٢٦\٣\٢٠١٤
خوێن بە خوێن.

مەهدی خالید خەمبار
شەمەی ڕابردو لە ناوچەی جادریە لە بەغدا و لە رووداوێکی
نەخوازراودا ڕۆژنامەنوس و میدیاکار (محەمەد بدێوی شەممەری) تێیدا گیانی
لە دەستدا ، بۆ ئێمەی هاوپیشە و ڕۆژنامەنوسانیکورد هەم وەک لەدەستدانی
هەر مرۆڤێکی ئاسایی و هەمیش وەک هاوپیشەو ئەکادیمیەک بە مایەی خەم و
ئازارێکی زۆری دەزانین . لە دەستدانی هەر قەڵەم و هیزرێکی باش
خەسارەتێکە بۆ هەمووان.
ئەمەی دەیڵێم نە بەرایی و ڕەواییدان و پاساوهێنانەوەیە بۆ
رووداوەکە ، من بە هیچ
شێوەیەک لە گەڵ کوشتن و خوێنڕشتندا نیم چونکە خۆم قوربانی و
منداڵێکی هەستکوژراوی دەستی کوشتن بوومە!
لە هەمان کاتیش وەک کوردێکیش لەگەڵ
ئەو هەڵوێستە شەڕانگێزیەی مالیکیش نیم کە
دەریبڕی (خوێن بەخوێن) و نە لە گەڵ جووڵانی
ئەو هێزەشم کە هێڕشیان کردە سەر کۆشکی کۆماری و سەنگەریان لە
پاسەوانانی سەرۆک تاڵەبانی گرت کە هێرشە بۆ سەر سومبوڵێکی کوردایەتی!
ئەم هەڵسوکەوتە سیاسیە عەنتەربازیەی مالیکی
زۆر شتی سپیکردەوە.
١- تووشبوونی
مالیکی بە کۆمەڵێک گرێی دەروونیی و ئاڵۆزی و
شڵەژانی ڕوحی کە لە دەرەنجامی ئەو پەراوێزخستن و دۆڕانە سیاسی و شکستە
ئەمنیانەن کە عێراقیان خەڵتانی خوێن کردوە کە هەمووشیان
بەری ئەو هەڵە چەوت و ناتەندروستانەن کە مالیکی و حکومەتەکەی بەردەوام
دەیکات و بە هۆیەوە تەنانەت متمانەی بەشێک
لە شێعەکانیشی لەدەستداوە.
٢- لە رووبەڕووبوونەوە
لەگەڵ سونەکانی ئەنبار و ناوچە سونەنشینانی تر لە لایەک و گرووپە
چەکدارەکانی داعش و قاعیدە لە لایەکی تر کە توانیویانە بەشێک لە شار
و ناوچەکانی پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی
خۆیانەوە و بەمەش هێزی سەربازی و ئەمنی عێراقی تووشی
شکستێکی گەورە بوونەتەوە و هێزەکانی
پێشمەرگەش وەک تەماشاکەر لە هەردولا دەڕوانن.
٣- کەڵەکەبوون
و چارەسەرنەکردنی قیرانەکانی نێوان حکومەتەکەی مالێکی و هەرێمی
کوردستان لە سەر مەسەلەی نەوت و پێشمەرگە و بودجە و (ناوبەناویش مادەی
١٤٠)، مالیکی لای خۆیەوە تووڕەکردوە.
٤- خوێنی محەمەد بدێوی نە لەو ٤٨٠ ڕۆژنامەنووس
و میدیاکارانەیتر بەدەرە کە لە سەردەمی حوکمداری خۆیدا تیرۆر کراون و
لەناو براون و نە لە خوێنی ئەوانەش زیاتر و بە بەهاترە! بۆیە بەڕای من
سەرباری بڕیاردانی مالیکی بە دەستگیرکردنی بکوژەکە کە ئەفسەرێکە هەڵگری
ناسنامەی کوردیە (بۆیە مالیکی بەم شێوەیە تووڕە
و تەنگەتاوکردوە، ئەگەر رووداوەکە پێچەوانە
بایە یان وەک ڕوداوی کوشتنی دوو کەسەکەیتری ڕادێۆی عێراقی ئازاد و یان
وەک کوژرانی عەباس محەمەد کە بەدەستی هێزەکانی سواتی مالیکی کوژرا)
ئایە مالیکی هەمان ئەم هەڵویستەی دەبوو؟
مالیکی دەیەوێت بە بەردێک زیاتر لە نیشانێک بپێکێت ، بۆیە ئامادەبوونی
خودی خۆی بە هێزێکی زۆری تایبەتەوە لە شوێنی رووداوەکە
و ڕادەستکردنی تەرمی محمەد بدێوی بە کەسوکارەکەی لە لایەن مالکیەوە و
بڕیاردانی بە تۆڵەسەندنەوە بە (خوێن بەخوێن) (عەرەب بە کورد) هەم بەمە
سەروەری یاسای شکاند وهەمیش دین و دەوڵەتی تێکەڵکرد وەک ئەوەی لە
ئایندا هاتوە و دەڵێت (السن باالسن و العین باالعین)؟ یەکەم و
ستراجیترین مەبەست کە مالێکی ویستی بە ڕێگەی جوڵە پێکردنی هێزی تایبەت
و بە پاڵپشتی ژمارەیەکی زۆر دەبابە بە ئاراستەی کۆشکی کۆماری و دواتریش
ئابڵوقەدان و ئاراستەکردنی لوولەی تۆپی
دەبابەکان رووە و ئەو کۆشکەی تاڵەبانی و ئەو
دوو لیوایەی پارێزگاری ناوچەی سەوزیان پێسپێردرابو، پەیامێکی
ڕەگەزپەرستانەی عەرەبی بوو ، کە ئاراستەی عەرەبی عێراقی کرد و پێیوتن
من عەرەبم و وەک عەرەبێک ڕێگرم ئەفسەرێکی کورد دەستی سوور
بکات بە خوێنمان و دەربازبونیشی ئەستەمە، من ئێستا لە سەنگەری
شەڕێکی نەتەوەییدام و پشتیوانمبن تا ئیتر دەستیان لە بەغدادی عەرەبی
ببڕمەوە، ئەمە کارتێکە و دەتوانێت بە هۆیەوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا
دەنگی ژمارەیەک عەرەبی توندڕەوی پێ مسۆگەر
بکات، بە بارێیکیتر ئەوەی کە لە سەر هەسارەکان بەدواییدا دەگەڕا،
قەدەر هێنایە نزیکترین شوێن و هەستیارترین جێگا کە ئەویش پەلکێشکردنی
کوردە بۆشەڕێکی نەتەوەیی کە بەدرێژایی مێژو کورد خۆی لێ
پاراستوە.
دیوی دووەمی پەیامەکەی ئاراستەی گەلی
کوردستانی کرا، نیشاندانی بازوو بوو، بە
هێزە کوردوستانی و سیاسەتمەدارانی هەرێمی وت ئەوە منم هەرکات کە بمەوێ
و هەر کەسێکیش کە مەبەستم بێت و لە هەر پلە و پایە و لەهەر جێیەک بێت
دەستم دەیگاتێ!
ئەوەی کە ساڵانێکە لە دڵیدا لە دژی کورد دەیشاردەوە، ئەمڕۆ بێ
ترس بە گوێی هەمووماندا
چرپاندی، دەڵێت ئیتر عێراقیە ڕەسەنەکان پارێزگاری لە بەغدای پایتەختی
عەرەبی دەکەن و کۆشکی کۆماریش لە پایتەختی عێراقی عەرەبی
دایە!
m.zerdeshti@gmail.com
|