په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

    خودایە ئەگەر هاتى تەنیایى بەجێبێلە.

ئاوێزان نوری

خودایە..
رۆژى هەینى سەرێ بە لەماڵەکەم
ئەگەر هاتى بوخچەى قەدەرمت بیرنەچێ
تا بزانم چارەنوسم لە چ وەیشومێک پێچراوە
ئەگەر هاتى
کراسێکى تەفسیرم بۆ بکڕە
تا بیکەمە بەر خەونەکانى تەنیاییم
ئەگەر هاتى
قاوەیەک دەخۆینەوە و..
جا پێم بڵێ بەر نەفرەتى چى قەرەجێک کەوتوم
ئەگەر هاتى نوقڵێک بخەرە گیرفانى هەورەوە
تا بە شوێنت نەگریێ
سەڵاوێک لە (ئاو) بکە تا مان لە شۆڕبوونەوە نەگرێ
ئامۆژگارییەکى (با) بکە
تا لە پشت پەنجەرە و دەرگا گوێ بۆ قسەکانمان هەڵنەخا
دەسێک بەسەرى (خۆر)دا بێنە
تا شار پڕ بکات لە ئاسۆ
ئاوڕێک لە مانگ بدەوە
تا تریفە بڕژێنێتە نێو کوچە و شەقامەکان
خودایە
ئەگەر هاتى تەنیا وەرە و..
بەر لەوەى بێیت
تەماشاى ئەداى نوێژەکانم بکە
خۆ من بە دەستنوێژى یەقینەوە
لەسەر بەرماڵى وجود سوژدەم بۆ بردى
ئاوڕێک لە وێردەکانم بدەرەوە
کە هێندەى ئاسمان باڵایان کردووە
پۆستەکە بکەرەوە و نامەکانم بخوێنەوە
ئەو زەرفانەى رەنگیان سورە حەرفەکانى (بۆمب)ى تیا شیتەڵ کراوەتەوە
حیکمەتى چەندین مێشکى پژاوى تیایە و..
دەست و قاچى قەدەرى تیا پەڕیوە
ئەو زەرفانەى رەنگیان رەشە
بە چەند فاتحایەک مۆرکراوە و..
وێردى من و ئەوانى لەسەر خوێنراوە
خودایە ئەم هەینیە وەرە و
وەڵامى ئەو نامانەشم بە خەوێک بۆ بنێرە
منیش
روخسەت لە پایز وەردەگرم و
بۆ پێشوازیت لە برى گەڵا دەکەومە هەلەکەسەما
لە یاداشتنامەکەشمدا بۆ مێژوو دەنوسم
ئەمڕۆى هەینى کاتژمێر (تەریقەت و خولەکێک ئاوڕدانەوە)
خودا لەکاتى پشوى خۆى بە جانتایەک حیکمەت و..
بڕێک ئاشتى و..
ئاشکرا کردنى نهێنیەکانى (بوون)
سەرى دا لە ماڵەکەم.


واژوو/ ئاویزان نورى

ماڵپەڕی ئاوێزان نوری