|
خه‌یاڵی هاڵاو و پڵاو!
سه‌ردار عه‌بدوڵا
شه‌ڕى ناوخۆ ئه‌وه‌ى پێی ده‌وترا کار؛ لووشی دا، ته‌نیا حه‌ماڵى ده‌ستده‌که‌وه‌ت، ئه‌ویش که سه‌ختى پێشمه‌رگایه‌تى ده‌ورانى شاخ ستوونى پشتى به که‌ڵکى حه‌ماڵى نه‌هیشتبۆوه، ناچار عه‌ره‌بانه‌یه‌ک ده‌کڕێت و ده‌ستده‌کات به میوه‌فرۆشى.
له کاتى هێرشى شاره‌وانى بۆ سه‌ر ده‌ستگێڕه‌کان، عه‌ره‌بانه‌ى میوه‌فرۆشییه‌که‌ی به شۆڤڵ له‌گه‌ڵ زه‌ویدا بۆ ته‌خت ده‌که‌ن. چه‌ندین ڕۆژ گیرفانه‌کانى له ده‌ستى بێکارى به‌ولاوه هیچى تر سه‌رى پیادا ناکه‌ن، لاتى زۆرى بۆ ده‌هێنێت و ناچار بڕیارده‌دا بچێت سه‌ردانێکى مه‌سووله‌که‌ى ده‌ورانى شاخى بکات؛ که ئیستا کاربه‌ده‌ستێکى ده‌ستڕۆشتووه له کابینه تازه پێکهێنراوه‌که‌ى حکومه‌تدا. له ڕیگه‌ى به‌ره‌و ماڵى کۆنه هاوڕێیدا، خوتبه‌ى هاوڕێکه‌ى له گۆییدا ده‌زرنگێته‌وه که له گونده‌کان له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى هه‌ژاران ده‌یدا.
کاتێک، گه‌شته به‌رده‌رکى ماڵه‌که‌ى، سه‌رى سوڕما؛ له‌وه‌ى که‌س له به‌رده‌رگاى ماڵه‌که‌ى بۆ حیمایه نه‌وه‌ستابوو! له به‌ر خۆیه‌وه وتى:
ــ به‌ڕاستى، که‌سێکى له خۆنه‌گۆڕاوه، هه‌ر مه‌سووله و ده‌یان چه‌کدارى له ده‌ورى ماڵه‌که‌ى بۆ حیمایه و شانبادانى خۆى کۆکردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ر به‌ساده‌یى خۆى ماوه‌ته و ده‌سته‌ڵات کارى خراپى تێ نه‌کردووه!
هه‌ربۆیه تا نزیکتر ده‌بێته‌وه هیواى به یارمه‌تیدان و لالێکردنه‌وه‌ى هاوڕیکه‌ى زیاد ده‌کات. چه‌ند وێنه‌یه‌کى خۆى پاش سه‌ردانه سه‌رکه‌وتووه‌که‌ى دێته به‌رچاو: سه‌ره‌تا، له گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌دایه و گیرفانه‌کانى ئاخنراوون له پاره و مه‌سره‌فى چه‌ند مانگێ، پاشان خۆى له‌ودیو مێزه‌وه به جلى جوانه‌وه ده‌بینێت، که دامه‌زرێنراوه و…هتد
ده‌گاته به‌رده‌رگا، به شه‌رمێکه‌وه زه‌نگێک لێده‌دات و به ڕێزێکه‌وه خۆى قیت له پشتى ده‌رگاکه ده‌گرێت، چاوه‌ڕێیه که هاوڕێى دێرینى پێشوازى بۆ ژووره‌وه لێ بکات و له سه‌رو خۆیه‌وه دایبنیشێنێت و گوێ بۆ داواکارییه‌کانى ڕابگرێت.
زه‌نگى یه‌که‌م، هاوڕێى دیرین دیارنابێت!
ــ پێده‌چێت، خه‌ریکى خوێندنه‌وه بێت یان سه‌رگه‌رمى کارى هاوڵاتیان بێت!
دووباره، خۆى بۆ زه‌نگى دووه‌م ئاماده ده‌کات، هه‌ناسه‌یه‌کى قوڵ پڕ به سییه‌کانى هه‌ڵده‌مژێت و قیتتر له جارى یه‌که‌م ڕاده‌وه‌ستێت، ئه‌مجاره‌یان ده‌رگاکه له لایه‌ن ژنێکه‌وه ده‌کرێته‌وه. ئه‌و ژنى هاوڕێکه‌ى ده‌ناسێته‌وه و سڵاوێکى لێ ده‌کات.
ژنى هاوڕێکه‌ى، پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و بێته گۆ، به بێزارییه‌که‌وه پێى ده‌ڵێت:
ــ فه‌رموو برا، ده‌زانم که پێشمه‌رگه‌ى کۆنیت، چیت ده‌وێت؟
ئه‌ویش وشه‌کانى سه‌رزارى به زۆر کۆده‌کاته‌وه، ده‌ڵێت:
ــ براژن، خۆت ده‌زانى که من پێشمه‌رگه‌ى کۆنم، هاتووم تا هاوڕێکه‌م.. لایه‌کم لێبکاته‌وه!
ژنى هاوڕێکه‌ى، هه‌ناسه‌یه‌کى قووڵ هه‌ڵده‌کێشێت و به که‌ساسییه‌که‌وه وه‌ڵام ئه‌داته‌وه:
ــ بۆچى، جه‌نابى ئه‌و و مه‌سووله‌کانى له چه‌شنى ئه‌و؛ له ژنه کۆنه‌کانیان ده‌پرسنه‌وه تا له پێشمه‌رگه کۆنه‌کانی هاوڕێیان بپرسنه‌وه؟! ئه‌و به‌زه‌یى به خۆى و ئه‌وى ژن به‌سه‌رهینراو دێته‌وه. ده‌مى ده‌ستده‌کات به ته‌ته‌ڵه‌کردن، قسه‌کانى زیاتر له وڕێنه ده‌چوون، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ى، دواى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کى قورس به‌نج به‌ریدابێت.
ملى ڕیگه به پێچه‌وانه‌ى ئاراسته‌وه ده‌گرێت و وێنه و سیماى حه‌مباڵى خۆى به درێژایى ڕیگه‌که له چاوان ون نابێت!
دواى قه‌رز و قۆله، عه‌ره‌بانه‌یه‌کى تر ده‌کرێت، له کاتى کێشانه و مامه‌ڵه‌کردندا، هه‌میشه موشته‌رییه‌کانى ده‌دوان و پێى ده‌وتن:
ــ دنیا دنیاى مۆدێله، ڕاکاڵ باوى نه‌ما، سه‌ره‌ى مۆبایله!
|