خەونی
پەپوولەیەک.

کهژاڵ ئیبراهیم
خدر
1
رەنگە بێ کارەسات
و راپەرین
خەم نەبێتە
چەپکێ وەنەوشەی شعر
رەنگە بەبێ تۆڵەی ناحەز
مرۆڤ نەبێتە پاڵەوانی رۆمان
مرۆڤ هیوا ئەوین
ئەدا بەمەرگ
مەرگ لەپێناو جوانی خۆیدا.
2
من لەناوباخی رەنگاورەنگی پڕمیوەدا
دەسەتەکانم بەخواستی خۆی
گوڵاڵە سورەی بەهارم بۆدەگرێ
پریشکی گەرمی دڵیشم
کردۆتە مەنزڵی دارستان.
3
ئێستا ژیان
تیشکێکە لەنێو چاوانمدا و
هەناسەی خەمی لێ دەتکێ و
باوەش بەشەپۆلی مەرگدا دەکا
رەخساریشم ژاکاو وەکوو
تاڤگەی رووبار
وەکوو کزەی ساردی بەرەبەیان
دێت و دەچێت
من نازانم شەودێ یا رۆژ
گۆڕستانی خونچەی دڵم
وەکوو پشکۆ گەش دەبنەوە
بەفراوی سەر روومەتیشم
وەکوو دەریا شین دەچنەوە.
4
پەنجەکانم ئاوێزانی شعر دەبن و
بەبەرچنەیەک دارەوە
شکۆفەی شعر دەچنمەوەو
منی ماندوو
دوای سەدەیەک چاوەڕوانی
لەژێر چنگی رەشەبا
چۆر چۆر
دەڕژێمە ناخی خۆمەوە
چەند دەمەوێ رزگارم بێ
گلێنەی چاوم ببینێ
کەچی هێشتا رێگە نادا
بروسکەی سوور بەرم بۆخۆم.
5
ئێستاکە من هەر بەتەنیا هاوڕێی
کێڵگەو بەفرو گوڵم
ئێستاکە من
رێژنەی باران وەکوو گەڵا
بەسەرسەرما دادەبارن
من نەم توانی بەخواستی خۆم
ووشەکانم بنوسمەوە
کەبەدەفتەری بیرەوەری
برینەکانمدا دەچمەوە
ئێستاکە منیش تێ دەگەم ؟
گەر کۆتری باڵی نەبێ
هەرگیز باڵێکی تری لێ ناڕوێ.
6
دەبوو چاوەکانم
خەون بە پەپولەی دڵمەوە ببینن
کاتێ تاڵەکانی قژم
بۆنی عەتریان لێدەهات
بۆنی ژەنگ بوو
کاتێ پاکی دەستەکانم
بەئاوی روون شۆرانەوە
ئاوی قوڕ بوو.
7
نەمدەزانی مانای ژیان لەکوێدایە
جیاوازی مرۆڤ لەچیدایە
کاتێ بەئاگا هاتمەوەو
دەفتەری بیرەوەریەکانم هەڵدایەوە
برسیەتی رۆژگاری رابردووم بیرکەوتەوە
کەلەژێر سێبەری درەختێکدا، ئاوم دەدا.
8
لێرە ژیان
هیچ پەنجەرەیەکی نیە بۆ رێزگرتن
ئاخر ژیان زۆر شیرینە
ئەگەر سێبەری نەگات بەتۆ
ئازادی چۆن بەدی دێنین
ئەگەر مرۆڤ بەخشندەیی
نەدا بەتۆ
ئێمەی مرۆڤ
شەپۆلی خۆر هەموو رۆژێک
دەرگای دڵمان رادەژێنێ
خەونی دوورو ئەندێشەمان
کاسەی هەژارانمان بۆ دێنێ.
9
ئێستا خۆشەویستی ئەگا بەمن
بۆنی عەتر لەجەستەم دێ
شەوگار دەخەم ئامێزم
من تێناگەم ،بۆچی تەنها ئەستێرەی شەو
ئێشک گرەو قەت ناخەوێ
مانگ بۆچی لەسنگی ئاسمان نابێتەوە
شەو بۆ رەشەو رۆژیش بۆ هەمیشە روناک.
10
ئەوکاتانەی چەپکێ تیشکی زێڕینی خۆر
خۆی دەخاتە باوەشی پەنجەرەکەمەوە
چ تابلۆیەک هێندە جوانە.
11
مێژوو پڕی کردووم لەخوێن
جەستەی پڕ کردووم لەبرین
چناری باڵام دەبڕێ
ئەو دەیەوێ هەرەس بێنم
نووکی پێنووس و قەڵەمەکەم
وەکوو جاران بۆنی خۆشەویستی نەکەن
من ئێستاکە تێدەگەم
لەدوای هەرەس و داڕمان
لەنێو دڵما
دڵۆپە شعر ئەدا لەشەقەی باڵ و
سەوز دەچنەوە.
خەونی پەپوولەیەک.
Kazhal_3@hotmail.com
|