٢٧\٤\٢٠١٨
خوێندنەوەیەک بۆ
کۆمەڵە چیڕۆکی ''سەحەر''ی سەلاحەددین دەمیرتاش.

سەدیق سەعید
لە پشت ھەرنووسینێکەوە، بەبڕوای من دەبێ
پەیامێک ھەبێ. نووسین بەگشتی و ئەدەبیات بەتایبەتی، بەرلەوەی چێژو
ئستاتیکا بێ، بەرلەوەی تەکنیکی نووسینی دەقێک بێ، ئەوا گوتارو پەیامە
کە تیایدا ئاراستەی وەرگر دەکرێ. واتە نووسەر لەڕێی نووسینەکانیەوە
دنیابینی خۆی دەردەخات. نووسین بۆ من وەک خوێنەرێک گەیشتنە بەوپەیام و
مەبەستانەی لەدووتوێی دەقدا خۆی بەرجەستە دەکات. بەو مانایەی ئەو
نووسەرە چەند توانیویەتی لەدەقەکانیدا پەیامێک بگەیەنێ. بەدەر لەوەی
ئەو پەیامە سیاسییە یا کۆمەڵایەتی، مرۆییە یانەتەوەیی، ئەوە گرنگە
لەخزمەت مرۆڤایەتی بێ. واتە پەیامێک بێ ئامانج تیایدا جوانتکردنی بوون
و ژیان بێ. یان سڕینەوەی ھەموو ئەوخەوش وناشرینیانە بێ کە دەشێ لە
ژیانماندا بوونیان ھەبێ. ئەوەی لە میانەی خوێندنەوەی دەقێکدا لە ھزری
خوێنەر دەمێنێتەوە، زمان و تەکنیکی نووسین نییە، ئستاتیکای وشە و فۆڕم
نییە، بەڵکو پەیامی نووسینەکەیە.بەتایبەتیش لەدەقی چیڕۆک و ڕۆماندا
کەڕەگەزی گێڕانەوەیان تێدایە و بۆگێڕەڕەوە کەخوێنەرە، ئامادەیی ھەیە.
بۆیە خوێنەر دوای خوێنەوەی ھەردەقێک، دەشێ ئەو پرسیارەی لادروست بێ،
کەچی لەپشتی ئەودەقەوە ھەبوو؟ئەو نووسینە چ پەیامێکی ئاراستەی منی
خوێنەر کرد؟
کۆمەڵە چیڕۆکی(سەحەر)ی دەمیرتاش، ھەڵگری ئەو پەیامەیە کەباسمان
کرد.پەیامێک کەمرۆڤ دەکاتە چەقی باسەکان. پەیامێک کەپرسەکانی ئازادی و
خۆشەویستی و جیاوازی چینایەتی وھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی
مرۆڤەکان، لە ئاست نەتەوەیەکی دیکەی شۆفێنیدا،لەخۆدەگرێ .پێشر ئێمە
ھەموومان، دەمیرتاشمان وەک تێکۆشەرێک و خەباتگێڕێکی کوردی باکوور
ناسیوە کە بەداخەوە ئێستا لە پای ھەڵوێستە ئازادیخوازی و نەتەوەییەکانی،
لە زیندان دایە. بەڵام ئەمجارەیان لەڕێگەی چیڕۆکەکانییەوە دەمیرتاشێکی
جیاواز دەناسین. جیاواز بەومانایەی وەک نووسەرێک دەیبینین کە پەیامێکی
ھەیە و مەبەستیەتی لەڕیگەی چیڕۆکەکانییەوە، بیگەیەنێتە
خوێنەر.ئەمجارەیان لەبڕی سیاسەت، بەئەدەب ئەو پەیامە دەگەیەنێ. بەڵام
پەیامێک دوور لەھەموو ھزرێکی شۆفییانە و ڕاسیزمیانە. لەکۆی ئەوکۆمەڵە
چیڕۆکەدا، لەتاکە یەک شوێنیش،ھەست بە ھزری شۆفێنییانەی دەمیرتاش ناکەین.
