په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٢\٢٠٠٩

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حزبى شیوعى.


هیوا ڕەش   

- بەشى سێیەم -

قۆناغى ڕابوون 1958 – 1963


شۆِرشى 14 ى تەمموزى ساڵى 1958 کە لایەنى سەرەکى بەرپاکەرى ئەنجام دانى لە لایەن ئەفسەرە ئازادیخوازەکانەوە لە ژێر فەرماندەیى سەرۆکى تێکۆشەر شەهید عەبدولکەریم قاسمى نەمر بوو کە یەکێک بوو لەو ئەفسەرانەى لە ساڵى 1953 وە خولیاى پێکەوە نانى شانەى ئەفسەرە ئازادیخوازەکانى لە مێشک دا بووە، لە ئەنجام دا بە پاڵپشتى حزبى شیوعى و هێز و کەسایەتییە نیشتمانى و نەتەوەییەکان بەرپا بوو .

(( بە پشتیوانى خوا و هەماهەنگى ڕۆڵە دڵسۆزەکانى گەل و هێزە چەکدارەکان هەستاین بە ڕزگار کردنى نیشتمانى خۆشەویست لە دەسەڵاتى تاقمى بۆگەنى سەپێنراوى ئیستیعمار بە سەر گەلەوە کە گەمەیان بە تواناکانى گەلەوە ئەکرد لە پێناوى بەرژەوەندى و قازانجى خۆیان ، سوپا لە ئێوەیە و بۆ ئێوەیە و هەستاوە بەوەى ئێوە ئەتانخواست و چینى ستەمکارى ڕاماڵى کە مافەکانى گەلیان زەوت کرد بوو ، ئێوە هیچتان لە سەر نیە تەنها ئەرکى سەر شانتانە هەماهەنگیى بکەن ، بزانن کە سەرکەوتن نایەتە دى بە بێ پاراستنى لە پیلانى ئیستیعمار و نۆکەرانى ، بۆیە ئێمە بانگەوازتان ئاراستە ئەکەین تا کاربەدەستان لە هەواڵى گەندەڵکاران و خراپەکاران و خائینان ئاگادار بکەنەوە تا بنبڕیان بکەین ، و داواتان لێ ئەکەین یەک دەست بن بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەوان دا و ڕزگار بوون لە شەڕانگێزییان - - - - - )) ، ئەمە کۆپلەیەکى یەکەم بەیانى ڕاگەیاندراوى ڕادیۆیى مژدەهێنى شۆڕشى 14 ى تەمموز بوو ، کە ڕژێمى پاشایەتى ڕووخێنرا و لە سەر دار و پەردووى ئەو دا ڕژێمێکى کۆمارى میللى ڕاگەیەنرا .

بەرەى یەکێتى نیشتمانى کە لە ساڵى 1957 وەکو هاوپەیمانێتییەک لە نێوان حزبە سیاسییە نەیارەکانى ڕژێمى پاشایەتى هاتبووە بوون و لە دواى ساڵێک بەرەو پووکانەوە چوو ، حزبى شیوعى و حزبى بەعس کە لە بەرەى ناو براو دا بوون لە دواى شۆڕشەوە پەیوەندییەکانیان بە ئاقارێکى خراپ دا ڕۆییشت و ناکۆکى تا ڕادەى دوژمنایەتى کەوتە نێوانیانەوە ، حزبى بەعس گۆشەگیر و لاواز بوو بە بەراوورد لە گەڵ حزبى شیوعى کە خاوەن پێگەیەکى جەماوەرى بەهێز بوو بۆیە هەر لە سەرەتاى ڕۆژانى سەرکەوتنى شۆڕشەوە بەعسییەکان لە پیلان گێڕان دژى شیوعییەکان غافڵ نەبوون و تەنانەت پەنایان وەبەر ڕەشەکوژى و تیرۆرى هەندێک لە شیوعییەکان برد و بێ شەرمانە هەستان بە ئەنجام دانى گەلێک کارى دڕندەى دوژمنکارانە ، بۆ ئەمەش کەوتبوونە هان دان و دنە دانى ئەو بەعسییانەى لە هەموو ڕەوشتێکى کۆمەڵایەتى و سیاسى داشۆرابوون و لە نێو خەڵکى دا وەکو کەسایەتى قێزەون ناسرابوون و داماڵدراو بوون لە بەهاکان و لە پیاو کوشتن و ئازار دانى خەڵک ناسڵەمینەوە ، کەسێکى وەکو سەدام حوسێنى سەرۆک کۆمارى لە سێدارە دراوى پێشووى عێراق کە ئەو دەمە گەنجێک بوو لە هیچ کردەیەکى نەشیاو ناپرینگایەوە هەستا بە کوشتن و شەهید کردنى حاجى سەعدون لە تکریت کە جگە لەوەى کادرێکى کارا و هەڵسووڕاوى شیوعى بوو لە هەمان کات دا کوڕە پوورى خودى سەدام حوسێن خۆى بوو .

