٦\٨\٢٠١٤
خەونە مێژووییەکەی
کورد بەدی هات!

ئاریتما موحهمهدی
هێرشهكانی ئەم دواییهی داعش بۆ سهر
كوردستان و به گشتی ئێراق بووه هۆی ئهوهكه ناوچه كوردستانییهكانی
دهرهوهی ههرێمی كوردستان بگهڕێنهوه سهر كوردستان و بۆ یهكهمینجار
كورد له باشووری كوردستان كێشهی خاكی نهمێنێت، هاوكات ههر ئهو
هێرشانه بووه هۆی ئهوهكه نهتهوهی كورد و هێزه سیاسییهكانی
كوردستان بۆ یهكهمینجار له مێژوودا یهك دهست و یهك ههڵوێست دژی
داعش و نهیارانی كورد ڕابووهستن و پاشهكشه بە نەیارانی کورد بکەن و
كێشه سیاسییهكانیان وهلا بنێن و ههموو پێكهوه ههڵوێستی نهتهوهیی
لهخۆ بنوێنن، ئهمه ئهو خهونهیه كه نهتهوهی كورد و تاكی
كوردستان سهدان ساڵه خهونی پێوه دهبینێت و تاكوو ههنووكه بەدی
نههاتووه، بهڵام ئهمڕۆ ئەو نهیاره مێژووییهی كورد كه كولتوورهكهی
دژی ناسنامهی نهتهوهیی كورده و له مێژوودا ههوڵی پاكتاوكردنی
كولتووری كورد و فرە ڕەنگی و فرە چەشنی و فرە ئایینی کۆمەڵگای
کوردستانی داوه، دووباره هێرشهكانی دهست پێ كردووهتهوه، ئهو
هێرشهش بووهته هۆی ئهوهكه تێكڕای ڕۆڵهكانی گهلی كورد له ههموو
بهشهكانی كوردستان و هەروەها پارتەکانی سیاسیی کوردستان هەر کامە لە
ئاست ئەو هێزەی کە هەیانە ئامادەی خۆی بۆ بەرپرچ دانەوەی گرووپە
تیرۆرستییەکان و بە تاییبەت داعشی دژە مرۆڤ ڕابگەیەنێت و خۆیان
ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ بکەن.
ئەمە یەکەمینجارە کە پارتەکانی کوردستان بیروبۆچوونی سیاسیی خۆیان وەلا
دەنێن و دەست دەدەنە دەستی یەک و دژی کولتووری داگیرکەری دەوەستنەوە،
یەکێتیی و یەکڕیزی ئەمەیە و سەرکەوتن لەمەوە دەست پێ دەکات و ئاسۆی
گەشی وڵات لێرەوە ڕەنگی ژیان و بەختەوەری بەخۆیەوە دەگرێت، ئەمڕۆ
ڕووناکی خۆر پەڵەی هەوری ڕەشی لادا و وزەی ڕووناکیی و جوانی و
سەربەستیی گەیاندە چیا و پێ دەشتەکانی کوردستان، کورد نەمرە وەک چیا،
وەک خۆر و ڕووناکی، ئەگەر وەک چیا سەرماوسۆڵە بەخۆیەوە ببینێت و ئەگەر
وەک ڕۆژیش تاریکی سەرتاپای داگیر بکات، تێپەڕی دەکات و وەرزی جوانی
بەهار و ڕووناکی خۆر دێتەوە و پەیامی ئاشتی و ئازادی دێنێت. کورد لە
مێژوودا هەوێنی پێشکەوتن و تێپەڕ کردنی هەورازونشیوەکانی گەلانی
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زاگرۆس و میزووپۆتامیا بووە و ئیستاش هەر ئەم
نەتەوەیە پەیامی ئاشتی و ئازادی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و
پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە دێنێت.
ئەو ڕۆڵە بەنرخانەی گەل کە لە پێناو وڵات و نیشتماندا گیانی خۆیان فیدا
دەکەن، سەروەری لە مێژوودا بۆ خۆیان تۆمار دەکەن و وەک گەورە پیاوانی
وهك پێشهوا قازی، وهك سمكۆی مهزن، وهك شێخ سهعیدی پیران و وهك
دهیان شههید و سهركردهی تری ئەم نیشتمانە سەروەری دەخوڵقێنن و
سەرکەوتن بۆ گەل مسۆگەر دەکەن، نێوی ئەو تێکۆشەرانە لە مێژوودا ون
نابێت و ئهو ڕۆڵه چاونهترسانهی گهل كه له پێناو كوردستاندا شههید
دهبن، له نێو دڵی گهلدا دهنێژرێن و ههردهم یادیان زیندووه و لە
ئاستی باڵادا به سهروهری مهزن دهگهن. ژیانی مرۆڤ ڕۆژێک هەر
کۆتایی دێت و چەند خۆشە کە لە پێناو نەتەوە و نیشتماندا مرۆڤ ژیان و
گیانی بەخت بکات.
