٩\١٢\٢٠١٦
خوێندنەوەیەک بۆ
ئەدەبی تاراوگە، چیڕۆکێکی ''بەدران دەرە'' وەک نموونە.

فەرمان چیمەن
لەدنیای ئەمرۆدا، هەر پێکهاتەیەک جا نەتەوەیی بێت یان ئاینیی، ئەگەر
سەفەری تاراوگە بکات، لە تاراوگە ژیانێکی نوێ دەستپێدەکات، ئەگەرچی
مرۆڤ کلتور و بیرکردنەوەی خۆی لەدەست نادات لەتاراوگە، بەڵام زۆربەی
پەنابەران تێکەڵی ژیان و کلتوری خەڵکی ئەو وڵاتە دەبن کە تێیدا دەژین.
وەک هەر کایەیەکی تر، ئەدەبیش یەکێکە لەو کایانەی کە مرۆڤی تاراوگەنشین،
کە ئارەزووی ئەو بوارەی هەبێت، خۆی بە ئەدەبەوە خەریک دەکات.
بۆ منێکی خوێنەر، لە ئێستادا ئەدەبێک هەیە کە ئەدەبی تاراوگەیە، ئەو
کوردانەی کە لە تاراوگە دەژین تا رادەیەک ئەدەبێکی تاراوگەیان بۆ
کتێبخانەی کوردی بونیاد ناوە، بەڵام ئەو ئەدەبە پێویستی بە
بەرفراوانترکردن و باشتربوون هەیە.
هەڵبەت زۆرن ئەو کوردانەی کە لە تاراوگەوە دەربارەی سیاسەت و فەلسەفە
دەنووسن، تەنانەت دەربارەی ئەدەبیش، بەڵام ئەو کوردانەی کە ئەدەبی
تاراوگەیان پێکهێناوە ژمارەیان زۆر نیە.
بەهۆی رەوشی سیاسیی و نەبوونی کیانی سیاسیی، زۆربەی خاوەن خامەکانی
کورد دەربارەی سیاسەت یان مێژوو دەنووسن، ئەگەر خۆشیان لە بواری
ئەدەبیدا قاڵ بکەنەوە، هەر لە چوارچێوەی شۆرش و سیاسەتدا دەنووسن، بۆیە
گرنگە لەئیستاوە ئیتر بۆ بوارەکانی تریش خامەی نوێی کوردی دەربکەون.
یەکێک لەو ئەدەبدۆست، یان ئەدیبانەی کورد کە لە تاراوگە پێیان ئاشنام،
"بەدران دەرە"یە.
بەدران دەرە، سەرباری ئەوەی هونەرمەندێکی وێنەکیش و رۆژنامەوانێکی
دیارە، هاوکات کورتە چیرۆکی سەرنجراکیش بە زاراوەی کورمانجیی لە
ماڵپەری دیارنامە، بلاودەکاتەوە.
لەم بابەتەدا دەمەوێت خوێندنەوەیەکی کورت بۆ چیرۆکێکی بکەم.
بەهۆی ئەوەی کە چیرۆکەکانی لە هیچ شوێنێک بە سۆرانی بلاونەکراوەتەوە،
ناچارم دەقی چیرۆکەکەی بکەم بە سۆرانی و لیرە دایبنێمەوە.
بەدران، لەم چیرۆکەیدا، باسی ژیانی رۆژانەی خوێندکارێکی تاراوگەنشین
دەکات کە دەخوێنێت و بۆئەوەی بتوانێت خوێندنەکەی تەواو بکات، لە
ریستۆرانتێکیشدا ئێواران کار دەکات.
یەک لە کریارەکانی ریستۆرانتەکە، پیتزایەک کە بۆیان بردۆتە ماڵەکەی و
ساردبووە، رەت دەکاتەوە، بۆئەوەی کە روونی بکاتەوە بۆ ئەو کریارە، لە
پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا، گفتوگۆیەکی لەنێوان خوێندکارەکە و کریارەکەدا
دروست دەبێت.
