په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١٢

خەونی بێ دەنگ کردنی ئازادیی!
- پولمیکێک لەگەڵ ئەبوبەکر عەلی -

ئاسۆ کەمال       


پیشنیارکردنی "یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان" و ڕاگەیاندنی "کەمپینی بەرگرتن بە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین" بۆ بەرگرتن بەم یاسایە ، جەدەل و باسێکی زیندووی خوڵقاندووە سەبارەت بە ڕەوشی ئازادیی لە کوردستان. ئەبوبەکر عەلی وەک کەسێک لە سەنتەری بڕیاری یەکێک لە ھێزە ئیسلامییەکاندا، وەک ڕەخنەگری ئەم کەمپینە و بۆ پشتیوانیکردن لەو یاسایە لە دوو بەشدا وتارێکی (خەمی ئازادیی رادەربڕین و خەونی بە پاڵەوان بوون) لە ڕۆژنامەی "ھاولاتی"دا بلاوکردۆتەوە، کە دەتوانیت پاساوەکان و پێویستیەکانی ئیسلامی سیاسی وەک یەکیک لە لایەنەکانی بەرگریکەر لەم یاسایە بەیان بکات . وەڵامدانەوەی ئەم ووتارە پولمیک (polemic) و ئارگومێنتێکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی بنەماکانی وەستانەوە بە دژی ئەم یاسایە و دەرخستنی ڕاستیەکانی پشتی تێڕوانینە جیاکانی ھەردوو لایەنی ئەم کێشمەکێشە لەسەر ‌مەسەلەی ئازادیی.


ڤۆلتێر و" ڤۆلتێریزمی ئیسلامی".


لە بەرامبەر ئەو تایتلەی" کەمپینی..ئازادیی ڕادەربڕین"دا " من رای تۆ ناسەلمێنم ، بەڵام تا مردن بەرگری لە مافی تۆ دەکەم بۆ وتنی " کە ووتەیەکی ڤۆڵتیرە ، ئەبو بەکر عەلی دەڵیت " پێناجیت شانسی بە ڤۆلتێر بوون لە وڵاتی ئێمەدا زۆر بێت بە تایبەتیش لەگەڵ ئامادەکردنەوەیەکی پیرۆز و دەستکاری نەکراوانەی ڤۆڵتێر لە واقعی ئێمەدا نەک سوود وەرگرتن لە ھەناسەکانی " ، لەبەرئەوەی بە ڕای ئەو " پەرەسەندنە مێژووییەکانی خۆرئاواش لەپەیوەندی بەجەدەلیەتی نێوان کڵێساو ئازادیی بەجۆرێ لە جۆرەکان ، سێبەری بەسەر بیرکردنەوەی ھەندێ کەس و ناوەندا داناوە " . لیرەدا کاک ئەبوبەکر گواستنەوەی " ڤۆڵتێر"ی وەک خۆی بۆ کوردستان بۆیە بەدڵ نیە چونکە بەرگری لە مافی بەرامبەرەکەی دەکا بۆ وتنی ڕایەک لەسەر ئیسلام و ئایین،کە ئەو نایسەلمێنێ . ئێستا بەم مافە دەڵێن ئازادیی ڕادەربڕین و بوەتە بەندێکی جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ.


ئەم ڕاستیە کاتێک دەردەکەوێ کە نووسەر خەریکە بە حیسابی خۆی بە کەڵک وەرگرتن لە ھەناسەکانی ڤۆڵتێر بەرگری لە "یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان" لە واقعی کوردستاندا دەکات، ئەم یاسایە کە دەڵێ " ھەموو کەسێک لە کوردستاندا دەبێ تەقدیسی ئیسلام و دین و خواوپێغەمبەرەکانیان بکات و ئەگەر دروشمە ئایینیەکان و وێنەی ناشایستەی پێغەمبەرەکان ‌ وبەکارھێنانی ناوەڕۆکەکانی قورئان بەناشیاوی بەکارھاتن لەھەر شوێنێکدا دەبێ زیندان و پۆلیس و دادگا سزای ئەم تاوانبارانە بدا بە ماددەی سێھەم : زیندانی کە لە (٥) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت و لە (١٠) ساڵ زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەک کە لە ١٠ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٥٠ میلیۆن زیاتر نەبێت. وە بەماددەی چوارەم:ھەر ھۆیەکی ڕاگەیاندن ئەم کردەوانەی ماددەی (٣) بڵاو بکاتەوە دادەخرێت بۆ ماوەیەک لە یەک ساڵ زیاتر نەبێت و لە شەش مانگ کەمتر نەبێت لەگەڵ غەرامەیەک کە لە ١٠ ملیۆن کەمتر نەبێت و لە ٥٠ ملیۆن زیاتر نەبێت.".


بەڕاستی ئەم یاسایەی نووسەر پشتیوانی دەکا نەک ھیچ پەیوەدنیەکی بە "ھەناسەکانی ڤۆڵتێرەوە" نیە بەڵکو ئامادەکردنەوەیەکی پیرۆز و دەستکاری نەکراوی "یاسای ئینکیوسیشن (Inquisition) دادگای پشکنینی کلێسای کاسولیکی ڕۆمانی سەدەکانی ناوەڕاستە کە ھەر دژایەتیەکی دەقی ئنجیل و دروشمە ئایینیەکان و وبەکارھێنانی ناوەڕۆکەکانی مەسیحیەت بەناشیاوی سزای گرتن و زیندانی و کوشتن و سوتاندنی ڕۆشنبیر و زانا و ڕەخنەگرانی بەشوێنەوە بوو، نەک ڤۆڵتێر. گالیلۆ یەکێک لە قوربانیەکانی ئەم دادگایانە بوو کاتێک سەلماندی کە ئینجیلی مەسیح ھەڵەیە کە دەڵێ ڕۆژ بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە.ڕێنیسانس و ڤۆڵتێر لەدژی ئەم یاسای پشکنینی بیروباوەڕ شۆڕشی فیکری و ڕۆشنگەریان دەست پێکرد و لەوکاتەوە لە خۆرئاوا ئینسان لەدەست کۆت وبەندی ئایینی لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین ڕزگاری بوو.ھەربۆیە نووسەر ناتوانێ "یاسای دادگای پشکنینی بیروباوەڕ" ی ئیسلامی ناوی ڤۆلتێریزمی ئیسلامی لێبنێ و باشترە ڕاشکاوانە و بێ سەرلێشێواندن پێناسەی ئیسلامی بۆ ئەم یاسایە دابنێ تا خوێنەر ناکۆکی ڤۆلتێرو جاڕنامەی مافی مرۆڤی بە بیری تەقدیس کردنی ئایینی لا ڕۆشن بێت.


"شیواندنی چەمکی ئازادیی" یان " یاسای پشکنینی بیروباوەڕ".


کێشەیەکی تر کە ئەبوبەکر عەلی لەگەڵ چەمکی ئازادیی ھەیەتی ئەوەیە کە ئەم چەمکە شێوێندراوە. ئەو ئازادیی بیروڕا دەربڕین و ئازادیی ویژدان و ئازادیی باوەڕبوون بە ئایین یان بێ دینی یە کە ئێستا بوەتە مافێکی گەردوونی ھەموو ئینسانێک ، لای نووسەر ئەم یونیڤێرساڵ بوون و گەردوونی بونەی ئازادیی کێشەیە. ئەو دەڵێ"بە سەنتەر کردنی ئەزمونە مێژویەکەی خۆرئاوا سەبارەت بە ئازادیی جۆرێک لە نامۆ بوون و نائومیدی لە بەرجەستەبوون لە ئازادیی لە نێو کۆمەڵگادا پەرە پێدەدا". بەرجەستەبوونی ئەو ئازادییە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەی خەباتی مرۆڤایەتی لەچەندین سەدەدا لە خۆرئاوای دیکارت و میل و مارکسەوە تا خۆرھەڵاتی گاندی و ئەفریقای ماندیلاوە تا بزوتنەوەیەکی ئازادییخوازانە لەنێوکۆمەڵگەی کوردستاندا،کاتێک نامۆیە و نائومێدی بۆ کەسان و لایەنێک دێنێ کە خۆیان بەشێک نەبن لەم مێژووەی ئازادیی مرۆڤایەتی و ئەم مێژووە بە دژی بیروباوەڕەکانی خۆیان بزانن. لە بەشێکی تردا ئەم ناڕەزایەتیە لەزمانی نووسەرەوە بەم شێوەیە بەیان دەکرێ " شێواندنی چەمکی ئازادیی کە مێژویەکی ھەیە لە کوردستاندا ، و لە لایەن مارکسیزم و لیبرالیزم و ستەمکاری ھێزە چەپ و ناسیۆنالیستەکاندا شێوێندراوە وە کراوەتە دژایەتی کردنی ئیسلام و گاڵتە کردن بە دروشم و پەرستەکانی" و" لە حەفتاو ھەشتاکانی وڵاتی ئێمەداو، بەناوی مارکسیزمەوە ھەندێ شت دەوتراو دەکرا، کە ھەست بە غوربەتێکی دینی قوڵی بۆ مرۆڤی ئایندار دروست دەکرد".ھەر بۆیە "پێویستیمان بە بیناکردنەوەی چەمکەکەو، پێناسەکردنەوەو دابرانیەتی لەگەڵ فۆرم‌و ناوەرۆکە شێواوە پێشوەکانی"‌.


