په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٠\٢٠١١

 خێرا بکەن حکوومەت زمانان دابەش دەکات!


موحسین جوامێر   


لە بەرنامەیەکدا بەناوی (زریکەی زوین ـ زمان) لە کەناڵی کۆمەڵەدا، بەزمانی لوڕی و فەیلی باسی زوانی کوردی دەکرا، پێشکەشکاری بەرنامەکە نەمزانی کێ بوو، نێونێوە ئاماژەی بە کونفراسەکەی مانگی پێشووی وەزارەتی ڕۆشنبیریی لەمەڕ زمانی زانستیی کوردی گرێ درابوو، دەکرد، پێ دەچوو زەوق و گوڕاحی یارۆ لە تۆقەڵەی خۆشیدا بوو. هاوکات هاوهەڵوێستم بەڕێز سوداد ڕەسوول، سەرنجێکی لەبارەی کۆنفرانسی تایینەوە بۆ ناردم، ڕستەیەکی تێدا نووسیبوو مگێزی نووسینی لا پەیدا کردم و وایکرد تەنانەت سەردێڕی ئەم وتارەشم لێیەوە هەڵێنجم، ئەویش کاتێ دەیگوت ( ئەوە حکوومەتی کوردییە زمانی کوردی ناوێ، ئەوە حکوومەتی کوردییە نەتەوەی کورد لەڕێی زمانەوە دابەش دەکات).


کاتێ سەرۆکی هەرێم سەردانی دەڤەری سۆرانی کرد، لە دوا قسەکانیدا باسی لە زمانی یەکگرتووی کوردی کرد و گوتی ( زمانی یەکگرتوو بۆ من مەسەلەیەکی زۆر زۆر گرنگە، دەبێ ئێمە کارێکی جیددی بکەین بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی زمانی خوێندن و نووسین، هەموو میللەتێک زاراوەی جۆراوجۆری هەیە و ئێمەش وەکو هەر میللەتێکی دیکە، بەڵام خەڵکی دیکە و میللەتانی دیکە توانیویایە لەسەر زمانی خوێندن و نووسین ڕێک بکەون و زمانی خوێندن و نووسین دروست بکەن، ئێمەش پێویستیمان بەو زمانە هەیە، بۆیە ئەمە کارێکە مومکینە لە تەمەنی ئێمەماناندا نەبێت، بەڵام پێویستە کاری بۆ بکەین بۆ ئەوەی نەوەکانی ئاییندە کاتێک لە قوتابخانەکان قسە دەکەن یەک زمانی خوێندن و نووسینیان هەبێت، ئەوەی دیکە ئاساییە، زاراوە هەبێت کە زۆرجاری وا هەیە ناوچە بۆ ناوچە، گوند بۆ گوند، زاراوەکانیان جیاوازن، کە من خۆم زۆرجار قسەیان لەگەڵدا دەکەم، دەزانم خەڵکی چ ناوچە و چ گوندێکن، کەواتە جیاوازی لەزاراوەکاندا هەیە و دەشمێنێتەوە، بەڵام زمانی خوێندن و نووسین کارێکی زۆر گرنگە و زۆریش پێویستە، بەڵام ئەمە کارێکی جیددیی دەوێ وخەڵکێکی ئەکادیمی و شارەزا و پسپۆڕ ئامادەی بکەن. جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە، نەوەکانی داهاتوو دەتوانن بەری ئەمە بخۆن و ڕەنگە ئێمەمانان پێی ڕانەگەین ).


سەرۆکی هەرێم بەر لە چوار ساڵ لە پەرلەمانی کوردستاندا هێمای بۆ کیشەی زمانی کوردی کرد، گوتی ئەمەیان خەمی منە، پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتی خوێندنی باڵادا هەمان بۆچوونی دووبارە کردەوە و گوتی ئەم مەسەلەیە دەبێ حەل بکرێ. ئەو قسەیەی سەرۆکی هەرێم کە دەڵێ گرفتی زمان کارێکی جیددیی دەوێ، لەگوێنە و نکووڵی لێ ناکرێ، بەڵام ئەوەی مایەی هێدمگرتنە ( شۆک ) کاتێ ئەم کارە حەواڵەبەگەواڵە دەکرێ و بۆ نەوەی داهاتوو هەڵدەپەسێردرێ، ئاخرەکەی بەتەمای نیسکێ لە ئیمان دەگەڕێن، لەکاتێکدا مەسەلەیەکی ئاوا چارەنووسساز، هەر لە هەنووکەوە هیممەت و پلانێکی مکوومی بەکاتبەستراوی گەرەکە، بێی خۆگنخاندن وزمانخنکاندن، واتە دەبێ لەماوەی ئەوەندە ساڵەدا، تەشبی نەبێ وەک کاری جوولەکان، لەڕێگەی قۆناغبەندییەوە، پوخت و تەواو بکرێ، دەنا شتێکی حەتمییە دەبێتە دەسڕێژ و شریخەی لەهجان و کورد بەرەو ئەقوام و میلەل دەڕۆن، هەروەک ئاکارەکانی وەدەرکەوتوون و خەریکە کوردستان ببێتە سینەمای لەهجان و هەر کەس دەدەوری زمانی خۆی بگەڕێ و بۆی بکفکفێ و هەڵبچێت.


کە سەرۆکی هەرێم دەڵێ بۆ هەموارکردنی هەڵەت و هەڵەمووتی زمانی یەکگرتوو، خەڵکێکی ئەکادیمی و شارەزا و پسپۆڕی دەوێ، بێگومان ئەو ئاماژەیەش ڕەوایە، وەلێ لە وڵاتێکدا کە بەڕاستی یەکێتیی میللەتی تێدا ڕەچاو بکرێ و بزانرێ کە جووتستانداردی واتە دوو میللەتی و سێستانداردیش واتە سێ میللەتی و هتد.. هەڵبەت ئەو کۆنفرانسەی زمانی کوردی کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سازی کرد، ئەگەر بێتوو بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، دەبێتە پرزەبڕترین پێلەقە و سرەوان لە ڕۆحی زمانی کوردی، ئەسڵەن ڕیسواکردنی کورد بوو وەک میللەت و کوردستان وەک نیشتمان و کوردی وەک زمان، بەس شایەنی ئەوەیە نەیاران بۆی بکەونە هەلەکەسەما.. لەکاتێکدا دەکرا بکرایەتە دەستپێک بۆ پرۆسەیەکی فرە سەرکەوتوو، کە بۆ هەنووکەی کورد لە دامەزرانی دەوڵەت زۆر پێویستر و گرنگتر بوو.. بەفکری خۆم، لاریم لەوەدا نییە بەر لە گفتوگۆ و دانوستاندن لەو چوار ڕۆژەی کۆنفراسی هەولێردا، مەرامە بنەڕەتییەکان تۆمار کراون، وەک نیەتی پێش نوێژ کارەکان کراون، ئەم سەرنجەش لە خوێندنەوەی ڕاسپاردەکاندا سەر هەڵدەدا.


ئەوجا گریمان جارێ بۆ دەوڵەتی کوردی زوو و نەگونجاو بێ، لەبەر بارودۆخی عیراق و هەرێم، ئەوسا بانگەشە بۆ شێوەزاران و زوو ساغنەکردنەوەی گرفتی زمانی یەکگرتوو، چرای هیوای دەوڵەت ساڵبەساڵ کزتر دەکا و هەوڵدان بۆ دامەزرانی کانتۆنات لەسەر داروپەردووی لەهجان چڕتر و گونجاوتر دەکا، ئەسڵەن پاساوێکی ماقووڵ بۆ داوای دەوڵەت ناهێڵێت، چونکە دەوڵەتی کوردستان و یەکزمان وەک لازم و مەلزوومن بۆ یەکدی، بەڵکوو بۆ هەر قەوارەیەکی کوردی، بە فیدڕالییەوەش. ئەم قسەیەش پێوەندیی بە وڵاتێکەوە نییە کە چەند نەتەوەیەکی زمانجودا دەخۆ دەگرێت، دەکرێ کوردستان چەندین نەتەوەی تێدا بێ، بەڵام خودی کوردەکە دەبێ یەک زمانی هاوبەشی خوێندن و نووسینی تێدا فەرمانڕەوا بێ، لەو نێوەدا شێوەزارگەلیش تا تەپڵی قیامەتێ هەر دەمێنن و لە چوارچێوەی خۆیاندا دەگرمێنن.


لێرەدا دەکرێ دان بەوە دابنرێ کە دیاردەی ( کوردی موەقەت ) لە نێو خەڵکانێکدا کە پەیتاپەیتا لانکی دیالێکت ڕادەژەنن، بەرگی کوردایەتی لە خۆ دادەڕنن، هاتۆتە ئاراوە، واتە ئەگەر توانیان خۆ جودا بکەنەوە ئەوە کورد نین، ئەگەر نا ئەوە کوردن، جارێ. بێجگە لەوەی کۆمەڵێکی ئێرانپەرستی ختمبووی فکری توودە؛ خەریکن شێوەزاران لە زمانی یەکگرتوو پاس دەکەن، حەکایەتی ( هەر کەس و زمانی خۆی ) بۆ خەڵکی باس دەکەن.


کرانەوەی قوتابخانەی فەیلی و بەشێوەزاری لوڕی لە بەغدا، بە بەرچاوی حکوومەتی کوردستانەوە، شەقوپیلکردنی نەتەوەیە، بگرە دروستکردنی نەتەوەیەکی دیکەیە لە عێراقدا، لەکاتێکدا لە سەردەمی سەدام حوسێندا هەموو عێراق بە یەک ئەلفوبێ و یەک زمانی کوردییان دەخوێند، هاوێرکران لە ئارادا نەبوو.


کاتێ خودانی هەر شێوەزارێک خۆی لاتەریک دەکا، ئەوە هێدی هێدی وەک میللەت داکۆکی لەخۆی دەکا و کوردایەتیی لا چک دەکا، جارجار بیستوومە بەیەکدی گوتراوە ئەم وشەیە بەکار مەهێنە، چونکە هی شێوەزارەکەی دیکەیە، هەوڵ بدە وشەیەکی خۆماڵی بدۆزەرەوە. ئەو هەڵوێستە هەمان هەڵوێستە کە ئێمەمانان کاتی خۆی بەرانبەر زمانانی دیکە هەمانبوو و تێمان دەکۆشا تاکوو زمانی خۆمان لە موفرەدات و بەرد و زیوانی وان بژار بکەین. ئەوجا بۆ سەیرە بەیانی بەچاوی میللەتی ڕێک جودا، سەیری هاونەتەوەی خۆمان بکەین.؟! بۆ نموونە، ئێمە و کوردی تورکیا، ئەگەر زمانمان یەک نەبێ و بە تەرجومان لەیەکدی بگەین، یان بەتورکی، ئەو وەختە هەرلافوگەزافێکی یەکنەتەوەیی لێ بدەین؛ درۆیەکی بە دایک و باوکە و هیچی تر، بگرە تورکەکە لە هەردووکمان نزیکترە، وەک من و ئەو لە یەکدی. ئا ئەوسا خەباتی وان بۆ دەسکەوتنی ماف؛ بەمن چی؟ تەنیا ئەوەندە دەمینێتەوە دوعایان بۆ بکرێ و تەواو، چونکە مەرجی یەکمیللەتی کە زمانی هاوبەشە، نیمانە یان دانی پێدا ناهێنین. ئەوحەلە هەر باسێکی کوردستانا مەزن و هاوخەباتی، دەچێتە خانەی خۆفریواندن و کەودەنی و بانگەشەی پەتی و بێماناوە، تەنانەت هەرێمی کوردیش دەبێتە فشەی بنەسڵاوە و وەک قەنناسەکانی قەزافی لە تۆقەڵەی نەفامیدا خۆی مەڵاس دەدا.


زۆر بەداخەوە، لەم ڕووەوە کوردی تورکیا، بە زانا و نەزانەوە، هەر لە قەندیلەوە بگرە هەتاکوو ئامەد، هیچ هۆشیارییەکیان نییە و سوویان لە داهاتووی کورد نابێتەوە، هەم تەفرەخۆر و هەمیش تەفرەدەرن، بگرە ئامادەن بۆ مەبەستی سیاسییان زمانی کوردیت بۆ پەڕەم بە پەڕەم بکەن.. هەڵبەت لێرەدا باس و پیلەکە لەسەر ئەلفوبێی لاتینی ناکەم کە لایان وایە کاتی خۆی لە ئاسمانەوە بۆ جەلادەت بەدرخان هاتبووە خوارەوە، وەلێ تورکان لێیان دزی و بردیانە مارەوە. هەر ئەم ڕەوشە شەپڕێوەی کوردانە، وای لە بەرپرسێکی تورکان کردبوو بە هاونەتەوە نەیارەکانی خۆی بڵێ خەمتان نەبێ، کورد هەرگیز نابن بە دەوڵەت؛ چونکە زمانێکی هاوبەشیان نییە.


تەنانەت سۆماڵییەکان بە یەک دایکەزمان دەخوێنن و دەنووسن، کەچی کوردانی زیخ و ڕەشید بە شەش قلان ئەلفوبێیان بۆ نووسراوەتەوە، ئەوندەی من زانیبێتم بە شەش زاراوە، چوار لە عێراق ( سۆرانی، بادینی، فەیلی و هەورامی ) و دوویش لە تورکیا ( کرمانجی و دملی )، بیستوومە تەلاشێکیش بۆ ئەردەڵانیی سنە هەیە، بەوەڕا دەکاتە حەوت، واتە وەک حەوت ئاسمانی لێ دێ، لە کرماشانەوە بگرە هەتا ئامەدێ..بەس ئەوە ماوە جاڕچی بێ و مژدەی دابەشکردنی زمان بەسەر حەشامەتی عەشرەت و قەبائیلی کورداندا، بە خەڵک بدا، تا ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی زمانی کوردیی هەولێر بەهەشتاوییەوە جێبەجێ بکرێن و کوردستان بکرێتە شامی شەریفی لەهجان، دوای ئەوەی ئاگردانی زمانی یەکگرتوویان لێ کوێر کردینەوە، کە سەدەیەک بوو هەموو بەدەوریدا ڕوونیشتبووین و کۆ دەبووینەوە.
 

ماڵپه‌ڕی موحسین جوامێر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک