په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠٢٠

"خەونی سۆھراب" سەبارەت بە "سۆھراب سپێھری" شاعیری ناوداری ئێرانی ئامادەی نمایشە.

 

مەنسوور جیھانی


فیلمی سینەمایی "خەونی سۆھراب" لە دەرھێنانی "عەلی قەوی تەن" سەبارەت بە "سۆھراب سپێھری" شاعری ناوداری ئێرانی دوای دوو ساڵ و بە یارمەتی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئامادەی نمایش کردنە.

"عەلی قەوی تەن" سەبارەت بە سازکردنی ئەم فیلمە گوتی: "خەونی سۆھراب" (رویای سوھراب) سەبارەت بە شاعیرێکی ناودار و خۆشەویستی ئێرانە و بێگومان خەڵکی پێیان خۆشە کە فیلمێک سەبارەت بە "سۆھراب سپێھری" ببینن کە لە خەیاڵیاندا ھەیە و لە زۆر بەشیشەوە ئێمە ناچاربووین کە لایەنی نەبینراویی کەسایەتییەکی وەکوو سۆھراب نیشان بدەین و ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کاری فیلمساز تووشی گرفت دەکات.

ئەم دەرھێنەرە گوتیشی: لە ساڵی ٢٠١٢ کەڵکەڵەم بوو و پێمخۆش بوو فیلمێک سەبارەت بە "سۆھراب سپێھری" سازبکەم. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دەستمان بە وێنەگرنی فیلمی سینەمایی "خەونی سۆھراب" کرد و وێنەگرتنی فیلمەکە لە شاری کاشان زێدی "سۆھراب سپێھری" و ھەروەھا دەورووبەری ئەم شارە کۆتایی پێھات.

گوتیشی: ھەستیاریی سازکردنی ئەم فیلمە، بە پێی دەسکەوتە توێژینەوەییەکانم و ئەوەی کە دەتوانم لەم شاعیرە بەناوبانگە وێنەیەکی دروست نیشان بدەم، زۆرترین کەڵکەڵەی من لە "خەونی سۆھراب" بوو. لە لایەکی دیکەشەوە ھەوڵماندا تاکوو کاری ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە لە ماوەی دیاریکراویی وێنەگرتن کە لەبەرچاومان گرتبوو کۆتایی پێبێت؛ بەڵام قۆناغی وێنەگرتن کۆتایی نەھات.

قەوی تەن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە ساڵی ٢٠١٩ دەرفەتێکمان بۆ ھاتە پێشێ تاکوو گرووپی ئەکتەرەکان و ستافی تەکنیکی فیلمەکە بۆ جارێکی دیکە بانگھێشت بە کار بکەین و ١٢ ڕۆژ کاتمان بۆ دیاریی کرد تاکوو دەست بە قۆناغی دووھەمی وێنەگرتن بکەین. پاشان مونتاژ، دەنگدانان و چاککردنی ڕەنگ و بەشەکانی دیکەش ئەنجام بدەین و لە دەرئەنجامدا فیلمەکە ئامادەی نمایش بوو.

گوتیشی: ناوەندیی سینەمایی فاڕابی لە قۆناغی پێش بەرھەمھێنان تاکوو ئێستا، دڵسۆزانە ھاوڕێیەتی ئێمەی کردووە. باسی من تەنیا پشتیوانی ئابووریی نییە. بەرپرسانی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی برایانە ھاوکارییان کردین و سەلماندیان کە بە شوێن بەرھەمھێنانی فیلمی پڕبایخ و فەرھەنگییەوەن. لە کاتی سازکردنی فیلمی سینەمایی "خەونی سۆھراب" ئێمەیان ھاندا و ھەستمان دەکرد یارمەتیدەرێک لە پشت ئەم جۆرە سینەماوەیە. ھیوادارم کاربەدەستانی ھۆڵە سینەماییەکانی ئێران و ھەروەھا بەرپرسانی فێستیڤاڵە ناوخۆییەکانیش، فیلمە فەرھەنگییەکان بە ھەند وەربگرن، چونکە ئێمە دەبێت بینەر پەروەردە بکەین.

"سۆھراب سپێھری" لە ئاسمانی ئەدەبیاتی ئێراندا پێگەیەکی تایبەت بە خۆی ھەیە کە بەشێکی بۆ سازکردنی وێنە و شێوازیی گێڕانەوەی ئەو و بەشێکیشی بۆ چۆنییەتی گێڕانەوەی نزیکانە و زمانی نەرم و پاکی ئەو دەگەڕێتەوە. ئەو بەرھەمانەی کە بۆ سەر زمانە جۆراوجۆرەکان وەرگێڕدراوە و تایبەتمەندییەکی کاریگەریی ھەیە و ڕووبەڕووی پەیوەندییەکی جیھانی بۆتەوە.

کەشفە شاعیرانەکەی "سۆھراب سپێھری" لە شێوەکارییشدا خۆی دەرخستووە و ئەویی بە کەسایەتییەکەی خاوەن شێوازێکی جیاواز نیشانداوە، بە جۆرێک کە ئەمڕۆکە، بێجگە لەوەی کە لایەنی شاعیریی سۆھراب پێگەیەکی مومتازیی پێبەخشیوە، بەرھەمە شێوەکارییەکانی ئەو ھەروەھا تایبەتە و ناویی ئەم ھونەرمەندەی لە ڕیزبەندی نرخی شێوەکاریی مودڕێنی ئێران لە ھەڕاجە ھونەرییەکاندا تۆمار کردووە.

عەشق بە ڕیشە شوناسەکان لە تەنیشت جووڵان بەرەو ڕوانینی مۆدێڕن، نھێنییەکە کە بۆتە ھۆی ھۆگرانی زۆریی سۆھراب لە نێوان جیلی نێودا و ھەروەھا بەرەو ھەڵکشاندایە.

بەرھەمھێنانی فیلمێک سەبارەت بە "سۆھراب سپێھری" لە سینەمایەک کە کەمتر گرینگی بە خەزێنەی شیعر و ئەدەبی خۆیداوە، ڕووداوێکی دڵخۆشکەرە کە دەتوانێت دەلاقەیەکی نوێی لە پەیوەندیی لەگەڵ جیلی نوێدا لەگەڵ سینەما بکاتەوە.

ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی "خەونی سۆھراب" بریتین لە: "مێھدی سوڵتانی"، "بەھارە کیان ئەفشار"، "لالە ئەسکەندەری"، "تەرڵان پەروانە"، "مینا جەعفەرزادە"، "حوسێن محەمەدیان"، "فرووغ ئەمجەدی"، "ئەبوالفەزل میری"، "غەزالە ئەکرەمی"، "داوود خەلیلی"، "حەسەن عەلیڕەزایی"، "موڕتەزا موڕتەزایی"، "شادی عەزیزی"، "مێھرداد داوەری"، "فاتمە کەرەمپوور"، "عیرفان پەری ڕوخ"، "دونیا ڕووحی" و "ئەمیریاسان مودەبێرنیا".

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک