١٧\٣\٢٠١٥
خوازبێنیی و
ھەنگاونان بەرەو بەھاوسەربوون.

یوسف خەلیل
زۆر
جار لەناو خێزانەکەماندا بە دایک دەڵێین : ھاوڕێیەکە بۆ منداڵەکانی
،بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ باوک من ناڵێم لەناو خێزاندا دەوری نییە بگرە
زۆر زیاتر لە دایک لەناو خێزاندا دەسەڵاتدارە و بەبێ بوون و ئاگاداری
ئەو رەنگە ھیچ کارێکیش ئەنجام نەدرێ ! بەڵام لەبەر نەبوونی کات و
رەخساندنی ھەلێکی لەبار.. باوک ھەمیشە دوورە پەرێز بووە.. بۆیە ئێمەی
لاو لەسەر ئەو نەریت و پەیڕەوە بەردەوام ماوینەتەوە کە زۆربەی
کێشەکانمان رووبەڕووی دایک بکەینەوە ..ئینجا بە باوک بوترێ، لە ھەمووی
گرنگتر تۆ ئەتەوێ ژیانی ھاوسەری ھەڵبژێری .. کوڕ یان کچ چی بکەن باشە
یا لە خێزاندا کێ ئاگادار بکەنەوە .. دایک یان باوک وە بۆچی؟
• چـنار /
تەمەن (٢٤) ساڵ:
- بێگومان دایکم ئاگادار دەکەمەوە ، چونکە دایک زۆر نزیکە لە کچەکەی بە
تایبەتیش بۆ کاتی ھاوسەری .. من پێشتر کوڕەکەم نەدیبوو بەڵام ئەو منی
دیبوو بە (وێنە) ، ئێدی دایک و خزم و کەس و کاری نارد بۆ لای باوکم ..
دایکیشم بە منی وت رازیت ؟ کە وەڵامی منی وەرگرت ئەوسا ئەویش باوکمی
ئاگادار کرد ..
• زمناکـۆ
/ تەمەن (٢٦) ساڵ:
- من کچەکەم خۆش ئەویست بەڵام دایکم رازی نەبوو ئەو بھێنم ،بەڵکو زۆری
پێناخۆش بوو کە باسی ژن ھێنانم ئەکرد ! بۆیە کە پێم وت بچنە داوای ئەو
کچە بۆم قسەی لەگەڵدا نەکردم و تا ماوەی ساڵێک چاوەڕوانم کرد ناچار خۆم
چوومە پێشەوە ..رووداوەکەم تێگەیاندن کە دایکم پێی خۆش نییە ھیچ کچێک
بھێنم ، بەڵام کەس و کاری کچەکە ھەر ئەیان وت ئەبێ دایکت ئاگادار بێت
.. دووساڵ بەسەریدا تێپەڕی بەڵام من و خۆشەویستەکەم ھەر بەتەمای یەکتری
بووین ، ئینجا دوای رازیکردنی دایکم لەلایەن خۆم وباوکم و خوشک و
براکانمەوە .. دایکم چووە پێشەوە بۆم ، بەڵام خۆ من پێشتر باوکیشم
ناردبوو بۆ لایان ..بەڵام کێشەکە دایکم بوو ! نازانم لە کۆمەلگای
ئێمەدا بۆ ئەبێ کە چوویتە داوای کچێک عەشیرەتێک لەگەڵ خۆتدا بەریت ؟
یان پێش ھەموو شت دایک ئینجا باوک ؟ لە پێشدا ژنان قسە ئەکەن و وتە
ئەبڕێننەوە و پاشان مارەکردنەکەشی بۆ پیاوان بەجێ ئەھێڵن ؟
• خاتوو
ئامینە / تەمەن (٥٢) ساڵ ،خاوەنی سێ کوڕ و چوار کچ و یەک بووک:
- لە سەرەتاوە کوڕەکەم داوای لێکردم کچێکی بۆ بھێنم چونکە خۆشی ئەوێت ،
منیش داواکەم رەت نەکردەوە بە داب و نەریتی کوردەواری خۆمان لەگەڵ
ژنانی خزماندا کە نزیک بوون لێمان چووینە ماڵی کچەکە و یەکەم جار لە
دایکی داوامان کرد و خۆمان و بنەماڵەکەمان پێناساندن ئەوی تریمان بۆ
پیاوان بە جێھێشت ،زۆرم پێخۆشبوو چونکە یەکەم کوڕم بوو کە ژنی بۆ بھێنم
و لەناو خێزانێکی بەختەوەردا بیبینمەوە ، بەڵام ئەو کاتە زۆر ناخۆش بوو
کە لێم دوور کەوتەوە و کۆچییان کرد بۆ ھەندەران ، مەسەلەیەکی کوردەواری
خۆشمان ھەیە کە ئەڵێ (چەپڵە بەیەک دەست لێنادرێت) ئەبێت باوکیش رازی
لەسەر بێت ئینجا دایک پاشان بچینە داوای کچەکە، چونکە وەک خۆمان
ئەزانین پیاو دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە ژنان بە تایبەتی بۆ مەسەلەی ژن
ھێنان و کچ بەشودان لەناو کوردەواریدا ، بەڵام یەکەم جار منداڵەکانمان
وا گۆش کراون کە لەلای دایک باسی بکەن و ئێمەش رابەرییان بکەین بۆ لای
باوک ٠
• ئازاد /
تەمەن (٥٢) ساڵ، خاوەن یەک کچ و دوو کوڕ و یەک بووک:
- من کوڕەکەمم زۆر خۆش ئەوێ و زۆربەی کاتیش ھیچی لێ نەئەشاردمەوە ،
بەڵام بۆ مەسەلەی ژن ھێنانەکەی .. یەکەم جار لەلای دایکی باسی کردبوو ،
دایکی دووایی بەمنی وت و منیش دڵیم نەشکاند ، دوای چوونی ژنان و
قسەکردن سەبارەت بەو ژنھێنانە .. پاشان من و دوو مامی و خاڵێکی چوینە
داوای کچە بۆی ، بەڵام دووەم جار ماڵەکە رازیبوون کچەکەیان بدەن بە
کوڕەکەم ، ھەموو باوکێکیش منداڵی خۆی خۆش ئەوێ و حەز دەکات منداڵەکەی
لە خۆشیدا بێت .. بەڵام من زۆر ترسام لەوەی کە یەکەم جار ماڵی کچەکە
رازی نەبوون ، چونکە ئەمزانی کوڕەکەم خەفەت ئەخوات و پێی ناخۆشە ،
بەڵام بەپشتیوانی خوای گەورە کارەکەیان بە ئەنجام گەیشت ، وەلە
داواکردنی ژن ھێنان و شووکردندا دایک رۆڵێکی بەرچاو ئەبینێ .. چونکە
پێشتر ئەو ئاگادار ئەکرێتەوە پاشان باوک .. نازانم بۆچی لە روویان
نایەت پێشتر ئەو مەسەلەیە لەلای باوک باس بکەن ، حەز ئەکەم کە ژنم بۆ
کوڕی دووەمم ھێنا خۆزگە یەکەم جار بە منی ئەوت ئینجا منیش بەپەلە
ئەچووم ئەمووت وەرە ژنەکە کوڕەکەم داوای ژن ئەکات ٠
• خاتوو
سەبری / تەمەن (٤٨) ساڵ، خاوەنی چوار کوڕ و دوو کچ و دوو بووک:
- کوڕە گەورەکەم کچێکی خۆش ئەویست چونکە لە پەیمانگا پێکەوە بوون ،
کاتێک کە لە خوێندن تەواو بوون ، کوڕەکەم داوای لێکردم بچمە داوای ..
منیش بە مامی و خاڵیم وت کە داوای بۆ بکەن ئەوانیش لەگەڵ چەند پیاوێکی
تر کۆبوونەوە و چوونە سەردانی ماڵی کچەکە و کوڕەکەم بە ئاواتی خۆی
گەیشت ، بۆ کوڕە ناوەنجییەکەشم خوشکەزا یەکی خۆمم بۆ داواکرد و ئەملاو
ئەولای نەویست چونکە ھەموو کوڕێک ئەبێت ژن بھێنێ ھەموو کچێکیش میوانە
لە ماڵە باوک ! بەڵام کە کوڕەکەم باسی ژنھێنانی کرد باوکی نەمابوو بۆیە
من جێی باوکیشم بۆ گرتونەتەوە ، دایک زیاتر گوێ ئەگرێ بۆ داوای منداڵ
چونکە باوک زۆر لە ماڵ نییە و کەم منداڵەکانی ئەبینێ ٠
• مامۆستا
محەمەد / تەمەن ٥٠) ساڵ، خاوەنی سێ کوڕ و یەک کچ و دوو بووک:
- لەسەرەتاوە ژنان ئەچنە پێشەوە و قسەی ماڵە کچ وەرئەگرن و دوای
رازیبوون و بڕانەوەی ھەموو شتێک ئینجا پیاوان ئەچن بۆ دەست ماچکردن ،
خۆشبەختی منداڵیش پێش ھەموو شتێکە چونکە ئێستا ئێمە لە سەردەمێکدا
ئەژین کچ و کوڕ بۆخۆیان ھەموو شتێک دەبڕێننەوە جا ئێمە ئاگادار
دەکەنەوە ، جا دایکی کوڕە ئەبێت بە دایکی کچە بڵێ..بەڵام زۆرتر لە
ھەردوو سەرەوە دایک رۆڵی سەرەکی ئەبینێ ٠
• ە . ق /
١٩٧٧/ کاسب:
- بە خۆشەویستی ھاوسەرێتیم پێکھێناوە ، وە لەبەر ئەوەی باوکم نەماوە
دایکم دەوری کاریگەری بینی ، پێویستە سەرەتا ھەڵسەنگاندن و سروشت
گونجان لەبەر چاو بگیرێت.
• محەمەد
نەجمەدین / ١٩٥٧ / مامۆستا:
- بە خۆشەویستی ھاوسەرێتیم پێکھێناوە، بەڵام ھێشتا درەختی خۆشەویستیم
بەری نەگرتووە .. ھەرچەندە ئەو درەختە ھەمیشە بە سەوزی دەمێنێتەوە ئێدی
نازانم زڕ دەبێ یان بەردار ! لە کۆمەڵگاشدا ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر
جیاوازی و کاریگەریی خۆی ھەیە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵ لە رووی بیرکردنەوە
و ھەڵوێستی کۆمەڵایەتییەوە ، بەڵام بە گشتی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا
باوک رۆڵی سەرەکی دەبینێ ، ھەرچەندە خۆشبەختانە لەم دەیەیەی دوایدا
خەریکە تای تەرازووەکە بەلای کچ یان کوڕدا دەشکێتەوە لە مەسەلەی
ھەڵبژاردندا بۆ بەھاوسەربوون ... پێم وایە یەکتر ناسین و رێزگرتن
سەرەتای چەکەرەی خۆشەویستی لە نێوان ھەردوو رەگەزدا بنەمای سەرەتا و
سەرەکین بۆ ئەو قۆناغە نوێیەی ژیان ٠
• رەزا
عوسمان / ١٩٧٧ / کاسب:
- بەیەکتر ئاشنا بووین پاشان بۆ ھاوسەرێتی رێکەوتین ، سەرەتا خوشکەکەم
ئاگادار کردەوە ، لێرە لە ھەندێ شوێن باوک رۆڵی زیاترە بەڵام ئێستا
رۆڵی دایکیش بەرچاو بووە ، من سەرەتا بە دڵداری دەستم پێکرد و پاش
ھەڵســەنگاندنم لەگەڵی رێکەوتم ..
• شوان
عەبدولڕەحمان / ١٩٧٨ / فەرمانبەر:
- ھاوسەرێتیم پێک نەھێناوە بەڵام زۆرینەی کات سەرەتای کردنەوەی باسەکە
لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە دایکەوە دەست پێدەکات ، چونکە تا ئێستاش باوکان
سیمای شەرم لێکردنن لە خێزاندا .. ئەمەش لایەنێکی خراپە ! چونکە ئەگەر
پەیوەندییەکان وەک ھاوڕێیەتی بن چاکترە ، رۆڵی دایک و باوک لە ھاوسەر
دروستکردندا لای ئەوانەی بە رێگەی رێکەوت ژن دەھێنن زۆرترە ، بەڵام بە
بوونی پەیوەندی نێوان ھەردوو رەگەزەکە رۆڵیان کەمتر دەبێتەوە ،
ھێشتاکەش لای ئێمە بوونی ئەو دووانە یەکێکیان رۆڵی گرنگ دەبینن لە
ھەڵسوڕاندنی پڕۆژەکەدا ، رێنمایشم بۆ ئەو کەسانەی ھاوسەری دروست دەکەن
لە ھەڵبژاردنی کەسی بەرانبەریان زیاتر ژیری (عەقڵ) بەکاربھێنن تا
بتوانن لایەنە باش و خراپەکانی بدۆزنەوە تا لە سەرەتاوە نەکەونە ھەڵەی
دەست نیشان کردنەوە .. راستە دڵ کەسەکە ھەڵدەبژێرێت بەڵام بڕیاری
کۆتایی دەبێت لای عەقڵ بێت ..
• زەردەشت
فەرەج / ١٩٧٦ / فەرمانبەر:
- لە راستیدا پرۆسەی پێکەوەنانی ھاوسەرێتی گرنگ و چارەنووسسازە و لەگەڵ
ئەوەشدا پیرۆزە ، بۆیە دەبێت بڕیارێکی خێرا و کتوپڕ نەدرێت لە نێوان
کوڕ و کچدا ، پێویستە لەسەرخۆ بە بڕیارێکی تەواوەوە کوڕ و کچ رووبەڕووی
ئەو بەربەست و کێشانە ببنەوە کە دێنە بەردەمیان ئەگەر نا ئێمەش دەبینە
قوربانی ئەو دەستانەی کە لە کۆمەڵگاکەماندا بڕیار دەدەن ، لە راستیدا
لە (٨٠%) ی پڕۆسەری ھاوسەرێتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەڕوخێن یان لە
دۆزەخێکی ھەمیشەیدا دەمێنێتەوە ! ئەمەش دوو دەرئەنجامن وادەکەن پڕۆسەی
زەواج بەرەو رووخان بڕوات .. یەکەم ئەو کەسانەی بەبێ بیرکردنەوە بڕیاری
خێرا دەدەن بەبێ گوێدانە ھیچ لایەنێکی ئەو پڕۆسەیە .. ئەوەی دیکەیان
ئەو کەسانەن کە لە رێگەی خۆشەویستی و سۆزدارییەوە بڕیاری کوێرانەی
خۆیان دەدەن ! ھەر بۆیە نە بڕیارێکی خێرا و کتوپڕ سەرکەوتوومان دەکات و
نە وەسیلەی سۆزداری ! دەبێت لەبەردەم ھەموو شتە جوانەکاندا عەقڵ حزوری
ھەبێت ، بیرکردنەوەت بۆ ئێستا و ئایندە و ھەموو مەسەلە وردەکانی ئەم
پڕۆژەیە ھەبێت ، چونکە تەبایی و پێکەوەبوونی سەردەمی سەرەتای
یەکترناسین و سەردەمی سۆزداری کوڕ و کچ نابێتە بنەمایەکی پتەو و
زەواجێکی سەرکەوتوو ، دانایی و گەورەیی و لێبوردن ئەمانە لەسەرووی سۆز
و شوھرەتەوەن ئەبێت ئەوانە بڕیاری پێکەوە بوون بن ، بەڵی زەواجم کردووە
بەڵام لەسەردەمی دەستگیرانیشدا لێک جیابووینەتەوە ، ئێستاش خۆم بەھەڵە
نازانم نە لە پێکەوە نانی نە لە ھەڵوەشاندنەوەشی ، سەبارەت بە
ئاگادارکردنەوەی ماڵەوەش من بڕیار ئەدەم و ئەوانیش پیرۆزبایم لێدەکەن
.. وە نە لە رێگەی ھەڵکەوتنەوە زەواجم کردووە نە خۆشەویستیش وەک وتم
ھەموو بڕیارەکانم لە رێگەی گونجاندن و رێزگرتنەوەیە .. من بیردەکەمەوە
لە ھەموو پایەکانی ئەم پڕۆسەیە ، ھەمیشەش ئاڵۆزم لەو بڕیارانەدا کە
چارەنووسی من و کەسێکی تر پێکەوە دەبەستێت ، ھەر بۆیەش بەبێ گوێدانە
ئەو بڕیارانەی کە لە دەرەوەی خۆمەوە بۆ چارەنووسی من دەدرێن قسە دەکەم
و بڕیار دەدەم ، ئەمەش ناکاتە ئەوەی رێز لە بۆچوونی دەور و بەر نەگرم ،
چونکە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە بڕیاری ئەو کەسە ھەیە کە دەیەوێت
ھاوسەرێتی پێکەوە بنێت ! بەدبەختانە ئێمە کلتورێک پەروەردەی کردووین
تاسەر ئێسک ترسنۆک و شەرمۆک و ناراستگۆین بەمەش شوناسمان ونکردووە ،
بۆیە دەبێت ھەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە بە خۆیاندا بچنەوە و خودی
رەھابن بەرانبەر ھەموو گرفتەکانی ژیان ، کچانیش با بەرگی شەرم و
ترسنۆکی لەبەر داماڵن و لەبەردەم ھەموو حەز و خۆزگەکانیاندا ژیر و
وردبین بن.. بەمەش یارمەتی کوڕان ئەدەن لە راستکردنەوەی کۆمەڵگایەکی
دوواکەوتوودا .. لە راستیدا من ھەرچییەک بڵێم وەک راستکردنەوەی ئەو
راستیانە وایە کە ھەڵەیان لێکەوتەوە وەیان لێیان دەکەوێتەوە ، من
ئەوەندە دەڵێم ئەگەر پەنجەکانی دەست ئازاریان دایت چارەسەریان بکە ..
ئەگەر چارەسەریان نەبوو بیان بڕەوە تا ئاسودە بیت !!
• بەختیار
ئەحمەد / ١٩٦٢/ فەرمانبەر:
- ھاوسەریم پێکھێنا بە ھۆی کەسێکی نزیکی خۆمەوە پاشان دایکم و باوکمم
ئاگادارکرد .. دایک زیاتر گوێ ئەدات بەو شتانە ، چونکە دایک ھەموو کات
پەلەیەتی لە ژنھێنانی کوڕ و بەشودانی کچدا .. بەڕای من ئەگەر گەنج
بتوانێت لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا پەلە نەکات لە ژنھێنان زۆر باشترە..
ھەتا تەواو لایەنی مادی چـــاک ئەبێت بەمەش لە زۆر تەنگ و چەڵەمەی
خێزانی و کۆمەڵایەتی رزگاری ئەبێت ..
• دیاری
ھەڵەبجەیی / ١٩٧٤ / فەرمانبەر:
- دایکم ئاگادار بوو چونکە دایک زیاتر گوێ دەگرێت لە نیازی دڵی کوڕ یان
کچ ، وە لە کۆمەڵگای ئێمەدا رۆڵی دیارترە ، ئەگەر کەسێک نیازی ژنھێنانی
ھەبێت پێویستە لەسەری پەلە نەکات .. ھەتا لایەنی کەم بتوانێت ژیانی
ھاوسەرێتیان ئامادە دەبێت ، چونکە گیروگرفتی دوای ژنھێنان زۆرە ...
• ساکار
ساڵح / ١٩٦٧ / فەرمانبەر:
- سەرەتا بەبۆنەی کەسانی ناسیاوەوە یەکتریمان بینی و دواتر بۆ ماوەی سێ
ساڵ بەردەوام بووین دوای ئەوە قسەمان لەسەر پێکھێنانی ھاوسەرێتی کرد
بۆمان گونجا و زەواجمان کرد..بێگومان دایک رۆڵی زیاتر ئەبینێت لە بە
ئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆسەیەدا ، پێویستە پێش ھەموو شتێک کوڕان و کچانی
گەنج ئەگەر بە تەمابوون ژیانی ھاوسەرێتی پێک بھێنن پێش ئەوە با
پەیوەندییان ھەبێت بۆ یەکتر ناسین و لەیەکتر گەیشتن و دانانی بەرنامە
بۆ ژیانی خۆیان ...
• کەژاڵ
حەسەن / ١٩٦٧ / فەرمانبەر:
- بەخۆشەویستی ھاوسەرێتیم پێکھێناوە .. بەڵام پێشم وایە دایک و باوک
لەم پڕۆسەیەدا ھەردووکیان رۆڵیان ھەیە ، بەڵام بە بڕوای من باوک رۆڵی
زیاترە و زیاتریش بێت باشترە ، چونکە باوک لە ھەموو لایەنێکەوە دەتوانێ
ئەو کەسە ھەڵسەنگێنێ کە ئایا ئەشێ ئەو بەرپرسیارێتییە ھەڵگرێ ،
رێنمایشم بۆ ئەو کەسانە ئەوەیە کە پەلە نەکەن لە ھەڵبژاردنی ھاوسەر ،
چونکە ژیانی ھاوسەری ژیانێکی زۆر پیرۆز و حەساسە .. لەبەر ئەوە تا
بکرێت ماوەی دەستگیرانی درێژ بێت تا ھەردوولا بتوانن تا رادەیەک لەیەک
بگەن ، رێنمایشم بۆ ئەو کوڕانەی دەیانەوێ ھاوسەرێتی پێکبھێنن ئەوەیە کە
تا بتوانن بەشێوەیەکی راستگۆیانە خۆیان پیشان بدەن ، تا بەرانبەریان
لێیان تێبگات .. بۆیە ماوەی دەستگیرانی با ماوەی راستی و لێکگەیشتن بێت
نەک ماوەی قسەی زل و کات بەسەربردن ! ئەو کچانەش کە بەم پڕۆسەیەدا
دەڕۆن پێویستە ھەوڵ بدەن کە بە عەقڵ ئەو بڕیارە بدەن نەک بە دڵ ! چونکە
زۆرجار سۆزی دڵ وات لێدەکات لە خراپەکانی ئەو کەسەی دەتەوێ بیکەیت
بەھاوسەرت خۆش بێت بەڵام لە دووایدا زیان بۆ تۆ دەبێت ....
• ئاوات
حەمە / ١٩٦٩ / فەرمانبەر:
- ھاوسەرێتیم لە رێگەی قیسمەت و نسیبەوە بوو .. بەڵام دوای دروستکردنی
خێزان گەورەترین خۆشەویستی دروست بوو ، بەڵام چ دایک چ باوک ھەردووکیان
رۆڵیان ھەبووە بەڵام ھەریەکەیان بە شێوازی جیاواز زۆر یارمەتیان داوم
بگرە وەک ھاوڕێ بوون بۆم ! پێشم وایە بۆ دروستکردنی ھاوسەرێتی باشتر
وایە خۆشەویستی ھەبێ و وە ئەو کەسەی ئەو ژیانە دیاری ئەکات تەنھا بۆ
مەبەستی مادە نەبێ لەگەڵ رێزم ھەندێ کچان کە ھاوسەر ھەڵدەبژێرن
بەڕێژەیەکی بەرچاو لە خۆیان گەورەترن لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندن گوێی
پێنادەن ، پێشم وانییە کە خۆشەویستی نەبوو پێش بەھاوسەربوون ئێدی
شیرازەی ئەو ژیانە تێک ئەپچڕێت بە پێچەوانەوە زۆرجار ئەو جۆرە
ھاوسەرییانە سەرکەوتنیان زیاترە .. چونکە خۆم لەو رێگایەوە ژیانم
دروستکردووە ٠
• کەژاڵ
کەریم / ١٩٧٩ / فەرمانبەر:
- چ کچ چ کوڕ لە تەمەنێکدا بیر لە پڕۆسەی بەھاوسەربوون دەکەنەوە ..منیش
بەھەمان شێوە کاتێک بیرم لەو ھاوسەرە دەکردەوە کە ئەو کەسە بێت من
بمەوێت و لێم تێبگات ئەویش خۆشەویستی کوڕێک بوو کە زۆرینەی بۆچوونەکانی
لەگەڵ خۆمدا دەگونجا ، بەڵام کاتێک ویستمان ئەو پڕۆسەیە بە ئەنجام
بگەیەنین باوکم زۆر ناڕازی بوو بەو بۆچوونە ..کەسی بەرانبەر ھاتە
پێشەوە و باوکم بڕوبیانووی زۆری ھەبوو ھەرجارەی بە شێوەیەک ، بەڵام
چونکە خۆشەویستی نێوانمان بەھێز بوو گەیشتینە ئەو ھێلانە بچووکەی دووای
دووساڵ پووشمان بۆ دەبرد ، لە کاتی ھاوسەر دروستکردندا دڵ و بەھرەی
دایک زیاترە وەک لە باوک ، دایک زیاتر لێت نزیکە و بەسۆزترە و لێت
تێدەگات .. جاریش ھەیە باوک رۆڵی خۆی ھەیە بەڵام چونکە رێژەیەکی کەمە
ھەر دایکەکە زیاتر دێتە پێش چاو ..رێنمایشم بۆیان ئەوەیە کە ئەوکەسەی
ھەڵیان بژاردووە بە خۆشەویستی بووە یان بینینێکی سەرزارەکی و پێشیان
دەڵێم با ناوەڕۆکی ئەو کەسەی کە ھەڵی دەبژێرن ھۆکاری سەرەکی بێت نەک
ھەندێ شتی لاوەکی و رووکەش ..
• ھەمزە
سەعید / ١٩٧٧ / رۆژنامەنووس:
- دیارە ھەریەکەمان بە جۆرێک ھاوسەر پێکدەھێنین ..ھەیە بە خۆشەویستی
ھەیە بە خزمایەتی .. ھەیە بە قەدەر ، ھاوسەرێتی من بە قەدەر بوو ،
دیارە بەپێی بار و زروف و ئاستی خێزانەکان دەکرێ لە لادێدا باوک رۆڵی
زیاتری ھەبێت یان لە شارۆچکەکاندا ئەم رۆڵە دابەش بکرێ .. لە ھەندێ
خێزاندا باوک و لە ھەندێ خێزاندا دایک ، بەڵام لە شاردا بڵێم لە (٩٠%)
دایک رۆڵی راپەڕاندنی زەواجی ھەیە بۆ منداڵەکانی ، ئاشکرایە رێگای
ژنھێنان رێگایەکی جیاوازترە بۆ ئیشکردن وەک لە رێگاکانی تر بۆ
دەستخستنی شتێکی تر ،ئەگەر کەسێک بیەوێت ژن بھێنێت .. سەرەتا دەبێت
کۆمەڵێک خاڵی گونجاو لە رەوشت و عەقڵییەت و ئسلوبی رۆژانەی خۆیەوە بێت
، بەو مانایەی کۆمەڵێ خاڵی ھاوبەشی لە نێوان خۆی و بەرانبەرەکەیدا دەست
نیشان کات پاشان ئیش بکات بۆ تێگەیاندنی بەرانبەر و پاشان تێگەیشتن لە
مەرج و خاڵی چۆنیەتی ژیانی ئایندەی ، ئافرەتەکەش ئەگەر لەم رێگایەوە
سەرکەوتوو بوو .. واتە ھەردوولا رازیبوون لەسەر زەواجکردن ، ئینجا ماڵی
ھەردوولا ئاگادار بکرێتەوە .. کوڕەکە ماڵی خۆیان و کچەکەش ھەروەھا
پاشان ئیش لەسەر شتە گشتییەکانی تر بکرێ وەک داواکردن و باقی ئیشەکانی
تر...
سەرنج:
ئافرەت دەورێکی کاریگەری ھەیە بۆ پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵگە ، چونکە شان
بە شانی پیاوان ھەمیشە کاردەکەن ، سەرچاوەی ژیانن و .. بێ بوونیان
نیشانەیە بۆ دوواکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە ، بگرە لە ناو خێزانیشدا بە
تواناترین و لێھاتووترین ئەندامی چالاکن،
ژنان دەوری رێخستن و ئاراستەکردنی ژیانی کۆمەڵگەیان کردووە، ئەمان
قۆناغی گەشەکردنی مرۆڤایەتـیی و کۆمەڵگە و ماڵ و مناڵ و خێزانیان
ھەڵبژارد و پیاوانیش دەسەڵات !
ماڵپەڕی یوسف
خەلیل
|