوو
بەسەر پردی (نۆ ھەشت شەش)دا پەڕینەوە
بەختەوەر بوون...
پرۆفاید کۆمفۆرت ، بادەی نەشئەبەخش..
شازادەی کسپەدار
لەبەر ڕەشماڵی لەعنەتیی شیعردا،
کینەوەر،
لە شەقامی گریان
لە جوغرافیای داخراو..
لە دڵی سەر تیشە
سەمفۆنیای ئاگری
کەنار و کەنار
بنار وبنار
ئاسمان و ئاسمان
ھەڵدەفڕاند...
بەدنمەکی
تەنی لەرزۆکی
بۆ برووسکە ناکاتەوە...
ئیتر بەسەرچوون،
ساتەکانی نمایشی پاکیزەیی بەسەرچوون...
ئەستێرە پۆل پۆل ڕایان کرد
تێیاندا بوو
لە لەزەتی جەستەی شەڵاڵدا دەتوانەوە،
تاک تاکیش
بەسەر ڕەخشی ئومێدەوە مابوونەوە
دەڕژانە گیرفانە زلەکانی ئایدیۆلۆژیا...
ئەو بەرھەڵە ھەبێ ونەبێ چییە؟
ئەبەدییەت...
کوێرایی مێژوو...
تەکنیکی داتەپین...
گۆزەیەکی خەت خەتی سۆمەر و
شەقامی بە ژاوەژاوی
مەیخانەکانی (ئور) دەرچوو...
لێم دیارە... با بڕوات
گەردوونێکی سۆزانی،
لە سوێند و شادی و
خەم و درۆدا ھەڵکێشراو...
با بڕوات
مۆمێکی ھەڵایساو
بەسەر پەنجەکانییەوە دزە دەکا،
تەلیسمی کازیوەیە...
شەفەقی ڕسکان...
دەنگەکان پچڕپچڕ
باران پچڕپچڕ
زیندانەکانی ناخ دەکوتێ...
ئەی خودای تاک و تەنیا
تەنیا
تەنیا
ئێمە سوختەی ئەو ھەڵەتەین
لە خاکی لەعنەتیی شیعر،
نە سیپارەیەکمان پێیە
نە تیشوویەک...
ڕۆژگار،
بە تراکسوتێکی بریقەدارەوە
لە باخچە ئەفسانەییەکانی شەودا
دەخولێتەوە...
لەگەڵ ئەوەشدا
خەنجەرێک نەپشکوی،
چرۆیەک دانەوەشێنرا...
ئەی ڕووباری سەرشێت،
ڕووباری پیرییەتی یۆتۆبیا
ئەی ترسی نزیک
کوێرایی با
لە دوورگەی شەختەڕا
دەتکەم بە کۆلارەیەک،
دوور دوور
بەرز بەرز ھەڵتئەدەم
تا لە چاوی ھەمووانت ون دەکەم..
نيسانى
٢٠٠١
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|