لە گفتوگۆکەدا، ژنە کریارەکە تووڕەیە، بەڵام خوێندکارەکە بە زمانێکی
زۆر شیرین، بەشیوەیەکی وەها بۆ ژنە کریارەکەی روون دەکاتەوە، کە ژنە
تووشی شەرم دەبێت و ئەمجار ژنەی کریار داوای لێبوردن لەو دەکات.
هەروەها داوای ئەوەش دەکات کە ئەگەر جارێکی تر پیتزایان بۆ برد، ئەو
خوێندکارە خۆی بیبات و پیتزایەکیش بۆ خۆی ببات، بۆئەوەی پێکەوە نانێک
بخۆن و یەکتر باشتر بناسن.
ئەو شێوە گفتوگۆیە، یەکێکە لە میتۆدە سەرکەوتووەکانی پەیوەندیی
کۆمەڵایەتیی و بە زانستێکی تایبەت لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی دنیای
پیشکەوتوودا دەخوێنرێت.
لە بەشێکی تری چیرۆکەکەیدا، کاتێک کە لەزمانی خوێندکارەکەوە رونکردنەوە
بە ژنە کریارەکە دەدات، باس لە سیستمی نوێی ئیکۆلۆژی شارەوانی ژنێڤ"ی
سویسرا دەکات کە کێشەی بۆ خزمەتگوزاریی گشتیی هاتووچۆ دروستکردووە.
لێرەدا بەدران دەیەوێت پێمان بڵێت "تەنانەت ئەو سیستمە ئیدیالیستەی کە
لەمێشکی تۆشدایە، هەر کەموکوڕی هەیە و کیشە دروست دەکات". بۆیە هەرگیز
پێتوانەبێت کە ئەوەی تۆ دەیزانیت راستی رەهایە و ئەوەی لای کەسانی تر
هەیە راستی نیە.
دەقی چیرۆکەکەی بەدران دەرە:
من هێندە باش بیرم لە پرسەکە
نەکردبۆیەوە!
ئەلوو... جەنابتان مادام هومبەرت"ن؟
- بەڵێ، فەرموو؟!
- مادام، ئێرە ریستۆرانتی پیزالاند"ە، ئەم ئێوارەیە پیتزایەکم بۆ
بەرێزتان نارد، بەڵام قەبوڵتان نەکرد و گەراندتانەوە، ئێستاش دیسانەوە
پەیوەندیت پێوە کردووینەتەوە، هۆکارەکەی چی بوو؟
- من لە ریکلامەکەتاندا خوێندمەوە کە بە نیوکاتژمیر پیتزا بە گەرمیی
دەگاتە دەست کڕیار، بەڵام پیتزاکەتان بە ساردی و بە زیاتر لە سێ چارەکە
سەعات گەشتە من، بۆیە منیش ناردمەوە..
- منیش بە دەنگێکی نزم، داوام لە مەدام کرد کە گوێم بۆ بگرێت و پێم وت:
مادام، ئەوەی بەرێزتان دەفەرموون بە تەواوی راستە و باش لێت تێدەگەم.
بۆ ئەوەی کە پیتزاکەمان دواکەوت و سارد بوو، داوای لێبوردن دەکەم.
ئەگەر گوێم بۆ شل بکەیت چەند شتێکت بۆ روون دەکەمەوە:
کاتێک، کە بەرێزتان تەلەفۆنتان کرد، لانیکەم ٧ کەسی تر لە پێش تۆوە
داواکاریان پیشکەش کردبوو، هەتا وەستاکەمان لەگەڵ دوو هاوکاری خۆی
هەویرەکەیان دەرهێنا و پانیان کردەوە، هاوکات ئەو شتانەی بەرێزتان
داواتان کردبوو، بە زیادەوە لەسەریان دانا و فرێیان دایە ناو فرنەکەوە،
٧ خولەک دەرباز بوو.
ماوەی ٦ خولەکیشی پێویست بوو تا برژا، ئەوە بوو بە ١٣ خولەک.
هەتا هاوکارەکەمان خستیە ناو جەنتاوە و بە ماتۆر بەرێکەوت، ١٦ خولەک
دەرباز دەبێت، بەو شیوەیە نیو کاتژمێر دەخایەنێت تا پیزاکەتان پێ بگات.
بەڵام کیشەکە لیرە پیلانە نوێیەکەی شارەوانی ژنێف"ە، رەنگە بەرێزیشتان
ئاگاداربن، شارەوانی سیستمێکی نوێی ترافیکی ئاوا کردووە کە هەر سەد
مەترێک و ترافیک لایتێکیان داناوە، کە لە هەر ترافیکێکدا، لانیکەم ٢
خولەک دەبێت بوەستیت.
دیسان بەو شەوە، کە هەوایەکی هەیە دەتبەستێت، هاوکارەکەمان بەسەر
ماتۆرێکەوە بە سەلامەتی بۆ پیزایەکی ١٤ فرانکی، بە ١٠ خولەک خۆی
گەیاندە بەردەم دەرگای ماڵەکەتان، بەڵام کۆدی دەرگاکەتان لەکار کەوتبوو،
ئاسانسۆری بینایەکەتان تێک چوو بوو، بۆیە تا خۆی بگەیەنێتە نهۆمی ٦،
لانیکەم ٣٥ خولەک کاتی پێویست بووە.
ئێمە ٧ کارمەندین لەم ریستۆرانتە و بۆئەوەی پیتزایەکی "ناپۆلیتانا"،
لەکاتی خۆیدا بگەیەنینە بەرێزتان، کاری پیکەوەییمان کردووە و ئەرکمان
کیشاوە، بەڵام لە کەشوهەوایەکی ئاوا سارددا کە ئەگەر فڕن ببەیتە دەرەوە
دەیبەستێت، چۆن پیزایەک بە گەرمی دەگاتە دەست بەرێزتان مادام هومبەرت؟!
بەڵام دیسانیش بەرێزتان ١٤ فرانکتان بەو هەموو رەنج و کارەی ئێمە رەوا
نەبینی و پیتزاکەتان گەراندەوە بۆمان، سەرباری ئەوەش دنیایەک قسەی رەق
و ناخۆشتان کرد، بەڵام کێشە نیە و خۆتان سەلامەت بن.
- ئاه، ببورە، نازانم بڵێم چی؟!
کاتێک کە پیتزاکەم رەتکردەوە، ئەوەندە بە وردی بیرم نەکردبۆوە، ئێستا
زۆر غەمگینم، ئەگەر بمزانیبا کە مەسەلەکە ئەوەندە قورسە، بە
کەیفخۆشیەوە پیتزاکەتانم قەبووڵ دەکرد، دەربارەی ئەو قسە رەق و
ناخۆشانەش داوای لیبوردن دەکەم.
بەراستی مەسەلەی ئەو سیستمە نوێیەی شارەوانی کە لە چوارچیوەی "پارادیگمای
ئیکۆلۆژی"دا، ترافیکی زیادەیان داناوە، ئەوەش بە مەبەست کراوە، بۆئەوەی
کە دانیشتوانی ناو شاری ژنێف، کەمتر ماشێنەکانیان بەکاربهێنن، لەجیاتی
ئەوە هۆوپێناوەکانی گواستنەوەی گشتیی سەر بە دەوڵەت بەکاربهێنن.
بەراستی من لێی ورد نەبووبوومەوە، ببورە من ناوی تۆم نەپرسی؟!
- من ناوم دەرە"یە، مسیۆ دەرە...
- مسیۆ دەرە، ئەگەر قایل بن، دەمەوێت پیتزا ساردەکەی ئەمشەوم بۆ
بگەرێننەوە و پارەکەشی بە خۆشحاڵیەوە دەدەم؟..
- مادام هومبێرت، تازە ئەمشەو رۆشت، جارێکی تر من بۆ خۆم
داواکاریەکەتان بۆ دێنم...
- ئاها، زۆر شادوومان دەبم بە ناسینی بەرێزتان، بەڵام مادام وایە،
پیشنیارێکم هەیە بۆت مسیۆ دەرە، کاتێک کە پیتزایەکت بۆ من هێنا،
یەکێکیش بۆ خۆت بێنە و پێکەوە نانێک دەخۆین.
- ئاخ مادام هومبێرت ئاخ!
_______________________________
لینکی چیرۆکەکە بە کورمانجی، لە وێبسایتی دیارنامە:
http://diyarname.com/article.php?Idx=4253
fxelany@yahoo.com
|