په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٠

خراپ تێگەیشتن لە وەرگێڕان و زمان.
- کورتە وەڵامێک بۆ رەخنەکەی خوشکە (ئۆشین قادر)*، لە رۆمانی تاعوون -


رەسووڵ سوڵتانی

 

لە ژمارەی 236 و 237ی رەخنەی چاودێردا بە قەڵەمی خوشکە ئۆشین ناوێک رەخنەیەکی پڕ لە تووڕەیی بڵاو کراوەتەوە و تێیدا وەرگێڕانەکەی تاعوون (کە من کردوومەتە کوردی و بەسەقەتی چاپ و بڵاو بووەتەوە)ـی هەڵسەنگاندووە. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم دڵم بەوە خۆش بوو کە خوا شکور ئەوە قەڵەمێکیش پەیدا بوو لە دووتوێی رەخنەکانیدا دەستمان بگرێت و لە هەڵەوپەڵە ئاگادارمان بکاتەوە و رێگەی باشەمان پێشان بدات. کەچی زۆر زۆر بە داخەوە ناوبراو لەگەڵ ئەوەدا کە بەشی یەکەمی بابەتەکەی هێرشکردنێکی دەمارگیرانەیە بۆ سەر زاراوەی ناوچەی موکریان (ئەوەی ئەو لە هەموو بابەتەکەیدا بە زمانی موکریان ناوی دێنێت) جار و بارە لە نێو قسەکانیدا لەبیر خۆی دەباتەوە کە گەرەکییەتی رەخنە بنووسێت و دەست دەکات بە قسەی رەق و تەق و بابەتەکەی لە بابەتێکی رەخنەگرانەوە دەبات بەرەو ئاراستەیەک کە خوێنەر لەبری ئەوەی هەست بکات شتێک لەسەر وەرگێڕان دەخوێنێتەوە، زیاتر وا هەست دەکات مەبەست لەو نووسینە ئەوەیە قسەی ناشیرین بە وەرگێڕەکەی بگوترێ. بەڵگەشم ئەوەیە ناوبراو لەبەشی دووەمی وتارەکەی بە هێنانەوەی تاکە بەیتێک لە یەکێک لە هەجوەکانی شێخ رەزای تاڵەبانی کە بۆ شوکری فەزڵیی نوسییوە ئەو رقە بێ بنەمایەی خۆی دادەمرکێنێتەوە و دەڵێ: تۆشم لێ بووگی بە شاعیر ئەی حەرامزادەی سنە... ئیتر دیارە بەڕێوەبەرانی پاشکۆکە خۆیان حەرامزادەکەیان بۆ لاداوە بۆ ئەوەی بڕێک بەئەدەبتر بنوێنێت. خۆی هەر ئەو جوێنە بەسە بۆ ئەوەی خوێنەران دڵنیابن مەبەستی ناوبراو زیاتر لەوەی رەخنەگرتن بێت، بەربینگ پێ گرتنە.


ناوبراو هەر لەسەرەتاوە چەند پرسیارێک رووبەڕووی من دەکاتەوە وەک ئەوەی ئاخۆ من چەندە شارەزای زمانی فارسی و کوردیم. ئەوەیان نەک من بەڵکو نووسینەکانم دەبێ وەڵامی خوێنەرەکان بدەنەوە. ئەمن ئەوە زیاتر لە ساڵێکە لە لاپەڕەی رۆژنامەی هەولێردا بابەتەکانم بە وەرگێڕان و نووسینەوە بڵاو دەبنەوە و لە گۆڤارەکانی "کاروان و وێران و ئایندە و ئایدیا"شدا بابەتی وەرگێڕانم بڵاو کردووەتەوە حەز دەکەم خوێنەرانی ئازیز لەوێوە زمانی نووسین و وەرگێڕانم بدەنە بەر سەرنجی رەخنەگرانەی خۆیانەوە.


بابەتەکەی ئۆشین خان دابەش دەکەم بەسەر چەند بەشدا:


1ـ بەشێک، بۆچوونەکانی ئەو لەسەر بەکارهێنانی زمان و زاراوەی ناوچەیی بۆ وەرگێڕان
2ـ تێنگەیشتن یان باوەڕنەبوونی ناوبراو بە سەلیقەی وەرگێڕان
3ـ ئاگادارنەبوونی ناوبراو لە هۆکارەکانی شێواویی وەرگێڕانەکوردییەکەی تاعوون (کە تەنیا ئەو بەشە لە رەخنەکەی بەڕێزیان مەنتیقییە و خۆم بەر لەو هاوارم کردووە).
4ـ راوێژ و گفتولفتێکی رەق و ناڕەخنەییانەی نزیک لە جوێندان لە نووسینەکەیدا.


لێرەوە دەچمە سەر وەڵامدانەوەکەم:


گەورەترین کەڵکەڵەی خوشکە ئۆشین لەو وەرگێڕانە ئەوەیە (لە بەشی یەکەمدا)، کە من لە زمانی موکریانی کەڵکم وەرگرتووە و زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردیم رەچاو نەکردووە کە ئێستا هەر دوو دەزگای ئاراس و سەردەم پێی دەنووسن و ئەو زمانەش زمانی سلێمانییە و خوشکە ئۆشین بە زمانی ستانداردی کوردی ناوی دێنێ. بەڕێزیان دەشفەرموون بۆیە کەڵکم لە زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی وەرنەگرتووە چونکە ئاگام لە ناوەندە رۆشنبیریییەکانی وڵاتەکەم نییە و نەمزانیوە زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی هەیە بۆیە لە چوارچێوەی خوشکە ئۆشین گوتەنی:"زمانی موکریانیدا" قەتیس ماومەتەوە.


با لە پێش هەموو شتێکدا بەو خوشکە ئازیزەم بڵێم ئەوەی بەڕێزیان بە زمانی موکریانی و سلێمانی ناوی دێنن زمان نییە و زاراوەیە.


دوای ئەوەش دیارە بە پێچەوانەی ئەو بەڕێزە، من باش ئاگاداری ئەوەم کە لە چەند ساڵی رابردوودا گەلێک کۆڕ و کۆبوونەوە بە تایبەتی لە شاری هەولێر بۆ پسپۆڕان و خاوەنڕایانی بواری زمانی کوردی پێکهێنراون بۆ ئەوەی ساغی بکەنەوە زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کورد کامەیە. ئەوە دیارە یای ئۆشین بێ ئاگایە لەوەیکە هێشتا کورد نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی دیاریکراو لەو بوارەدا و بەڵگەش ئەو وتارانەن وا لە پاشکۆیەکەی فەرهەنگی هەولێر کە حەفتانە دەردەچێت بڵاو دەبنەوە و تێیاندا کەسانێکی وەک کاک ئەمیری حەسەنپوور و فەرهاد شاکەلی و رەهبەری مەحمودزادە و دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە هەرکام لە روانگەی خۆیانەوە خەریکی لێکدانەوەن و هەندێکیان باوەڕیان بە جووت ستانداردبوونی زمانی کوردی و هەندێکیشیان بڕوایان بە تاک ستانداردبوونەکەیەتی. هەمووی ئەوانە ئەو راستییە روون دەکەنەوە کە نەخێر ئەوەی پێی دەگوترێت زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی هێشتا بە تۆکمەیی سەری نەگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمنیش وەک هەندێکیان لەسەر ئەو باوەڕەم کە دەکرێ ئەوەی ئێستا پێی دەنووسین بیکەینە هیم و بناغەی زمانی یەکگرتوومان. ئەویش نەک بەو بەرچاوتەنگییەی کە یای ئۆشین هەیەتی و پێی وایە ئەگەر وشە و زاراوە و ئیدیۆمی ناوچەیەکی کوردستان بە تایبەتی ئەگەر هی موکریان بێت، هاتە نێو نووسینەکانمانەوە ئەوا کوفرە و بۆ لێخۆشبوون نابێ.


دیارە ئەو زمانەی رۆمانەکەی تاعوونم پێ وەرگێڕاوە جیاواز نییە لەو زمانەی وا لە باشووری کوردستانا پێی دەنووسرێت. ئەو زمانە نە موکریانییەکی تۆخە و نە مۆرکی ناوچەیەکیشی پێوە دیارە. خۆی ئەگەر کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە، یان لە چەند شوێنێکدا و لێر و لەوێ شێوە دەربڕینی ناوچەی موکریانی تێدا بەدی بکرێت، بە باوەڕی من نەک خراپ نییە بەڵکوو دەکرێ لە پێناوی دەوڵەمەندکردنی زماندا کەڵک لە وشە و دەستەواژەی هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش وەربگرین. ئەمن دیسانیش دەڵێم هێنانەوەی کۆمەڵێک وشە و زیندووکردنەوەیان لە نێو نووسینەکانماندا ئەگەر بە یارمەتیی فەرهەنگۆکیش بێت، یارمەتیدەری زمانەکەمانە بەرەو دەوڵەمەندبوون و بە پێچەوانەوە ئەگەر بێین و لە سێبەری دەمارگیرییەکی ناوچەییدا هەر وشەیەک لە ناوچەکەی ئێمەدا خەڵک لێی تێنەگەیشتن بە هەڵەی بزانین و دوژمنکارانە و بەقێز و بێزەوە تووڕی دەین، ئەوا زمانەکەمان وردە وردە بەرەو لاوازی دەچێت و لە داهاتوودا تەنیا چەند وشەیەکی بەدەستەوە دەمێنێتەوە. بەڕای من ئەگەر لە رۆمانێکدا چ وەرگێڕان و چ نووسین 200 وشەش هەبن ـــ بە مەرجێک رەسەن و خۆماڵی و کوردی بن ــ با بەشێک لە خوێنەرەکان یەکەمجاریشیان بێت بیانبیستن، نەک کارێکی خراپ نییە بەڵکو ئەگەر فەرهەنگۆکێک بۆ روونکردنەوەیان هەبێت زۆر زۆر کارێکی باشیشە. نموونەش، لە وەرگێڕانەکانی عەبدوڵڵا حەسەنزادە و شوکور مستەفا و عەزیزگەردیدا زۆرن ئەو وشانەی پێویستییان بەوەیە سەردانی فەرهەنگۆکی کتێبەکەی بکەیت. بەڵام ئەوە هیچ تاوان نییە. لە رۆمانەکەی تاعوونیشدا ئەوەی هەیە لەوە بەدەر نییە.


با ئەوش بڵێین کە وەرگێڕە سەرکەوتووەکانی فارس وەک محەمەدی قازی و برایمی یۆنسی و دەریابەندەری، لە وەرگێڕانەکانیاندا و لە نووسینەکانیشیاندا نەک وشەی ناوچەیی ناوچە فارسەکان بگرە بە سەدان وشەی کوردی و تورکی بەکار دێنن و لە خوارەوە فەرهەنگۆکی بۆ دادەنێن. هەر ئەوەشە وای کردووە زمانی فارسی ئاوا دەوڵەمەند بێت و بۆ کەم شت دابمێنێت بۆ وێنە کاک برایمی یۆنسی لە جێیەک نووسیبووی "گرگ بە خشپە نزدیک میشود" لە ژێرەوەش فەرهەنگۆکی بۆ دانابوو و نووسیبووی ئەوە ئیدیۆمێکی کوردییە و دەڵێ" گورگ لە خشپەی دەچێتە پێشێ". یان لە زۆر جێگایان وشەی "مێگەل" و "گاوان"ـی هێناوەتەوە و لەبنەوە بۆ خوێنەری فارسی روون کردوونەتەوە، کەسیش نەیوتووە ئەوە گەرەکیەتی زمانەکەمان بشێوێنێت، مەگەر ئەوەی ئێمەمانان جاروبارە گلەیی ئەوەمان لێی کردووە کە بۆچی وشە کوردییەکانیان پێ دەدەیت. ئەوان دێن وشەی زمانەکانی دیکەش لە خۆیاندا دەتوێننەوە، زمانزانەکانی ئێمە دوژمنایەتیی وشەی رەسەنی ناوچەکانی کوردستان دەکەن بۆچی؟ چونکە لەوانەیە خوێنەرێک نەزانێت یانی چی؟


ئەحمەدی شاملوو لە وەرگێڕٍانی "گیلگەمێشدا" ئەوەندەی وشەی کۆنی زمانی فارسی زیندوو کردووەتەوە هەر مەپرسە. محەمەدی قازی لە وەرگێڕانی دۆن کیشۆت دا هەروەتر، تەنانەت قازی بە سەدان وشە و دەستەواژەی نەک فارسیی ناوچەیی، کوردیشی بۆ بەدیاری بردوون.


من لەگەڵ ئەوەدا نیمە هەرکەسە و لە ماڵە خۆیەوە دەست بکات بەوشە داتاشین. هەرچییەکیش لە قەڵەمی منەوە بۆنی داتاشینی لێ بێت حەق بە هەمووان دەدەم لێمی لە هەڵڵا بدەن و کورد واتەنی ئەستۆم کەچە. بەڵام پێ داگرم لەسەر بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی ناوچەیی لە پێناوی دەوڵەمەندکردنی زماندا. بۆ وێنە لە موکریان دوو دەستەواژەی "دەکارهێنان و دەکارکردن" هەیە و واتاکانیشیان لێک جیاوازن. لەوێ زۆر دەگمەن کەڵک لە "بەکارهێنان" وەردەگرن. ئەو دووانەی دیکەش بەو شێوەیە کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت:"دەکارهێنان" بۆ کەڵکوەرگرتن لە کەلوپەل و ئامرازەکانی کارکردنە، بۆ وێنە دەڵێن:"چیی چەکوچ و کوتک و بێڵی ئەو شارەیە دەکارمان هێناون"، واتە کەڵکمان لێیان وەرگرتووە. بەڵام "دەکارکردن" بە واتای مەسرەف کردن دێت. بۆ وێنە دەڵێ" دوو تەن چیمەنتۆم بۆ وەستا برد ئەمڕۆ هەمووی دەکار کردووە".


پێشموایە یەکێک لە ئەرکەکانی وەرگێڕان ئەوەیە زمان دەوڵەمەند بکات و بە دەکارهێنانی وشە کۆنەکان و تەنانەت وشە ناوچەییەکان یارمەتیدەری دەوڵەمەندبوونی زمان بێت.


شتێکی دیکەی یای ئۆشین پەنجەی لەسەر داناوە و زۆر هەستیارانە باسی دەکات کەڵکوەرگرتن لە زمانی قسەکردن و زمانی ناوچەییە بۆ وەرگێرانی شاکارێکی جیهانی و ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ بێ ئاگایی من...


پێویستە ئەوە بڵێم کە سنووری نێوان زمانی ئاخافتنی رۆژانە و نووسینەکان لە کوردیدا بە پێچەوانەی زمانی فارسی و ئەوەندەی بیستوومە عەرەبیش، زۆر ناسکە و جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت جگە لەوەی زمانی نووسین پاڵاوتەترە. ئەوانەی فارسی دەزانن ئاگادارن کە ئەو زمانەی قسەی پێ دەکرێت و ئەوەی وا پێی دەنووسرێت زۆر لێک دوورن. بەو حاڵەشەوە ئاخۆ زمانی قسەکردن ئەوەی وا فارس پێی دەڵێ زمانی محاوەرەیی و وەک بیستوومە بە هی عارەبانیش دەڵێن "جڵفە" بۆ نووسین دەبێت یان نا؟ ئاخۆ بۆ وەرگێڕانی شاکارێکی جیهانی دەبێت یان نا؟


نازانم عەرەبییەکە، بەڵام یای ئۆشین کە وا دیارە فارسیزانیشە بۆ دەبێ ئاگای لە وەرگێڕانەکانی نەجەفی دەریابەندەری نەبێت، کە شاکارەکانی مارک تواین و ویلیەم فۆکنەری بە زمانی فارسیی نێو کووچەو کۆڵانان وەرگێڕاوەتەوە؟


تازە وەک باسیشم کرد مەودای نێوان زمانی نووسین و قسەکردن لە فارسیدا عەرز و عاسمانەو هیچ وەک زمانی کوردی نییە کە جیاوازییەکی زۆر ناسک و کەمیان پێکەوە هەیە. خۆی زمانی کوردی وایە چۆنی دەردەبڕیت ئاوها دەینووسیت.


یای ئۆشین هەر لە چەند دێڕێکدا جارێک هاواری دەچێتە ئاسمانان و وەک بڵێی مەتەڵێکی گەورەی هەڵێنابێت و لەو کوردستانە جگە لە خۆی کەس مشوورخۆر و خەمخۆری زمانی کوردی نەبێت و ئەوانیتر هەموو دوژمنی ئەو زمانە داماوە بن، من بەوە تاوانبار دەکات کە وەک بڵێی بە ئانقەست و بە مەبەستی شێواندنی زمانی کوردی دەستم دابێتە قەڵەم. لە حاڵێکدا رەخنەگرێکی ئەمڕۆیی فتوای ئاوا دەرناکات.


لە بەشی دووەمی ئەو رەخنەیەدا رەخنەگرەکەمان پەنجەی لەسەر کۆمەڵێک داڕشتن و واتای جۆربەجۆر داناوە، با لە پێشدا بۆ چەند دانەیەکیان دەستخۆشانەی پێ بڵێم و راست دەکا بەڵام لەوێشدا کۆمەڵێک خاڵی زۆر ناسک هەیە دەبێ بۆ خوێنەرانی روون بکەمەوە.


یەکەم: ئەو بەشەی وا یای ئۆشین وەک هەڵەی تایپ و چاپ ئاماژەی پێیان کردووە، ئەگەر پێشتر ئەو دیمانەیەی خۆێندبایەوە وا کاک ئیدریس عەلی لەسەر ئەو وەرگێڕانە لەگەڵ مندا پێکی هێنابوو، هەر وەها ئەو کورتە وتارەیشی خوێندبایەوە کە بەڕێز هەژیر عەبدوڵڵا پوور و کامیل نەجاڕی لەسەر هەڵەکانی تاعوون و هۆکارەکەی نووسییان، ئیتر خۆی ئەزیەت نەدەدا و ئەو زحمەتەی نەدەکێشا. ئەمن جگە لەو دوو بەڕێزەی باسیانم کرد، خۆم هۆکاری غەڵەتبوونی ئەو وشانەم بۆ خوێنەران روون کردبۆوە کە یای ئۆشین دیاریی کردوون و کاک محەمەد کۆردۆ و کاک جەبار سابیریش ئاگادارن کە بۆچی وای لێ هاتووە و لێرە ناچمەوە سەر ئەو باسە. بەڕێز یای ئۆشین با بێت دەقی تایپکراوەکەی پێش چاپی بدەمە خزمەتی با بزانێ بەراستی ئاوام نووسیون؟


بەڵام بەشێکی دیکە لەو شتانەی ناوبراو بەربینگی پێ گرتوون، دەگەڕێتەوە بۆ سەلیقەی وەرگێڕان، ئەو شتەی وا جەنابیان باوەڕیان پێی نییە و گەرەکیانە دیکتاتۆرییەتی زاراوەی ناوچەکەی خۆیان بسەپێنن. ئەگینا لە رۆژێکدا لانیکەم دە جارمان گوێ لێ دەبێت کە:"جوابت لێ دەگێڕمەوە"، دەبینین جواب لێرەدا لەگەڵ عارەبی بوونەکەیدا، هیچ نامۆ نییە. نامۆتر نییە لەو هەمووە وشەیەی وا بە لێشاو لە بڵاڤۆکەکانی کوردستاندا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت و ئۆشین خاتوونەکان متەقیشیان لێ نایە و زۆریش بەلایانەوە ئاساییە:"وەک وشەگەلی موژدە، بزورگ و پۆزش، قەشەنگ، دووچار..." ئەوانەیان پێ نامۆ نین، بەڵام جواب نامۆیە!


خاتوو ئۆشین گیان، ئەو ئاوازەی من بە راوێژ وەرمگێڕاوە، ئەگەر لە مەبەست و واتاکەی ورد بیتەوە رێک مەبەستی لەبز و راوێژە. سەبارەت بە "رادیۆ و رادوێ"ـش من دەیگێڕمەوە بۆ سەلیقەی وەرگێڕان و بە هەڵەی نازانم. بڕۆ ئەگەر دەمارگیری ئیزنت دەدا سەردانێکی دەقەکانی هەژار بکە. بە نیسبەت تۆپینیشەوە لە بەرامبەر مردندا زۆر باش دەزانم تۆپین و مردارەوەبوون و مردن بۆ کام جۆری گیانلەبەران دەبن، بەڵام من بە ئانقەست لەوێدا مردنم هێناوە.


ئۆشین خان دەفەرموێ دەربڕینی "وەیش"، دەربڕینێکی ژنانەیە و منیش بەبێ ئاگا دەزانێت کە ئەوەم نەزانیوە. بەڵام هیچ وا نییە، پیاوانیش لە کاتی بیستنی خەبەرێکی دڵتەزێندا دەڵێن:"وەیش"، ئەوەندەیە پیاوان وەک ژنان ناڵێن:"کوێراییم دایە. ئەگەر باوەڕیش ناکات سەردانێکی لانیکەم ناوچەی پشدەر و بیتوێن بکات بزانێ وایە یان نا.


وشەی "شمەک" لەبری "جلوبەرگ" دیسان هەڵە نییە. لە موکریان بۆ جلوبەرگ بەکاری دێنن، ئەوەش بێ ئاگایی من نییە بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ دوو شت:" یەکەم ئەوەیکە بەڕێزیان سەری ناوەتە نێو بەفری گۆیژەوە و لەو دیوی شارە حەیاتەکە هیچ شوێنێک یان نابینێت یان نایەوێت بیانبێنێ.


دووهەم: پێی وایە هەمووان دەبێ بێنە سەر ئەو رێچکەیەی جەنابیان بە تاقە سیراتولموسیتەقیمی دەزانێت.


ئەوجار تۆخۆا ئەگەر خوشکە ئۆشین خۆی بە رەخنەگر دەزانێت و پێی وایە دەیەوێ چاکسازی و شتی وا بکات، بۆچی ناوە راستەقینەکەی خۆی نەنووسیوە؟


لایەنی هەرە ناماقووڵی ئەو رەخنەیەی ناوبراو جگە لە زمانە رەق و تەق و بێ ئەدەبەکەی، ئەو کاتەیە کە بەڕێزیان بەردەوام فتوا دەردەکات و دەڵێ:" سوڵتانی متمانەی خوێنەری لە دەست داوە... ئیتر خوێنەر متمانەی پێناکەنەوە... ئیتر خوێنەر بەلای وەرگێڕانەکانیدا ناچنەوە". ئەو بەشەیان زیاتر لەوەی راستییەکی لە پشتەوە بێت، هاوار و دەنگهەڵبڕین و بانگهێشتنێکە لە لایەن ناوبراوەوە وەک بڵێی بیەوێت بە خەڵک بڵێت: تکایە شتی رەسووڵ سوڵتانی مەخوێننەوە.


بە گشتی یەک دوو شت نەبێ، هەموو ئەوانەی بەڕێزیان وەک خراپ لێتێگەیشتنی من لە دەقەکە و داڕشتنەوەی هەڵە لە لایەن منەوە باسیان دەکات، دوای ئەوەی تایپکراوەکەم ناردە دەزگا و پێش چاپ ئەو بەڵایەیان بەسەر هاتووە. خۆم کە چاپکراوەکەم بینی گریان ئەوکی گرتم. بۆ وێنە وەک پێشتریش باسم کردووە، باڵندە کراوەتە بیتلندە، شاری بێ کۆتر کراوەتە شاری بێکۆتر... و هەموو ئەوانەش وا خاتوو ئۆشین پەنجەی لەسەر داناون. ئەو شتانەیش وا لەسەر رۆمانی تاعوون نووسراون و ئاماژەم پێیان کردووە، بە ئیمێڵی چاودێر بۆ ئەو خوشکە بەڕێزەم ناردوون، هیوادارم بەدەستی بگەیێنن. چونکە بەڕێزیان بەناوی خوازراوەوە بابەتەکەی بڵاو کردووەتەوە، ئەگینا خۆم راستەوخۆ ئەو بابەتگەلەم بۆی دەنارد.
________________________________________________
* ئەگەرچی من ناوبراو ناناسم بەڵام لای ئێمە ئۆشین ناوی کچانەیە بۆیەش من بە خوشکە ئۆشین ناوی ئەو رەخنەگرەم هێناوە.

 

ماڵپەڕی رەسووڵ سوڵتانی