بەعسییەکان بۆ بەهێز کردنى خۆیان و فراوان کردنى پێگەیان دەرگایان خستە سەر پشت بۆ هەموو ئەو کەسانەى کە لە سەردەمى ڕژێمى پاشایەتى دا بە دژایەتى شیوعیەت گۆش و پەروەردە کرابوون و لە هەمان کات دا ڕابردوویەکى پیس و ناشرینیان هەبوو ( بە داخەوە ئەم میراتییە هەر مایەوە و لە دواى ڕاپەڕیى ئازارى گەلەکەمان لە ساڵى 1991 دووبارە پیادە کرایەوە و لە باتى سزا و تۆڵە دەرهەق بە نۆکەران و بەکرێگیراوانى بەعس بە پێچەوانەوە لە ڕیزى حزبە کوردستانییەکان جێگەیان بۆ خۆش کرا و پلە و پایەیان پێ بەخشرا ) ، حزبى شیوعیش لە گەڵ ئەوەى کەوتە ژیانێکى نیمچە ئاشکرا کە بە درێژایى ساڵانى ڕابردووى هەر بە نهێنى کارى ئەکرد مەستى سەرکەوتنەکانى بوو بوو چونکە جگە لەوەى زۆربەى ئەو کادیرانەى کە بە هەر هۆیەک لێى دوور کەوتبوونەوە گەڕانەوە نێو ڕیزەکانى حزب و مەچەکیان لێ هەڵماڵى بۆ ڕاپەڕاندنى ئەرکە حزبى یە پێ سپێردراوەکانیان لە هەمان کاتیش دا سەرکردایەتى هەموو ڕێکخراوە جەماوەرییەکانى کەوتە دەست کە نزیکەى ملیۆنێک خەڵکى لە دەور کۆ بووبووەوە لە کاتێک دا سەرجەم دانیشتوانى عێراق نزیکەى 7 ملیۆن کەس ئەبوو لەو سەردەمە دا ، لە نێوەندەکانى کرێکاران و جوتیاران و قوتابیان و ئافرەتان و کاسبکاران و پیشەوەران و مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕۆشنبیران و کارمەندانى پۆلیس و سوپا کە بە مەرجێک نوێنەریشیان لە حکومەت دا نەبوو بەڵام لە کایەکانى ترى هێزە چەکدارەکان و ڕادیۆ و ڕاگەیاندن و گەلێکى تر شوێنى باش و هەستەوەریان گرتبوو ، ئەتوانین بڵێین ئەندام و دۆست و هەوادارى شیوعى لە ناو زۆربەى خێزانە عێراقییەکان دا هەبوو ، ئەمە لە لایەکەوە حزبى بەهێز کرد و لە لایەکى تریشەوە تووشى بوغرایى کرد و دەسەپاچەى کرد لە ئاستى چارە سەر کردنى کێشە ناوخۆییەکانى کە ڕەگەکەى ئەگەڕایەوە بۆ سەردەمى هاوڕێ فەهد کە بەوپەڕى تواناوە ئەو بیر و باوەڕە نامۆیانە بە ئایدیۆلۆژیاى مارکسى – لینینى ڕەت ئەکردەوە و نەیهێشت بوار بڕەخسێنن و گەراى لادان لە مارکسیزم - لینینیزم دانێن و سنوور ببەزێنن ، بە ڕوونى ڕایگەیاند کە ( هەلپەرستەکانى ناومان - - - هەوڵ ئەدەن حزب بگەیەننە ئەو باوەڕەى کە خەباتى چینى پرۆلیتاریا ناکامە ) ، ئەم پەیامەى هەلپەرستان ڕەگێکى کۆنى هاوتەمەنى حزبى شیوعى هەیە بەڵام بە دواى زەوییەکى بە پیت و وەرزێکى گونجاو ئەگەڕان گەراکەیان دا بنێن و لە هەلێک دا بیپیتێنن ، باشترین کاتى هەڵبژێردراویان دۆخى دواى شۆڕشى 14 ى تەمموزیان بە گونجاو زانى .

