١٩\١٢\٢٠١٣
خەزانی خۆزگەکان.

نارین محەمەدی
خۆزگە به با
که بێ نەتەوەتر له خۆی
بارانه باران
خۆزگە به بەفر
خۆزگە بە ئاگر
خۆزگە به بێ وەزنیی
تەرزەکانی کوردستان
خۆزگە به تۆیش
که بێ مێژووتر له بای
بەڵام،
نه خۆزگە به خەزەلوەرانی
هاتنەکان و رۆشتنەکانت
وا دڵی منی داتەکاند.
نه خۆزگە به من و تەرزە
ئاگرینەکانی
زستانی وشەکانت له
خەزەلوەرانی هاتنەکانی من
بۆ باشووری
بیرەوەرییەکانی تۆ!
نه خۆزگە به دەنکە دەنکە فرمێسکەکانی من
وا رژانه نێو مێژووی
منداڵییەوە
نه خۆزگەش به
سەرقاڵیییەکانم
وا له خەزانی تەنیاییمدا
بوو!
خۆزگەکان و نەهاتنەکانت
رۆژانێکە، میوانی
دەفتەرەکانی منن و
کارەساتی رۆشتنەکانی تۆ
و مانەوەکانی من
له قەڵای پڕ سنووری
چاوەڕوانیی، دەڕەخسێنن
رۆژی سەت جار،
رۆژی هەزار جار،
ئاخ له وشه
له وشەی خۆزگە وا پشتمان
پێوە بەسترا و
باپیرانمان رۆژی
هەزار جار دێنێتە
بەر چاومان!
ئاخ!
له مێژووی منداڵییە
پڕ تەمەنەکەی ئێمە
و
حکومەتی نووحەکان!
ئەی دوورترین تامەزرۆیی
هەزار خۆزگە به
خۆزگەکانی تۆ
وا له وڵاتی بێ
خۆڵەمێشییدا دەگوترێ و
ئاخەکانی من له وڵاتی
گوڵدا!
خۆزگە دەهاتی و کۆتاییت
دەهێنا بە چاوەڕوانییەکانی من
لەم مێژووە بێ دەرفەتەدا
بێ با
بێ باران
بێ تەرزە و
بێ وشه عاشقەکانی
پایزانی تۆ
لەم مێژووە پڕ سنوورەدا!
١٠\٤\٢٠٠٧
ماڵپەڕی نارین محەمەدی
|