په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٦

    خەونی مووروو.

سمکۆ ئەحمەد

چەند خۆش ئەبوو
ئەگەر زەمەن
وەکو ملوانکەکەی دایکم
دەنک دەنک ‌بسووڕایە

لەسەر لێوی ھەر دەنکێکی
زەردەخەنە
پێکەنینێ راوەستایە،

چەند خۆش ئەبوو
ئەگەر تەمەن
پڕ بە بالای بەھار بووایە
لە ژێر لۆچی گەڵاکانیا
تەڕەماچی
زەردە ‌پایز
دەنک دەنک قەتارەیان بگرتایە

بۆ نەئەبوو؟
چاو سەو‌زەکەم
منی نامۆ
دوای ١٣ ساڵ
لەسەر لێوی کڵۆ بەفرێ
وشەیەکی تۆم بیستایە

بۆ چی! ئەبوو؟
منیش وەکو ریشۆڵەکان
ساڵی جارێ
بە بێ ڤیزە
سەردانێکی ئەو دەڤەرەی
منداڵێتییم بکردایە

چەند ناخۆش بوو
باوانەکەم دوێنێ بیستم
لە لای ئێمە سەوزیی و بەھار تیرۆر کران
دەنکی ملوانکەکەی دایە
وەکو قیژەی تەرزەی بەھار
زۆر بە زوویی بێدەنگ کران
دەنک دەنک
لەسەر سینەی شەقامی سالم
خەونەکانیان لە چاڵ نران

ئیتر ئەبێ
چۆن بتوانم
جارێکی تر لەسەر پرچی ریشۆڵەیەک
من بێمەوە
رەنگی سەوز بۆ بەھار و
گلێنەی چاوی تۆ بێنمەوە

ئیتر ئەبێ چۆن بتوانم
خەونی دەنکە موورووی خەمان
لە ژێر چنگی شەقامی سالم
جارێکی تر دەربێنمەوە!!!؟

 

١٧\١١\٢٠٠٨ - تۆکیۆ
ماڵپه‌ڕی سمکۆ ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک