|
٢٠\١١\٢٠٢٥
خراپیی دۆخی
منداڵان لە باشووری کوردستان!

رەهێن یاسین حەمەدئەمین
منداڵان بێ دەسەڵاتترین توێژی کۆمەڵگان هەربۆیە هەمیشە لە هەموو کێشە و
گرفتەکاندا پشکی گەورەی زیان پێگەیشتنیان بەر دەکەوێت، ئیتر ئەو کێشەیە
چ سیاسی بێت یان جەنگ یان کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی بێت تەنانەت لە
کێشە یاسایەکانیشدا دووبارە منداڵ زیانی گەورەی بەر دەکەوێت.
هەر بۆیە زۆر گرنگە دەوڵەت لە رێگای دەرکردنی کۆمەڵێک یاساوە رێگری
بکات لەوەی کە منداڵان ستەمیان لێ بکرێت.
لە باشووری کوردستان منداڵان لە بارودۆخێکی خراپدان بە هۆی ئەوەی
حکومەتی هەرێمی کودستان بێ باکە سەبارەت بە دۆخی منداڵان و پارێزگاری
لە مافەکانی منداڵان.
بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدەم بە کورتی بە چەند خاڵێک تیشک بخەمە سەر
خراپی بارودۆخی منداڵان لە باشووری کوردستان:
١. دۆخی منداڵان لەناو خێزاندا:
لە ناو خێزاندا منداڵان تاکێکی رێزلێگیراو نین هەمیشە وەک تاکێکی بێ
دەسەڵاتی کەم تەماشا دەکرێت زۆر بە کەمی گوێ لە بۆچوونەکانی دەگیرێت
تەنانەت ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بێت بە خودی منداڵەکەشەوە، هەتا ئێستا
لە ناو خێزاندا دیاردەی لێدان و سوکایەتی و شکاندنەوەی منداڵ زۆرە لە
لایەن باوک و دایک و برا و خوشکی گەورە وە هەروەها لە لایەن نەنک و
باپیر و مام و خاڵەوە.
منداڵان رووبەڕووی کێشەی گەوروە دەبنەوە لە کاتی شەر و گرفتەکانی دایک
و باوکدا، لە کاتی جیابوونەوەی هاوسەرەکاندا زۆر جار منداڵ ناچار
دەکرێت لای دایک یان باوک بمێنێتەوە و بێ بەش دەکرێت لە بینین یان
مانەوە لای ئەوی تریان.
٢. دۆخی منداڵان لە قوتابخانە:
هەتا ئێستایش منداڵان لە قوتابخانەکانی باشووری کوردستاندا وەک کۆیلە و
خاوەن کۆیلە هەڵسوکەوتیان لە گەڵ دەکرێت هەتا ئێسایش لێدان و سوکایەتی
و شکاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، هەتا ئیستایش مامۆستا و بەڕێوەبەر و
یاریدەدەرەکان بە ناشرین ترین شێوە هەڵسوکەت لە گەڵ منداڵ دەکەن
سوکایەتی و جنێودان بە منداڵ بوونی هەیە، هەروەها لێدان لە منداڵ هەیە.
هەروەها ئاستی خوێندن لە قوتابخانەکاندا خراپە لە هەموو روویەکەوە چ
وەک وانەکان یان وەک خراپی قوتابخانەو نەبوونی پێویستیەکانی قوتابخانە
نموونەی گەرمکردنو و فێنکردنەوە و پێویستیەکانی تری قوتابخانە.
٣. دۆخی منداڵان لە ناو کۆمەڵگادا:
کۆمەڵگای کوردستان وەک هەر کۆمەڵگایەکی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ژینگەیەکی خراپە بۆ منداڵان جگەلەوەی بە چاوی سوک و کەم تەماشای
منداڵان دەکرێت، منداڵان توشی دەیان کێشەی وەک سوکایەتی هەراسانکردن و
دەستدرێی بۆسەریان دەبنەوە. دیاردەی کارکردنی منداڵان دیاردەیەکی
فراوانە لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا بەداخەوە بە هوی خراپی باودۆخی
ئابووری خەڵک زۆر جا منداڵان ناچارن کار بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی
ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان، کارکردنی منداڵ ئەگەر چی زۆر خراپە لە
رووی تەندوستی لەشیەوە بە هەمان شێوە زۆر خراپە لە رووی دەروونیەوە بۆ
منداڵەکە جگەلەوەی منداڵان رووبەڕی سوکایەتی و دەستدرێژی دەبنەوە.
هەوەها هەتا ئیستا دیاردەی بەکارهێنانی منداڵ لە لایەن رێکخراوە سیاسی
و ئاینەیەکانەوە هەیە، هەتا ئێسایش دیاردەی خەتەنەکردنی کچان لە ناو
کۆمەڵگادا بوونی هەیە، یان هاوسەرگیری منداڵان یەکێکی تری ئەو دیارە
دژە منداڵەیە کە لە ناو کۆمەڵگادا هەیە.دیاردەیەکی تری زۆ قێزەوەنی ناو
کۆمەلگا کە کەم نیە دیاردەی هەراسانکردن و دەستدرێژی سیکسیە بۆ سەر
منداڵان بە تایبەتی لە لایەنی کەسانی خزم و نزیکی خێزانەوە.
٤. دۆخی منداڵان لە رووی تەندروستیەوە:
بە هوی خراپی کەرتی تەندروستیی لە باشووری کوردستان منداڵان لەمەشدا
پشکی گەورەیان بەرکەوتووە، منداڵ زۆرتر لە گەورە پێویستیان بە بواری
تەندروستیە بەڵام کەرتی تەندروستی حکومەت زۆر خراپە بە هووی نەبوونی
داودەرمان و پێویستیە پزیشکیەکانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی بەرپرسانی
حکومەت یان خاوەنی نەخۆشخانە تایبەتەکانن یان پشکیان هەیە لە نەخۆشخانە
تایبەتەکاندا بە هەموو شێوەیەک نەخۆشخانە حکومیەکانیان پشتگوێخستووە،
کەموکوڕی لە بواری کەرتی تەندروستی بووە بە هوکاری گیان لە دەستدانی
سەدان منداڵ.
لە کۆتایدا ئەوەی زۆر گرنگە بیڵێن ئەوەیە پێویستە حکومەتی هەرێمی
کوردستان هەستێت بە ئەنجامدانی ئەم چاکسازیانەی لای خوارەوە بە مەبەستی
باشترکردنی بارودۆخی ژیانی منداڵان:
١. هوشیاری بڵاو بکاتەوە لای منداڵان سەبارەت بە مافەکانی منداڵ، پاشان
هوشیاری بڵاو بکاتەوە لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا سەبارەت بە مافەکانی
منداڵان.
٢. کۆمەڵکێک یاسا دەربکات دژ بە چەوساندنەو و ستەمکردن لە منداڵ لە ناو
خێزان و قوتابخانەو کۆمەڵگا.
٣. دەرکردنی کۆمەڵێک سزا بۆ ئەو کەسانەی سوکایەتی یان دەست لە منداڵ
بەرزدەکەنەوە لە ناوخێزان یان لە قوتابخانە و ناو کۆمەڵگا. لە گەڵ
دابینکردنی هەموو پێداویستیەکانی قوتابخانەکان.
٤. قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی بیمەیەکی تایبەت بە منداڵان
بۆ ئەوەی منداڵ ناچاری کاکردن نەبێت.
٥. دابینکردنی پێویستیەکانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە منداڵان.
١٩\١١\٢٠٢٥
rawahamajan8@gmail.com
|