٤\٦\٢٠٢٥
خەون و ئاواتی
کۆمۆنارەکان، بەهرەی جیهانێکی سۆشیالیستیـیە.

جەمال کۆشش
هەفتەی خوێناویی پاریس.
(٢١) تا (٢٨) ئایاری ساڵی (١٨٧١) لەشکرێکی سەروو سەد (١٠٠) هەزار
کەسیەوە، پڕ چەک و جبەخانە و ئەسپ سواری کۆماری فەرەنسا بە فەرمانی
سەرۆکوەزیران ( تیرئەدۆڵف) لە مامەڵەیەکی ملکەچکەرانە و لەگەڵ (ئۆتۆ
ڤۆن بسمارک)ی ئەڵمانیا کە چل (٤٠) هەزار سەربازی دیلی ئازادکراوبوون
بەمەرجی دەستنەپاراستن و کوشتنی عەمدی بە ئەنقەستی لە کۆمۆنارەکان و
خەڵکی پاریس و لێدوان نەدان بۆ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن، پاریسیان
وێران و کاول کرد، کوشتاری بەکۆمەڵ، دیلکوشتن، ژنکوشتن و ئەتکردن و
تاوانی سێکسی و بۆمبارانـیان ئەنجامدا. لە بەرامبەر نزیکەی چل (٤٠)
هەزار گاردی نیشتمانی و کومۆنارەکاندا، هەر (٩٠٠) سەنگەرەکەیان
داگیرکرد و حکومەتی هەڵبژێردروای شورایی کۆمۆنەیان ڕوخاند. بۆ ماوەی
پێنج (٥) ساڵ حوکمی عەسکەرییان سەپاندو زیاتر لە پەنجا (٥٠) هەزار
کەسیان بەرەو دادگای سەربازی و مەدەنی ڕاپێچکرد و لە شانۆگەرییەکی
هەڵبەستراودا، بڕیاری لەسێدارەدان و زیندانی و دیپۆرتکردنەوەیان
جێبەجێدەکرد. (پیر فیینەر) ژورنالیستی سۆسیالیست بە کوشتنی چل (٤٠)
هەزار کەس مەزەندەی کردووە.
(ئوگین ڤالین) ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم، لە ڕۆژی
(٢٨) مانگ دەگیرێت، پاش ئەشکەنجەدان دەیکوژن، کۆمۆن، گەورەترین شەڕی
نێۆخۆیی لە مێژووی فەرەنسادایە.(هاڕەی چەکەکان و گولـلەبارانکردنەکان
لە یەک بە یەکی شەقامەکان هەبوون، زۆرێک لە ژنان وەکو من بێتاوان بوون،
دەستڕێژییان لیدەکردن و دەیانکوشتن بە تەنها ئەوە بەس بوو، شێوەیان
لەوان بچوایە، ژنە نوسەر (لویسە کۆلت) بە چاوی خۆی بینویەتی و لە ڕۆژی
بیست و هەشتی مانگی پێنج (٢٨/٥) نوسیویەتی، ڤێ دێ ئار ٥). ئەو ژنە
زیندانیانەی دەگوازرانەوە بۆ ڤێرسای بەشەقامەکاندا تف باراندەکران و
شتیان تێدەگرتن و ژنە دەوڵەمەندەکان بە چەترەکانیان لێیان دەدان. (ڤۆتز
مەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە سۆشیالیستی ئەمەریکایی کارۆلین یۆت، ئیخنەر٢٠٢١).
کەمێ زانیاری بەزمانی کوردی.
لەبارەی شۆڕشی سۆشیالیستی کۆمۆنە و یەکەم حکومەتی کرێکاری کۆمۆنارەکان
لەپاریس لە (١٨) ئادار تا (٢٨) ئایار ساڵی (١٨٧١) بەزمانی کوردی،
زانیاری یەکجار کەمە. پڕکردنەوەی کتێبخانەی سۆشیالیستی دەربارەی ئەم
پرسە گرنگە، پەیوەندییەکی قووڵی بە بەدەرکردن و خاوێنکردنەوەی هەژموونی
ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و لیبڕالیزمەوە هەیە.
ئەم جەنگە چینایەتیـیە فراوانەی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان و
ئەنارکیستەکان و بلانکیستەکان و ڕۆڵ و کاریگەری ئەنتەرنسیۆنالی یەکەم و
هاوپشتی و سۆلێدارەتی بزوتنەوەی کریكاری و کۆمۆنستی ئەوروپا لەو
حکومەتەیان، بۆ کۆمۆنیستەکانی عێراق بابەتێکی لاوەکی و ڕاگوزەر نیـیە.
شۆڕشی کۆمۆنە، گرێدانی تەواوی ئازادییەکان و ڕزگاری کۆمەڵایەتی و
بەختەوەری و برایەتی گەلان، شەتەک دەدات بە شۆڕشێکی واقعی لەدژی کاری
بەکرێ و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. جیاکردنەوەی
بەتەواوی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و گۆڕینی سیستەمی خوێندن و خۆڕایی
کردن و ئیجباری کردنی خوێندن، قەدەغەی شەوکاری و کاری مناڵان و مافی
هاوڵاتی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی پاریس کە لەو دەمەدا زیاتر لە سەد
(١٠٠) هەزار کرێکاری ئەڵمانی و پۆلۆنی و هەنگاری و ئیتالی تیا دەژیان.
ناسینی بە شکۆی مناڵانی دەرەوەی پەیوەندی نەریتی خێزان و مافی یەکسانی
کرێی ژنان و پیاوان کە کێشەیەکی گەورەی خێزانە کرێکارییەکان بوو ...هتد
لەنێو جەرگەی شەڕی پروسیا (ئەڵمانیای ئێستا) و فەرەنسا، هەژاری کوشندە
و کاری تاقەتپڕوکێنی و دوازدە (١٢) سەعاتی شەش ڕۆژە، نەخوێندەواری و
نەخۆشیـیە بەربڵاوەکاندا، زۆر تایبەتە. ئەمانە شکاندنی ژورەکانی
باستیلی سەرمایەبوون نەک، ڕیفۆرم.
لە زەمانی مانیفێستەوە.
لە ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەلجیکا و
سویسرا، بزوتنەوەیەکی بەهێزی هەمە ڕەهەندی ڕادیکاڵی کرێکاری و
سۆشیالیستی و دیموکراسی شۆڕشگێڕانە پەیدا ببوو دەیەی شەستەکانی ساڵی
کۆمۆنە، دەیەی شکڵگرتنی یەکێتی و سەندیکا و خەباتی نێونەتەوەیی
سوشیالیستی بوو. دەیەی پێکهێنانی دەیان و سەدان کۆڕی خۆڕۆشنبیرکردن و
ڕێکخراوبوونی کرێکاران بوو. لە (١٨٦٦) ئازادی چاپ و کۆبونەوە پەسەندکرا
لەلایەن پۆناپارتەوە، دەیان ڕۆژنامە و سەدان میتنگ سازدەدارن.
ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم (١٨٦٤)، نەقابەکرێیەکارییەکانی بەریتانیا
(١٨٦٦)، حزبی کاری ئەڵمانیا (١٨٦٦)، پەرەگرتنی حزبەکانی سوسیال
دیموکرات شوڕشگێر لە ئەڵمانیا، لەگەڵ پەرەسەندنێکی زۆر خێرایی پیشەسازی
و سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی و کۆبونەوەی دانیشتوان لەشارەگەورەکان.
سەرمایە لەپڕ کەڵەکەیەکی بێوێنە و هەڵتۆقینی گەورە سەرمایەدارەکان و
لەلایەکی ترەوە گەڕەکە هەژارەکان بە بڵاوتر و برسی تر و
خێزانەکرێکارییەکان بۆ بژێوییان دەبوو هەموو کار بکەن. کۆمۆنیزمی
شۆڕشگێر ئیدی بەرەو هەنگاوی کۆمەڵایەتی چینایەتی گەورە دەردەکەوت، ...
لقەکانی ئەنتەرناسیۆنال لەئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا و
ئەمەریکا و ڕوسیا لە گەرمەی تێهەڵچونەکاندا بوون.
هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاری.
ناردنی نوێنەری ئەنتەرناسیۆنال بۆ کۆمۆنە (ئەلیزابیت دیمتری و
هاوڕێێەکی) کە دەیەمین ڕۆژ دەگەن، ئەلیزابیت کە خۆی بەڕەچەڵەک ڕوسیـی
بوو وە بۆ خوێندن هاتبوو بۆ جنێف، لەوێ لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی جنێف
ئاشنایەتی پەیدا دەکات و ئەوانیش بۆ لەندەن بۆ لای مارکس دەینێرن، وە
لەسەر داوای مارکس دەڕوات. هەر چەند تەمەنی ٢٠ ساڵە بەڵام یەکسەر دەست
بە هەڵسوڕانی جددی دەکات و گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوە بەناوی (یەكێتی
ژنان) دروست دەکات. کرێکارانی ئەڵمانیا لەشارەکانی بەرلین، لیپتزیگ،
دیدرسدن، خیمنتز، هامبورگ، هانۆڤەر، برێمن، ئیلبرفێلد، نۆرمبیرگ،
دەستیان بەچالاکی سیاسی و کۆبونەوەیان پشتیوانی بۆ کۆمۆنارەکان کرد. لە
نامەیەکی پیرۆزباییدا سێ (٣) هەزار کرێکاری هانۆڤەر هاوچارەنوسی خۆیان
بۆ کۆمۆنارەکان ناردبوو. (فرێرنارد ئۆگۆست بیبل) هەڵسوڕاوی کرێکاری و
ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و دامەزرێنەری حزبی سۆشیال دیموکرات،
لێبڕاوترین کۆمۆنستی نێونەتەوەیی بوو کە لە دژی سیاسەتی عەسکەرتاریەتی
وڵاتەکەی خەباتی دەکرد داوای وەستانی جەنگی دەکرد کە ئەو دەم لەشکری
ئەڵمانیا، تەوقی پاریسیان دابوو. کرێکارانی بەریتانیا و نەمسا و
بەلجیکاش بەهەمان جۆر. بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکانیان هەموو ڕۆژێک بەوردی
ڕوداوەکانی شۆڕشیان دەگواستەوە.
شۆڕش و ڕیفۆرم و ژنان و کۆمونە.
هەرچەند لەم نوسینەدا،هیچ دەرفەت نیە، ئەزمونی کۆمۆنە شرۆڤە بکەم. چەند
دێرێک زۆر بەپێویست دەزانم کە بینوسم لەپەیوەند بە حکومەتی دیکتاتۆری
پرۆلیتاریای پاریس. کۆمۆنە لە دوازدە (١٢) شوێنی تر دامەزرا لە (لیۆن)
و (مارسیلا) تەمەنیان دوازدە (١٢) ڕۆژ بوو. ببینن بۆرژوازی بە چ
کوشتارێک حکومەتی هەڵبژێردراوی کۆمۆنارەکانی خاپوور کرد. سەد و نەوەد
(١٩٠) هەزار کەس دەنگیان بە کۆمۆنەدا، چل و پێنج (٤٥) هەزار کەس
دەنگیان نەدا. خێزانە بۆرژواکان زووتر شاریان چۆڵکردبوو.
ئەو دەمە کۆماری فەرەنسا لە کێبڕکێیەکی ئیمپریالی گەورەدا بوو لەگەڵ
بەریتانیا و ئەڵمانیا، لە شەڕدا بوو لەگەڵ پروسیا، بەڵام کرێکاران و
سۆشیالیستەکان، خەباتی بنچینەیی خۆیان جێنەهێشت و فریوی کێشمەکێشەکانی
نێو باڵەکانی بۆرژوازیان نەخوارد.
مارکس لەو بارەوە زۆر بەباوەڕەوە دەڵێت، کۆمۆنە حکومەتی فراکسیۆنێکی
بۆرژوازی نەبوو بدرێتە فراکسیۆنێکی تر. کۆمۆنە خۆی حکومەتێک بوو بۆ
تێکشکاندنی ئەم ئامڕازە سەرکوتکەرە شەرمهێنەرە.
هەرچەند دووژنە هەڵسوڕاوی کۆمۆنە خۆیان پێشتر هەڵسوڕاو بوون لەگەڵ چەند
ژنە بۆرژوازییەکی تر بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، بەڵام هیچ
گرنگیـیەکی لە کۆمۆنە نەبوو بۆیان، ئەوان بەشوێن گۆڕینی سیستەمەوە بوون
تەنانەت لە حکومەتی کۆمۆنەشدا، ئەوان هەرچەند بەتالێۆنی خۆشیان هەبوو،
وە دواین کەس بوون کە شکستیان خوارد، ژنان لەو دەمەدا بەتەواوی
دەیانەویست قوچکەیی (هیراکیەتی) چینایەتی و جێندەری هەڵتەکێنن.
مایسی ٢٠٢٥
ماڵپهڕی جهمال
کۆشش
|