لە بەرامبەر ئەم شێواندنەی مێژووی کوردستاندا پێویستە بڵێین کە ئەم مێژووەی ئازادیی لەکوردستان دابڕاو نەبوە لەمێژووی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ، ململانێ لەسەر ئازادیی بەشێکی ھەمیشە زیندوی ئەم مێژوە بوە. کاتێک کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن پێ دەنێتە سەدەی بیستەوە و دەکەوێتە ژێرکاریگەری ڕەوەندە فکری و سیاسی و ئەدەبی وکاریگەری پێشکەوتنەکانی دنیای سەرمەیەداری و دەستکەوتە زانستیەکانیەوە ، دوورکەوتنەوە لە ئایین و ڕەخنەگرتن لە دیاردە دواکەوتوەکانی لەبواری کۆمەڵایەتی و دروست بوونی حزبە سیاسیەکان و بەشداری خەباتی دژی داگیرکەران و کرانەوەی زانکۆکان و بەشداری ژنان لەبازاڕی کار ، ئەمانە دەبێتە سیمای کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان لەپاڵ ژیانی لە عێراقدا کە ھەمان توخمەکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن تێیداگەشەی دەکرد. ڕەخنەگرتن لەئایین و دروشمەکانی بەشێک بوون لەم واقعیەتی کۆمەڵگەی مۆدێرن ی کوردستان کە لەزۆربەی کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی تردا ھەبووە. ھەر لە نووسەر و شاعیرە ناودارەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیست تا دەگات بە شێرکۆ بێکەس و قوبادی جەلی زادە شاعیرەوە تا لیکۆڵەوەر‌انی وەک عەبدولخالق مەعروف و فوئاد مەجید میسری و مەریوان ھەڵەبجەیی و سەروەر پێنجوێنیی وە تا سیاسیەکانی وەک ڕێبوار ئەحمەد و مەلا بەختیار و دەیان نووسەری تر و چەندین ڕۆژنامە و ڕێکخراو و دەزگای راگەیاندنی تر کە ئەمڕۆ لەم ریزەدان.


ئەگەر ئەمانە واقعیەتێکی مێژوویی و یونیڤیرساڵی کۆمەڵگەی مۆدێرنن بۆچی ڕەخنەگرتن لە ئایین و ئیسلام لە کوردستاندا بە لادان و شێواندنی ئازادیی دادەنرێ لەلایەن ئیسلامی سیاسیەوە و ئایا ڕاستکردنەوەی چەمکی ئازادیی لە"یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان" ی نووسەری ووتاری "خەمی ئازادیی و.."دا چ پێناسەیەکی تازەی بۆ ئازادیی تێدایە؟