حزبى شیوعى بوو بوو بەو حزبە چاوى پیلان گێڕانى ئیمپریالیزمى جیهانى و کۆنەپەرستانى ناوچەکە و داردەستانى هەرێمایەتى و نۆکەرانى ناوخۆى کەوتبووە سەر بۆیە ئەبوو کێشە ناوخۆییەکان ڕێگا چارەیەکى ئەوتۆى بۆ بدۆزرایەتەوە تا لە ئاستى بەڕەنگارییەکان دا بن ، بەڵام ئەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت کە سیاسەتى پاراستنى بەرژەوەندى یەکێتى سۆڤیەت و داهێنانى بیرۆکەى سازشى نێو دەوڵەتى لە ژێر پەردەى گەشەى ناسەرمایەدارى فاکتەرى سەرەکى لێژ بوونەوەى حزبى شیوعى بوو بەرەو زەلکاو ، ئەمەش بە پشت بەستن بە کەسانى هەڵپەرست و ڕاستڕەوى ناو سەرکردایەتى کە خولیاى سەپاندنى خۆیان و بیر و بۆچوونەکانیان بوون بۆ وە لانانى گروپى مارکسى ڕاستەقینەى ناو حزب و قۆرخ کردنى بۆ خۆیان و بەدى هێنانى مەرامەکانیان بە ناوى دامەزراندنى دەوڵەتى سۆشیالیتى بە هاوپەیمانێتى بۆرژوا بەڕێگەى گەشەى ناسەرمایەدارى یەوە تۆوى خۆیان لە ناو ڕێکخستنەکان دا پرژاند ، خۆى ئەمە لە بنچینەدا بیرۆکەى سازشکارانەى خرۆتشۆف بوو لە گەڵ ئیمپریالیزمى جیهانى بە مەبەستى دابەش کردنى پێگەى دەسەڵات و ئابورى ووڵاتان لە نێوان خۆیان لە سەر حیسابى گەلانى چەوساوە و ستەمدیدە لە ناوچەکە دا و هەوڵ دان بۆ کوشتنى گیانى شۆڕشگێڕى لە هەناوى حزبى شیوعى و دوور خستنەوەى لە بیرۆکەى دەسەڵات گرتنە دەست بکاتە سەر قفڵانەى ملکەچییەکانى بۆ ئیمپریالیزم ، مێژوو شاهیدە کە لەو پێناوەدا چۆن سەردانی بۆ میسر ساز دا و کۆبوونەوەى لە گەڵ جەمال عەبدولناسر ئەنجام دا بە ئامادە بوونى عەبدولسەلام عارف لە مایسى 1964 کە ئەوەندە بە سەر لە سێدارەدانى چەندین ئەندامى حزبى شیوعى عێراق لە سەر دەستى عارفى کودەتاچى تێ نەپەڕیبوو ، هەر لەوێش دا بیرۆکەى هەڵوەشاندنەوەى حزبى شیوعى میسرى خرایە بەرنامەوە و کرایە قوربانیى حوکمدارى جەمال عەبدولناسر و پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان و ئەو حزبەیان لە بەر یەک هەڵ وەشاندەوە و تا ئێستاشى لە گەڵ دا بێت ڕاست نەبۆتەوە ، هەمان سیناریۆش بە سەر حزبى شیوعى جەزائیرى دا دووبارە کرایەوە و ئەیانویست حزبى شیوعى عێراقیش بەو دەردە ببەن بە ناوى یەکگرتن لە گەڵ ڕژێمى ( دیموکراتی شۆِڕشگێڕ) لەو ووڵاتانە دا کە تروسکەى دیموکراتیەت و شۆڕشگێڕییان تێدا بەدى نەئەکرا و لە کودەتاچى بەولاوە ناوێکى تر نەبوو پڕ بە پێستیان بێت .

