| 
			٣١\١٠\٢٠١٠ 
			    
			خرۆشان 
			و خەپاندن.  
			 
			دارا ئەحمەد 
			چاوم هەردەم تێنیی و تامەزرۆی کەسکایی و
 رەنگی زەردەی خۆرەتاو و
 پڕووشەبارانی مێخۆش و
 نیگا و غەمزەی چاوبازان و
 پەلکەزێڕینەی ژۆر سەری
 گۆی مەمکۆڵانی یار بووە.
 گیانم هەردەم
 خولیای ژووان و رامووسان و
 دەستبازیی بووە؛
 لە تەک دەست و پەنجەی یار و
 چیمەنی پڕ لە بەیبوون و
 نەمامی تازەپشکفتیی و
 شۆڕەبییە شلک و ناسکەکان.
 لێوم هەردەم
 لە پەیدۆزی یەک لێو بووە؛
 تورت و پتەو
 پڕ لە پەنگر، پڕووشە ئاور..
 بە دەنگی تەنیا یەک ماچی
 دەری و پەنجەرەی ژۆرەکان،
 کلاورۆژنە و بنمیچەکان 
			هەرتەکێنێ و
 ئاسمان تەی کا و بەرگی ئۆزۆن کونبەدەرکا.
 وەلی چ بکەم
 تا بیست بەهارم بەڕێکرد
 هەر گۆتیان و گۆتیانەوە:
 نەکەی رۆڵە، شەرمە، گوناهە، هێشتا ساوای...
 بیست بەهاری دیشم، گشتی
 ئاوری خەبات و تێکۆشان پڕووکاندی.
 نووکەش ئەوە چەند بەهارە
 لە نێو (چلە)ی ماتهمینیی تەمەنمدا 
			روونیشتینه و
 هەر دەبێژن و 
			دەبێژنەوە:
 نەکەی زڕبۆز، 
			شەرمە.. گوناهە.. تازە کەلکی
 چاوچاوانێ و ماچ و 
			مووچ و رامونسانت نییە و نابی
 شەرمە، نەکەی...
 وەلی چ بکەم
 هێشتا گڕی لێو و چاو و تێکڕای گیان و جەستەم بەرزە و
 دانامرکێ و دانامرکێ و دانامرکێ...
 
			                        
			وەلی چ بکەم، ئەز نازانم!؟ 
			                                      
			ئەز نازانم؟! 
			١٠\١٠\٢٠١٠
			- لەندەن 
			
			
											
			ماڵپهڕی دارا ئهحمهد 
			  
			  
			  |