لە وتاری کاک ئەبوبەکردا ھیچ پێناسەیەکی نوێ بۆ ئازادیی بەرچاو ناکەوێ بەڵکو سنووری ئازادیی دیاریکراوە و کۆت و بەندی بۆ دانراوە و ناونراوە ئازادیی لۆکاڵی ‌. بۆ نمونە دەڵێ"" ‌لە وڵات و ناوچەیەکدا کەھێشتا ئاین ھێزو ئامادەیی خۆی لەدەستنەداوە ،زیاتر پێویستمان بەو یاسایانەیە، بۆ ئەوەی یاری بەئاگری ھەستی ئاینی خەڵک نەکرێت و، ئەو ھەستە دەستە جەمعییە بریندار نەکرێت و، لەو سۆنگەوە کە کاردانەوەی خراپی لێ‌دەکەوێتەوە". لێرەدا باس لە پاراستنی پیرۆزییەکانی ھێزێکە. لەبەرئەوەی ئیسلام ھێزی ھەیە دەبێ بەیاسا تەقدیس بکرێ تاکو لەدەرەوەی یاسا ئەو ھێزە دژی ڕەخنەگران بەکارنەھێنێ. واتە ئازادیی ڕەخنەگرتن لە ئیسلام دەبێت سنووری بۆ دابنرێ تا ھێزی ئیسلام نەوروژێنرێ و دوکانی مەشروب و شوێنە گشتیەکان نەسوتێنرێ و ھەڕەشە لەوانە نەکرێت کە ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن. کەوایە بە پێی مەبدەئی نووسەر ھەر دین و بیروباوەڕێک لەبەرئەوەی ھێزی ھەیە و دەتوانێ خەڵک کۆبکاتەوە ، دەبێ باوەڕو ئاینەکەیان بە پیرۆز دابنرێ تاکو کارەسات نەقەومێنن ، لە ڕوانگەی نووسەرەوە ئەمە نمونەی ئازادیی لۆکاڵیە . بە ڵام لە راستیدا ئەمە ئازادیی ڕادەربڕین و مافی تاکەکەس پێشێلکردنە لەلایەن زۆربە و دام ودەزگای دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە نەک چەمکی نوێی ئازادیی . ئەمە چەمکی ئازادیی دەزگا و دەسەڵاتێکە بۆ دانانی کۆت وبەندی یاسایی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین واتە تەسلیم کردنی ئازادیی جەماوەر (خوارەوە) بە دەسەڵاتی یاسایی و قەزایی و سیاسی حکومەت (سەرەوە). ئەمە سانسۆر و سەرکوتی ئازادییە لەلایەن ئایینەوە. لەم سیستەمەدا مافی تاکەکەس و ھاوڵاتی وجودی نیە و ئەبێ پاشکۆی ئاین و باوەڕی زۆربەیەکی ڕێکخراو بێ. ئەمە لێسەندنەوەی ئازادیی فەردیە لەبەرامبەر دەسەڵاتدا ،کە لێرەدا دەزگای سانسۆری دینیە.ئەمە ھەمان سیستەمی تۆتالیتاری بلۆکی ڕۆژھەڵاتە کە ڕێگای بەنەیارانی سیاسی دەسەڵات نەدەدا چالاکی سیاسی و ئازادیی ڕادەربڕینیان ھەبێ . ئەمە ھەمان سیستەمی ئیسلامی و تیۆکراسی ئێران و سعودیەیە کە لەسەر نەپاراستنی پیرۆزییەکانی ئیسلام ساڵانە سەدان کەس لەسێدارە دەدرێن.


ھەربۆیە ئەم چەمکی ئازادییەی کاک ئەبوبەکر باسی دەکا پێناسەکەی ئاشکرایە ئەویش ئازادیی بۆ ئەوانەی پیرۆزی ئیسلام دەپارێزن و سزاش بۆ ئەوانەی ئەو یاسا و شەریعەتانە بە موقەدەس نازانن وڕەخنەی لێدەگرن. ئازادیی دەربڕینی بیروڕا مافی سادە و ھەمیشەیی ھەر ئینسانێکە کە دێتەدنیاوە. ناکرێ کەسێک مافی نەبێ کە سەرنجی کۆمەڵگا بۆ لای ڕەخنەی خۆی ڕابکێشێ سەبارەت بە فرەژنیی و نیوبەشی ژن لە میرات و ‌کوشتنی "بێ باوەڕەکان"بەدین و کە بەپێی ماددەی یەکەمی "یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان" ئەمانە تاوانە لەلایەن ھەر کەس و لایەن و دەزگایەکەوە بێت و بە ئازادیی ڕادەربڕین دانانرێت".


بەڕاستی ئەم چەمکی تازەی ئازادیی ئیسلامی کە جیاوازە لە "ئازادیی شێوێنراوی" ڕۆژئاوا، بەھەمان شێوەی ڤۆلتێریزمی ئیسلامی کە ڕۆشنگەری خستە شوێنی کلیسای کاسولیکی ڕۆمانی جێگای سەرسوڕمانە وسەیروسەمەرەیە.!! باشە بۆ خستنەڕووی یاسای سانسۆرکردنی ئازادیی ڕادەربڕین چ پێویست بەداھێنانی نوێ بۆ چەمکی ئازادیی دەکا؟ بۆ ڕاشکاوانە وەک کلیسای کاسولیکی ناوی نانێن "یاسای پشکنینی بیروباوەڕ (Inquisition)"؟!ئەمەیە ئیسلامیزمی نوێ کە لە یاری ناو بازنەی دیموکراسیدا کار بۆ گەیشتنە دەسەڵات دەکا.


