په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خەیاڵپڵاویى کڵاوى کردە سەری ئیسلامییەکان.
- هاوپەیمانێتییەکى هەڵە -


شیکاریی:ئاسۆ عوسمان


* دەبێت ئیسلامییەکان خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بکەن بەموجامەلەیەکى تاڵەبانى حەمەی حاجی مەحموود دەچێتەوە سەر خوانەکەى دەسەڵات، بۆ حزبی زەحمەتکێشانیش دەبێـت چاوەڕێ بین
* پەسەندکردنى رەشنووسى دەستوور، زیانێکى گورچکبڕى لە ئیسلامییەکان دا بەشێوەیەک زۆر خەڵکى پەشیمان کردەوە لەپشتیوانیى لیستى چاکسازیى
* لاوازیى راگەیاندنى یەکگرتوو وکومەڵ لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا، هۆیەکى گرنگى شکستى ئیسلامییەکان بووە.


ئاشکراکردنى دەرەنجامى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى کوردستان یەکگرتوى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى، تووشی شۆکێکى گەورەى کردو لەبەرامبەریشدا هەردوو حزبى عەلمانى: سۆسیالیست و زەحمەتکێشانی زۆر خۆشحاڵکردو خۆیان بەسەرکەوتوو بینییەوە. ئەگەر لەشەرمى ئەو دوو حزبە ئیسلامییە نەبووایە تائێستاش کەناڵى جەماوەر، کە زمانحاڵى حزبى سۆسیالیستە دەستى لەدەهوڵ و زوڕناى سەرکەوتن هەڵنەگرتبوو. وەک چاودێرانى سیاسیى باسى دەکەن کە دوو حزبە عەلمانییەکەى هاوپەیمانى ئەم دوو هێزە ئیسلامییە هێندە لاوازببوون، ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە نەبوایە ئێستاکە کۆتایى بەژیانى ساسییان دەهات. هەڵەى ستراتیژیى وگەورەى ئیسلامییەکان ئەوەبوو کە پێیانوابوو خەڵکى ناڕازى لەپارتى و یەکێـتى دەنگ بەئیسلامییەکان نادەن بۆیە پەنایان بردە بەر ئەو دوو حزبە عەلمانییە زۆر لاوازە، بەو ئومێدەى ئەم هاوپەیمانێتییە ببێتە دەوارێک بۆ پاراستنیان لەڕەشەباى راگەیاندنى یەکیـَتى و پارتى و لەو رێگایەشەوە دەنگى ناڕازى جەماوەر بەدەستبهێنن.


ئەگەر درووستکردنى ئەو هاوپەیمانێتییە بۆسۆسیالیست و زەحمەتکێشان زیرەکی ئەوانی نیشاندابێـت و توانییبێتیان لەو رێگایەوە تاچوار ساڵی تر بەشداربن لەکایە سیاسییەکاندا ئەوا تەواو بەپێچەوانەشەوە ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەر دوو هێزە ئیسلامییەکە شکستێکى گەورەى پێوە بوو هەروەک کەمیى لێهاتوویى سیاسیى سەرکردایەتى ئەم حزبانەشى پیشانداین.


خەیاڵپڵاویى ئیسلامییەکان.


