خوێندنەوەیەکى
سۆسیۆلۆجیانە
بۆ پارچە هۆنراوەیەکى کەمال میراودەلى.
شێرکۆ هەورامى*
قسەکردن لەسەر دیاردەیەک، کە لە کۆمەڵگادا دێتە روودان، پێویستى بە
قوڵبوونەوە و راڤەیەکى پسپۆڕانە هەیە، تا بتوانرێت هەر دیمەنێک کە دێتە
سەر شانۆى کۆمەڵگا، تایبەتمەندى و خەسڵەتەکانى بە وردى کنە و پۆلێن
بکرێن بەوەى، کە دەچێتە خانەى کامە زانست و هەر لایەک بە پێى پسپۆڕى
خۆى خوێندنەوەى بۆ بکات. لایەنێکى گرنگ لە کارى
کۆمەڵناسیانەى(sociology) کۆمەڵناسان پێش هەموو شتێک دیاریکردنى بابەتى
رووداوەکەیە، بەوەى کە ئایا تەنیا رووداوێکە یان دیاردەیەکى
کۆمەڵایەتیە و پێویستى بە هەڵوەستەى لەسەرکردن هەیە، بۆ ئەوەى لەسەر
بنەماى تیۆر و رێبازێکى دیاریکراوى کۆمەڵناسیانە پۆلێن بکرێت و
شیکردنەوەى پێویستى بۆ ئەنجامبدرێت.
ئۆگست کۆمت، پێیوایە کە دیاردەى کۆمەڵایەتى(phenomenon) "بریتیە لەوەى
کە هەر شتێک لە لای کۆمەڵێ خەڵک بۆ ماوەیەکى درێژ چەند دووبارە بۆوە،
ئەوە دەکرێت دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى بێت". لە پێناسەیەکى تریشدا هاتووە
دیاردەى کۆمەڵایەتى، لە هەر شوێنێکی کۆمەڵگا بوونى هەبێت، ئەوا بەهۆى
کارلێکى کۆمەڵایەتیەوە(social in traction) خودبەخود دیاردە
کۆمەڵایەتیەکان دێنە بەرهەم. بە پشت بەستن بەو پێناسانەى سەرەوە
بەداخەوە کوشتن و سوتاندنى ئافرەتان لە کوردستاندا، دیاردەیەکى
نەخوازراوە. بەڵام ناکرێت کۆمەڵگا و حکومەت و ناوەندەکانى نێو کایە
کۆمەڵایەتیەکان لێى بێدەنگ بن و بە دواى رێگە چارەکاندا نەگەڕێن، یان
بە پێچەوانەوە کەسانێک زیاتر ئاگرەکە تاو بدەن و بۆ مەرامى سیاسى و
شکاندنى ئەوانیتر بەکارى بهێنن.
ئەوەى بەدیدى زانستى کۆمەڵناسى (sociology)سەیرى ئەم دیاردەیە بکات،
بەکۆمەڵێ چارەسەرى گونجاو و شیکردنەوە دەست پێدەکات، لەوانەش
دەستنیشانکردنى کێشەکە و گەڕان بە دواى هۆکارەکان و لەبەرچاوگرتنى
هۆکارە ژینگەیی و کۆمەڵایەتى و ئاینیەکان و نیشاندانى لایەنە
نێگەتیڤەکانى و هۆشیارکردنەوەى گۆمەڵگا لە خراپییەکانى، هاوکات هەوڵى
کەمکردنەوەى دیاردەکە لە بەرزترین ئاستیدا بۆ خاڵى سفر، هەرچەندە لە
زانستە مرۆڤایەتیەکاندا وەها شتێک مەحاڵە، بەڵام بەردەوام هەوڵى بۆ
دەدرێت، دواجار دۆزینەوەى رێگا چارەکانە. لە هەمووشیان گرنگتر دووبارە
گێڕانەوەى قوربانیانى دیاردەکەیە بۆ ناو کۆمەڵگا، تاوەکو جارێکیتر
ژیانێکى ئاسایى بەڕێبکەنەوە. ئەمەى سەرەوە خێراترین و کورتترین
رێگاکانى وەرووخستن و چارەسەرکردنى دیاردەیەکى کۆمەڵایەیتیە.
هەر رووداوێک کە دەبێتە دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى، شتێکى حاشاهەڵنەگرە، کە
کاریگەرى راستەوخۆ و ناراستەوخۆى لەسەر سەرجەم سیستەمى کۆمەڵگاوە دەبێت.
ئەدەب و هونەر لەم کایە کۆمەڵایەتیەدا زۆرترین پشکى بەردەکەوێت، زۆرن
ئەو هۆنراوە و سروود وشانۆنامە و تابلۆیانە، کە لە پێناو ئازارەکانى
ئافرەت و نیشاندانى رووى قێزەونى ئەو دیاردە و هەوڵى
چارەسەرکردنەکانیان بەرهەم هێنراون. هەر تێکستێک، هەر تابلۆیەک، هەر
میلۆدیەک دەبینیت، وێڕاى کارێکى تەکنیکى و هونەرى کە پەیوەستە بە توانا
و دەست ڕەنگینى بەرهەمهێنەرەکەیەوە، ئەوەندەش پەیوەستە بە بیر و هزر و
تواناکانى تاکى بەرهەمهێنەرى بەرهەمەکەوە، کە خۆى لە خۆیدا ڕەنگدانەوەى
ناخ و تەرجەمەى هزر و نیشاندانەى پەروەردەى کەسەکەیە.
بە کۆمەڵایەتى بوون (socialization) وەک پرۆسەیەکى کامڵ کە مرۆڤ لە
تەنیا بوونەوەرێکەوە بە هۆى کۆمەڵگاوە دەکاتە مرۆڤ، رۆڵیان لەم
پرۆسەیەدا هەیە، کە دواجار لە دەربڕین و بەرهەمەکانى تاکدا رەنگ
دەدەنەوە. بەهۆى بەرهەم و کەسایەتى و جۆرەکانى هەڵسوکەوتەوە، دەتوانین
تا رادەیەک شوێن و جۆر و رەوشتى تاکى ناو کۆمەڵگا هەڵبسەنگێنین.
بێگومان بەرهەمە هونەرى و ئەدەبییەکانیش باشترین بەڵگەن بۆ خوێندنەوەى
بەرهەمهێنەرەکانیان.
شعر تەرجەمەى ناخى کەسێکە کە تواناى زیاترى لە دەربڕیندا هەیە و
کارامەییەکى ئەوتۆ و ئەزموونێکى باشى ئەدەبى هەبێت، بەڵام ئەم دەربڕینە
خاڵى نییە لە پەروەردەى خێزانی یان کێشە دەروونیەکان، کە گرێیەکە لە
رێگەى تێکستێکەوە هەوڵى کرانەوەی دەدات. ئەگەر گرێکان سروشتى بن ئەوا
بەشێوازى نۆرماڵ بەبێ بریندارکردنى کەسیتر نمایش دەکرێن و تاک خۆى لە
قورسایى گرێ دەروونیەکان خاڵى دەکاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە تاک
دوچارى هەڵچونێکى ناتەندروست دەبێت، کە کاریگەرى خراپ لەسەر تاک و
دەوروبەرەکەى بەجێدەهێڵێت، ئەمەش نەک نابنە مایەى سارێژکردنى برینەکان،
بەڵکو بۆ خۆشى دەبێتە پەتایەکى کۆمەڵایەتى و پێویستى بە دەرمانى خێرا
هەیە لە ڕێگەى دانیشتنى چەند بارە و راوێژى دەروونى و هەندێجاریش
نەخۆشییەکەى سەر دەکێشێت بۆ ناو خێزان و کۆمەڵگا، بە راوێژ هێور
دەکرێتەوە.
کاتى ئەوە هاتووە چاوێک بە تێکستێکى کەسێکى خۆ بەشعر زانى وەک کەمال
میراودەلیدا بخشێنینەوە، هەرچەندە بەرێزیان دکتۆراکەى لە ئەدەبى
رۆژهەڵاتدا هەیە، بەڵام بە هۆى کاریگەرى ژیانى گوندى و ئایدیاى پێشینە
و بیرى سیاسى و دەمارگیرى نەیتوانیوە لە بوارەکەى خۆیدا سەرکەوتوو بێت،
یان بڕوانامە تەنیا شکڵیە و ئەوە هەموو تواناى زانستى و تەکنیکى و
هونەریەکانى بەڕێزیان بووە، کە لە ساڵى 2005 لە ماڵپەڕى (کوردستان
نێت)دا بڵاوبۆتەوە. ئەم تێکستە نەک هەر خاڵییە لە بنەماکانى شیعر و
هەموو پیرۆزیەکانى خەیاڵ و هزرى لە ژێر پێناوە. هاوکات سووکایەتیەکیشە
بە ئەدەبى کۆمەڵگا زارەکى و نوسراو.
دکتۆر کەمال بە بیستنى هەواڵى کوشتنى ئافرەتێک، لە برى خوێندنەوەیەکى
زانستیانە و گەڕانەوە بۆ هۆکارەکانى و لێکدانەوەى ئەو دۆخەى کە
رووداوەکەى تێدا قەوماوە، یەکسەرە و بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکى
کۆمەڵگاکەى خۆى، کە چەند ساڵ لە خۆى بێبەرى کردووە و لە دەستى
کلتورەکەى هەڵهاتووە. کە هەستى کردووە کۆنترۆڵى کۆمەڵایەتى (social
control) لەسەر نییە، بە عەقڵێکى ئەوروپى و دوور لە واقعى کوردستان
ناتۆرە و تانە بۆ تەواى کچان و کۆڕانى کۆمەڵگا و لە پێش هەمویانەوە بە
نوسەر و زانا و مامۆستا و ناوەندەکانى زانست و فێرگەدا دەهۆنێتەوە، بۆ
نموونە "لەم خاکە بێ شەرەفە.. هەر کەس شاعیر و نوسەرە...لەم خاکە بێ
شەرەفە ...ئەوەى زانایە مەلایە، مامۆستایە فێر کەرە". دکتۆر میراودەلى
نەک هەوڵى چارەسەر کردنى کێشەکەى نەداوە، بەڵکو راشکاوانە هانى
لەشفرۆشى و برەودانى کارى سۆزانیەت دەدات، دەڵێ: "کچەکەم تکایە ببە بە
قەحبە...بە خوێنم خۆشترم دەوێت لە جاران.." نازانم ئەمە تێگەیشتنى
بەڕێزیانە بۆ دیاردەیەکى کۆمەڵگا، لە چ زانستێکى دنیادا وەها رێگا
چارەیەک پێشنیار کراوە، بۆ بنبڕکردنى کوشتن پێشنیارى لەشفرۆشى بکرێت؟
بەرێز میراودەلى لە بەشێکى ترى شاکارەکەیدا دەنوسێ "نەفرەت لەوەى
خاوەنى خامە و دەفتەرە... نەفرەت لەوەى کە دەبینێ، دەنوسێ، کە دەهزرێ....
گوێ ناداتە ئەم سەقەرە". ئەم شاعیرە پێیوایە هەر نوسەرێک لەگەڵ
بیروراکانى ئەو تەریب نەبێت یان بۆ هەر دیاردەیە خۆى ئاسا قەڵەم بە
دەستەوە نەگرێت و وڵات و کۆمەڵگا و کلتوور و نیشتمانەکەى ریسوا نەکات،
نەفرەتیە.
میراودەلى لەوانەیە لاى هەندێکتان ناسراو بێت، کە ئێستا کاندیدى سەرۆکى
هەرێمە. ئەو هەرێمەى ئەو لە سەرەتاى هۆنراوەکەیەوە بە مۆڵگەى جانەوەر و
تاپۆى میرى شەڕ و قەسابخانە پێناسەى دەکات. پاشان بە زمانێکى بازاڕیانە
زیاتر دەیهۆنێتەوە و دەڵێت: "ئەم وڵاتە چەند بۆگەنە.. ئاودەستخانەى
کەللەسەرە.."، زیاتر پێناسەى کوردستان دەکات و دەنووسێ "ئەم وڵاتە بێ
دەستوور و بێ سنوورە... بێ سەواد و بێ ساوەرە..."گەر راڤەیەکى کورتى
ئەم دێڕە بکەین دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە کەمال زیاتر لە 40 ساڵە بێ
ئاگایانە قسە دەکات، چونکە لەم دێڕە شعرەدا باسى بێ دەستوورى دەکات،
کەچى یەکەم بانگەشەى هەڵبژاردنى خۆى بەوە دەست پێکردووە، کە لە کاتى
بوونە سەرۆکیدا دەستوور هەڵدەوەشێنێتەوە. لە بەشى دووەمى دێڕەکەشدا "بێ
ساوەرە" زۆر بێ مانایە، ئەوە تەنیا کارى بە بزوێنەکەى کۆتایى هەبووە بۆ
وەزن و قافیەى " خەنجەرە، چەپەرە، قەلەندەرە، کەللەسەرە، ساوەرە " .
سەروەرى وڵاتێک و پیرۆزیەکان لاى میراودەلى پێڵاوگەیە. ئەوەتانێ "پەرلەمان
پێڵاوگەیە.. دز تێیدا یاساو دادوەرە". نازانم بەڕێزیان چى وەڵامى
مامۆستا و دکتۆر و ئەندامانى پەرلەمانى پێشوو دەداتەوە، ئایا لە خولى
ئایندەى پەرلەمانیشدا بە هەمان نەفەس کار دەکات و پێناسەکانى بۆ دەزگا
نیشتمانیەکان دادەرێژێتەوە؟ لێرەدا کەمال دەبێـتە موریدی شێخ زانا و
دەڵێت (وڵاتى شێخ زاناکانە... شێخ زانا شێخى ئەکبەرە). ئەمە تۆمەت
دروستکردن نییە بۆ بەڕێزیان، بەڵکو تێگەیشتنێکە لە دەقێکى خودى شاعیر
لە لایەن خوێنەرێکەوە. شوکر بۆ خوا دکتۆر کەمال لە ژیاندا ماوە و
دەتوانێت وەڵامى راڤەکانمان بداتەوە. ئەگەر خوا نەکردە لە ژیاندا
نەمابایە چۆن تەفسیرى وەها تێکستێکى پڕ لە سوکایەتى بە مێژووى
نەتەوەیەک و بەها باڵاکان و ناوەندە کۆمەڵایەتیەکانى و سیستەم و دەزگا
نیشتمانیەکانى دەکرا؟ کێ پێداچوونەوەى بۆ دەکرد؟.
بە داواى لێبوردنەوە نامەوێت شتى دووبارە بنوسمەوە، بەڵام بۆ زیاتر
زانیارى ئەو کەسانەى کە گرنگى بە پرسى ئافرەتان دەدەن، دەتوانن چاوێک
بە داتاو راپۆرتەکانى ساڵانى نەوەدەکانى و چەند ساڵى رابردوودا
بخشێنەوە، بزانن کە حکومەتى هەرێم و دەزگا کۆمەڵایەتیەکان و
رێکخراوەکان چەندە ئەو رێژەیان نزمکردوەتەوە. واتە بەراوردێک بکەن.
ئەمەش ساڵانە لە دەزگا و میدیاکاندا بڵاودەکرێتەوە، بەهۆى هەستیارى
کێشەکەوە حکومەتى هەرێم بەرێوەبەرایەتیەکى تایبەتى بۆ دامەزراندوە.
دکتۆر کەمال لە پرۆسەى بە کۆمەڵایەتیى بووندا دوچارى بە کەم سەیرکردن
بۆتەوە وەک زۆربەى منداڵانى کورد،. هەرچەندە ئەو وڵاتە و کۆمەڵگا و
کلتوورەکەى جێهێشتووە. بەڵام هێشتا هەوڵى پرکردنەوەى بۆشاییەکانى ناو
کۆڵانى منداڵى خۆى دەدات، چونکە لە ساڵى 1951 لە گوندێکى دوورەدەستى
وەک مەرگەى سەر بە قەڵادزێ لە بنەماڵەى ئاغاکانى ئەو دەڤەرە دایکبووە،
هەرچەندە ئەوتارادەیەک یاخییە لە ئاغایەتى خۆى. لە سەرەتاى تێپەڕاندنى
پرۆسەى بە کۆمەڵایەتى بوونەکەى، کە بۆ پێکهێنانى کەسایەتى تاک زۆر
گرنگە، لەو گوندە ژیانى گوزەراندوە، ناوبراو وەک بەشێک لە خولیاکانى
تاکى کە لە منداڵیدا بە هۆى کلتوورە وە لێمان زەوت دەکرێت تامەزرۆیەکى
بێ وێنە بۆ دەسەڵات هەیە. وەک ئەو دەسەڵاتە باوکسالاریانەى کە لە ناو
خێزاندا حوکم دەکەن و خەتى راست و چەپ بەسەر هەموو شتێکدا دەهێنن و
منداڵەکانیان دەکەنە کۆپى خۆیان. بەرێزیشیان بێ بەرى نییە لەو ئارەزووە،
بۆیە بەرێز کەمال کۆپى خێزانێکە کە ئێستا لە تێکستێکى خەیاڵى خۆیدا
خۆیمان نیشان دەداتەوە. تێکستەکەى تواناکانى کەمال دەردەخەن لە
چارەسەرکردنى کێشەکان، ئەگەر بوویە سەرۆکى هەرێم. هەر وەک ئەو
چارەسەرەى کە بۆ ژن کوشتنى پێشنیار کردوە. کێشەکانى کورد چارە دەکات.
ئەم تێکستە مەودا و ئاسۆکانى بیر و هزرى دەردەخەن. هاوکات خۆپەرستى و
خۆ بەسەنتەرکردنیشى بە ئاسانى دەردەکەوێت، بەوەى ئەو سەنتەرى هەموو
هزرەکانە و پێیوایە تەنیا چارەسەرەیش لای خۆیەتى، هەرکەس وەک ئەو بیرى
نەکردەوە یان خوێندنەوەى بۆ دیاردەکان نەکرد، نەفرەتیە و نەزانە.
لە کۆتایدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە ئەم تێکستە دەکرێت لە چەند
روویەکەوە خوێندنەوەى بۆ بکرێت وەک لایەنى ئەدەبى و لایەنە تەکنیکى و
هونەریەکانى و هۆکارەکانى پشت ئەم بەرهەمە و پاڵنەرەکانى و سایکۆلۆژیاى
نوسەرەکەى و دەیان روانگەى جیاواز، کە هەر کەسێکیش بە شێوەیەکى
جیاوازتر دەڕوانێتە بەرهەمێک بەهۆى سەردەمى جیاواز و ڕوانگەى جیاوازەوە.
ئەمەش بەشێکە لە تێڕوانینى خوێنەرێک بۆ تێکستە شعریەک.
*
توێژەرى کۆمەڵایەتى و ئەندامى کۆمەڵەى کۆمەڵناسانى کوردستان.
|