١٢\٢\٢٠١٦ خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی قەپێلک.
کە بێگومان زیندانیکردن و شێوازەکانی ئە شکەنجەدان و ئاخنینی مرۆڤەکان، لە زیندانە تاریکەکاندا، بە شێکن لەو ئامرازانە.زیندان بۆ خۆی وەک شوێنێک ھەڵگری ئاماژەیەکی گەورەیە لە ترس و تۆقاندن و فۆبیا. چ جای ئەوەی ئەو زیندانیکردنە لە ژێر سایەی ڕژێمێکی سیاسی وەک بە عس و لەوڵاتە عەرەبییەکاندا بێت. کە ھێمایەکن بۆ کپکردنی ھەموو دەنگێکی سەربەست و ئازاد. ئەگەر زیندانیکردنی مرۆڤەکان لە سۆنگەی تۆمەتبارییان، ئامانج لێی ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵایەتیانەی تاکەکان بێت وسەرلەنوێ دەسپێکردنەوەی ژیانێکی تازە بێت دوای ئەزموونی زیندان، ئەوا لە وڵاتە فاشی و نادیموکراسییەکاندا، ئەزموونی زیندانیکردنی مرۆڤەکان، ئەزموونی لە مرۆڤ خستنیانە، نەک چاکسازیکردن لە ژیانیان. زیندان لەو وڵاتانەدا، بە تایبەتیش وڵاتە عەرەبییەکان، بۆ نموونە: عێراق و سوریا،شوێنێکە بۆ داماڵینی مرۆڤ لە ھەموو ئەو بە ھا ئنسانی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیانەی مرۆڤەکانی پێدەناسرێتەوە.کەم نین ئەو چیرۆکانەی مێژووی خوێن و ئەشکەنجەدان و تێھەڵدانی مرۆڤەکانمان بۆ دە گێڕنەوە، کە لەو زیندانانە گوزەریان کردوە. کە ھەرگیز گێڕانەوەی ئازارەکان، وەک ئەزموونکردنی خودی ئەو ئازارانە نییە. چونکە زۆر ڕووداو تراژیدیا ھەیە، لەوە گەورەترە زمان بتوانێ گوزارشتی لێبکات. بە پێچەوانەوە زۆرجار، گوزارشتکردن لە کارە ساتێک و تراژیدیایەک ھەر گیز وەکو ئەو بەریەککەوتنە ڕاستەوخۆیە نییە، کە تیایدا مرۆڤ بۆ خۆی کارەکتەری تراژیدیاکەیە.لێرەوەش بۆ ئەوەی لە ئازارەکانی زیندان بگەین، دەبێ خۆمان ئەو فەزا پڕ لە ترس و دڵە ڕاوکێیەمان بینیبێت.
دەبێ ھەموو ئەو دڵشکاندن و بێ بە ھاکردنانەمان ئەزموون کردبێت، کە لە سەرو بەندی زیندانیکردندا، دەیبینین. چیرۆکەکانی زیندان، چیرۆکی تراژیدین. کە گێڕانەوەیان ئەستەمە. ڕەنگە کاریگەرترین چرکەکانی بەریەککەوتنی زیندانیکراوێک لە چوارچێوەی زینداندا، ئەو ساتانە بێت، کە تیایدا ڕوح بەر لە جەستە دەڕووخێت. کاتێ مرۆڤیش لە ڕووی ڕوحی و دەروونییەوە تێکشکا، مەحاڵە بتوانێت بە ئاسانی ببێتەوە مرۆڤێکی ئاسایی. بۆیە دەبینین بە شێکی زۆری ئەوانەی لە زیندانە نوتەکەکانی بە عسدا ئازاد بوون، ھەرگیز نەگەڕانەوە دۆخی سروشتی و ئاسایی بەرلە زیندانیکردنیان. بیناکردنەوەی ڕوح و دەروونی تێکشکاوی مرۆڤێک ئاسان نییە. بە تایبەتیش ئەگەر ئەو مرۆڤە ھەستی کرد، ئیدی ئەو ھەمان ئەو کەسە ئاساییەی بەر لە زیندانیکردنە کە نییە. وەک پاڵەوانی ڕۆمانی (قە پێلک).نووسینەوەی یاداشتەکانی زیندان و تۆمارکردنی ئەو چرکە ساتانەی کە لە بیرچوونەوەیان مە حاڵە، وەک تێکست، بە شێکە لە لایەنە دیارەکانی نووسین و ئەدەب بەگشتی. کەم نین ئەو ڕۆمان و یاداشت و بیرەوەریانەی، ئەزموونی زیندانیکردنی مرۆڤێکمان بۆ دە گێرنەوە.
