١٦\٨\٢٠١٠
خەون و خودا.

هیوا رەش
ئەمشەو خودا بەڵێنى دامێ کە لەمەودوا دادپەروەر بێت ، منیش لە
بەرامبەردا کڕنووشم بۆى برد و بەڵێنم پێ دا ئیتر نوێژى بۆ بکەم .
ڕۆژووم لەسەر نەما ، هێندە دادپەروەریى نواند کەس برسى و کەسیش لەکەس
تێر تر نەبوو ، تەنانەت ئاسکیش یەخسیرى کەڵبەى پڵنگ نەبوو ، چەقەڵ و
مریشک لە دارستانەکاندا پێکەوە گەمەیان دەکرد و مرۆڤیش ببووە گیاخۆر و
گەرابۆوە دۆخى قۆناغى کۆمۆنەى سەرەتایى .
زەکات باوى بەسەر چوو ، ( خوداداماوێک ) نەما چاوى لە دەستى (
خوداپێداوێک ) بێت ، گوناهەکان بوون بە هەڵم و پیویستمان بە حەمامى حەج
و خۆ پاککردنەوە و تۆبە نەما ، شەیتانیش بوو بە برامان و لە ڕەجم و
نەفرەتمان ڕزگارى بوو .
ڕۆژى دوایى ، هیچ گۆڕانکارییەک ڕووى نەدا بوو ، بەدخۆراکیى منداڵەکەى
دراوسێمانى خستبووە گیانەڵا و کێردى ناموسپەرستیى جەستەى بێوەژنەکەى
پشتمانەوەى کەلاکەلا کردبوو ، براکەم توێشویەک نان و تەماتەى
دەپێچایەوە و بەرەو مەیانى کرێکاران دەکەوتە ڕێ ، نان و ئازادیش
خزابووە ئەپارتمانى دەوڵەمەندێکەوە و لەوێشەوە چارەنووسمان دیارى دەکرا
.
لە بڕیارەکەم پەشیمان بوومەوە ، شایەدمانم هێنا بە قسەکەى " ابی در
الغفاری " * کە دەڵێت : پێم سەیرە هەژارێک دەبینم ! منداڵەکەى برسى
دەبێت و شمشێر هەڵناکێشێت و لە ملى دەوڵەمەندى نادات * ، ئەمجارەیان
بڕیارم دا لە ناعەدالەتییەکان یاخى بم و چى تر لە پاداشتى ملکەچیى
چاوەڕوانى زەیى کەس نەبم ، سووتانى ئێرەم بکەم بە قوربانى باغى ئیرەم و
هەوڵ بدەم دۆزەخى ژیان بکەم بە بەهەشتێک بۆ هەمووان ، چەشنى ئەو
بەهەشتە ونەى نەماندیوە و بەرۆکمانى بۆ دائەدڕین .
کێو.
کێو.
کە گەییشتمە لوتکەى کێوى سینەت ، کانیى قەدپاڵى باڵام تەقییەوە .
سێو.
باوکم لەسەر سێوێک لە بەهەشتەوە فڕێیان دایە زەوى ، من بۆ دوو سێو بۆچى
لە زەوییەوە ڕێگەى دۆزەخ نەگرمە بەر ؟ !
لێو.
باوکم بە کارەباى دەووت " عەلەتریک " ، لێوى تۆش چەشنى عەلەتریک هەم
ڕامدەکێشێ و هەم ڕامدەگوشێ .
نێو.
نێوى تۆم لا خۆشە و بۆ نێو جێگەکەت سوێم بۆتەوە ، دەترسم لە نێو ئەم
دوو نێوەدا گوم نێو بم .
خێو.
بە منداڵى باسى خێویان بۆ کردم ، بە پیریى عەشقى تۆ وەکو خێو دەستى
نایە گەردنم ..
مێو.
لە خەونمدا قەدوباڵات وەکو دارى مێو لێم ئاڵا بوو ، کە هەستام
سەرینەکەم لە ژێر سەرمەوە هاتبووە باوەشم .
نور و نار.
هەر ئەو حەزە ئاساییەى یەزدان پێى بەخشیبووین هانى داین زیاتر لێک
بئاڵێین ، تا دەهات ئاگرى ناخمان زیاتر کڵپەى دەستاند ، ئەگەر
لێوەکانمان نەبوایە کە جارجارە بۆ یەکدى هەڵماندەمشت و هەڵماندەکرۆشت
ڕەنگە ببواین بە قەرەبرووت .
لەگەڵ زۆرانبازییە بێئامانەکەمان هەڵاوگێڕ و سەروبنى یەکترمان دەکرد تا
جلەکان لەبەرماندا شیتاڵ شیتاڵ بوون ، وەکو ئادەم و حەوا ڕووت و عوریان
لە بەهەشتى سێکسدا جەستەمان کانى ئاسا ئاوى لێ هەڵدەقوڵا !
لە گەرمەى هانکە هانک و تەکاندا لێمان وەژوور کەوتن ، لە برى ئاو و
ئارەقە ئەمجارەیان لە سەرتاپاى لەشماندا خوێن قەڵبەزەى کرد .
لەوسەر دنیادا ، لەباتى ئەوەى لە یەکدیمان مارە بکەن و دڵى دوو
خۆشەویست بە یەک شاد بکەن ، ئێمەى ( تاوانبار ) ى دیوانى خالق، بە
شایەدى بکوژەکانمان بڕیارى چوونە دۆزەخمان بەسەردا درا ، ئەو هێندە
سووتا بووە پارچەیەک لە ( نور ) و منیش شەیتان ئاسا بوومە تۆپەڵێک گڕ ،
لەوساوە هەر دەگەشێمەوە و دانامرکێمەوە بۆ دیدەنى ئەو .
پێتان سەیر نەبێت کە شەیتان عاشقى خودایە !
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|