سەرکردایەتى کۆمەڵ و یەکگرتوو پێیانوابوو ئەوان لەڕێگاى هاوپەیمانێتییەوە تەواوى دەنگى عەلمانییە ناڕازییەکان بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن، بێئاگا لەوەى کە ئەوان لەگەڵ دوو حزبى عەلمانیدا لیستى هاوبەشیان دروستکردووە کە زۆر لاوازن، لەگەڵ ئەوانەشدا حزبێکى وەک سۆسیالیست لەنێو شەقامى کوردییدا بەحزبە خێڵەکییەکە ناسراوە، بەهیچ شێوەیەک جێگاى رەزامەندیى توێژى گەنجانى کورد نییە کە ئێستا لەیەکێتـى و پارتى تووڕەن!. بەڵکو بەپێچەوانەشەوە تا ئێستاشى لەسەر بێت خەڵکى پارتى و یەکێتییان پێ پەسەندترە لەحزبەکەى کاکە حەمە، خەڵکى هەرێم بەجەماوەرى ئیسلامییەکانیشەوە ئەو راستییەیان دەزانى کاکە حەمە سکرتێرى سۆسیالیستە، ئەندامى پەرلەمانیشەو وەزیرى هەرێمیشە، لەهەمان کاتیشدا لەریزبەندى پەرلەمانتارەکانى لیستى خزمەتگوزاریى و چاکسازیى هەردوو ئەندام پەرلەمانەکەى ئەم حزبە لەسەر بنەماى خێڵەکیى دانراون، ئەندام پەرلەمانى یەکەمیان براى کاکە حەمە خۆیەتى و ئەویتریان کچى ئەندامێکى مەکتەبى سیاسییانە.


ئیسلامییەکان بەتەنیا دەمێننەوە.


یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیی هەمیشە وەک دوو هێزى زۆر شەرمن زۆر قەرزاربار سیاسەتیان لەگەڵ یەکێتى و پارتى کردووە، ئەم ترس و شەرمە تا ئاستێک رۆشتووە کە ئەندامانى ئەم دوو حزبە هەست بەترس و دڵەڕاوکێ بکەن ئەو سیاسەتە گەیاندوونییە ئەو بڕوایەى باسى گرتنە دەستى دەسەڵات بۆ ئەوان هێڵى سوور بێت. هەر لەبەرئەمەش بوو لیستى چوار حزبەکە پێکهات چوون ئیسلامییەکان نەیاندەتوانى بەتەنیا رووبەڕووى دەسەڵات ببنەوە ئەگەر لەسەرەتاى دروستکردنى ئەم هاوپەیمانێتییەدا زەحمەتکێشان باجی دابێت، ئەوا دەرنجامەکەى بۆ ئەو حزبە دڵخۆشکەرەو قەرەبووى ئەو زیانەى بۆ دەکاتەوە.


پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سۆسیالیست و زەحمەتکێشان ئامادەن لەم تەنگانەیەدا ئیسلامییەکان بەجێنەهێڵن؟، من لەوە دڵنیام سۆسیالیست هەر زوو باى باى خۆی دەکات و لەئێستادا چاوەڕوانى خێرو بەرەکەتى دەسەڵاتە، دەبێت ئیسلامییەکان خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بکەن کە بەموجامەلەیەکى تاڵەبانى کاکە حەمە دەچێتەوە سەر خوانەکەى دەسەڵات، بۆ حزبی زەحمەتکێشانیش دەبێـت چاوەڕێ بین، بزانین کێشە نێوخۆییەکانى ئەو حزبە بەکوێدەگات؟. دڵنیام بەلایەکداکەوتنى ئەو کێشەیە داهاتووى قادر عەزیز لەگەڵ ئیسلامییەکان دیارى دەکات! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت خەونى ئیسلامییەکان بۆ بەدەستهێنانى دەنگە ناڕازییەکانى پارتى و یەکێـتى بەهۆى ئەو هاوپەیمانێتییەوە لەخەیاڵپڵاویى زیاتر هیچى تر نەبووە، جارێکی تر دەچنەوە نێو ئەو بازنەیەى کە دەمێکە دەیانەوێت لێى بێنە دەرەوە.


بۆچى لیستى گۆڕان پێشبڕکێکەى بردەوە؟


هەر لەسەرەتاى دەستپێکردنى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان پێشبڕکێکە لەنێوان لیستى کوردستانى ولیستى گۆڕان ولیستى خزمەتگوزاریى وچاکسازییدا بوو، لەگەڵ ئەوەى لیستى چوار حزبەکە ئەوەیان چەندین جار دووپات دەکردەوە، کێبڕکێکە لەنێوان ئەوان و لیستى کوردستانییە، بەڵام بەپێچەوانەوە جمووجوڵەکانى شەقامى کوردیى ئەوەى پیشان دەداین لیستى گۆڕان تەنیا ئەوە کە کێبڕکێ دەکات لەگەڵ دەسەڵاتدا. من نازانم لیستى چاکسازیى بەچ بەڵگەو داتایەک ئەو قسانەیان دەکرد؟، بەڵام لەخۆڕازیبوون و دڵنیابوون لەلایەن سەرکردایەتى ئەم حزبانەوە جێگاى پرسیارە!، سەرکردەکانى ئەم لیستە پێیانوابوو هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن بەهاتوهاوار ناکرێـت و گۆڕان بەو هاتوهاوارە ناتوانێت دەنگە ناڕازییەکان بۆ خۆى بباتەوە، لەکاتێکدا گۆڕان، زۆر زیرەکانە کارى لەسەر خاڵە لاوازەکانى دەسەڵات دەکرد و توانی راى گشتى زوو بخرۆشێنێت.


بانگەشەى لیستى چاکسازیى لەزۆر کاتدا خزمەتى بەڕکابەرەکانى دەکرد، بەتایبەتیش لیستى کوردستانى کە زۆر خۆشحاڵ بوون بەلاوازیى بانگەشەى لیستى خزمەتگوزاریى و چاکسازیى، بۆ نموونە دەیانگووت: ئێمە ناڵێین هیچ نەکراوە بەڵام دەبێت زۆرتر بکرێت. لەبەرامبەردا لیستى گۆڕان لێبڕاوەنە هەڵمەتى دژى دەسەڵات دەبردو ئەو ترسەشى لەشەقامى کوردییدا شکاند کە پێشتر لەبەرامبەر پارتى و یەکێتى هەبوو. هەڵمەتى هەڵبژاردنى لستى گۆڕان نەک هەر ناڕازییەکانى دەسەڵاتى سەرسام کردو دەنگیان پیێدا، بەڵکو دەنگى سوودمەندەکانى دەسەڵاتیشى بۆ خۆى برد هەروەکو ئێستاش دانیپێدادەنرێت کە دەنگەکانى چاکسازیش بەشێکیان بۆلیستى گۆڕان رۆشتووەو دەنگیان بەو لیستە داوە.


دەرکەوتنى توندڕەوەکان.


ئەگەرچى ئێستا بزووتنەوەى ئیسلامى خەریکى شایى و لۆغانە و مەستى ئەو سەرکەوتنە رێژەییەیە کە بەدەستى هێناوە، بەڵام چاودێرانى سیاسیى پێیانوایە تامی ئەو سەرکەوتنانە زۆر درێژە ناکێشێت و لەهەڵبژاردنەکانى چەند مانگى داهاتوودا رێژەى راست و دروستى خۆیان دەزانن، دەشگەنە ئەو باوەڕەى ئەو دەنگانە دەنگى خۆیان نەبووە، ئەمەش دەکەوێـتەوە سەر هەوڵى ئەو دوو حزبە ئیسلامییە: یەکگرتوو، کۆمەڵ، کە خاڵە لاوازەکانیان دەستنیشان بکەن و چارەسەرێکى گونجاویان بۆ بدۆزنەوە. بۆ ئەوەى لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى عێراقدا قەرەبووى ئەو شکستە بکەنەوە کە لە25-7 تۆماریان کرد و ئەو دەنگدەرە تۆراوانە بگێڕننەوە کە لەدژى هاوپەیمانێتى لەگەڵ عەلمانییەکان دەنگیان بەبزووتنەوە دابوو.


کادرێکى باڵاى یەکگرتووى ئیسلامى پێیوایە: لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا بزووتنەوەى ئیسلامى وسۆسیالیست و زەحمەتکێشان ناتوانن سەربکەون و ئەگەر دەنگى هەرسێکیشیان کۆبکەیتەوە یەکسان نابێت بەرێژەى یاسایى بۆ بەدەستهێنانى کورسییەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى. ئێستا مشتومڕو جەدەلێکى بێسود لەنێو رێکخستن و کادرەکانى ئەم دوو حزبەدا هەیەو جارجاریش ئەم شەڕە دێتە سەر رووپەڕى رۆژنامەکان، ئیسلامییەکان لەناو رێکخستنەکانیان نەیانتوانیوە خاڵە لاوازەکانى ئەو شکستە دەستنیشان بکەن، ئەوەى دەیبینن تووڕەبوون و هەڵچوونێکى دەروونییە، پێیانوایە لەبەرئەنجامى ئەو هاوپەیمانێتیەى لەگەڵ عەلمانییەکاندا بەستوویانە نەک جەماوەرى ئیسلامى بەڵکو خوداشیان لەخۆیان رەنجاندووە و ئەو دەستەواژانەى کە ئێستا لەلایەن نووسەرانى ئەم حزبە ئیسلامییانەوە دەردەپەڕێنرێت: کە دەڵێن نزیکبوونەوە لەهێزە عەلمانییەکان ئەگەر لەپێناوى بەرژەوەندیى باڵاو گشتیش بێت یەکسانە بەدوورکەوتنەوە لەشەرع و بنەما دینییەکان.


بەئاشکرا دەنگێک دێتە بەرگوێ کە دژى پێکەوە ژیانن و ئەگەر ئەو دەنگانە نزیکببنەوە لەدەسەڵات یان بەهێز ببن کومەڵگاى کوردیى بەرەو قەیرانێکى کۆمەڵایەتى و سیاسیى گەورە دەبرێت. کادرێکى باڵاى کۆمەڵى ئیسلامى ئەو راستییەى سەرەوە ناشارێتەوە کە ئەوان خەڵکانێکیان تێدایە توندڕەون لەپەیڕەوکردنى بنەما شەرعییەکاندا، بەڵام ئەو پێیوایە ئەو دەنگانە لەبارودۆخی ئێستادا جەماوەرى ئیسلامى گوێیان لێناگرێت، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە لەبار بێت دەتوانن بێنە پێشەوەو لەئاستى سەرکردایەتی ومەکتەبی سیاسیش خەڵک هەیە پشتیوانیان لێدەکات، بەڵام سەرکردایەتى کۆمەڵ پێیوانییە هۆکارى شکستەکە ئەوەبێت کە لەگەڵ عەلمانییەکاندا هاوپەیمانن بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ئێمە لەگەڵ دوولایەن هاوپەیمانیمان کرد، بەهەردوو لایان لە دەهەزار دەنگ زیاتر دەنگیان نەدەهێنا، خۆ ئەگەر ئێمە لەگەڵ لیستى گۆڕاندا هاوپەیمانیمان بکردایە ئێستا کەس رەخنەى لەو هاوپەیمانییە نەدەگرت و بەناشەرعى نەدەزانى.


خاڵە لاوازەکان.


فەزاى هەڵبژاردنەکانى ئەمجارە بەشاهیدى هەموو لایەک باشترو رەخساو تر بوو لەهەڵبژاردنى پێشوو "2005" سەرنەکەوتنى ئیسلامییەکان و نەهێنانەوەى دەنگەکانى هەڵبژاردنى پێشوویان لەهەڵبژاردنێک کە لێوانلێو بوو لەکێبرکێکردن، سەرى سەوڕمانن و دەیانەوێت بەزوویى هۆکارەکانى ئەو شکستە تێپەڕێنن. بەڕاى چاودێران شکستى ئەمجارەى ئیسلامییەکان زیاد لەهۆکارێکى هەیە، سەرەکیترین خاڵە لاوازەکانیان بریتییە لە:


1-بەشداربوونى ئەم دوو حزبە لەکابینەى پێشووى حکومەتى هەرێم کەگەورەترین هەڵە بوو ئیسلامییەکان کردیان. ئەوان باش دەیانزانى بەشدارپێکردنیان شکڵییەو ئەو رۆڵەیان پێنادرێت کە خۆیان دەیانەوێت، دەشیانزانىحکومەتەکە حکومەتێکى یەکگرتووى کارا نییەو حکومەتى پارتى ویەکێتییە. هەریەکەیان وەزارەتى دارایى و وەزارەتى پێشمەرگەو وەزارەتى ناوخۆى خۆى هەیە، بەشداریکردن لەحکومەتێکى لەمجۆرە نەک هەڵە بەڵکو لاى بەشێک لەئیسلامییەکان وەک گوناحێکى گەورە سەیر دەکرا.


2-هاوپەیمانیکردن لەگەڵ دوو هێزى لاوازى عەلمانى کەخاوەنى پێگەیەکى بەهێزى جەماوەریی نین نەک دەنگیان بۆ ئیسلامییەکان زیاد نەکرد بەڵکو دەنگى ئەوانیشیان بۆ خۆیان برد.


3-سیاسەتى چوار ساڵى پێشوى ئیسلامییەکان جێگاى نیگەرانى ئەندامان و کادرانى ئەو دوو حزبە بوو، نەرمی نواندنى هەمیشەیى لەبەرامبەر دەسەڵاتداو شەرمنى سیاسیى و هەڵوێستى لاوازى پەرلەمانتارەکانیان، هۆکارێکى گرنگ بوو بۆ ساردبوونەوەى ئەندامان و جەماوەرى ئەم دوو حزبە. رووداوەکەى ساڵى دوو هەزارو پێنج و بێدەنگى یەکگرتوو لەئاستى ئەو تاوانەى کە پارتى بەرامبەریان کردی. هەمیشە ئەو پرسیارەى دەهێنایە کایەوە کە ئەو حزبە تواناى داکۆکیکردن لەخۆشی نییە.


4-نە ئۆپۆزیسیۆنێکى کارا، نەبەشداریى بەهێز لەدەسەڵاتدا. هەمیشە لایەنگران و ئەندامانى ئەم دوو هێزە نەیانزانیووە ئۆپۆزیسیۆنن یان دەسەڵات؟ نە توانیوویانە رەخنەى جیددی و کاریگەر لەدەسەڵات بگرن و هیچ کاتێکیش نەیانتوانیوە پشتیوانى پڕۆژەکانى حکومەتى پارتى و یەکێـتى بکەن، هەمیشەش لەژوورە تاریکەکان لەگەڵ پارتى و یەکێـتى رێککەوتوون و ئەگەر رەخنەشیان هەبووبێت ئەوا لەژێر لێوەوە پێیان راگەیاندوون.


5-لاوازترین هەڵمەتى هەڵبژاردنیان هەبوو. گومانی تێدا نییە هەڵمەتەکانى هەڵبژاردنى لیستى کوردستانى و لیستى گۆڕان گەرم وگوڕ بوون، تا ئاستێک هاوشان دەبووەوە لەئاستى هەڵمەتى هەڵبژاردنى وڵاتە پێشکەوتووەکان. ئەوەى جێگاى تیبَبینى بوو لیستى خزمەتگوزاریى و چاکسازیى بەپێچەوانەوە، لاوازترین هەڵمەتى بەڕێکرد، لیستى خزمەتگوزاریى و چاکسازیى نزیکەى 18 کورسیان لەپەڕلەمانى پێشو هەبوو لەحکومەتییش بوون، دەیانتوانى دەیان خاڵى لاوازى یەکێتى و پارتى دەستنیشان بکەن و هێرشیان بکەنە سەر، بەڵام ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن، جەماوەریش هەڵمەتى لاوازى وا شرۆڤە کرد کە ئیسلامییەکان ناوێرن راستییەکان بڵێن و موجامەلەى پارتى و یەکێتی دەکەن.


6-پەسەندکردنى رەشنووسى دەستوور، زیانێکى گورچکبڕى لە ئیسلامییەکان دا ئەوکاتەى TVکانى دەسەڵات لێدوانەکانى محەمەد حەکیمى پەخشکرد و ناوبراو رایگەیاند ئەوان لەگەڵ دەستوورن و داواکانى ئەوان جێبەجێ کراوە وەک ئیسلامییەکان ئیتر کێشەیان نییە، خەڵکى عەلمانى زۆر تووڕە کردو بەشێوەیەک کە زۆر خەڵکى پەشیمان کردەوە لەپشتیوانیى لیستى چاکسازیى.


7 -سەرکردایەتییەکى شل وشێواو سەرچاوەى ئەو گرفتانە بوون کە لەسەروە باسمان کردن. ئەگەر سەیرێکى تێپەڕاندنى دەستوور بکەین دەبینین چۆن کڵاو کرایە سەر ئیسلامییەکان، پێویستبوو سەرکردایەتى ئەو دوو حزبە ئەو راستییە بزان کە چەندین دەق و ماددەى ئەو دەستوورە ناتەبایە لەگەڵ دەستوورى هەمیشەیى عێراق. خۆ ئەگەر لەراپرسیشدا پەسەند بکرێت لەبەر ناکۆکبوونى لەگەڵ دەستوورى هەمیشەیى عێراق، ئۆتۆماتیکى ئەو دەستوورە هەڵدەوشێنرێتەوە لەلایەن دادگاى دەستورییەوە، بەڵام ئیسلامییەکان لەوە تێنەگەیشتن و لەو کاتەدا چەندین هەڵەیان بەسەردا تێپەڕى کە بەم رۆژەى گەیاندن.


8-لاوازیى راگەیاندنى یەکگرتوو وکومەڵ لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا، هۆیەکى گرنگى شکستى ئیسلامییەکانە، ئەگەر کەناڵى پەیامی ئاسمانى لێ دەربکەین کە ماوەیەکى کەمە پەخشى خۆى دەستپێکردووەو زمانحاڵی کۆمەڵى ئیسلامییە کەتاڕاددەیەک کەناڵێکى سەرکەوتووترە بەڕێژەیەکى باش، لەچاو کەناڵەکانی ترى ئەو دوو حزبە. جگە لەو کەناڵە تێکڕاى راگەیاندنى ئەو دوو حزبە بەنوسراو و بەبینراو و بەخوێنراوەوە زۆر لاوازبوو، تەنیا بۆ ئیسلامییەکان خۆیان پەخش دەکرێت، ئەم کەناڵانە ئەوەندەى خەریکن بەبڕوانامەى لاوازى دینى هێندە نایەنە سەر کێشەو گرفتەکانى خەڵک. ئەگەر کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان بەنموونە وەربگرین دەمانبینى کەناڵى KNN کەسەر بەکۆمپانیاى وشەیە دەچێت دیمانە لەگەڵ ئەو خێزانانە دەکات کە سەر بەحزبە ئیسلامییەکانن وکەسێکى خانەوادەکەیان لەلایەن پاڤێلى کوڕى تاڵەبانى یان دەزگا نهێنییەکانى ئەو حزبەوە بێسەرو شوێنکراوە ئەو بابەتە هەستیارە دەوروژێنن و دەیکەنە خاڵى لاوازى دەسەڵات. بەڵام لیستى خزمەتگوزاریى و چاکسازیى بەدەیان کەناڵى راگەیاندن نەیانتوانی سەرنجى دەنگدەر بەلاى خۆیاندا رابکێشن سەرکەوتوش نەبوون لەدەستنیشانکردنى خاڵە لاوازەکانى لیستى کوردستانى.

 


Lawa_0@hotmail.com