تا ئەهات دۆخى دواى شۆڕشى 14 ى تەمموز تەنگژاوى و پڕ لە قەیران تر ئەبوو ، لە هەموو لایەکەوە ئابڵوقەى سەرۆک عەبدولکەریم قاسم درابوو ، لە هەوڵێکى تیرۆر کردنى لە لایەن بەعسییەکانەوە بە ڕێکەوت دەرباز بوو ، عەبدولسەلام عارفى نەتەوەپەرستى جێگرى دوژمنایەتى خۆى لە بەرامبەر سەرۆک و گەلانى عێراق و لایەنگیرى کردنى لە شۆفینیستەکان ناشاردەوە و هەتا دژە ووتارى ئاگراوى دا ئەدا و ئاشکراى ئەکرد کە تەونى جاڵجاڵۆکەیى کودەتا و تاساندنى ئامانجەکانى شۆڕش بە ڕێوەیە ، بە هەموو لایەکەوە توانییان بەرە بەرە سەرۆک قاسم لە شیوعییەکان دوور بخەنەوە و تەنهاى بکەنەوە و زەفەرى پێ ببەن و جڵەوى دەسەڵات بکەوێتە دەستى کۆنەپەرستان و ئەڵقە لە گوێکانى ئیستیعمارى ئەو کاتە ، بەمەش حزبى شیوعى کەوتە بەر شاڵاوى گرتن و کوشتنى کۆنەپەرستانە و هەزارانیان لێ شەهید کرا و سەدان هەزاریشیان لە کونجى زیندانەکان قایم کران ، لە 8 ى شوباتى ساڵى 1963 دوژمنانى شیوعیەت بە پشتیوانى دەرەکى و ناوچەیى و سوود وەرگرتن لە هەڵوێستى ترسنۆکانەى باڵى ڕاستڕەوى ناو سەرکردایەتى حزبى شیوعى کە هەمیشە کۆسپ و ڕێگر بوون لە بڕیارى شۆڕشگێڕانە و دەسەڵات گرتنە دەست هەلیان قۆستەوە و لە کودەتایەکى خوێناوى دا عێراق و سەرۆکەکەیان خڵتانى خوێن کرد .

لێرەوە ڕووى جوانى باڵى چەپ ( سەلام عادل ) ى سکرتێر و هاوڕێکانى و ڕاستى بۆچونەکانیان دەرکەوت کە هەمیشە ڕایان لە گەڵ ئەوەدا چۆن بە کودەتایەکى سپى دەسەڵات بگرنە دەست ؟ و سەرۆک عەبدولکەریم قاسم کە پیاوێکى سەربازیى نیشتمانپەروەر بوو نەک سیاسى ، مەترسى کاریگەرى و فریو دانى کودەتاچى و ئاغاکانیانى لە سەر بوو ، ئەکرا لە دەسەڵات بیهێننە خوارێ و حزبى شیوعى خۆى ووڵات بەڕێوە ببات و ئەمەش بە ئاسانى ئەنجام ئەدرا ، ڕووى دزێوى ڕۆبۆتەکانى سیاسەتى خرۆتشۆفیش کە ڕێگر بوون لەو پرۆسیسە شۆڕشگێڕى یە کەوتە دەر و لە ئەنجام دا نوشوستی یەکجارەکییان بە باڵاى حزبى شیوعى دا بڕى . لە و بار و دۆخە ناسک و هەستیارە دا باڵى ڕاستڕەو ( خرۆتشۆفییەکان ) خەریکى سەنگەر لێدان بۆ خۆیان و چاڵ هەڵکەندن بوون بۆ سەرکردایەتى ڕاستەقینەى شەهید سەلام عادل و هاوڕێکانى و لە کردەیەکى نیمچە کودەتا دا توانییان سەلام عادلى سکرتێر بە پاساوى بە بەرنامە داڕێژراو بە هەماهەنگى دەسەڵاتدارانى سۆڤیەت لە سەر شانۆ لا بدەن و دوورى بخەنەوە بۆ سۆڤیەت ، سیاسەتى سۆڤیەتى ڕۆڵێکى باڵاى هەبوو لە سەرهەڵدانى باڵەکەى خۆیان ( ڕاستڕەو ) ەکان و لاواز کردنى باڵى حزب و لەوە بە دواوە سیاسەتى حزبى شیوعى عێراقى هاوشانى بڕیارەکانى دەسەڵاتدارانى سۆڤیەت بەڕێوە بچوایە و ئیتر لەوساوە بە ئاشکرا سیاسەتى پاشکۆیەتى و کلکایەتى بوو بە سیاسەتێکى ناوەندى حزب و بەڕەنگار بوونەوەى ئەستەم بوو .

دواى گرژ بوونى بار و دۆخى سیاسى عێراق هاوڕێ سەلام عادل لە سۆڤیەت گەڕایەوە و دەستى کردەوە بە ڕێکخستنەوەى کار و بارەکان و یەدەگ خستن بۆ حاڵەتى ناکاوى حزب چونکە بەعس و نەتەوەپەرستە شۆفینیزمەکان مەترسى گەورەیان بۆ سەر وەزعەکە دروست کرد بوو ، یەکەم هەنگاویشى بە لێدانى پێگەى داڕێژەرانى تەکەتول دەست پێ کرد و هەر یەک لە عامر عەبدوڵا و بەهادین نوری لە هەموو پۆستێک لا بران و سڕ کران لە حزب دا و زەکى خەیرى و محەمەد حوسێن ئەبولعیس لە مەکتەبى سیاسییەوە داگیران بۆ ئەندام ناوچە ( ڕێکخستنەکانى حزبى شیوعى بە سەر سێ ناوچە دا دابەش کرا بوو 1 – فوراتلئەوسەت 2 – باشور 3 – لقى کوردستان ) ، و سەرکردایەتى حزب بەیانێکى دەر کرد و تێیدا ئاماژە بە ترسناکیى بار و دۆخەکە ئەدات و داوا لە خەڵک ئەکات بە ووریاییەوە مامەڵە لە گەڵ وەزعەکەدا بکەن کە تێیدا هاتبوو (( وا لە جەماوەر ئەخوازێ ووریا و ئامادەساز بن بۆ پاراستنى سەروەرى نیشتمانى ، ئەبێت حکومەتیش بە بەرپرسیارێتى خۆى هەڵسێ - - - یەکەکانى زرێپۆشى دەور و بەرى سەربازگەى بەغدا و لیوای پیادەى 19 بوونەتە چاوگەى چالاکى ژمارەیەکى بەرچاوى ئەفسەرە کۆنەپەرستە سەرکێشەکان کە مەبەستیانە لەم ناوەندانەوە ببزوێن و سەروەرى نیشتمان بخەنە ژێر چەکمەى خۆیانەوە - - - )) ، سەرکردایەتى حزب دڵنیا بوو لەوەى ئاییندەیەکى ڕەش بەر دەرگاى چارەنوسى گەلانى عێراقى گرتووە و خەریکە هاوکێشەکە لە بەرژەوەندى کۆنەپەرستان بە لا دا ئەکەوێت .

ئەوە بوو لە 8 ى شوباتى ساڵى 1963 کودەتایەکى ڕەش ئەنجام درا و سەرۆک عەبدولکەریمیان بە بەرگى سەربازییەوە کە هەمیشە بە گیرفانی بەتاڵى بێ پارەوە لە بەرى دا بوو شەهیدیان کرد و ووتە بەناوبانگەکەى – عفا الله عما سلف – کە بەرامبەر سەلام عارف و دوژمنەکانى ووتبووى لە کوشتنى نامەردانەى بەعسییەکان ڕزگاریانى نەکرد فریاى نەکەوت و لە گەڵ سەرۆکى شەهید کراو دا وەسفى تاهیر و فازڵ مەهداوى سەرۆکى دادگاى گەل و عەبدولکەریم جەددە و کەنعان حەدداد و دەیان ئەفسەر و سەربازى مەرد کەوتنە بەر ڕێژنەى گوللەى فاشیستەکان و بە دیلى شەهیدیان کردن ، بەرگریى لە کازمیە و حەى ئەکراد و شەقامى غازى و کیفاح دەستى پێ کرد بەڵام هیچیان پێ نەکرا لە بەرامبەر پیلانەکانى ئیمپریالیزمى جیهانى و کۆنەپەرستانى ناوچەکە و خوێن مژانى ناوخۆ ، زیاد لە 250 هەزار کەس کەوتنە بەر شاڵاوى گرتن و لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە و ئازارى فاشیانە ، تەنانەت لە ڕادیۆى کوەیتیشەوە بۆ هاوکارى و چاوساغى کودەتاچییەکان ناو و ناونیشانى ماڵە شیوعییەکان بڵاو ئەکرایەوە و بۆ حەرەس قەومییەکان ئاشکرا ئەکرا تا هەڵکوتنە سەریان و بیانگرن ، بە گەلەکۆمەکیى دژە مرۆییانە لە چەند لایەکەوە پێکهاتەى حکومەتى فاشیستەکان بەم شێوەیە ڕاگەیەنرا :

1 – ئەحمەد حەسەن بەکر – سەرۆک وەزیران
2 – عەلى ساڵح سەعدى – وەزیرى ناوخۆ کە لە دوایى دا دانى بەوەدا نا بە شەمەندەفەرى ئەمریکى هاتنە سەر حوکم .
3 – ساڵح مەهدى عەمماش – وەزیرى بەرگرى .
4 – تاڵب شەبیب – وەزیرى دەرەوە .
ئەمانە هەمووى بەعسى بوون و لە نەتەوەیییە پارێزگارەکانیش هەریەک لە :
5 – مەحمود شیت خەتتاب – وەزیرى شارەوانییەکان .
6 – عەبدولعەزیز وەتاری – وەزیرى نەوت .
7 – ئەحمەد عەبدولستار جواری – وەزیرى پەروەردە و فێرکردن .

لە ناسڕییەکانیش ئەمانە بەشدار بوون :
8 – ناجى تاڵب .
9 – مەهدى دۆلەعی .
10 – ساڵح کوببە .

لە کوردەکانیش :
11 – بابا عەلى – وەزیرى کشتوکاڵ .
12 – فوئاد عارف – وەزیرى دەوڵەت .

حزبى شیوعى عێراق خاوەن سەروەرى مێژوویى بەڕەنگار بوونەوەى فاشیزمن لە عێراق دا و لەو پێناوەدا ڕووبارى خوێنیان لە بەر ڕۆییشتووە بە گیانفیدایى ئەو قارەمانانەى بەرژەوەندى گەلیان خستبووە سەرووى هەموو پیرۆزیەکانەوە ، هەر چەندە خەڵکانى گەندەڵ و خۆپەرست و هەلپەرست و ترسنۆک و خۆپارێز هەبوون کە لە کۆبوونەوەکان دا شێر بوون بۆ گیان هاوڕێکانیان و لە بەرامبەر دوژمنیش دا ڕێوی بوون بەڵام ئەمە هیچ کارى نەکردبووە سەر وورەى ئەو قارەمانانەى بە خوێنى خۆیان سەلماندیان دڵسۆز و بە ئەمەکن بۆ بیر و باوەڕەکەیان ، لە سەرووى هەموویانەوە شەهید سەلام عادل کە سکرتێرى حزب بوو بۆ خۆى سەرکردایەتى ڕابوونى چەکدارى کۆڵان بە کۆڵانى بە ڕەنگار بوونەوەى دەسەڵاتى دژە گەلى بەعسى و نەتەوە پەرستە شۆفینیەکانى ئەکرد و لە دوایى دا لە گەڵ چەندین هاوڕێى ترى سەرکردایەتى بە دڕندانە ترین شێوازى نامرۆڤانە شەهیدیان کردن ، بۆ جارى دووەم سکرتێرى حزب دیسانەوە بووە قوربانیى بۆ گەل و نیشتمان و خواستە ڕەواکانى خەڵکى زەحمەتکێش ، شەهید کردنى سەلام عادل و جەمال حەیدەرى و عەبەلى و ئەبو سەعید و هەزاران هاوڕێى دیکەى ئەو حزبە کە نەبەردى بێوێنەیان نواند و بە کردەوە بۆ هەموو دنیایان سەلماند کە شیوعییەکان لە پێناوى نەهێشتنى ستەم دا تۆزقاڵێک لە قوربانى و بەرخودان ناسڵەمێنەوە ، توند ترین گورزى کوشندە لە سێدارە دانى هاوڕێ فەهد و حازم و ساڕم بوو لە ساڵى 1949 بەرحزبى شیوعى کەوت و بووە مایەى ئەوەى زیاتر سۆزى خەڵک بە لاى خۆى دا ڕابکێشێت ، بەڵام شەهید کردنى هاوڕێیان سەلام عادل و جەمال حەیدەرى و محەمەد حوسێن عەبەلى و ئەبو سەعید بە پێچەوانەوە بووە خاڵى وەرچەرخانى حزبى شیوعى بەرەو سازش و خۆبەدەستەوەدان و هەلپەرستى چونکە مەیدان چۆڵ بوو بوو بۆ جریت بازیى باڵى خرۆتشۆفیزمەکان لە سەرکردایەتى حزب تا ژەهرى کلکایەتى و پاشکۆیەتى بخەنە جەستەى حزبەوە و دەست لە سەر سنگ بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى سۆڤیەت بووەستن تا لەو ڕێگەیەوە کەناڵەکانى حزب قۆرخ بکەن .

جگە لە سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى و کادیر و ئەندامان و هاوڕێ و هەواداران و دۆستانى حزبى شیوعى لە تۆمار کردنى داستانى قارەمانێتى ، پرشنگدار ترین ڕاپەڕینى چەکدارى کە لە لایەن عەریفى سەربازى لە سوپاى ئەو دەمەى عێراق پاڵەوانى مێژوویى هاوڕێ (( حەسەن سەریع )) ەوە کە شیوعییەکى سەر سەخت بوو بەرپا کرا ، ئەم هاوڕێ قارەمان و ئازایە لە گەڵ چەند هاوڕێیەکى ترى دا دەستیان بە سەر سەربازگەى ڕەشید دا گرت ، سەربازى بە توانا (( سەبڕى )) کە چاى بە سەر دەستگیر کراوەکانى ئەو سەربازگەیەدا دابەش ئەکرد توانى دەرگاى سەرەکى سەربازگە کۆنترۆل بکات ، لەو لاشەوە جێگرى عەریف هاوڕێ (( حەمید )) 6 وەزیرى دەست بە سەرکرد لەوانە حازم جەواد و تاڵب شەبیبى وەزیرى دەرەوە کە ئەیانویست بە حەرەس قەومییەکانەوە بچنە ناو سەربازگەکەوە ، فەرماندەى بزووتنەوەکە (( حەسەن سەریع )) لە گەڵ هاوڕێکانى دا بەرەو زیندانى ژمارە 1 بەڕێ کەوتن کە نزیکەى 1000 ئەفسەرى شیوعى تێدا دەست بە سەر بوون بە مەبەستى ئازاد کردنیان و پێشڕەوى کردن ، بەڕێوەبەرى زیندانەکە – حازم – بە پەلە پڕووزێ پەناى وەبەر قاتعى 2 برد و دەرباز بوو ، ئەو تاقمە تانکەى دانرا بوون بۆ گرتنى زیندانەکە لە گەڵ چەند تانکێکى ڕژێمى کۆنەپەرستى تازە سەرکار کە عەبدولسەلام عارفى سەرەک کۆمار سەرپەرشتى کاریان بوو پێکدادان ڕووى دا ، لەم ئان و ساتەدا کە ئەبوایە لە سەربازگەى وەشاشەوە هێزى پشتگیرى بگەییشتایەتە هێزە جەربەزەکەى هاوڕێ (( حەسەن سەریع )) بەڵام نەگەییشتن ، ئەمە بووە هۆى شکستى بزووتنەوەکە و بەڕێوەبەرانى ئەو خۆڕاگرییە بە دیل گیران و لە دادگایەکى کارتۆنى دا بڕیارى شەهید کردنیان درا ، لە دادگا دا لە حەسەن سەریعیان پرسى : بۆچى وەزیرە بارمتەکانت نەکوشت ؟ لە وەڵام دا ووتى : من نەمئەویست تەنها تۆڵە بکەمەوە لە کاتێک دا دەیان هەزار بارمتەى ئازادیخواز لە ژێر چنگى ئێوە دا بوو ، دڵنیام مێژوو لە سەر تاوانەکانتان دادگاییتان ئەکات ، بە ووتەى بەناوبانگى - الشعب یمهل و لا یهمل - ، حەسەن سەریع ئەمرێت بەڵام ڕۆڵەکانى گەل هەموویان (حەسەن سەریع)ن .
 


07701309524
Hewarash1@yahoo.com