٢٦\٨\٢٠١٠
(خوا هەقی بزنی بێ
شاخ،
بە سەر بزنی شاخدارەوە ناهێڵێ!).

دوکتۆر حوسێن
موحەممەد عەزیز*
ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانیی، بە سێ زاراوەی زۆر گرنگ دەژمێررێن،
لە بوارەکانی ژیانی نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی، کۆمەلایەتی و
کەلتووریی گەلانی جیهاندا، جێی شیاوی دیارییکراو و ڕۆڵی تایبەتی خۆیان
هەیە. لەبەرئەوە، بێ ئەو سێگۆشە گەورە گرنگە پیرۆزە، هیچ شتێ لە ئەم
گەردوونەدا، نەبەڕێوەدەچێ و نەسەریشدەگرێ. چونکە تا ئازادیی ڕاستەقینە
نەبێ، دادپەروەریی ڕاستەقینە نابێ، تا دادپەروەریی ڕاستەقینە نەبێ،
یەکسانیی ڕاستەقینە نابێ، تا یەکسانیی ڕاستەقینەش نەبێ، ئازادیی و
دادپەروەریی ڕاستەقینەش نابن. بۆیە هەر سێ چەمکەکە، بە شێوەیەکی زۆر
توتدوتۆڵ، پێکەوە گرێدراون، پێوەندیییەکی دیالێکتیکی و ڕاستەوانەیان لە
نێواندا هەیە، هیچیان بێ ئەوی دیکەیان ناژین و گەشەناکەن. چونکە ئەو سێ
چەمکە لە یەک کاتدا، هەم وەک بیروباوەڕ، هەم وەک ئامانج و هیوا، هەم
وەک هۆکار و شێوازی کارکردنیش وان.
لە نێو چوارچێوەی سنووری ئەو سێ زاراوە گرنگەشدا، گەلێ چەمکی دیکەی پڕ
بایەخ هەن و خۆیان لە هەناویاندا حەشارداوە. بۆ نموونە: تۆوی هەموو
چەمکەکانی {دۆستایەتی، برایەتی، یەکێتی، تەبایی، دڵسۆزیی، ڕاستگۆیی،
ڕێزی بەرابەریی، باوەڕ بە یەکدی کردن، دێمۆکراسیی ڕاستەقینە، سەربەستیی
بیروڕا، پێشکەوتنی نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی، زانستیی، تێکنۆلۆژیی،
کۆمەڵایەتی، کەلتووریی، وێژەیی و هونەریی، پاراستنی سەر و ماڵی
ڕۆڵەکانی گەل و ئاساییشی نەتەوەیی، خۆشگوزەرانیی و دابینکردنی ژیانێکی
باش بۆ کۆمەڵانی خەڵک ...}، هەر لە خاکی پڕ بە پیتی ئازادیی،
دادپەروەریی و یەکسانیی ڕاستەقینەدا دەڕوێن، چەکەرەدەکەن و سەردەردێنن،
هەر بە شنەبای ئەو سێ چەمکەش، دەشنێنەوە و گەشەدەکەن.
لەبەرئەوە، لە سەرتاسەری مێژووی کۆمەڵی مرۆڤایەتیدا، گەلانی جیاوازی
جیهان، لە پێناوی ئەو ئامانجە پیرۆزانەدا، خەباتێکی زۆریان کردووە،
خوێنێکی زۆریان ڕشتووە و قوربانییەکی زۆریشیان داوە، تا بە ئەو ڕۆژە
گەشە پڕ سەروەرییە گەیشتوون، لە ڕیزی کاروانی گەلانی پێشکەوتووی
جیهانیشدا، جێپێی خۆیان کردووەتەوە، بە ئازادیی و سەرفرازیی دەژین، تا
ژیانیش لە سەر ڕووی ئەم زەوییە بەردەوامبێ، گەلانی بندەست و چەوساوەی
دواکەتوو، قوربانیی پتر و خوێنی زێتریشی بۆ دەڕێژن، هەر تێدەکۆشن و کۆڵ
نادەن، تا خاکی نیشتمانەکانیان، لە داگیرکەر و چەوسێنەرانی دەرەکیی و
نێۆخۆیی پاک نەکەنەوە و خۆری ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانیی
ڕاستەقینە بەدەس نەهێنن، هەموو کون و قوژبنێکی ووڵاتەکەشیان ڕۆشن
نەکاتەوە.
تا لە کۆمەڵێکی دیارییکراودا، ئازادیی ڕاستەقینە هەبێ، ڕۆڵەکانی گەل
بتوانن، بە ئازادیی دید و بۆچوونەکانی خۆیان دەربڕن، دەزگەکانی
ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئازاد و سەربەخۆ بن، هێڵی سوور بە
دەوری دەسەڵاتی چوارەمدا نەکێشرێ و هەراسانیانکەن، کادێرە بوێرە دڵسۆزە
ڕۆژنامەنووسەکان، چاوی زیت و وریای توێژ و چینە چەوساوەکانی گەل بن،
تاڵی ڕەش و سپی لە یەکدی جیاکەنەوە، ئەوا دادپەروەریی پتر گەشەدەکا و
دەچەسپێ.
دادپەروەریی، بە زۆریی دادی کۆمەلایەتی دەگرێتەوە، بە یەکێ لە
خەسڵەتەکانی هەموو کۆمەڵێکی پێشکەوتوو و شارستانیی دەژمێررێ. لە هەر
کۆمەڵێکدا، دادی کۆمەلایەتی نەبوو، شیرازەی پێوەندیییە کۆمەلایەتییەکان
تێکدەچێ، پشێویی و ئاژاوەی نێوخۆ بڵاودەبێتەوە، جیاوازیی لە نێوان توێژ
و چینەکانی کۆمەڵدا درووستدەبێ، بە تایبەتیی، گەر سەروەریی یاسا
پێشێلکرا، دادپەروەر بێ دادبوو، دادپەروەریی نەبوو، ڕۆڵەکانی گەل مافی
ڕەوای خۆیان نەبوو، لە بەردەم یاسادا چوونیەک نەبوون و جیاوازییان لە
نێواندا کرا، ئەوا ئەو کۆمەڵە، ڕۆژ بە ڕِۆژ تا دێ، بەرەو خراپبوون
دەڕوا و ڕایەڵەکانی لێکهەڵدەوەشێ. بۆیە یەزدانی مەزن، دەربارەی
دادپەروەریی فەرموویەتی: {گەر لە نێوان خەڵکدا فەرمانڕەواییتانکرد،
دادپەروەرانە بیکەن}.
گەر ڕۆڵەکانی گەل، لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا بژین، دادپەروەریی ڕاستەقینە
هەبێ، ئەوا بە شبَوەیەکی ئۆتۆماتیکیی، یەکسانیی دەچەسپێ و جێبەجێدەکرێ،
لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی ڕامیاریی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی، یاسایی،
کەلتوورییدا، ڕۆڵەکانی گەل یەکساندەبن، سەروەت و سامانی ئەو وولاتە، بە
شێوەیەکی یەکسان، بە سەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێ، جیاوازیییەکی زۆر لە
نێوان گوند و شار، هەژار و دەوڵەمەند، توێژ و چینە جیاجیاکاندا نامێنێ.
بە پێچەوانەشەوە، گەر یەکسانیی نەبوو، ئەوا کۆمەڵگەکە، وەک
جەنگەڵستانێکی لێدێ، لە پێناوی ژیان و لە نێوان ڕیزەکانی گەلدا،
ململانێیەکی توند و تیژ درووستدەبێ، هەر کەسێ خەمی خۆی و بنەماڵەکەی
دەبێ، کێ زۆر بەهێز و دڕندەش بێ، مانەوە و دەسەڵات بۆ ئەو دەبێ. بۆیە
ڕۆژ بە ڕۆژ، دینگە سەرەکیی و گرنگەکانی ئەو کۆمەڵە هەڵدەتەکێ، هەرا و
ئاژاوە لە ڕیزەکانیدا بڵاودەبێتەوە، سەرەتا مەترسیی جەنگێکی دەروونیی
ڕووخێنَەر و دواتریش، جەنگێکی کۆمەڵایەتی خوێناویی نێوخۆیی
ماڵوێرانکەرانەی لێ دەکرێ!
ئەز پێم وایە، تا ئێستە لە {کوردستان}دا، نە ئازادیی ڕاستەقینە، نە
دادپەروەریی ڕاستەقینە و نە یەکسانیی ڕاستەقینەش هەیە، بۆیە وا
دواکەوتووین و ڕۆڵەکانی گەل، لە بارێکی دەروونیی زۆر سەختدا دەژین، ڕۆژ
بە ڕۆژیش، دەنگی ناڕەزایی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پتر بەرزدەبێتەوە و
زیاددەکا. چونکە گەر ئازادیی ڕاستەقینە هەبووایە، کەس لە سەر ووشەی هەق
تیرۆر نەدەکرا، لە سەر دیدی جیاوازیش، کەس نانبڕاو نەدەکرا. گەر
دادپەروەریی ڕاستەقینە هەبووایە، یاسا پێشێل نەدەکرا، ئەو هەموو بێ
دادیی و زۆرداریییەش ڕووی نەدەدا. گەر یەکسانیی ڕاستەقینە هەبووایە،
ئەو کەلێنە گەورانە، لە نێوان توێژ و چینەکانی گەلدا نەدەبوو، ئەو
هەموو دەوڵەمەندە زەبەلاحانەش هەڵ نەدەتۆقین. گەر ئازادیی، دادپەروەریی
و یەکسانیی ڕاستەقینە هەبوونایە، ئەو هەموو بێکاریی و دەرۆزەکەرانەی
سەر شەقامەکان نەدەبینران، ئەو هەموو ڕۆڵە کوردانە، سەری خۆیان هەڵ
نەدەگرت، زێدی خۆیان بەجێ نەدەهێشت و بە دەم هەناسەی ساردەوە، تووشی
دەرد و ئازاری دوورە ووڵاتی نەدەبوون. دەڵێم: گەر ئازادیی، دادپەروەریی
و یەکسانیی ڕاستەقینە، لە فەرهەنگی دەسەڵاتدارانی کورددا هەبوونایە،
هەڵبەتە خوێندەوار و نەخوێندەوار، زانا و نەزان، شارەزا و نەشارەزا،
لێهاتوو و لێنەهاتوو، بەهرەدار و بێ بەهرە، دەسڕەنگین و هیچ
لەبارانەبوو، کارگەر و مشەخۆر، دڵسۆز و نادڵسۆز، بێلایەن و
لایەندار،پێشمەرگە و سینیگێڕ، پاک و ناپاک، جاش و باش لێک جیادەکرانەوە،
مەڕ بەپێی خۆی و بزنیش بە پێی خۆی هەڵدەواسرا، کا لە بەردەم سەگ و
ئێسکیش لە بەردەم کەردا دا نەدەنرا!
ئاخر، گەر ئێمەی کوردیش، وەک نەتەوەیەکی ژێردەس و چەوساوە، تا ئەوڕۆ،
پەندمان لە مێژووی هەزار ساڵەی پڕ لە شەرمەزاریی و سەرشۆڕیی خۆمان
وەرنەگرتووە، شتێ لە مێژووی پڕ لە خوێنهەڵکێشراوی داگیرکردن و
کوشتنوبڕینی بە کۆمەڵ فێرنەبووین، لە باخی ژیانی نەتەوەیی خۆماندا،
چەپکەگوڵی هەمەڕەنگ و بۆنخۆشی ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانیی
ڕاستەقینەمان نەچنیوە، با پەندێ لە مێژووی نەبەزیی و خۆڕاگریی
نەتەوەکانی جیهان وەرگرین، شتێ لە مێژووی گەش و ڕازاوەی سەربەخۆیی و
سەریەستیی ئەوانەوە فێربین، چونکە مێژوو وەک ئۆقیانووسێکی گەورە و
قووڵی بێ بن وایە، هەموو نەتەوەکان دەتوانن، پاپۆڕی خۆیانی تێدا
بەگەڕخەن و گەشتی پێدا بکەن، بەڵام مەلەوانی لێهاتوو و شارەزای دەوێ،
گەوهەری پەند و مرواریی بیری جوانی لێ دەربێنێ!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: تا بە تەواویی، ڕەگی گولی گەندەڵیی، لە هەموو
بوارەکانی ژیانی کۆمەڵدا، لە بنوبێخەوە ڕیشەکێش نەکرێ، جیاوازیی لە
نێوان دەسەڵاتی پارتەکان و دەزگەکانی میریی هەرێمدا نەبێ، پیاوی بەڕێز،
خاوێن، لێهاتوو، شارەزا، پسپۆڕ و دڵسۆز، لە شوێنی شیاوی خۆیدا دا نەنرێ،
واز لە ناکۆکیی و دووبەرەکیی نەهێنرێ، بیانییپەرستی و خۆبەسووکزانین
گۆڕ نەکرێ، کۆنەقین و بیری تۆڵەسەندنەوە زیندەبەچاڵ نەکرێ، ئازادیی،
دادپەروەریی و یەکسانیی ڕاستەقینە، جێی سەرکووتکردن، هەڕەشەکردن،
تۆقاندن، تیرۆر، بێ دادیی و زۆرداریی، جیاوازیی و هەڵلووشینی سەروەت و
سامانی {کوردستان} نەگرێتەوە، ئەم ووڵاتە هەرگیز چاک نابێ، ئەم
ئەزموونە هەرگیز سەرناکەوێ، ئەم ڕەوشە هەرگیز ناگۆڕێ، نەتەوەی کوردیش
بە ئازادیی ناژی و سەربەخۆ نابێ!
گەر دەسەڵاتدارانی کورد، بیرێ لە ئەو بارە نالەبارەی کورد نەکەنەوە،
هەوڵ بۆ چاککردنی نەدەن، دادپەروەریی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتییدا
نەچەسپێنن، ئازادیی بیر و ڕادەربڕین، بۆ ڕۆڵەکانی گەل دابین نەکەن،
یەکسانیی لە نێوان توێژ و چینەکانی کۆمەڵدا نەچەسپێنن، ئەوا وەک
گوتوویانە: جام کە پڕبوو، لێی دەڕژێ، هیچ هێزێ ناتوانێ، بەر بە شەپۆلی
تووڕەیی و ڕقی پیرۆزی جەماوەر بگرێ، ئەو جەماوەرە زۆرلێکراوە ڕادەپەڕن
و دوا دەزگەی دەسەڵاتی زۆردار و گەندەڵکاران ڕادەماڵن، وەک چۆن بیست
ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتی {بەعس}ی داگیرکەریان ڕاماڵی، تۆڵەی چەندین ساڵی
داگیرکردن و چەوساندنەوەیان لێ سەندەنەوە، هەر بە ئەو چەشنەش، تۆڵە لە
تاوانباران و زۆردارانی کورد دەسەننەوە، دەسەڵات بۆ گەل دەگێڕنەوە،
ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانیی ڕاستەقینە دەچەسپێنن، تاوانباران بە
سزای ڕەوای خۆیان دەگەیەنن، هەقی بزنی بێ شاخ، بە سەر بزنی شاخداریشەوە
ناهێڵن!
جا تا ئەو ڕۆژە ڕەشەی زۆرداران نەهاتووە، با بیرێ لە ڕەوشی خۆیان و
گەلەکەیان بکەنەوە، هۆشێ بە بەر خۆیاندا بێننەوە، ئەگینا، دوایی زۆر
درەنگ دەبێ و پەشیمانیی دادی کەس نادا!
____________________
*
نووسەر و
مامۆستای زانکۆ.
ماڵپهڕی دوکتۆر حوسێن محهممهد عهزیز
|