ئەم یەکێتیی و یەکڕیزییە کە هەنووکە لە نێوان لایەنەکانی هەموو
بەشەکانی کوردستان بەدی هاتووە، پەیامی سەرکەوتن دەگەیەنێت و ئەو
پەلامارەی هێزی پێشمەرگە و گەریلا داعش تێک دەشکێنێت. هەروەک چۆن
کۆمەڵێک هێز و وڵاتی ناوچەیی لە درووست بوونی داعشدا کەڵکیان وەرگرت و
دەستکەوتیان هەبوو، بوونی داعشیش لەگەڵ ئەوەدا کە کۆمەڵێک لە
هاونیشتمانانی کورد لە شەنگال و کەرکووک و سنجار و زووبار و هاوکات
کۆمەڵێک ڕۆڵەی بەنرخ و تێکۆشەری کورد شەهید بوون و بە کاروانی شەهیدانی
کوردستان پەیوەست دران، بەڵام خاکی کوردستان لە باشووری وڵات
گەڕێندرایەوە سەر کوردستان و لەوەش گرینگتر ئەو یەکێتیی و یەکڕیزییەیە
کە هەنووکە لە نێوان هێزەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان پێک هاتووە،
ئەمەیان لەهەر هەموویان دژوارتر و ئەستەمتر بوو، بەڵام لە ئاکامدا بەدی
هات. پاراستنی ئەم یەکێتیی و یەکڕیزییە ئەرکی هەموو لایەنەکانە و دەبێت
ئیتر هەست بەبەرپرسیارێتی کردن باییخی پێ بدرێت، بێگومان یەکێتیی و
یەکڕیزیی، کورد بە ئاسۆی گەش دەگەیەنێت و سەرکەوتنی یەکجارەکیی مسۆگەر
دەکات.
داعش ئەو بیرە کۆنەیە کە دەیان سەدەیە بووەتە هۆی پاشکەوتوویی سیاسیی و
کۆمەڵایەتیی کورد و تەنانەت ڕێی لە گەشەسەندنی کولتووریی و زانستیی
گرتووە و پەرەی بە ئاژاوە و دووبەرەکیی لە نێوان گەلانی ناوچەکە داوە،
ئیسلام لە گەڵ ئەودا کە ئایینێکی پیرۆزە و هەر گەل و کۆمەڵگایەک مافی
سرووشتیی و بنەڕەتی خۆیەتی کە پێڕەوی لە ئایینێکی تاییبەت بکات و ئەوەش
مافی سرووستی مرۆڤە کە سەربەست بێت لە هەڵبژاردنی ئایین و بیروڕاکانی،
بەڵام ئەمڕۆ ئیسلامیی سیاسیی و فانتامینتالیزمی ئیسلامیی و تنئاژۆی
ئیسلامیی بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاشتیی لە جیهان و بەتاییبەتی
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە دا. ئەرکی هەر مرۆڤێکی خاوەن هەست و
هەڵوێستە کە لە دژی ئەم ڕەوتە تیرۆرستییە هەستێتەوە و ڕێ لە ناشیرین
کردنی ئایین بگرێت. ئەم ڕەوتە تنئاژۆیە کە خۆی لە داعشدا دەبینێتەوە
دژی هەر چەشنە سەربەستییەکی مرۆڤە و بۆ کۆیلە کردنی ژن و پیاو هەوڵ
دەدات.
دیارە ئەم ڕەوتە تیرۆرستییە کە خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئایینی
ئیسلام پێناسە دەکات، لە ئایین بۆ کۆیلە کردنی مرۆڤ کەڵک وەردەگرێت و
لە ڕاستیدا ڕەگەزپەرەستیی بەرهەم دەهێنێت و باییخ بە بنەماکانی هیچکام
لە ئایینەکانی کوردستان و ناچەکە نادات و تەنیا ئەو شوێنانەی کە
لەلایەن کۆمەڵگاوە پیرۆزە دەڕۆخێنێت، ئەوەش بەو واتایە دێت کە ئەم
ڕەوتە کە ناوی داعشە باوەڕی بە هیچ چەشنە فرە ڕەنگییەکی کۆمەڵایەتیی
نییە و دەیهەوێت کۆمەڵگایەکی یەک دەستی داعشانە پێکەوە بنێت و ئیزن
بەبوونی هیچ چەشنە ئایینێک و باوەڕێکی دیکە نادات، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ
باوەڕی بە ئیسلام هەبێت، بەڵام لەگەڵ بۆچوونی داعشدا تەبا نەبێت لە
ناوی دەبات، ئەمەش مەترسییەکی مەزنە کە ڕووبەڕووی کوردستان و ناوچەکە
بووەتەوە.
