په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١٠

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هافتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.


هیوا ڕەش    

- بەشى یازدەم -

قۆناغى بەرخودان. 1991 - 1992


هەمیشە پێگە حیزبییەکانى خوارەوەى حیزبى شیوعى لە سەرکردایەتییەکەى شۆڕشگێڕ تر بوونە و قوربانییان زۆر تر داوە و بوێر و قارەمان تر بوونە ، لە شەهید بوونى هەردوو سکرتێر (فەهد و سەلام عادل ) و هاوڕێکانیان بە دواوە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە سازش و خۆ بە دەستەوەدان و کلکایەتى بترازێ هەنگاوێکى وایان نەناوە ڕووى باس کردنى هەبێت ، عەزیز محەمەد هەر وەکو لە پێشوو دا ئاماژەم پێ داوە کە پیاوێکى خۆش مەجلیس و قسە خۆشە ئەگێڕنەوە جارێکیان لێیان پرسیوە : هاوڕێ عەزیز تۆ کە زۆرترین ماوە و لە سەخت ترین بار و دۆخ دا سکرتێرى حیزب بوویتە بۆچى یادەوەرییەکانت نانووسیتەوە ؟ ئەویش لە وەڵام دا ووتوویەتى : بۆچى کارێکى باشمان کردووە تا لە ڕوومان بێت باسى بکەین ؟ ! سەرکردایەتى حیزبى شیوعى هەموو غەمێکیان دڵ ڕاگرتنى سکرتێرەکەیان و بە دەست هێنانى ڕەحمەتى ئەو و ڕاکێشانى سەرنجى ئەو بووە بە لاى خۆیان دا تا مەرتەبەى ئەولیایان لە دەست نەچێت ، هەرچەندە ئەبو فاروق و جەلال دەبباغ و پەخشان زەنگەنە لە ساڵى 1990 دا هاتنەوە ناو شار بەڵام کارێکى ئەوتۆیان نەکرد شایەنى باس بێت وە یا جێ دەستیان دیار بێت چونکە لە ڕەعیەتەکەى سکرتێر بوون و سیفاتى سەرکردەیان تێدا نەبوو ، مامۆستا هۆگریش لە دەور و خولیایان ئەگەڕا و بە خۆى و بە شوێنى خۆش و پارەى باش لە خزمەتیان دا بوو ، سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە هەموو قۆناغەکانى خەبات دا جگە لەوەى هێندە بێ وەى بوون هەرگیزیش جێگەى مەترسى نەبوونە بۆ دوژمن و لە هەمان کاتیش دا هەموو ئان و ساتێک دا کۆسپ و ڕێگر بوونە لە بەردەم پێگە حیزبییەکانى خوارەوە دا لە هەنگاو نانى شۆڕشگێڕانە بۆیە ژیانیان پارێزرا و سەلامەت بووە و مەگەر بە ڕێکەوت تووشى سەغڵەتى و تەنگەتاو بوون هاتبن ، بێگومان کەمینەیەکى دەگمەنیان تێدا بوو گیانى شۆڕشگێڕێتییان تێدا هەبێت بەڵام هیچیان پێ نە ئەکرا ، مانەوەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بەم تەرزى خۆپارێزى و هیچ لە بارا نەبووەیەیان گەلێک سوودى بۆ دوژمن هەبوو تا حیزبەکە بکەن بە حیزبێکى پەراوێز خراو و بێ دەنگ و ڕەنگ و دووچارى کرمۆڵ بون و پووکانەوەى بکەن ، هیچ دوژمنێکى سەرسەخت و خوێنمژ بە قەد سەرکردایەتى حیزبى شیوعى نە مایەى زیان بوونە و نە زیانیشیان پێى گەیاندووە ، هەرچى زیانیش کە تووشى حیزبەکە هاتووە لە ئاکامى سیاسەتى لادەرانە و خۆلادەرانەى سەرکردایەتییە حەوسەڵە درێژەکانى سازش و کلکایەتى بووە و هەر لە بەر ئەوەش بووە لە ماوەى 45 ساڵى ڕابردووەوە دوژمنان لە شاڵاو و پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیان بەردەوام قورسایى خۆیان خستۆتە سەر پێگە حیزبییەکە و گرتوویانن و شەهیدیان کردوون و پاکانەى سیاسییان پێ کردوون و ڕێگەى هەڵاتن و خۆ دەرباز کردنیشیان بە ئاواڵەیى بۆ سەرکردایەتى جێ هێشتووە بۆ ئەوەى وەکو مڵۆزمێک بیانهێڵنەوە بۆ تاساندنى گیانى شۆڕشگێڕانەى شیوعییەکان ، بۆیە هاتنەوەى سەدان ئەبو فاروقیش تۆزقاڵێک بەعسى ڕانەچڵەکاند ، ئەبو فاروقێک کەس ڕووى نەبینێ و دەنگى نەبیستێ ئەبێت بوون و نەبوونى چى بێت ؟ ! ئەگەر ئەبو فاروقەکان نەبن سەدان هاوڕێى چەشنى لیژنەى قەزاى هەولێر لە ناو حیزب دا بیر لە کردارى شۆڕشگێڕانە ئەکەنەوە و دوور نەبوو بیر لە شۆِڕشێکى وەکو شۆڕشى نیکاراگوا بکرێتەوە و چەندان دانێل ئۆرتیگایان تێدا دروست بوایە ! بۆیە پاراستنى ژیانى ئەبو فاروق ەکان لە دەیان دەزگاى ئەمن و ئەمنى خاس و ئیستیخبارات و موخابەرات زەرور تر بووە بۆ بەعسییەکان .

لە 2 3 1990 گیرام و لە ترسى گیانى هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانم ناچار بووم خۆڕاگرى بنوێنم و گیانى سەرکردایەتی بپارێزم کە ئەبوو پێچەوانە ڕەفتارم بکردایە ، ئەگەر بۆم بکرایە و لە سزاى قسەى دەور و بەر و مێژوو نەترسایم ئەوا بێ دوو دڵى و سڵ کردنەوە یەک بە یەکیانم ڕاپێچى بەردەستى جەلادەکان ئەکرد بەڵام گومانم هەبوو لە خۆڕاگرى و ئازایەتییان نەبادا بەرگەى زللەیەک نەگرن و ڕێکخستنەکان بدەنە دەستەوە بۆیە ئەو هەنگاوە پیرۆزەم نەنا چونکە شانەکە لە سەرى من دا ئەشکا و بەر لە من چەندین هاوڕێى قارەمانى دیکە گیرا بوون و ڕاپێچى دادگاى سەورە و بەر پەتى سێدارە کران ، مولازم جەوهەر و ئەحمەد بازۆکا و هاتف و حەیدەر و پۆڵا زیندانى ، کە تەنها پۆڵاى لێ دەر بچێت دواى چەند مانگێک لە چاوەڕوانى پەتى سێدارە بە ڕێکەوت مەرسوم لە شەهید بوون دەربازى کرد ، کە هەر هەموویان پێچەوانەى سەرکردایەتى هەڵوێستى خۆڕاگرانە و قارەمانانەیان هەبوو ، بە منیشەوە کەسمان ئیعتیرافمان لە سەر بچووکترین نهێنى حیزب نەکرد بە مەرجێک هەموومان پێشمەرگەى شاخ و ئاستى بەرپرسیارێتیشمان هەبوو ، دڵنیا بووم ئەوەى بە سەر ئێمە دا هات بە سەر یەک ئەندامى سەرکردایەتى میوانى هەمیشەیى ئوتێلە نایابەکانى سوریا و لوبنان و ئەوروپاى ڕۆژهەڵات و تەڕ خۆرى ووشک خەو بهاتایە جۆرێکى دیکە ئەبوو و ڕێکخستنە نهێنییەکانیان ئەکردە قوربانى پاراستنى ژیانى خۆیان و دار و پەردوویان بە سەر یەک دا ئەدا هەر وەکو نائیب عەبدوڵاى ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى سلێمانى لە ساڵى 1982 وەکو دۆستێکى دڵسۆزى مودیرى ئەمن بێ بەرگە گرتنى تەنها شەقێک تەواوى هاوڕێکانى بردە خزمەتى ئەمنى سلێمانى و کارەساتێکى گەورەى بە سەر ڕێکخستنەکان دا هێنا و بووە مایەى لاوازى بۆ چەند هاوڕێیەکى دیکەش ! هەندێکیشیان خۆبەخشانە بوو بوونە سیخوڕى بەعس و دواى خیانەتە ژێر بە ژێرەکانیان چاوپۆشییان لێ کرا هەر وەکو مەلەفدارەکانى 2003 کرانەوە بە مڵۆزمى شیوعییەکان و لە هەڕەمى بڕیار دانرانەوە کە هەقى وا بوو پێگە حیزبییەکانى خوارەوە لە ئاستى ئەو دیاردە باوەى دوور لە نەریتى شیوعییەتە دەسەوەستان نەبوونایە و هەڵوێستیان وەر بگرتایە ، کە ناهوشیارى سیاسى و حیزبییان سۆزیان بە سەر عەقڵیان دا زاڵ کرد بوو و بە هیواى چاکسازى کردن لە ناوەوەى حیزبەکە و لە کۆبوونەوە داخراوەکان دا هەندێک خەتاى ئاستى تاوانیشیان بۆ سەرکردایەتییەکەیان سڕ پۆش کرد و تووشى بوغراییانیان کرد تا کار بەوە بگات بازرگانى بە چارەنوسى حیزبەکە و خوێنى شەهیدان و تێکۆشان و ماندوو بوونى ئەندامەکانەوە بکرێت ، لادان و ڕاستڕەوى و خۆ بە دەستەوە دان و کلکایەتى و متمانە بە خۆ نەبوون ببێتە شێرپەنجە و جەستەى حیزبەکە بتەنێتەوە و بەرەو لێوارى مەرگى ببات .

هەڵوێستى شیوعییەکان لە زیندان دا بووبووە نمونەى خۆڕاگرى و بە گژ دا چوونەوەى داپڵۆسێنەرترین دەزگاکانى بەعس ، هەمووان بە زیندانى و جەلادەوە گەواهییان لە قارەمانێتى شیوعییەکان ئەدا ، مولازم جەوهەر هەموو زانیارییەکیان لە سەرى هەبوو و ئەیانزانى نهێنى زۆرى لە ژێر سەر دایە دواى ئەوەى لە ئۆردوگاى نەسڕ بە بریندارى دەسگیر کرا بوو بەڵام مەردانە بە ڕووى ئەشکەنجە نامرۆییەکانى ئیستیخبارات دا وەستایەوە و نەبەردانەش پێشوازى لە پەتى قەنارە کرد بە بێ ئەوەى سوود لە یەک ووشەى سەر زارى ببینن ، ئەحمەد بازۆکاى قارەمانى لێهاتوو و لە وێنە نەبوو دواى ونجڕ ونجڕ کردنى ئازاى جەستەى جەلادەکان لێى نا ئومێد بوون لەوەى بتوانن سودى لێ ببینن تەنانەت لە نێو خۆیان دا کێبڕکێى ئەوەیان ئەکرد یەکێکیان بتوانن لە کاتى ئەشکەنجەدانى دا گوێیان لە دەنگى بێت و هیچ نەبێت بڵێت ئۆف ! بەڵام خەیاڵ پڵاو بوون و کارەبا و فەلاقە و هەڵواسین و قامچى و کێبڵیش لە ئاستى ڕق ئەستوریى ئەو ڕۆڵە زەحمەتکێشە ، شەرمەزار بوو بوو و جەلادەکانیشى سەرسام بوو بوون و لە بەکار هێنانى هەموو شێوازێکى ئەشکەنجەى دڕندانە ماندوو بوون و بە چۆک دا هاتن ! هاتف هێندە سەرسەختانە بە ڕووى جەلادەکانى دا وەستا بووەوە نەیان توانیبوو پەى بە نهیًَنییەکانى ببەن ! حەیدەریش پێشبڕکێى خۆڕاگرى و قارەمانێتى لە گەڵ هاتف دا ئەکرد ! لە کۆتایى دا دەزگا دژە ئینسانییەکانى بەعس زانییان هەوڵەکانیان بێ ئاکامە و بەرهەمى ئەشکەنجەدانیان هەر ماندوو بوونە بۆیە ڕاپێچى پەتى قەنارەیان کردن ، پۆڵاش ئەمنى سلێمانى تاساندبوو و قارەمانێتى ئەو بوو بووە وێردى سەر زارى زیندانى و جەلادەکان و تێکڕا لە ئاستى قارەمانێتى ئەو دا حەپەسا بوون ، منیش لە ئاستى قارەمانێتى ئەوان دا قوتابییەکى کزۆڵ بووم ، هەرچەندە پڕ بە دڵ لە ناخەوە پێم خۆش بوو ئارەزوومەندانە کەسانێک لە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە گەڵ خۆم دا پێوە بکەم و ڕاپێچى بەردەم جەلادە هاوپەیمانە کۆنەکانیان بکەم بەڵام لێیان ئەترسام بەرگەى ئەشکەنجە نەگرن و ماڵى دەیان هاوڕێى مەینەتبار بە وێران کردن بدەن لە گەڵ خۆیان دا ئەمە و لە لایەکى تریشەوە لاسایى کردنەوەى هاوڕێیان لە خۆڕاگرییان ڕێگرم بوون و ئەمویست ڕێبازى پاڵەوانێتى ئەوان کوێر نەکەمەوە .

لە درەنگانى شەوێکى زستانى زیندانى ئەبو غرێبى ساڵى 1991 دا من و هەڤاڵێک بە تەنیشتى یەکەوە دانیشتبووین ، نازانم چى پاڵى پێوەنا ئەو قسەیە بکات کە کردى : ئەزانى لە زیندانیش دا ئێمە باڵادەستین ؟ ! ووتم کاکە گیان باڵادەستى زیندان ترسنۆکى و سەردانەواندنە نەوەک ئازایەتى و خۆڕاگرى ، باسى یەک بە یەکى ئەو هاوڕێیانەم بۆ کرد کە گیرا بووین ( مولازم جەوهەر ئەحمەد بازۆکا هاتف حەیدەر پۆڵا خۆم ) کە هەر هەمووشمان پێشمەرگە و بەرپرسى عەسکەرى و بەرپرسى حیزبى و بەرپرسى ڕێکخستنە نهێنییەکانى ناو شاریش بووین و لە خۆمان زیاتر کە 6 کەس بووین نەمانکردۆتە 7 کەس و هیچ هاوڕێیەک و هیچ نهێنییەکى حیزبمان نەداوەتە دەستى دوژمن ، بەڵام من تەنها باسى 3 حاجى ناوى خۆتانت بۆ ئەکەم 1 حاجى خەلیفانى ئیعتیرافى لە سەر 18 کەس کردووە 2 حاجى کۆیى ئیعتیرافى لە سەر 17 کەس کردووە 3 حاجى چوار قوڕنەیى ئیعتیرافى لە سەر 57 کەس کردووە ، ئیتر هەر باشە لەم ئەبو غرێبە پان و پۆڕەش جێتان ئەبێتەوە .

دیسانەوە قسەکەى عەزیز محەمەدم دێتەوە یاد کە لە بەشێکى تریش دا ئاماژەم پێ داوە ( ئەگەر شیوعییەکان بە چاوى دوژمن لە خۆیان بڕوانن ئەوسا ئەزانن نرخى خۆیان چەندێکە ؟ ! ) ، مخابن سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە ترسى هەڵدانەوەى لاپەڕە ڕەشەکانى خۆیان ئاووڕ لە لاپەڕەى پڕ قارەمانێتى هاوڕێکانى شاخ و ڕێکخستنە نهێنییەکان و زیندانییەکانیشیان نادەنەوە کە مێژووى سەروەرییەکانى حیزبى شیوعى پێک ئەهێنن ، کاتێک لە زیندان ئازاد بووم هێندە بە شەوقەوە وەکو بەرق خۆم گەیاندەوە حیزب نەمتوانى دوو شەو لە گەڵ دایک و خوشک و براکەم و کەس و کارم دا لە کەرکوک ببەمە سەر و یەکسەر خۆم گەیاندە هەولێر و وام ئەزانى فریشتەکانى سەر شانم دۆسیەکەمیان خستۆتە نێو ئەرشیفى مێژوویى حیزب و پێویست بە خۆناساندنم ناکات بەڵکو لە نێو دۆسیەکەم دا هەڵوێستەکانم بە خراپ و باشەوە هەموو تۆمار کراوە و لە ڕوانینى دۆسیەکەم دا هەموو شتێکم دەر ئەکەوێت بە لایەنە چاک و خراپەکانەوە بەڵام هایهوو کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە - ، ئەوەى من کردوومە موریدى بووە نەک شیوعێتى و بە دوور کەوتنەوەم لە تەکیە ، مامە شێخ ( ئەبو ) ەکان منیان هەر لە یاد نەماوە !

ئەم نامەیە ئەخەمە بەر چاو وەکو دۆکۆمێنتێکى مێژوویى خۆم لە زیندانەوە نێردراوە بۆ مامۆستا عەلى زەنگەنە ( عەلى ڕوسى ) ، بەر لەوەى بچمە سەر نامەکە پێم باشە بۆ خوێنەرانى ڕا بگەیەنم ئەمە نامەى کەسێکە کە لە چاو هەڵوێستى بەرزى زیندانییەکانى دیکەى حیزبى شیوعى لەو سەردەمە دا شایەنى شانازى کردن نیە بەڵام چار نەبوو هەر ئەمە لە بەر دەست دا بوو بە پێویستم زانى ڕووناکى ببینێت ، دەقى نامەکە بێ زیاد و کەم و بە هەڵە و کەم و کوڕییەکانیەوە لە ڕووى داڕشتن و زمانەوانییەوە وەکو خۆى بە بێ دەسکارى و لابردنى پێشەکى سڵاو و هەواڵ پرسین بەم شێوەیەیە :

بەڕێزان :

بە ڕاستى پەرۆشى دەنگ و باستانم بە تایبەتى لەم بار و دۆخەى ئێستا دا مەگەر هەر لێو بکرۆژم ، بۆیە هیچ نەبێت کە لە هەموو شتێک بێ بەشین با بە لاى کەمەوە خۆ ئەتوانن لە زۆر شت وەک وەزعى گشتى پشت گوێمان نەخەن و ئاگادارمان بکەنەوە ئەگەر بە دەم یا بە نامە نووسین بێت بە ناوى هیوا وە شتم بۆ بنێرن بە نامە بەڵام ووریا بن لە هەڵگرتنیا و باش بیشارنەوە هەر چەندە پشکنین هەیە بەڵام خۆ دنیامان وەکو چەرمە چۆلەکە لێ نایەتەوە یەک نەتوانین هیچ بکەین .

زۆر زۆر سوپاستان ئەکەم لە بە دەنگەوە هاتنى دایکم و تانیا ( خوشکى نوسەر ) و خۆمیش ، جێگەى ڕێز و ستاییشى هاوڕێ ى خۆتانن ئەوەشم زیاتر پێ خۆشە ئاگادارى تانیا بن بە سەرى بکەنەوە و ئامۆژگارى بکەن و هانى بدەن ئاستى ڕۆشنبیرى خۆى بەرز بکاتەوە و سپەنچ ( spanich ) ى خۆمانەى دەرخوارد بدەن ( مەبەست بیکەن بە شیوعى نوسەر ) .

بە شێوەیەکى گشتى بە هەر حاڵ ئەتوانم بڵێم وەزعى خۆم زۆر باشە بە بێ بیر کردنەوە لە ماڵى خۆمان و ئێوە و گشتى هاوڕێیانى تر ، زۆربەى کاتەکانم بە چێشت کردن خەڵکى جێگەى باوکى ئەگرێتەوە من جێگەى دایکم ئەوەش وا بزانم تێڕوانینى یەکسانى نێوان ئافرەت و پیاوە بە پێ ى بیر و باوەڕەکەم ، و بە خوێندنەوە ئەبەمە سەر .

بە نسبەت ئەو یارمەتی یانەى پێشکەشى ماڵەوەتان کردووە نازانم وەک شێوەیەکى گشتى یە یان نا ، ئەگەر وا نى یە من بەش بە حاڵى خۆم نەک پێویستم نى یە ! بەڵکو خەڵکانى زۆر هەن لە ڕیزمان دان و کاتى خۆى ئێمە و مانان ئەرک بووین بە سەریانەوە و خزمەتیان کردووین بە بێ ئەوەى هیچ دەرامەتێکیان هەبێت ئەوانە شایستە ترن بە تایبەتى ماڵە شەهیدەکان ئەرک و پێویستى سەر شانتانە بە دەنگیانەوە بچن و بە سەریان بکەنەوە ،ئەگەر بۆ گشتیشە ئەوا ئەرکتان قورستر ئەکەم لە بەر ئەوەى وەزعى پەڕاگەندەیى و بێ سەرە و بەرەیى ئەو خێزانە چکۆلەیەمان ئەزانن ئەوا ئەبێت خۆتان سەرپەرشتیشیان بکەن .

هاوڕێ پۆڵاش لاى ئێمەیە جار و بار یەکتر ئەبینین وەزعى باشە .

خۆزگەم بەو هەورەى
کە لە ئاسمانى چیاى قەندیلا
ئەبێتە بەفر و کلۆ کلۆ
بە سەر لوتکەى سەرکەشیا ئەبارێ
خۆزگەم بەو ئاوەى
بە خوڕ لە لوتکەوە شۆڕ ئەبێتەوە
ئەکشێت بۆ بنارێ
خۆزگەم بەو جۆگەلەیەى
بە بنارا ئەکشێتە ناو چەمێ
تا تێکەڵ ئەبێ بە ڕووبارێ
خۆزگەم بە ڕووبارەکەش
کاتێ ئاوى لێ ئەکێشنەوە
بۆ کێڵگەى ووشکى ماڵە جوتیارێ
خۆزگەم بەر لەوەى
لە سنورى کوردستان دەرچم
دیسانەوە ئەبوومەوە بە هەڵم
باڵم ئەگرت وەکو پەلەوور
ئەفڕیمەوە ئاسمان
دووبارە ئەبوومەوە هەور
لە لوتکەى سەربەرزى قەندیلا
کلۆ کلۆ ئەباریمەوە
ئەهاتمەوە خوارێ وەکو بەفر


تایبەت :-

هەویام بوو کەم و کورتیش بێت هەڵوێستى ئاشکراى ئێستاى خۆم بۆ ئێوە دەرببڕم لە بارەى ئەو ڕووداوە بە پەلانەى هاتنە کایەوە جا ئەگەر هەست بە کەم و کوڕیش بکرێت ، بەر لەوەى من بەرپرسیار بکەن بە شێوەیەکى گشتى هاوڕێ یان خۆیان دوو ئەوەندەى من بەرپرسیارن چونکە بە هیچ جۆرێک لاتان لەوە نەکردۆتەوە لەو بەشە بنچینەیى یەى ژیان ئاگادارم بکەنەوە دەربارەى هەڵوێستتان لەم بار و زروفە دا بۆیە ئەڵێم لە کەم و کوڕیما :
(( گلەیی مان بە نیوەیى بێت ))
بە نسبەت ووت و وێژەکەوە ( مەبەست ووت و وێژى بەرەى کوردستانى یە لە گەڵ ڕژێمى بەعس لە ساڵى 1991 نوسەر )

هەر لە سەرەتاى دەست پێ کردنى یەوە من بەش بە حاڵى خۆم باوەڕم لەق بووە پێ ى چونکە :

ا دیموکراتیەت و فاشیەت ئەگەر سارد و گەرمى کارەباش نەبن و دوو تەوەرى تەواو لە یەک دوور نەبن ئەوا بێ دوو دڵى وا بزانم مناڵێکى شەش مانگانیش ئەوە ئەزانێت کە دوو دوژمنى سەر سەختى باوە کوشتەى یەکترن و هەر یەک بۆ گەییشتن بەو قۆناغە دەیان و سەدان هەنگاوى پێچەوانە و دژ بە یەکیان بڕیوە جا نازانم چۆن فاشیەتێکى پاشکۆى پاشکەوتووى بەرز ترین لوتکەى کۆنەپەرستى چۆن چۆنى ئەیەوێت لە پڕێک ببێت بە کوڕێک و کوڕێکى چاکیش ! ! ! ؟ ؟ ؟
ب گومان لەوەدا نى یە ئۆتۆنۆمى و مافى گەلى کورد لە گەڵ دیموکراتیەت لە سەرانسەرى ووڵاتا وەکو ژیان و ئۆکسجین پێویستن بۆ یەک بگرە زیاتریش چونکە ژیانیش نەمێنێ ئۆکسجین هەر ئەمێنێ بەڵام ئەوان گرێ دانێکى ڕیشەیى یان لە نێواندایە و بێ یەکتر لەشێکى بێ گیانن لە بەر ئەوە ئەو ووت و وێژە هەرچى بەرهەمێکى هەبێت هەندێک ئاوە و لە بەر تیشکى ڕۆژایە و بە تێپەڕ بوونى کات خۆى ناگرێ و ئەبێتە هەڵم .
ج وا گووتمان گۆڕانکارى و ڕووداوە نێو دەوڵەتى یەکان لە بەرژەوەندى گەلەکەمان دان و ئێمەى بە هێز و دوژمنیشى لاواز کردووە و وەک کابراى عەرەب ئەڵێ (( فورسە زەهەبیە )) ى بۆ خولقاندووین باشە ئەم هەڵپەڕینەى نوێنەرانى ئاستى باڵاى بەرەى کوردستانى و هاتنیان بۆ بەغا بۆ .
د باشە لەو ئاستە دا هاتن بە لاى کەمەوە هەندێ هەنگاوى سەرەتایى هەبوو بۆ نەکرا و لە سەر زەوى یەکى ووشک و برنگ کەوتنە هەلەکە سەما بۆ دوژمن .
ه لە سەرەتا دا ڕام لە گەڵ ئەوە دا بوو بۆ دەرخستنى نیەت پاکى دوژمن ، هەر چەندە لە داوێن پیسا نیەت پاکیت بەر چاو ناکەوێت ، ئەمانە جێ بە جێ بکرانایە ؛ 1 کەم کردنەوەى هێزى سوپایى لە کوردستانا . 2 بەڕەڵا کردنى بەندە ڕامیارى یەکان . 3 ڕێگە دان بە شێوەیەکى ڕەسمى بە خەڵک بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ئاو و خاکى خۆیان . 4 - گرنگى دان و باس کردنى ووت و وێژەکە لە دەزگاى ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دا . 5 گۆڕینەوەى شوێنى کۆبوونەوەکان با هەندێکیان لە کوردستانا ئەنجام بدرێت . ئەوەى ڕەچاو کرا بێت تەنها خاڵى چوار و پێنجە تا ئێستا .
و دابڕان و خۆ جیاکردنەوەى هێزە نیشتمانى یە عێراقى یەکان لە یەکتر یەکێکە لە مەرامە گڵاوەکانى دوژمن جا ئەگەر هەست پێ بکرێت یا نا تا حەددێک سەرکەوتنى بە دەست هێناوە ، لێک پچڕان و کار نەکردنى ئەو هەموو مەرەکەبەى سەر کاغەزى کۆبوونەوەکانى دیمەشق و بەیروت ڕاستى یەکە ئەسەلمێنن ، قەناعەتیشم وایە هەوڵى زۆر درابێ لە ناو بەرەى کوردستانى ئەو تۆوە بچێنن و بیاندەنە گژ حیزبا بە تایبەتى .

دەربارەى ئەو ڕووداوانەش کە لە شورەوى دا بە ناوى گلاسنۆست و بیرۆسترۆیکا ڕوو ئەدەن ، یا کابرایەکم هێند کۆنەپەرستم تواناى هەرس کردنى ئەو مەسەلەیەم نى یە یا گۆرباتشۆفیش یەکێکە وەکو پۆلپۆت و مەسەلەکان ئاوەژوو ئەکاتەوە لەمانەش دا گەییشتوومەتە ئەو قەناعەتە :

ا دەرگا ئاواڵە کردنى شورەوى بۆ ئەو هەنگاوانەى ووڵاتە سەرمایەدارەکان ئەینێن لە سەر گۆڕەپانى نێودەوڵەتان دا .
ب پشت کردنەوە و یارمەتى نەدانى ووڵات و حیزب و گروپ و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتووخوازەکان .
ج کار تێ کردن و ڕەنگ دانەوەى ڕێبازى سۆشیال دیموکراتەکان لەم ڕێبازەى گۆرباتشۆف دا .
د تێ هەڵ دان و تووڕدان و ژێر پێ خستنى مێژووى شورەوى و سەرکردەکانى پێش خۆى .
ه پێشنیار کردن بۆ لا بردنى ڕێبازى مارکسیزم لینینیزم لە بەرنامەى حیزبا .
و لە بار بردنى یاخود لە ناو بردن و نەهێشتنى ماناى دیکتاتۆریەتى پرۆلیتاریا .
ز هەندێ ئیجرائاتى بچووک بەڵام بۆگەن ، وەکو گۆڕینى ناوى لینینگراد .
ح داڕمانى سەربازگەى سۆشیالیستى و پەیمانى وارشۆ .
خ هەڵواسین ( مەبەست هەڵپەساردنە نووسەر ) و قەدەغە کردنى چالاکى یەکانى حیزب لە گشت ووڵاتا و بە تایبەتى لە سوپا و خەتى ئاسن.
س تاوانبار کردنى سەرکردەکانى بە ناو ( انقلاب مەبەست یاخى بوونە مەزنەکەى یاناییف و هاوڕێکانیەتى نوسەر ) بە خیانەتى گەورە و دانیان بە دادگا .
ش جگە لەوەى بە ناوەى دیموکراتى بەڕەڵڵایى و بۆرژوایانەوە هەر لە زووەکەوە ویستى سەرکردایەتى مێژوویى حیزب داماڵێت .
ع گۆڕین و کەم متمانەیى بە کەسان و نوێنەرانى میرى و ئەنجومەنى باڵاى سۆڤیەت و دانانى جێگیر بە دڵى گۆرباتشۆف خۆى .
غ تاک ڕەوى گۆرباتشۆف لە سیاسەتى ئەمڕۆى شورەوى دا .
ف دەست کێشانەوە لە ( امین عام ) ى حیزب زۆر شت ئەداتە دەستەوە .
ق دوا هەنگاوى بۆگەن کێشانەوەى سوپاى شورەوى لە کوبایە .

ئەمانە کورتەیەکن زۆرم پێ یە و کەمى دەر ئەخەم

تێبینى : - بەش بە حاڵى خۆم ئەم دووەم پێ خۆشن 1 ئەگەر ووت و وێژیش بەردەوام بێت تەقە ڕا نەگیرێت هەتا ئەگەنە ئەنجام . 2 بە دڵێکى پڕ لە شادى یەوە پێشوازى شۆڕشەکەى یاناییفم کرد دژ بە گۆرباتشۆف .

پاشکۆیەکى 4 لاپەڕەیى لە بارەى زانیارى و بار و دۆخى ناهەموارى ناو زیندان لە نامەکە دا هاتووە بە پێویستم نەزانى بڵاوى بکەمەوە ، ئەوەى ناو نامەکە تەعبیر لە هەڵوێستى زیندانییانى حیزبى شیوعى ناکات بە گشتى چونکە کەسێکى وەکو شەهید ئەحمەد بازۆکا هەڵوێستى بەرزى نە لە نووسین دێت و نە لە ووتن ، کەسێکى وەکو من ئەبێت بە سەر دانەواندنەوە لە حزورى گلکۆى دا کڕنوش ببات .

بەر لە بڵێسەى ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلەکەمان تروسکەى خۆپیشاندانێکى چەکدارانەى ڕاپەڕین ئاساى شیوعییەکان چەخماخەى دا لە 6 ى ئازارى ساڵى 1991 کە یەکەم حیزب بوو بەو کارە هەستا لە هەولێر ، و چەند هاوڕێیەکى تێدا بریندار کرا و ئەوەى من بیزانم مامۆستا هۆگر و شەهید سەعدون عەرەب و نەجات و حوسێن و حەسەن و دەیان هاوڕێى دیکەى ژن و پیاو ، کوڕ و کچ ڕۆڵى قارەمانانەیان بینى ، بەڵام حەیف ئەو هەڵوێستانە سەرکردایەتى حیزبى شیوعی لێى نەشارەزا و نەزانن و زۆرێک لەوانەى باسیان ئەکەم بوونەتە مێژوویەکى شاراوە و ئەوانەى تۆماریشیان کردوون کراونەتە سەربازى وون ، ئەگینا پێویست بوو ساڵانە بە مەراسیمێکى بچوکیش بێت یادیان بکرێتەوە و خاوەنەکانیشیان پاداشتى مەعنەوى بکرێن بەڵام ئەگەر سەرکردایەتى حیزبى شیوعى وەفایان بۆ قارەمانێکى هێرش بەر و پەلامار دەرى سەرانى کودەتاچى و حوکمى عارفییەکان نەبێت لە کوێ ئەم هەڵوێستانە لە هەگبەکانیان دا جێگەى ئەبێتەوە ! کە ئەبوایە لە بەردەم هەموو بارەگاکانیان دا پەیکەرێکى ( حەسەن سەریع ) یان بکردایەتە هێماى قارەمانێتى شیوعییەکان ، و هەموو بەیانییەک بەر لە چوونە ژوورەوەى بارەگاکانیان سەرێکیان لە ئاستیا دابنەواندایە ، بەڵام ئایا ئەمە لە بازرگانانى سیاسەت ئەوەشێتەوە ؟

چوونە ناوەوەى شارى کەرکوک لە دەڤەرى هەولێرەوە بەرەو ڕەحیماواى شارى کەرکوک یەکەم مەفرەزەى حیزبى شیوعى ئەنجامى دا لە ڕاپەڕینە مەزنەکەى ئازارى ساڵى 1991 دا و هەر ئەوان پەلامارى مونەزەمەى بەعسیان دا و داگیریان کرد و دەیان پێشمەرگەى شاخى وەکو شەهید مولازم شێرزاد و شەهید ئازاد و حەمە ڕەشاش و ڕێکخستنەکانى ناو شار بوو جاڕى ئازاد کردنى کەرکوکیان دا و ئێستا ئەو مێژووە بێ خاوەن ماوەتەوە و سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بە دەسکەوتى لایەنەکانى ترى ئەزانێت بۆیە شاگردێتى دەسەڵاتدارێتیشیانى پێ قبوڵە ، لە پرۆسەى لە ناو بردنى سەدامیش دا کە خۆم تێیدا بەشدار بووم لە دەڤەرى چەمچەماڵ شوانەوە لە بەر بوونى ئەندامانى باڵاى دەست ڕۆییشتووى حیزبەکە قنگە قنگى خۆ دواخستنیان بوو و نەیان ئەهێڵا کەس لە جێگەى خۆى ببزوێت ( قارەمان ) ەکانى ئەم دواییەى محەلى کەرکوک لەو دەمەدا نەقیزەشمان تێیانەوە ئەژەند جوڵە لە گیانیان بەدى نەئەکرا و لە ترسا چەق بەستراو و حەپەساو دۆش دامابوون و ئامادە نەبوون هاوکاریشمان بکەن و تەنانەت لەو هەموو ئۆتۆمبێلە دانەیەکیان پێمان ڕەوا نابینى تا پێشڕەوى پێ بکەین بەرەو کەرکوک ، ئەوە بوو ناچار بووین بگەڕێینەوە بۆ تەکیە و لەوێ ( ئیڤا ) یەک بەکرێ بگرین و نزیکەى هێزێکى 40 کەسى کۆ بووینەوە بەرەو شارى کەرکوک کەوتینە ڕێ ، ئەوانەشى لە یادم بن ( نەجمەدین و ئایارى مەلا حەسەن و سەرباز و دەیان هاوڕێى تر ) بوون کە ئەم کارەمان ئەنجام دا ، درێژەى ئەمە لە کاتى خۆى دا دێمە سەر باس کردنى .

سەرکردایەتى حیزبى شیوعى هەمیشە و لە هەموو ئان و ساتەکان دا باڵێکى ڕاستڕەو لە پەنجا ساڵى لەوە و بەر دا باڵى زاڵ بوونە و بەردەوام کۆسپ و ڕێگریش بوونە لە بەجێ گەیاندنى کار و ئەرکى شۆڕشگێڕانە و لە بەر ئەوەى هەڵدانەوەى ئەو لاپەڕە پڕ شۆڕشگێڕییانە شوناسیان دەر ئەخات بۆیە لە گۆشەیەکى مردووى ئەرشیفى مێژوویى حیزبى شیوعى دا تۆزیان کردۆتە بەرگى و ناهێڵن کەس ئەو تۆزە بتەکێنێت چونکە لە ڕۆڵى سلبى زیاتر ڕۆڵێکى ئەوتۆیان تێدا نەبینیوە تا لە باس کردنیان لە ڕوو دانەمێنن .
 


07701309524
 
Hewarash1@yahoo.com