په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خۆشەویستى تاک لایەنە....خەمە گەورەکەى کچان.


پەیام عەبدوڵا  


بەپێویستى ناوانم لێرەدا باس لە خۆشەویستى بکەم، بەڵکوئەمەوێت باس لەلایەنێک، یان باشتر وایە بێژم جۆرێک لە خۆشەویسى ئەکەم کە نەمبیستووەقسەى لەسەر بکرێت وقسەلەسەر کردنیشی بەئەرک دەزانم ناویشی لێ ئەنێم (خۆشەویستى تاک لایەنە)، ئەم خۆشەویستییە ڕەنگە تائێستا بەوجۆرە بووبێت کە کوڕێک کچێیکى خۆشدەوێیت یان بە پێچەوانەوە کەچى وەڵامى ئیجابى (ئەرێنى) لە لایەنى بەرامبەر وەرناگرێ و سووریشە لەسەر خۆشویستنى بەرامبەرەکەى چونکە بەڕاى من خۆشەویستى هەستێکە لە دەرەوەى تواناى مرۆڤە کە بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، بەڵام ئەوەى مەبەستمە تیشکى بخەمە سەر ئەو جۆرە خۆشەویستییە تاک لایەنەیە کە تەنها کچان باجەکەى دەدەن ئەویش بە توش بوون بە گۆشەگیرى و خەمۆکى و گرانى بارى دەروونى، هەڵبەتە ئەبێ ئەوەش بزانین کە هۆکارى هەموو ئەم کێشانە نەریتە دواکەوتووەکانى کۆمەڵگەى خۆمانە کەگەنجانى پێ گۆشکراوە.


زیاتر ڕوونى بکەینەوە، هەموومان ئەزانین کاتێک کوڕێ کچێکى بەرچاوئەکەوێت یان بەرچاوى کەوتووەو ئەیناسێ و هاوڕێیەتى و یان خزمێتى و دواتر خۆشەویستى ئەوکچە لەدڵیا ڕەگ ئەکوتێ تەنانەت ڕەنگە هەر ئەو کاتەش کەیەکەم جار دڵی بۆى لێ دەدات پێی ئاساییەو داواى پەیوەندى لێ دەکات، بەڵام بۆ کچان ئەم هەنگاوە تەواو پێچەوانەو زۆریش بفەیە، چونکە زۆر دەگمەنە کچێک بتوانێت بێگوێدانە نەریتە باوەکانى کۆمەڵگا دیوارە سنووربەندەکان بشکێنێ و ئەو هەستەى کە بەرامبەر بە کوڕێک هەیەتى ڕاشکاوانە پێى بگەیەنێت، ئەگەر ئەمەش هەبێت حاڵەتەو بڕواش ناکەم بەم زەمەنە ببێت بە دیاردە بە پێچەوانەى کوڕانەوە کە دیاردەیەکى تەواو باویشە، گومان لەوەدانییە کە لە ڕووى سایکۆلۆژییەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان نێرو مێ دا نییە، واتە هەردوولا خاوەنى یەک هەستن، بەڵام فەراهەم بوونى ئازادى تاک لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا بە پێوەرى 180پلەیە، چونکە کوڕان زۆریان لەسەر ناکەوێت کاتێ داواى پەیوەندى خۆشەویستى یان پرۆسەى هاوسەرى لە کچێک دەکەن، ئەگەر بەرامبەریان ڕازى بێت یان زۆر کێشەیان نابێت هەڵبەت مەبەستم لە ڕووى کەسایەتییەوەیە، بەڵام مەگەر بەدەگمەن لەناوئەو دەگمەنانەش کە باسم کرد هەبێت کچێک ڕازەکانى بۆ دڵخوازەکەى هەڵڕشتبێت ئەو کچە بەچاوێکى تر سەیر نەکرابێت، خۆ ئەگەر داواکەشى بێ بەر بووبێت ئەوە دەروونى بە تەواوى دەڕووخێت و ئەگەر بەرامبەرەکەشى (وەک هەموومان ئەزانین کە بوونى هەیە) بۆ گەورەکردنى کەسایەتى خۆى لەسەر حیسابى ئەو باسى لە ڕەفز کردنى کرد ئەوکات دەبێتە کەشێکى خەمۆک وگۆشەگیر و بێزار لە کۆڕو کۆمەڵ و خاوەن کەسایەتى دەروون ڕووخاوو ژیانى لە بارێکى دەروونى سەختدا ئەبێت، هەڵبەتە ئەمەش لە خۆڕا نابێت و وەک وتمان بۆ ئەو نەریتانە دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵگا بەسەریدا فەرز کردووین ولێهەڵتانى ئاسان نییە، کلتوورگەلێک کە ئەگەر دەرکەوت ئەو کچە داواى دەربڕینى هەستەکانى خۆى بۆ کوڕێک کردووەو ئەویش گوێ لێنەگرتووە یان بەهەر بیانوویەک ڕەفزى کردووە، ئەبێ بە کچێکى سەرەڕۆو سووک "هەرچەندە لەگەڵ بەکارهێنانى ئەم وشەیەش نیم"و دواتر بە چاوێکى ترەوە سەیر دەکرێت و نکوڵیش ناکرێت کە کەسانێک بەو چۆرە هەوڵە لە کارخراوانە بزانن لێی نزیک نابنەوە، واتە لێرەدا درزێک لە دیوارى کەسایەتى ئەو کچەدا دروست دەبێت و کەسایەتى ئەو لە نێو هاوڕێکانیدا بەکامڵتر نازانرێت (هەڵبەتە ئەمە تەنها لە ناخى کچەکە خۆیدا وایە ئەگەرنا ئەو هەستە بەو شێوەى ناخى ئەو نییە ئەگەر بێینە سەر واقیع) خۆ ئەگەر هەوڵێکى لەو شێوەى کچێک لەزارى ناکەس بەچەیەکەوە بە گوێی کەسوکارى بگاتەوە ئەوە ئەنجامەکەى ئەو کارەساتانە دەبێت کە ڕۆژانە لە هەواڵى ڕۆژنامەکان و ماڵپەڕەکانەوە بەرچاومان دەکەوێت، کەوابوو هۆکارەکانى ئەم نەریتە دواکەوتووە، کلتوورە فەرزکراوەکانى کۆمەڵگەیە کە گەرەکانى پێ گۆشکراوەو ئێمەش بەهەمان نەریت گۆش دەکرێین.


من لێرەدا ئەمەوێت ئەوە بێژم کە دەکرێ ئیتر کچان ئەو سنوورانە ببەزێنن وبێنە دەرەوەولە ڕەگەزى بەرامبەر بگەیەنن کە بۆ ئەوانیش ئاساییە مومارەسەى خۆشەویستى بکەن وڕازەکانیان بە بەرامبەر بگەیەنن، دەکرێ ئەو هێزە بدەنە بەرخۆیان و لە برى توانج گرتن لە خۆیان کە مەبەستم ڕٍەگەزى مێینەیە لە نێوان خۆیاندا، هانى یەکتر بدەن بۆشکاندنى دیوارەکان و کردنەوەى ڕێگاى نوێ ئەگەریش قورس بوو بۆیان دەکرێت لەڕێگەى کەسى سێیەمە هەستەکانن بگەیەنن، چونکە ناکرێت ئێمەى کچان بۆ هەتایە هەتایە تەنها بۆڕازى کردنى دڵى کۆمەڵگە بژین و خەزەکانى خۆشمان لە ژێر پێلاوەکانى گۆمەڵگە بێین.