کاتی ئەوە گەییشتووە کە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی لەو ناوچانە کە داعش تێدا
دەسەڵات بەدەستەوەیە و هاوکات ئەو ناوچانەش کە مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت
کە داعش هێرشی بکاتەسەر و داگیری بکات، ڕێک بخرێت، چونکە ئەم گرووپە
تیرۆرستییە باییخ بە بەهاکانی مرۆڤایەتیی نادات و بگرە باییخە
کۆمەڵایەتییەکانیش ژێرپێ دەخات. من هەمیشە لە گەڵ ئەوەدا بوومە کە کورد
لەم شەڕە خۆی بەدوور بگرێت و نەبێتە بەشێک لەم کێشانە، بەڵام هەنووکە
کە داعش هێرشی کردووەتە سەر کوردستان و ناوچەکانی شێخان و سنجاری داگیر
کردووە و دەستی کردووە بە کووشتنی ئەو کوردانەی کە ئایینی ڕەسەنی
کوردستانیان پاراستووە و دەستدرێژی دەکاتەسەر گیانی هاوڵاتییانی
کوردستان، کاتی ئەوە گەییشتووە کە شەڕێکی گشتگیر لە دژی داعش و ئەوانەی
کە وەک داعش بیر دەکەنەوە دەست پێ بکرێت. ئەم شەڕە دەبێت لە
کوردستانەوە دەست پێ بکات، چونکە ئیستاش کەسانێک هەن کە هاوکاری داعش
دەکەن و ڕێخستن بۆ ئەو گرووپە تیرۆرستییە دەکەن و لە کوردستانەوە
لاوانی کورد ئاودێوی سنوور و ڕەوانەی نێو ڕیزەکانی داعش دەکەن. کورد
هیچکات لە مێژوویدا لەگەڵ ژێردەستەبوون یەک نەبووە و هەمیشە خەبات و
تێکۆشان و بەرخۆدانی لە گۆڕێدا بووە، مێژوو پێشانی داوە کە کورد هەمیشە
دژی دواکەوتوویی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بووە و هەردەم دژی کۆنەپەرەستی
خەباتی کردووە.
داعش ئەو هێزەیە کە هەنووکە نوێنەرایەتیی تێکڕای ئەو بیر و هزرانە
دەکات کە دژی ناسنامەی کوردستانین، بەشداری کردنی دانیشتووانی گوندە
عەرەبەکانی دەورووبەری موسڵ لە شەڕی دژبە کورد و پێشمەرگە و گەریلا
سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە داعش ڕێکخراوێکی تیرۆرستیی و ڕەگەزپەرەستە
و پێویستە کە پێشی پێ بگیرێت و لەنێو بچێت. بوونی دەسەڵاتێکی لەو چەشنە
و هاوسێ و هاوسنووری کوردستان هیچ قازانجێکی بۆ کورد و نەتەوەکەمان
نییە بێجگە لە شەڕ و کوشتن و ئاژاوە نەبێت. چونکە ئەو ڕێکخراوە باییخ
بە یاساکانی مافی مرۆڤ و مافی گەلان و ئازادییە مرۆڤایەتیی و
تاکەکەسییەکان نادات و گەورەیی مرۆڤ بێ باییخە لای، ئەوەش هاوسێیەکی
باش بۆ کورد نابێت، بەتاییبەت هەنووکە کە لە دژی کورد شەڕی ڕاگەیاندووە
و دەیان هاوڵاتیی کوردی کوشتووە.
لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێت کورد و پارتەکانی سیاسیی کوردستانیی دەست
بدەنە دەستی یەک و داعش قڵاچۆ بکەن و تێکی بشکێنن. کورد ئەوەی بە جیهان
سەلماندووە کە نەتەوەیەکی پێشکەوتووخواز و خاوەن هەڵوێستی مرۆڤانەیە و
ئامانجی جێگیرکردنی دیموکراتیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووکە،
ئەو وڵاتانەی کە هەنووکە بوونەتە کێشەی مەزن بۆ ئەورووپا و جیهانی
پێشکەوتوو، کاتی ئەوە گەییشتووە کە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانیش
هاوکاری کورد بکەن و هێزی پێشمەرگە پڕ چەک بکەن، بێگومان بەهێزبوونی
داعش کێشەی سەرەکیی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاواییش دەبێت.
ماڵپهڕی
ئاریتما موحەمەدی
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|