بەڵکو بیرکردنەوەکانی سنووری سیاسەت و ئایدۆلۆژییا و نەتەوەدەبڕن. ئەم
چیڕۆکانە لەفۆڕمدا سادەن و لە زماندا ساکارن. گێڕانەوەکەیان لە
ئاستێکدایە، کەھەموو خوێنەرێک بە ئاسانی تێیان دەگات. ئەمە وێرای
تەکنیکێکی جوان کەلەچیڕۆکەکانەوە ھەستی پێدەکەین، ئەویش بیناکردنی
چیڕۆکە لەنێو چیڕۆکێکی دیکەدا، کەمەبەستی ئەو نووسینەی ئێمە نییە.
ئەوەی بۆمن وەک خوێنەرێک لەوچیڕۆکە سادانەوە جێگەی ھەڵوەستە کردنە،
تیمەی چیڕۆکەکانە. واتە ئەو بابەتانەی دەمیرتاش ھەڵیبژاردوون و دواتریش
بوونەتە پلوتی چیڕۆکەکان. کەپەیوەستن بەچەندین پرسی مرۆیی و فەلسەفی
بۆنموونە وەک:( ئازادی و مافی مرۆڤ و ژنکوشتن وجیاوازی چینایەتی و
بێکاری و کارکردنی منداڵان)وگەلێکی دیکەش.ئەوەی لەکۆمەڵە چیڕۆکی سەحەر
جێگەی ھەڵوەستە کردنە، ئەوپەیامەیە کە دەمیرتاش لەڕێگەی گێڕانەوەی
ڕووداوەکان دەیگەیەنێتە خوێنەر. ئێمەدەیانجار گەواھیدەری دیاردەی
کوشتنی ژنانین لە سەرخۆشەویستی و بەناوی کڕینەوەی شەڕەف. بەڵام ئایا
پرسەکە لێرەدا کۆتایی دێ؟ بێگومان نەخێر بەڵکو دەبێ ھەوڵی سڕینەوەی ئەو
کلتوورە بدەین. ئەم ھەوڵەش دەشێ لەڕێگەی گێڕانەوەی چیڕۆکێک بەرجەستە
بکرێ. خوێنەر کاتێ چیڕۆکەکانی کۆمەڵە چیڕۆکی سەحەر دەخوێنێتەوە،درک
بەوپەیامە مرۆییە دەکات کەچیڕۆکنووس مەبەستییەتی لەپشتەوەی دەقەکانەوە
ئاراستەی خوێنەری بکات.بۆنموونە: لە چەندین چیڕۆکدا،دەمیرتاش باس
لەوەدەکات کەکارەکتەرەکان خوێندنیان تەواو نەکردبوو،ناچاربوون
لەپێناوژیان کاربکەن. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە دۆخی ژیانی
کوردانی باکوور لە ڕووی نەتەوەیی و سیاسییەوە لە چ دژواریی و
سەختییەکدایەلەسایەی حوکمڕانی تورک. دەنامنداڵێک دەبێ ھەموو مافێکی بۆ
دەستە بەر بکرێ بۆ ئەوەی بخوێنێ، نەک ناچار بەکارکردن بکرێ.
بۆیە دەبینین ئەم چیڕۆکانە ھەموویان فەزایەکی ھاوبەشیان ھەیە و
ڕەنگدانەوەی ئەوبارودۆخە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ژیارییەن،کەکوردانی
باکوور سەدان ساڵە تاڵاوەکەی دەچێژن.بارودۆخێک کە تەژییە لە
دیاردەکانی(بێکاری_وازھێنان لە خوێندن_نەبوونی خزمەتگوزاری_
زیندانیکردن و بوار نەدان بۆ گوزارشتکردن لە مافەکانییان) و چەندانی
تریش کەلەدووتوێی چیڕۆکەکاندا، ھەستی پێدەکەین. کاتێکیش بەوردی ئەو
چیڕۆکانە دەخوێنینەوە، باشتر لەو ئازارە قوڵە تێدەگەین.