ئەزموونێک کە تە ژی لە ئازار و دڵشکان و تێھەڵدان و لە مرۆڤ خستن، کە ڕەنگە لە گەڵ خوێنەوەی ھەر وشەیەکیدا، ھەست بە ئازارێکی گەورەی دەروونی بکەین و شەرم لە مرۆڤبوونی خۆمان بکەین، بەوەی کە چۆن ھاوشوناسی ڕەگەزێکین، کە ئامادەیە ئازاری مرۆڤێکی دیکەی وەک خۆی بدات. دەبێ گومان لە مرۆڤبوونی ئەوان بکەین، کە جگە لەجەلادێک کە داماڵدراون لە ھەموو ھەست و نەست و تێڕوانینێکی مرۆییانە، ھیچی تر نین. ڕۆمانی (قە پێلک)* ئەو ڕۆمانەیە، کە وێنەیەکی واقیعی و بەرجەستە کراوی مرۆڤەکانە، لە زیندانەکانی بە عسدا. بەڵام ئەمجارەیان لە سوریا، نەک عێراق.پێشتر ڕۆمانی (شەماعیە)ی ڕۆماننووسی عێراقی (عەبدولستار ناسر)م خوێندەوە، کە باس لە زیندانی شەماعیەو چیرۆکی زیندانیکراونی دەستی بە عس لە عێراقدا دەکات. بەڵام ئەمجارەیان وەک خوێنەرێک بەر ڕۆمانێکی دیکە کەوتم، کە ھاوشێوەی شەماعیەو زیاتریش، سەر گوزشتەکانی زیندان دە گێرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە سوریا کە ئەویش ڕۆمانی (قە پێلک)ە. کە نووسەری سوری (مستە فا خەلیفە) نووسیویەتی. ڕۆمانێک کە لە گەڵ خوێنەوەی ھەر وشەیەکیدا، ھست بە ئازار دەکەین.
ڕۆمانێک کە لە ناخەوە خوێنەر دە ھەژێنێت و شەرم لە مرۆڤبوونی خۆی دەکات، بەوەی کە کەسانێکی دیکەش بە ھەمان شێوە، ھەڵگری شوناسی مرۆڤن، کە ھەرچی ھەست و سۆو زو بە ھای مرۆڤانە ھەیە، لە ناخیاندا نییە. ئەو ڕۆمانە ھەموو ئەو دیمەن و وێنە دڵتە زێنانەی زیندانمان پیشان دەدەات، لە لێدان و ئە شکەنجە دان و تێھەڵدان و تەنانەت ئەتکردنی مرۆڤیش!. ڕۆمانێک کە دیوێکی ھەرە گەورەو شاراوەی دە سەڵاتمان پیشان دەدات لە ژێر سایەی بە عسی سوریا. ڕۆمانێک کە تیایدا، بە ھای مرۆڤ وەک گەورەترین سەرمایەی ژیان، لە وڵاتە عەرەبییەکاندا بە گشتی وەسف دەکات. ئەو وڵاتانەی لە ڕێی ئازارو ئەشکەنجەکانی زیندان و گرتن و کوشتن، مرۆڤ دا ئەماڵن لە بە ھای مرۆییانەی خۆی. ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانە، تۆمارکردنی یاداشتنامە ڕۆژانەییەکانی زیندانیکراوێکە، کە خودی ڕۆماننووس خۆیەتی. کە لە زینداندا بینیویەتی. ئەم ڕۆمانە، سەر گوزشتەی ژیانی سێزدە ساڵەی مرۆڤێکمان بۆ باسدەکات، کە لە زینداندا بە سەری بردوە. کە تەنھا، بە گێڕانەوەی تاس دەمانگرێت، چ جای ئەوەی مرۆڤ خۆی لە نێوی دابێت.ئەو ڕۆمانە، باس لە خەونی گەڕانەوەی مرۆڤێک دەکات، کە خودی ڕۆماننووس خۆیەتی. کە دوای ئەوەی خوێندنی ئە کادیمی لە پاریس تەواو دەکات، بە ئامانجی خزمەتکردنی نیشتمانەکەی، پشت دەکاتە ھەموو خۆشییەکانی پاریسی پایتەختی فەرەنساو و کە سوکارو خۆشەویستەکەی جێدێڵیت و دە گەڕێتەوە نیشتمانی ڕاستە قینەی خۆی، کە وڵاتی سوریایە.
بەڵام دوای ئەوەی دە گەڕێتەو وڵاتەکەی، ھەر لە فرۆکەخانەوە، پیاوانی ھەوڵگری دوای پشکنینی ناسنامە کەی، داوای لێدەکەن، بۆ کارێکی کەم و بچوک لە گەڵیان بڕوات(ھاوشێوەی ئەوەی بە عس لە عێراقدا بە رامبەر بە گیراوەکان دەیکرد) ئیدی دوای ئەو ڕۆیشتنە چەند خولە کییە تا سیانزە ساڵ تەواو ڕۆشنایی ژیان نابینێتەوە. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، دوای گەڕانەوەی بە کۆڵێک خەونی جوانەوە، بە بیانووی ئەوەی کە سەر بە ڕێخستنە نھێنییەکانی (ئیخوان موسلمینە)دە گیرێت و زیندانی دەکرێت. وەلێ کارەساتەکە، لە گرتنەکەدا نییە. لەو پاساوە کۆمیدی و گاڵتە جاریە دایە، کە پێی زیندانی دەکرێت. پاساوێک کە دیوە کۆمیدیەکەی دەسەڵاتی دادگەریمان لەو وڵاتە شۆفێنیانە بۆ دەردەخات. نووسەر لە کاتێکدا، بەو تۆمەتە دەگیرێت، کە خۆی بە ئایین مەسیحیە. واتە نەک ھەر چ پەیوەندی بەو ڕێخراوە نییە، بەڵکو ئایینەکەشی جیاوازە لە وان! بەڵام تۆمەت و پاساو بۆ گرتن و ئە شکەنجەدانی مرۆڤەکان، لە ژێر سایەی بە عسدا، چ ھایەکی ھەیە؟ بیانوویەکی کەم بەس بوو بۆ ئەوەی کە سێکی پێ زیندانی بکرێت و لە سێدارە بدرێت. یاخود تا ھەتایە لە زیندان بمێنێتەوە.
پاڵەوانی ڕۆمانەکە، دوای ئەوەی بەو تۆمەتە دەگیرێت، ئیدی بۆ ماوەی سیانزە ساڵ، لە زیندان دەمێنێتەوە. لە زیندانیش، ھەرچی شێوازەکانی ئە شکەنجەدان ھەیە، لە لێدان و تێھەڵدان و بگرە ئەتککردنیش، دەبینێت. لە زینداندا، دە کەوێتە ئەو گومانەی کە ئەو ئەو بوونەوەرە بێت، کە پێی دەوترێت مرۆڤ. بۆیە بە گومانەوە لە خۆی دەپرسێت:( من چ جۆرە بوونەوەرێکم، ئایا مرۆڤم؟ ئاژەڵم چ شتێکم؟لا ١٢٨) ئەو دیمەنە دڵتە زێن و ئەشکەنجە دەروونی و جە ستەییانەی لە زیندان، چ خۆی، چ ھاوشێوەکانی دەیبینن، ئەو گومانەی لا دروست دەکەن، کە ئەو چ بوونەوەرێکە؟ چونکە ھەرچی پەیوەندی و مامە ڵەی نامرۆڤانە ھەیە دەیبینێت. جەلادەکانی زیندان، ئەوەندە داماڵدراون لە ھەموو ھەست و سۆزێکی مرۆڤانە، کە تەنھا چێژ لە ماسۆشیەت و ئازاردانی بە رامبەرەکانیان وەردەگرن. بۆیە ھەرچی شێوە جیاوازەکانی لێدان ھەیە، بە رامبەر بە زیندانییەکان تاقی دەکەنەوە. بۆیەش ھەر کاتێ ئارەزوویان کرد، گاڵتەو تێھەڵدان بە زیندانییەکان دە کەن. تا ڕادەی ھێنانە خوارەوەیان بۆ ئاستی ئا ژەڵیش. یە کێ لە جەلادەکانی زیندان، بە زیندانیکراوێک دەڵێت: (ئێستا دە مەوێ وەک کەر بزەڕی. دە زەڕێت. لا١١٦. ئێستا دە مەوێت وەک سەگ بڕەویی و گاز لەوەی بەردەمت بگری. زیندانیەکە،ھاوشێوەی سەگێک فەرمانی جەلادەکە بە جێ دە گەیەنێت و گاز لە قۆڵی زیندانیکراوێک دە گرێت. بە زیندانیەکی دیکە دەڵێن: تۆمرۆڤی یا زەرافە؟ بە یەکێکی دیکە دەڵێن: تۆ سێ ساڵە لێرە زیندانی، دەزانی ئەو سێ ساڵە ژنەکەت چی دەکات؟) جەلادەکان بەو دیمەنانە شادومان دەبن.
پیاوانی ڕژێم، چونکە داماڵدراون لە ھەموو ھەست و نەستێکی مرۆییانە و بوونەتە ڕۆبۆتێک، ئیدی لە ئازاردانی ئەو زیندانییانە، نەک ھەر چێژ دەبینن، بەڵکو ھەست بە پاڵەوانیەتی و سەرکەوتنیش دەکەن. بۆیە چەند دڕەندەترین شێوەکانی ئەشکەنجەدان بەرامبەر بە زیندانییەکان تاقیبکەنەوە، ئەوەندە زیاتر ھەست بە خۆشی دەکەن. تا ئەو ڕادەیەی ھەرچی نزمتریت ئاستی شکاندنی مرۆڤەکانە، بە زیندانەکانی دەکەن. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، ھەموو ئەو دیمەنە قێزەوەنانە دەبینێت، کە مرۆڤەکان بەرامبەر بە ھاو شوناسەکانیان دەکەن، تەنھا لە سۆنگەی ئەوەی بە تۆمەتێکەوە گیراون. تەنانەت ھەندێکیان، بێ تاوانیشن. بەڵام سەلماندنی بێ تاوانی کەسێک لە سایەی دە سەڵات و زیندانەکانی بە عس،چ بایەخێکی دەبێت؟ بۆیە پاڵەوانی ڕۆمانەکە، ناچارە ھاوشێوەی زیندەوەرێک بچێتەوە نێو قە پێلکەکەیی و ڕۆژانە بە دیار ئەو دیمەنانەوە، قێز لە مرۆڤبوونی خۆی بکاتەوەو بپرسێت: (بە ڕاست ئەو چ بوونەوەرێکە؟) گرفتی پاڵەوانی ڕۆمانەکە ھەر تەنھا ئەوە نییە، کە پیاوانی ئاساییش تۆ مەتێکی کۆمیدییان داوەتە پاڵ بەوەی کە سەر(ئیخوان موسلمینە)و بەو ھۆیەوە زیندانی دەکرێت. بەڵکو کارەسات لەوە دایە، کە ئەو لە زیندانیش لە سۆنگەی ئەوەی بە ئایین ئیسلام نییە، لەلایەن ھاوزیندانیەکانییەوە، دەچەوسێنرێتەوە ھەندێکیان بە سیخور و ھەندێکیان بە کافری دەزانن. تا ئەو ڕادەیەی لەلایەن ئەبو قەعقاعەوە، ھەوڵی کوشتنی دەدرێت. بەڵام ھەموو ئەو ترس وھەڕەشانە نابێتە ھۆی ئەوەی دەستبەرداری ئایینی خۆی بێت. بە پێەوانەوە بە زیندانەکانی تر دەڵێت:( کە ئایینی ئێوە، دەبێ ئایینی پێکەوە ژیان بێت و مە سیحیەکانیش وەک ئێوە، ئایینی تایبەت بە خۆی ھەیە).
لێرەوەش ئەگەر زیندانییەکانی تر، جارێک بچەوسێنرێنەوە، ئەوا ڕۆماننووس دووجار دە چەوسێنرێتەوە. جارێکیان لە بەر بیرو ڕای سیاسی، جارێکی دیکەیان لە بەر بیڕو ڕای ئایینی. لە کاتێکدا زیندانیەکان ھەموویان، یەک چارە نووس ویەک ژیانیان ھەیە. وەکو یەکتریش ئازارەکانی زیندان دەبینن. کە چی وێرای ئەمەش پاڵەوانی ڕۆمانەکە باجی مە سیحی بوونی خۆشی دەدات. ڕۆماننووس کە وابڕیاربوو، ھەر تەنھا بۆ چەند خولە کێک لێکۆلینەوەی لە گەڵ بکرێت، ئەو چەند خولکە دە بنە سیانزە ساڵی تەواو. سیانزە ساڵ لە زیندانێک ژیان دەباتە سەر، کە ھەرچی شێوەکانی ئە شکەنجەدان ھەیە دەیبینێت. ئەمە وێرای سەرماو برسیەتی و گەرمای ھاوین و لە ھەمووشی ترسناکتر، کوشتن و لە سێدارەدانی زیندانییەکانە، کە ھەموو بە یانییەکی ڕۆژانی دووشەممەو پێنچ شەممە، لە لایەن لیژنەیەکی تایبە تییەوە جێبەجێ دەکرێت. بە بێ ھیچ جۆرە ڕێو شوێنێکی دادوەری. بە ڵکو ھەر کاتێک مەبەستیان بوو، لیستێک لە ناوی زیندانییەکان دە خوێننەوەو لە بە یانیەکی زوودا، فەرمانی لە سێدارەدانیان بە سەردا دە سەپێنرێت. دادگاییکردنەکە، وەک پاڵەوانی ڕۆمانەکە باسی دەکات، زیاتر لە خولەکێک ناخایە نێت و لە زیندانییەکە دەپرسن:( تۆ فلانی کوڕی فلانی؟ بە ڵێ گەورەم. ئیعدام). یەکێ لەو دیمەنە دڵتەزێنانەی ڕۆماننووس لە میانەی زیندانیکردنە کەیدا بینیویەتی و لە ڕۆمانەکەیدا باسی دەکات، ئەوەیە کە خێزانێک کە لە باوکێک و چەند کوڕێک پێکھاتوون، ھەموویان بە یەکەوە زیندانیکراون. پیاوانی ڕژێم، زۆر دڵڕەقانەداوا لە باوکەکە دەکەن، کە خۆی سەرپشک بێ و ناوی کوڕەکانی بۆ لە سێدارەدان بڵێت.
تا دواجار ھەموو کوڕەکانی لە سێدارە دەدرێن و خۆشی دواتر، بە ھۆی ئەو خەمە قوڵەوە، دوای چەند ڕۆژێک وێرای تێکچوونی باری دە روونی دەمرێت. ڕۆماننووس لە میانەی ژیانی زینداندا، چەندین دیمەن و ڕووداوی دڵتە زێن، لە کوشتن و برسیکرد ن و لە سێدارەدان دە بینێت. بەم جۆرە سیانزە ساڵ بە دیار ئەو دیمەنانەوە ژیان دەباتە سەر. تا سەرەنجام لە ڕێگەی براو خاڵەکانی و دوای ھەوڵێکی زۆر بێ پاکانە کردن، بەرگەی ھەموو ئازارێک دە گرێت و لە زیندان ئازاد دەبێت. بەڵام ژیانی دوای زیندان بۆ ئەو ھیچ جۆرە مانایەکی جیاوازی نییە لە گەڵ ژیانی زینداندا. بە پێچەوانەوە وا ھەست دەکات، لە زیندانێکی بچووکەوە بۆ زیندانێکی گەورەو لە قە پێلکێکی بچووکەوە چۆتە نێو قە پێلکێکی گەورە. دوای ئازاد بوونی لە ماوەی ئەو سیانزە ساڵەدا، زۆرشت ڕوو یانداوە. بۆ نموونە: دایک و باوکی ھەردووکیان مردوون. ڕۆماننووس بە تاسەیەکی زۆرەوە، دوای ئازادبوونی دەڵێ:(نیوەی ژیانم دەبە خشم بەرامبەر بەوەی پێنچ خولەک سەر بخەمە سەر سنگی دایکم لا٣٨٦) دوای ئازار و ئەشکەنجەکانی زیندان، پاڵەوانی ڕۆمانەکە کە ھەر خودی ڕۆماننووسە، بەر ژیانی دوای زیندان دەکەوێت. بەڵام ئەو ژیانە بۆ ئەو دوای لە دەستدانی دایک و باوکی و ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی ھەر جوان و بە برشتی خۆی، ھیچ مانایەکی نییە.
بۆیە دوای ئازادبوونیشی ھەمیشە ھەست دە کات
لە زیندانێکی گەورەتر دایە. بە تەنھا دەژیت و گۆ شە گیر دەبێت و
ھەست بە ھیچ دوا ڕۆژێک ناکات.بۆیە دە ڵێت:( ھەمیشە واھەست دەکەم، ئەوان
دنیای خۆیان ھەیەو منیش دنیای خۆم. من ھەر گیز سەر بە دنیای ئەوان
نیم.) بێگومان ئەمەش دەریدەخات کە زیندانیکردن لەو وڵاتانەدا، ھەر گیز
پرۆسەیەک نییە بۆ چاکسازیی زیندانییەکان و گێڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەلگە.
بە قەد ئەوەی شوێنێکە بۆ لە مرۆڤ خستن و ئازار و تێھەڵدان. ئەم ڕۆمانە،
ھەر تەنھا ڕادەی دڵرەقیی و بێ بە زەییانەی کە سانێکمان نیشان نادا، بە
رامبەر بە ھاو شوناسەکانیان. بەڵکو دیوی گاڵتە جارانەی دادوەری لەو
وڵاتانەو بێ بە ھاکردنی مرۆڤ و ستەم و چەوسانەوەی دەسەڵات،
بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی لە بڕی خزمەتکردنیان دەردەخات. ئەو ڕۆمانە،
دیوە ھەرە راستە قینەکەی ژیانی مرۆڤەکانە، لە وڵاتی سوریا. دیوێک
شاراوە. وەڵێ تە ژی لە دڵرەقی و بێ ویژدانی و بێ بە
ھاکردنی مرۆڤەکان، لە سۆنگەی ھیچ شتێکەوە، جگە لە چێژ وەرگرتن لە ئازار
نەبێت....
|