سەرابی دیموکراسی ئیسلامی.


ئەو ھەموو پێشەکیەی ئەم نووسەرە ئیسلامیە لەسەر ئازادیی ڕەخنە و ڕادەربڕین و بەئاشتی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی ھێناویەتیەوە لەڕاستیدا ڕوپۆش کردنی مەبەست و بەرژەوەندیەکە کە تەوژمی ئیسلامی لە گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێستا بە دوایەوەیەتی. بەرگریکردنی نووسەر لە ئیسلامی کردنەوەی فەزای گشتی و کردنی شەریعەتی ئیسلامی بە یاسا لەڕێگای پەرلەمانەوە وە بەڕەوا زانینی ھێرشکردنە سەر دوکانی مەشروب و ئوتێلی گەشتیاری و شوێنە گشتیەکان ،وە پاساودانی بەوەی ئیسلامی میللی بەرگری لە بیروباوەرو کەرامەت و کەسێتی مەعنەوی خۆی دەکات"، ھەموو ئەمانە لەژێر ناوی چاکردنی چەمکی ئازادیی و چارەسەرکردنی سەرپێچی لە پاراستنی پیرۆزییە ئایینەکان بەیاسا دەکرێت. ئامانج لەم ڕوپۆشکردنە سوود وەرگرتنە لە زەمینەیەک کە سەرابی "دیموکراسی بوونی ئەم ھێزە ئیسلامیانە " بۆ گەیشتنە دەسەڵات دەیڕەخسێنێ. ئەوان گۆڕینی زمان تا بەرنامەی سیاسی دەکەنە وەسیلە تاکو مۆدێل و سیستەمی ئیسلامی خۆیان پیادەبکەن بەناوی ھەڵبژاردن و دیموکراسیەوە ،بەڵام ئاشکرایە کە ناوەرۆکی دەسەڵات و بەرنامە و یاساکانی ئیسلامی سیاسی ھەمان بەرتەسکردنەوەی ئازادییە فەردی و مەدەنیەکانە .ھەربۆیە کۆمەڵگە ھەمیشە پێویستی بە خۆپاراستن لە ھێرشەکانی ئەم تەوژمە ئیسلامیە ھەیە بۆ سەر مەدەنیەتی خۆی کە بەناوی زۆرینەی موسڵمان بوونی کۆمەڵگەوە دەیکا.‌ گۆڕینی ئەم مۆدیرنیزمەی کۆمەڵگەی کوردستان بەو فەزا گشتیە ئیسلامیەی ئێستا لە سعودیە وئێران ھەیە و سەپێنراوە زەمینەی بەدەسەڵات گەیشتنی ئیسلامییەکان دەڕەخسێنێ و ھەوڵ و پشتیوانی ئەم نووسەرە کە لە سەنتەری بڕیاری ھێزێکی ئیسلامیدایە لە"یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان" لەو پێناوەدایە.


ڵیرەدا دەردەکەوێت کە ئەنجامگیری ئەم ووتارەی کاک ئەبوبەکر عەلی لەم ھەموو " سود وەرگرتنە لە ھەناسەکانی ڤۆڵتێر " و " ڕاستکردنەوەی چەمکی ئازادیی" ‌ تەنھا بۆ بە پیرۆزکردنی یاساکەی مەلا بەشیری ئەندام پەرلەمانی پارتی و مەلا بیلال سلیمانی ئەندام پەرلەمانی کۆمەڵی ئیسلامی و کۆکردنەوەی سەرجەم فراکسیۆنە ئیسلامییەکانە بۆ بەدەست ھێنانی " ئازادیی سزادانی خەڵکی ڕەخنەگر لە ئایین بە پێێ یاساکەیان " و ئاڵوگۆڕ پێدانی "فەتوای ئایینی " دوێنێ بە " یاسای پەرلەمانی" ئەمڕۆ یە ، ئەمەیە خەونی بێ دەنگ کردنی ئازادیی لە کوردستان.

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک