٣١\١٢\٢٠٠٩
خوێندنەوەیەکى
خێرا بۆ مێژووى ههفتاوپێنج ساڵەى حیزبى
شیوعى.

هیوا ڕەش
-
بەشى حەوتەم
-
قۆناغى لە شکستەوە بۆ شکست.
1979 - 1982
حیزبى بەعس باى تاڵە دەزوویەک تروسکایى نەهێشتەوە بۆ سەرکردایەتى حیزبى
شیوعى لە لایەکەوە و لە لایەکى تریشەوە فشارى هاوڕێیان و کادیرانى
حیزبەکەش هیچ پاساوێکیان نەهێشتەوە بۆ هەنگاو نان لە هاتنە دەرەوەى
بەرەى نیشتمانى بەعسییەکان لە دواى چەندین شاڵاوى نامەردانەى یەک لە
دواى یەکى بەعس لە ساڵانى بەرە بۆ سەر مافە مەدەنییە گشتییەکانى خەڵک و
مافە سیاسى و تەنزیمیەکانى حیزبى شیوعى ، ئینجا سەرکردایەتى بە ناچارى
کەوتە دواى بڕیارى حیزب و هانایان بۆ چیاکانى کوردستان برد ، ئەم
هەنگاوەش گوڕ و تین و حەماسێکى گەرمى لە دەروونى تێکۆشەرانى حیزبەکە
دروست کرد و گیانى شۆڕشگێڕى تیایان دا زیندوو کردەوە بۆیە بەوپەڕى
شیلگیرانەوە پێشوازى لێ کرا و ئامانجى لە مێژینەى شیوعییە
ڕاستەقینەکانى هێنایە دى بۆ بەڕەنگار بوونەوەى ڕژێمى دیکتاتۆرى
کۆنەپەرستى بەعس بەڵام ڕاپەڕاندنى ئەم ئەرکە شۆڕشگێڕییە ئاسان نەبوو لە
بەر ئەوەى 1 – حیزبى شیوعى جگە لەوەى ڕیزى ڕێکخستنەکانى بە جاسوسى بەعس
موتوربە کرا بوو و بێ متمانەییەکى زۆر لە ناوى دا بڵاو بووبووەوە و
جەماوەریش بە چاوى گومانەوە لێى ئەڕوانى و لە هەمان کات دا بە
بریندارییەکى سەختەوە لە ژێر چڕنوکى بەعسى دڕندە دەرباز بوو بوو بە
پێچەوانەشەوە حیزبى بەعس ڕەگ و ڕیشاڵێکى بە هێزى داکوتا بوو ، هاوسەنگى
هێز جیاوازى زۆرى هەبوو لە هەموو ڕووەکانى سەربازى و ماددى و مەعنەوى و
سیاسى و ڕاگەیاندنەوە 2 – حیزبى بەعس دەروازەیەکى فراوانى
پەیوەندییەکانى لە گەڵ ووڵاتانى بە ناو سۆشیالیست و بزووتنەوە کرێکارى
و ڕزگاریخوازییەکانى جیهان دا لە لایەک و لە لایەکى تریشەوە لە گەڵ
ووڵاتە زلهێزە ئیمپریالییەکانى جیهانى و ڕژێمە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستە
ئەنتى کۆمۆنیزمییەکانى هاوشێوەى خۆى لە دنیا دامەزراندبوو ، بە
پێچەوانەوە حیزبى شیوعى لە گۆشەگیرییەکى سیاسى بێوێنەدا ئەیناڵاند
تەنانەت ڕووى دانانى بنە و بارەگاشى نەما بوو لە کوردستان دا چونکە جگە
لە چەک هەڵگرتن لە بەرامبەر شۆِڕشى شکستاوى ئەیلول و موبارەکە کردنى
ڕێککەوتننامە پیلانگێڕییەکەى 1975 ى جەزائیر دژ بە گەلى کورد لە هەمان
کات دا سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بەوپەڕى نا مەسئولانەوە هەڵوێستى
سلبییان دەرهەق بە سەرهەڵدانەوەى شۆڕشى کورد وەر گرت کە بە یاخیگەر و
ڕێگر و هەرزەى سیاسى و بەکرێ گیراوى دەرەکى و دەستەواژەکانى فەرهەنگى
بەعسییەکان ئەیان شوبهاند و لە دنیاى دەرەوەش دا لە ڕوو شکانى شۆڕش بۆ
بەرژەوەندیى بەعسییەکان کەمتەرخەمییان نەنواند بوو 3 - لە دەست دانى
ڕاستگۆیى حیزبى شیوعى لە لاى دۆستەکانى لە سەرووى هەمووشیانەوە ووڵاتە
بە ناو سۆشیالیستەکان کە سەدام حوسێنى سەرۆک کۆمارى عێراق و سەرۆک
وەزیران و فەرماندەى هێزە چەکدارەکان و ئەمینى عامى قیادەى قوترى و
قەومى و سەرۆکى مەجلیسى قیادەى سەورە و سەرۆکى ئەنجومەنى پلان دانان و
بە دوا دا چوون و بنیات نەرى مەجدى عێراق و ئەندازیارى حوکمى زاتى و
کاسترۆى عێراق کە شکڵى خواى پێ درا بوو بۆ دۆستانى سەرکردایەتى حیزبى
شیوعى ئەستەم بوو کە لە چاو نووقانێک دا 180 پلە هەڵگەڕانەوەى لە
تەزکیە بێ بنەماکانى لەوە و بەریان بۆ حیزبى بەعس ڕابگەیەنن چونکە
ئەستەم بوو باوەڕ بە هەڵوێستى ئەو سەرکردایەتییەى حیزبى شیوعى بهێنن کە
سەدام حوسێن بۆتە دیکتاتۆرێکى خوێنمژ و فەرخە هیتلەرێکى سەردەم و لە
هەمان کات دا حیزبى بەعسى عەرەبى ئیشتیراکیش حیزبێکى نازى یە نەک
پێشکەوتوو خواز و سۆشیالیستێکى بێ غەوش - - - و سەرتاپا هەڵوێستى
سازشکارانەى ڕابردووى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى ئیحراجییەکى زۆرى بۆ
قاعیدەى حیزب دروست کردبوو کە تێکۆشەرانى ڕیزەکانى حیزبەکە لێبراوانە و
ئومێدەوارانە ئەو دۆخەیان بۆ سەرکردایەتى حیزبەکەیان پینە کرد بەو
هیوایەى بە خۆیان دا بچنەوە و پەند و عیبرەت لە ڕابردوو وەر بگرن و لە
مەو دوا وەکو حیزبێکى سیاسى سەربەخۆى خاوەن بڕیار بە متمانە بە خۆ
بوونەوە بێنە مەیدان بە دوور لە گیانى ترسنۆکى و هەلپەرستى و سازش و
بەرەو هەڵدێر بردن .
کۆمەڵێک کادیرى حیزبى شیوعى خۆیان گەیاندە ناوچە شاخاوییە سەختەکانى
کوردستان و بارەگاى پێشمەرگایەتییان دامەزراند و ئەو هێزە کوردییەى لە
سەردەمى بەرەى بەعسى دۆستیان سەرقاڵى ناوزڕاندنیان بوون پێشوازییان لەو
هەڵوێستەى حیزبى شیوعى کرد و پێخۆشحاڵى خۆیان بەرامبەر ئەم هەڵوێستە
تازەیەى حیزبى شیوعى دەربڕى بۆیە ئەکرێت بڵێین ئەمجارەیان لە جیاتى
بەغدا و بەعسى فاشى بۆ پیلان دژى گەلانى عێراق پەیوەندییەکى نوێ لە
ناوزەنگ و لە گەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان بۆ ڕزگار کردنى گەلانى
عێراق لە ستەمى دیکتاتۆریەت لە سەرەتا دا دەستى پێ کرد ، دیارە دواى
ئەوەش پەیوەندى دۆستایەتى حیزبى شیوعى لە گەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان
و حیزبى سۆشیالیستى کوردستان و پارتى سۆشیالیستى کوردیش دا دروست بوو ،
ژیانى پێشمەرگایەتى و گرتنە بەرى بزووتنەوەى چەکدارى هیممەتى گەورە تر
و سەرکردایەتى مەیدانیى بە تواناى ئەخواست ، هەر وەکو چۆن مەسعود
بارزانى و جەلال تاڵەبانى و ڕەسول مامەند و زۆرینەى سەرکردایەتى
حیزبەکان بە ناوچەکان دا دابەش بووبوون و لە نزیکەوە سەرپەرشتى و
فەرماندەیى و سەرکردایەتى پەل و لق و کەرت و تیپە پێشمەرگەکانى
خۆیانیان ئەکرد جگە لە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى کە عەزیز محەمەد و
زۆرینەى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى ناوەندى تەنانەت نەک نەگەڕابوونەوە
خاکى کوردستان بەڵکو کۆبوونەوە حیزبییەکانى خۆشیان لە ئەوروپا ئەنجام
ئەدا جارى وا هەبوو داوایان لە هاوڕێکانى کوردستان کە بۆ بەڕێوەبردنى
ئەو بارە ناهەموارەى حیزبەکەى تێ کەوتبوو لە بنە و بارەگاکان دا هەبوون
داوایان لێ ئەکردن بۆ کۆبوونەوە کوردستان جێ بهێڵن بۆ ئەوروپا و سوریا
تەشریف ببەن و بچنە خزمەتى ئەوان و لەوێوە سیاسەتى تازە داڕێژن و
سەرکردایەتییەکەش هەر لە چنگى خۆیان دا بێت ، خۆیان دوورە ووڵات و
واقیعى تاڵ و مەترسیدار دووریان گرتبوو و ئەو بار و دۆخە
کارەساتاوییەیان بە سەر چەند هاوڕێیەکى کەمى سەرکردایەتى کۆمیتەى
هەرێمى کوردستان دا بە جێ هێشتبوو ، بە بێ گوێ دانە بار و دۆخى پڕکێشمە
کێشى حیزبایەتى و ململانێ و مل شکاندنى یەکتر ئامادە نەبوون ئوتێلە
نایابەکانى ئەوروپا جێ بهێڵن و تاوێک لە ژێر سێبەرى گا بەردێکى چیاکانى
کوردستان گوێ لە هاوڕێکانیان بگرن و ئاراستەیان بکەن و سەرکردایەتییان
بکەن ، ئەمەش نیشانەى ئەوپەڕى نا بەرپرسیارێتى عەزیز محەمەد و مەکتەبى
سیاسییەکەى و ڕەعیەتەکەى بوو لە ناو کۆمیتەى ناوەندى ، ئەوانەى لە
کوردستانیش بوون لە ململانێى ناوخۆى خۆیان نەکەوتبوون و هەر یەکە و بە
لایەک دا بە کێشى ئەکرد و جار جارە دیار نە ئەمان و هەلیان بۆ بڕەخسایە
ڕێگەى ئێران و سوریا و ئەوروپایان ئەگرتە بەر و هێزى پێشمەرگەى حیزبیان
بە خوا ئەسپارد ! وێڕاى ئەوەش زۆربەیان ئەوەى لە دەستى هات بۆ جێگە خۆش
کردنى ماڵ و مناڵ و خزم و دراوسێکانیان لە ئەوروپا و دوور خستنەوەیان
لە مەترسیى کوردستان کەمتەرخەمییان نەنواند ، بە دەر لە خێزانى بە
ئەمەکی هەندێکى زۆر کەمیان نەبێت کە قارەمانانە و خۆڕاگرانە سەنگەرى
هاوڕێکانیان بە جێ نەهێشت و مانەوە و تەنانەت خوێنیشیان لە خاکى
کوردستان دا ڕشت و شەهید بوون .
زەبر و زەنگى کۆنەپەرستانەى بەعس هەموو دەرگاکانى بە ڕووى سەرکردایەتى
حیزبى شیوعى دا کلۆم دا بۆیە بە ناچارى ئەبوایە حیزبى شیوعى ڕێگەى
چەکدارى هەڵبژێرێت و زەبر و زەنگ بکات بە وەڵامى زەبر و زەنگ ، هەر
چەندە ئەمە بە خواستى سەرکردایەتى حیزبەکە بڕیارى لێ نەدرابوو بەڵام
پێگەى حیزبى شیوعى جەربەزانە و ئارەزوومەندانە بە پێک هێنانى هێزى
پێشمەرگە کەلێنێکى گەورەى خەباتى ڕزگاریخوازانەیان پڕ کردەوە ، ئەمەش
پێویستیى بى حیکمەتى سەرکردایەتییەکى بوێر هەبوو بۆ چۆنێتى هەڵس و کەوت
کردن لە گەڵ ئەو هێزە چەکدارە کوردییانەى لەوە پێش ئەو ڕێگەیەیان
گرتبووە بەر و هێزى پێشمەرگەیان دروست کرد بوو لە ناوچە جیاجیاکان دا ،
تا دووچارى کارەسات و ڕووداوى نەخوازراو نەبن و نەگلێنە ناو ململانێ
بەرداش ئاساکانى نێوان ئەو هێزانە کە کە یەکلایى کردنەوەى
ململانێکانیان بە چەک بە باشترین ڕێگە چارە دا ئەنا بۆ وورد و خاش
کردنى یەکتر لە باتى ووتووێژ و گفت و گۆ ، ڕاگرتنى هاوسەنگى نێوان ئەو
هێزانەى بە خوێنى یەک تینوو بوون کارێکى دژوار بوو ، بە تایبەتى بۆ
هێزێکى وەکو حیزبى شیوعى کە لە کارەساتێکى پاکتاوکەر دەرباز بوو بوو
بەرگەى کارەساتى ترى نە ئەگرت و لە ڕووى چەک و جبەخانەشەوە لاواز و بێ
توانا بوون ، هەرچەندە بیانویستایە بەر لەوەى بێنە شاخ ئەیانتوانى
یەدەکى خۆیان بخەن بەڵام بودەڵەیى سەرکردایەتى ئەوە نەبوو بەو ئاقارە
دا بیر بکەنەوە ، پێیان باشتر بوو وەکو دۆستێکى ئەمین چەکەکانیان
ڕادەستى بەعس بکەنەوە بۆیە لە بەغدا بەو کارە هەستان چونکە هێشتا
باوەڕیان وا بوو – کێو بە کێو ناگات ڕوو بە ڕوو ئەگات – دوو دڵ بوون
لەوەى نەبادا ڕۆژێک دا بێت و بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز
زیندوو بکرێتەوە و دۆستایەتییەکەیان لە گەڵ بەعس دا دەمە زەرد بکەنەوە
! سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بەم عەقڵیەتەوە هانایان بۆ بزووتنەوەى
پێشمەرگایەتى برد بوو بۆیە تەنانەت ئەندامانى مەجلیسى تەشریعى بۆ
ڕاگرتنى دڵى بەعس بە تەڵەبى ئیستیقالە و موافەقەى بەعس لە مەجلیس
کشانەوە و بەرائە زممەشیان دا و چەکەکانیشیان دایەوە خاوەنەکانیان و
هەردوو ئەندامانى مەجلیسى تەنفیزى ئەحمەد حامید و شێروان عەلى ئەمین
هەمان ڕێگەیان گرتە بەرو بگرە چاوەڕێى دەور و تەسلیمیشیان کرد و لە
نووسینگەکانى خۆشیان مانەوە تا بەعسییەکان پەل و پۆیان کردن و لە ژێر
هەڕەشەى ئەشکەنجە دا بەرائەتیان پێیان دا .
گرفتەکە لەوە دا بوو سەرکردایەتى حیزبى شیوعى وەکو جاران مڵۆزم ئاسا
کار و بارى حیزبەکەیان جەڵەمە کرد و ژیانى پێشمەرگایەتیشیان قۆرخ کرد و
ئەوانەى لە کوردستان مابوونەوە هەر یەکەیان لە ئاوازێک ئەیخوێند و هەر
یەکە و بە تەرزێک سەرقاڵى سیاسەتى ڕابردووى پاشکۆیەتى خۆیان بوون ، هەر
چەندە ئەبوایە ئەمانە وەکو – ژەنەڕاڵ – ێکى خانەنشین ڕۆڵى خۆیان
ببینیبایە و لە پەراوێزەوە ڕاوێژیان پێ بکرایە و فەرماندەیی هێزەکانى
پێشمەرگە بدرایەتە دەستى کەسانى گەنج و لێهاتوو ، بەڵام سەرکردایەتى
جگە لە خۆیان بە گومانەوە لە تێکۆشەرانى حیزبەکەیان ئەڕوانى و بە –
سبیانى و موتتەتەریف و موغامیر و نادیدى سیاسى و موتەهەور و موستەهتر و
موجازیف و - - - ئەگینا مەعقول نیە دواى نزیکەى 25 ساڵ و لە هەموو
قۆناغەکان دا هەر خۆیان بکوژ و ببڕى حیزب بن و لە هەموو قۆناغەکانیش دا
وێڕاى شکست هەر ئەوانیش مەرجەع و خاوەن بڕیار بن ، ئەم تەرزە
دیکتاتۆریەتە هیچ جیاوازییەکى نەبوو لە گەڵ دیکتاتۆرە بنەماڵەییە
دواکەوتووەکانى دنیا ، هەر ئەندامێکى سەرکردایەتى وەلائى موتڵەقى بۆ
عەزیز محەمەدى سکرتێر نەبووبێت بێگومان ئەگەر بیانوویەک بە دەستەوە
نەبوایە بۆ دەرکردنى ئەوا هێندە تڕۆیان ئەکرد کەس گوێى لە ڕەخنە و
تێبینى و پێشنیار و بڕیار و هەتا موحازەرە و قسە ئاساییەکانیشى نە
ئەگرت ، ئەم سیاسەتە بە ئاشکرا بە سەر کۆنە قینى عەزیز محەمەد و
بەهادین نورى دا بە جوانى دەرکەوتبوو کە لە کۆتاییدا بە دەرپەڕاندنی
دووەمیان کۆتایى هات ، دواى تێکشکانێکى سیاسى و سەربازى گەورە و
لایەنگیرى کردنى ئەم لا و ئەو لا و سەربەخۆیى لە دەست دان و پاشکۆیەتى
سەرکردایەتى ، هێزى پێشمەرگەى حیزبى شیوعى خزاندە نێو شەڕى ناوخۆ و
بووە مایەى شەهید بوونى چەندین کادر و پێشمەرگەى دڵگەرم .
کۆمیتەیەک سەرکردایەتى تێکۆشانى چەکداى گرتبووە ئەستۆ بە ناوى کۆمیتەى
هەندرێنەوە کە پێکهاتبوو لە عومەر عەلى شێخ – ئەبو فاروق – وەکو سکرتێر
و ئەندامانى کۆمیتەکەش بریتى بوون لە ئەحمەد بانى خێڵانى – ئەبو سەرباز
– و یوسف حەننا – ئەبو جۆزیف – و فاتیح ڕەسول – ئەبو ئاسۆس – و بەهادین
نورى – ئەبو سەلام - ، ئەم ئەبووانە جگە لەوەى ململانێى نێوان خۆیان پێ
چارەسەر نە ئەکرا کەچى خۆیان کرد بووە ڕیش سپى و پیاوى سوڵح بۆ ئاسایى
کردنەوەى دوژمنایەتى لە مێژینەى ڕەگ داکوتراوى نێوان پارتى و یەکێتى کە
لە دوایى دا حیزبەکەیان تەرەف گیر کرد و بوونە بەشێک لە شەڕى ناوخۆ و
لەو نێوەندە دا پێشمەرگەکانى حیزبەکەیان تووشى زیانى مادى و مەعنەوى
گەورە و کارەسات کرد ، و بە زۆرەملێ ئەیانویست مار ڕا بهێنن لە سەر سیر
خواردن ، گوایە بەم کارەیان داهێنان ئەکەن بە بێ ئەوەى چارەکى ئەوە بیر
لە ڕێکحخستنەوەى هێزى پێشمەرگەى حیزبەکە بکەنەوە و پلان و بەرنامەى
تۆکمە دابڕێژن بۆ بەرەو پێش بردنى هێزى چەکدارى کە ئەمە لە ئاکارى
ئەوان بە دوور بوو چونکە کۆمیتەیەکى سەرکردایەتى بزووتنەوەى چەکدارى
ئەبو فاروق سکرتێرى بێت دیارە لە ئاستى بە جێ هێنانى ئەو ئەرکە دا
نابێت و ئاساییە ئەگەر دووچارى شکست و تێکشکان ببێت .
سەرکردایەتى حیزبى شیوعى زۆر باش لاى ڕوون بوو کە دەرەقەتى ئەو
دووبەرەکییەى نێوان پارتى و یەکێتى نایەت کە لە بنەما دا هەموو شتەکانى
یەکتریان ڕەت ئەکردەوە بە جوانى و ناشرینییەکانى یەکترەوە ، ئەمە لە
لایەک و لە لایەکى ترەوە کلتورى – حیزب القائد – ى جێماوى بەعس باڵى بە
سەر زهنیەتى هێزە کوردییە سەرەکییەکانى ئەو دەمە دا کێشا بوو بگرە
بنچینەى ناکۆکییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لە باڵادەستى و پاوانخوازى
و دەسەڵات قۆرخ کردن و تاکڕەوى و یەکتر سڕینەوە سەرچاوەى گرتبوو جا هیچ
پێوبیستى نە ئەکرد سەرکردایەتى حیزبى شیوعى کە جڵەوى هێزى پێشمەرگەى
حیزبەکەشیان گرتبوو ، هێزێکى بریندارى ئاوها بێ توانا بخاتە نێو
گێژەڵۆکەى شەڕى ناوخۆ وە کە لە دوایى دا وەکو سەردەمى بەعس سەرکردایەتى
سەلامەت لێى دەر چوون و پێگەى حیزبیش خڵتانى خوێن و زامى قوڵتر کرایەوە
، لە لایەک بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى دیموکراتی – جوقد - یان ڕاگەیاند
کە شتێکى باش بوو لەو سەردەمە دا و هێزەکان ( حیزبى شیوعى عێراق –
یەکێتى نیشتمانى کوردستان – حیزبى سۆشیالیستى کوردستان و حیزبى بەعسى
عەرەبى ئیشتیراکى لە تاراوگە ) لە سوریا کۆ بوونەوە و ئەم
هاوپەیمانێتییەیان ڕاگەیاند بە بێ بەشدارى پارتى و لە دواى ئەوەش
لەولاوە بەرەى نیشتمانى دیموکراتى – جود – لە نێوان ( حیزبى شیوعى
عێراق – پارتى دیموکراتى کوردستان – حیزبى سۆشیالیستى کوردستان و پاراى
سۆشیالیستى کورد – پاسۆک - ) ڕاگەیەنرا ، کە نە ئەبوو سەرکردایەتى
حیزبى شیوعى خۆى بکات لە کەوا سوورى بەر لەشکر و حیزبەکەى خۆیان بکەنە
قوربانیى بۆ هاوپەیمانەکانیان و زیاتر پێویست بوو خۆى تۆکمە بکات ئەوسا
بە دڵنیاییەوە ئەبووە هێزێکى یەکلایى کەرەوە لە هاوکێشە سیاسى و
سەربازییەکان دا ، ئەم سیاسەتە بێ سەرە و بەرەیە بە شکستێکى مێژوویى
دیکەى گەورەى حیزبى شیوعى کۆتایى هات کە تا ئێستا پێوەى ئەناڵێنێت و
کارەساتى قڕناقا و پشتاشانى لێ کەوتەوە .
سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە سەر بنەماى خوێندنەوەى هەڵەى بۆ پێکهاتەى
هێزە کوردییەکان و پێگەى چینایەتییان ڕەفتارى کردووە و لەو پێناوەش دا
زۆر بە ئاسایى لە خوێنى هاوڕێکانى خۆش بووە و لە ژێر ناوى
نیشتمانپەروەرى و هەست کردن بە بەرپرسیارێتى هەمان ڕەفتارى پاشکۆیەتى و
کلکایەتى و گوێ ڕایەڵیى برا بچووکانەى سەردەمى بەعسى دووبارە کردۆتەوە
، و گەلێک جار بە بێ بۆنە هاوڕێکانیان شەهید ئەکرا و لە برى تۆڵە
بێدەنگییان بە باشتر ئەزانى کە ئەمەش هاوڕێکانى خوارەوەى نیگەران ئەکرد
و ناچار ئەبوون بە بێ ئاگادار کردنەوەى سەرووى خۆیان ئیجرائاتى پێویست
بکەن ، لە ساڵى 1982 ڕێکخستنەکانى سلێمانى حیزبى شیوعى دووچارى
گەورەترین پرۆسەى گرتن و ڕاوەدوونان بوونەوە و بەرپرسى یەکەمیان –
نائیب عەبدوڵا – کە ئەندامى سەرکردایەتى بوو و لە سەر دەستى ئەو چەندین
هاوڕێى ڕێکخستنە نهێنییەکان ڕاپێچى ئەمنى سلێمانى کران و بە دڕندانە
ترین شێوە ئەشکەنجە دران و نائیب عەبدوڵاش دواى چۆک دادانى بۆ مودیرى
ئەمن خۆى گەیاندە بنکەکانى پێشمەرگە و لەوێ وەکو ئەندامى ئیقلیم ڕۆڵى
بەرپرسیارێتى یارى ئەکرد کە پێویست بوو بدرایەتە دادگا و سزا بدرایە و
تا ئێستاش ئەو کارە ئەنجام نەدرا ، ئەگەر ئەمە هاوڕێیەکى خوارەوە
بیکردایە وەکو خائینێک ڕەفتارى لە گەڵ دا ئەکرا و بێگومان ژیانى ئەبووە
باجى خیانەتەکەى .
عەزیز محەمەد ڕێزێکى زۆرى هەبوو لە نێوەندى سەرکردایەتى هێزە
کوردییەکان و هەندێکیان وەکو برا گەورەش تەماشایان ئەکرد ، چونکە
پیاوێکى دیپلۆماسى و تواناى قەناعەت پێ کردنى لە ڕادە بەدرى هەبوو و
خۆش مەجلیس و قسە خۆش و خاوەن کەسایەتییەکى دیار بوو و تەواوى تەمەنى
لە ڕیزەکانى حیزبى شیوعى بردبووە سەر و چەندین هەڵگێڕ و وەرگێڕى سیاسى
لە عێراق و کوردستان تێ پەڕاندبوو و نزیکەى بیست ساڵ بوو لە هەڕەمى
سکرتێرى حیزبەکەى دا بوو ، جگە لەوانەش لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە
خۆشەویست بوو ، هەموو ئەمانە بە دەر لە شێوازى سەرکردایەتییەکەى و قۆرخ
کردنى ناوەند و دانانى کەسانى سەر بە خۆى و ڕاکێشانیان بۆ نێوەندەکانى
بڕیار لە حیزبەکەدا و بردنى حیزبەکە بەرەو شکستى یەک لە دواى یەک هەر
لە دواى کودەتاى 8 ى شوباتى 1963 و بە لا دا شکاندنى هێڵى – ئاب – ى
سازشکەرانەى ساڵى 1964 لە سەردەمى عەبدولسەلام عارف و لە دەست دانى
بۆشایى سیاسى و دەرفەتى بیرکردنەوە لە دەسەڵات گرتنە دەستى سەردەمى
دەسەڵاتى عەبدولڕەحمان عارف لە ساڵى 1966 – 1968 و مۆر کردنى بەرەى
بەعسییەکان لە ساڵى 1973 و سوور بوون لە سەر سەرکردایەتى کردنى حیزبى
شیوعى تا ئاوەڕووت کردنى ، ئەیتوانى بە ئامادە بوونى خۆى و گەڕانەوەى
بۆ کوردستان ڕێگە لە زۆرێک لەو کارەساتانە بگرێت کە لە ساڵانى هەشتاکان
ڕووى دا و پێگەى حیزب نەک وەکو ئێستا و بەم لاوازییە دووچارى قەیرانى
کوشندە و بەرە و نەمان بچێت بەڵکو بە پێچەوانەوە ئێستا حیزبەکە لە
پێگەیەکى باڵاى نێوەندە سیاسییەکان وەکو هێزێکى کاراى یەکلایى کەرەوە
لە هاوکێشە سیاسییەکان دا ِۆڵى ئەبینى ، بەڵام نەکرا و هەمیشە پاراستنى
پێگەى خۆى خستبووە سەرووى بەرژەوەندى حیزبەکەوە و حیزبەکەشى دابووە
دەستى کۆمەڵێک خەڵکى ناکاراى گوێ ڕایەڵى خۆى ، بۆچى ؟ ئەم پرسیارە
مەگەر لە ئاییندە دا مێژوو وەڵامى بداتەوە .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|