په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠١٤

    خەونى مەرگ.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
ئەمشەو دڵم بۆنی مەرگ لێدێ
بەهەشت ئاهەنگی وەرینەء
سەمای دڵم تارماییەکە بۆخۆی
بەختەوەریم شەپۆلێکی وێرانەیەو
رەنگی سپی بەسەر دەریای تەمەنمدا دەڕژێ
باڵای چنارم ،چرۆی لێوم
بۆنی ماڵئاوای دەکاو
خەیاڵی رۆحم پێم دەڵێ
ئەمشەو دواماچی کۆتایەو
وەرزی بەهار گوڵی باخت تێر ئاو ناکا.

٢

ئەمشەو خەونی مەرگ دەبینم
رەنگی سەوز بەسەر شووشەی سنگمدا دەدرێء
سێبەری مردن تێکەڵ بەمن دەبێ،
رووناکی چاوو،خەندەی لێوو،هاژەی فرمێسکم
دەکاتە دەروازەیەکی کۆتاییء
نایەوێت ساتە جوانەکانی
درەختء گەڵاو،وەرزی تەمەنم بنوسنەوە.

٣

ئەمشەو دڵۆپێک باران
پەنجەرەی ووشە،
گوڵاڵەی شعرم تەڕناکاتء
نابارێت بەسەر خونچەی روخسارمدا
تەنهایی باوەشێک گەڵای زەردی بۆهێناوم
غەریبی بۆتە هاوڕێی چارەنووسم.

٤

ئەمشەو نهێنیەکانم،لەگەڵ خۆمدا
دەکەمە تاسەی دووریء
زەنگی مردن دەکەمە دەزگیرانم.

٥

من دەمەوێت کاتێک مەرگ
رووناکی چاوم دادەپۆشێ
لەخۆم زیاتر
جوانی گوڵە کێویلەو
دەنگی نەغمەی بولبولء
هاژەی رووباری سەرشێتء
زەردی گەڵای پایزو
برینی جەستەی هەژارانء
هیوای دووری کەس نەبیستم
من دەمەوێت لەخۆم زیاتر
چێژ لەدیدەی کەس وەرنەگرم
دەمەوێت دەنگت ێم بڵێ
بێنە رووخساری ژاکاوت
تاکوو جوانیەکانی
تێدا حەشاردەمء هەڵیکێشم.

٦

ئەوە منم بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە
بەرووخساری پەشۆکاوو
بەجەستەیەکی شەکەتەوە
لەئاوێنەی تەمەنمەوە دوور دەڕوانم
هێمنتر لەجاران
بەهیلاکیء ماندووبوونەوە
لەژێر سێبەری بێ دەنگیدا
بەهیوام ژیان میهرەبانیم بداتێ
کەلەمێژە خەونی پێوە دەبینم.

٧

من دەترسم کاتێک مەرگ
سۆراخی من دەبات بۆخۆی
پەڕەی شعرو ووشەکانم
گوڵێکی تر نەکاتە تریفەو
پانتای دەشتێکی بەرین.

٨

ئەمشەو مردن پەیکەرێکە
وەکوو میوان،باوەش بە تەنهایمدا دەکاو
لێووی ووشک بووم تەڕناکا
بەڵام چی بکەم،دڵەی شێتم
پێم دەڵێت خۆشم دەوێیت.

٩

من دەزانم چارەنووسم چی بەسەر دێ
ئێستاکە دەمەوێت بڕۆمء
بەڵام نازانم
کەی بیر لەتۆ دەکەمەوە.

١٠

ئەمشەو دەبم بەخۆم
گڕی عەشق لەدەرونمایەء
دەبم بەگڕ بەناخی خۆمدا دەتوێمەوە.

١١

ئەمشەو دەبمە ئەستێرەو مانگ
دەبمە پەپوولەیەکی بێ باڵ
دەبمە شەونمی سەردرەخت
دەبمە کانیلەیەکی جوان
دەبمە پرچی کیژۆڵەیەک
شانەی دەستی بۆم داێنێ.

١٢

دەمەوێت بڕۆمء
واز لەخۆشەویستیء مەرگ بێنم
دەمەوێت
بگەڕێمەوە تەمەنی منداڵیء
بۆ بووکەشوویەک تێر بگریم.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک