٢٣\٧\٢٠١٠
غەزاى
کوشتنى تاریکى.

کهژاڵ ئیبراهیم
خدر
وەرن بۆ غەزاى
کوشتنى تاریکى...
وەرن بۆ کۆکردنەوەى وردە تەرمى یەڵدا،
ئێمە لەوێوە هاتوینەوە،
لەو شوێنەى لەناو کتێب و فەرمودەکانى "نور"دا،
روناکى حەڵاڵ و
تاریکى حەرامە.....
لەو شوێنەى لەناو بیرەوەرى مانگدا،
شەڕى تار، شەڕێکى ئەزەلییە...
وەرن بۆ غەزاى کوشتنى تاریکى..
ئەوەى بێت ...
حەفتاو چوار ئەستێرە و کەنیزەیەک و
سەدان چراى باڵا ژن ،
حەفتاو چوار مانگى کەلەپچە و
سەدان مۆمە کچى بەرز بەژن ،
بەدیارى بۆ خۆتان دەبەنەوە.....
وەرن بۆ غەزاى کوشتنى تاریکى،
ئەگەر بێن لەگەڵ کوشتنى هەر بستێک لە تاریکى
فرسەخێک لە جەهل دەمرێت،
وەرن با تاریکى بکوژین،
وەرن با شەو لە کات و
کات لە تاریکى و
یەڵدا لە پایز و
پایزییش لە مێژوو ببڕینەوە،
وەرن با شەو بەو هەموو ئەفسانە درۆزنە و
بەو هەموو حیکایەتە چەپەڵەوە سەرەنگون بکەین....
وەرن با غەزاى کوشتنى تاریکى جاڕبدەین
چونکە بەهەشتى روناکى بۆ ئێمەیە.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|