لە چیڕۆکی(پیاوەکەی ناخمان) چیڕۆکنووس باسی دوو کارەکتەر دەکات
کەیەکێکییان ناوی عەبدڵا زەیدانە. ئەمانە لەزیندان دانە و زیندانەکەش
ھەر تەنھا شوێنی ئەوان نییە،بەڵکو لەگەڵیان مێروولە وجاڵجاڵۆکە دەژین
وڕۆژانە پاڵەوانی چیڕۆکەکە دەیانبینێ. ھاوکات لە سووچێکی گوێسەبانەی
زیندانەکەشدا، دووباڵندە دەبینرێن کەلانەیەکییان بۆ خۆیان چێ کردووە.
بەڵام ئەو باڵندانەجیاوازن. چونکە دەمیرتاش سیفەتی ھوشیاری داوەتە پاڵ
ئەوباڵندانە. بەوەی کەوەک حەزرەتی سولێمان قسەیان لەگەڵ دەکات و
دەیاندوێنێ. بەڵام چیڕۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەست پێدەکات.
پرسیار ئەوەیە بۆچی چیڕۆکنووسی ئەو سیفەتەی کە قسەکردنەو بەشێکە
لەپرۆسەی ھزری و مرۆڤ لەئاژەڵ جیادەکاتەوە، داوەتە پاڵ
باڵندەکان؟بێگومان بۆ ئەوەی باڵندەکانیش فێری بەرگری و یاخیبوون
بکات.چونکە کاتێ پیاوانی دەوڵەت دێن داوا لەو جووت باڵندەیە دەکەن ئەو
شوێنە جێبێڵن، چونکە بەبێ مۆڵەت لانەیان دروستکردووە، ئەوا باڵندەکان
بە تایبەتیش مێیەکە بەو داوایە ڕازی نابێ وبەرگری دەکات. تا دواجار
وازی لێدێنن. دەمیرتاش لەوچیڕۆکەی دەیەوێ پەیامی بەرگری لە ناسنامەو
لانەکە ھێمایە بۆ شوێن و شوێنیش بەشێکە لە نیشتمان، بگەیەنێتە ھەموومان.
بەوەی کەدەبێ داکۆکی لە زێدو لانەی ھەمیشە ییمان بکەین. کاتێکیش مێیەکە
زۆرخورتر و جۆشتر لەنێرەکە ئەو شەڕە دەکات، ئەوا بەبڕوای من وەک
خوێنەرێک چیڕۆکنووس ئاماژە بۆ ئازایەتی ژنی کورد لەباکوورگەریلا ژنەکان
دەکات کەھەموومان لەو ساڵانەی دواییدا، ئازایەتی و قارەمانیەتی
ئەوانمان بینی.
لە چیڕۆکی(سەحەر)دا، کەئەم چیڕۆکە بۆتە ناونیشانی کۆمەڵە چیڕۆکەکەش،
چیڕۆکنووس باس لەدیاردەی ژن کوشتن بە ناوی قەرەبووکردنەوەی شەڕەف دەکات.
سەحەر کەکارەکتەری سەرەکی چیڕۆکەکەیە، لەماڵەوە لە گەڵ دایک و خوشک و
براکانی دەژیت. ھاوکات کرێکاری کارگەیەکی ئامادەکردنی جل و بەرگیشە.
لەشوێنی کارەکەی کەسێک دەناسێ بەناوی خەیری. سەحەرزۆرپاکانە و ڕوحیانە
دەکەوێتە داوای خۆشەویستی خەیری و لەخەیاڵی خۆیدا، بینای ژیانێکی تازە
و نوێدەکات کەلە گەڵ خەیری ماڵ دروست دەکەن. بەڵام بێ ئاگایە لە مەرامی
گڵاوی خەیری کەلەپای خۆشەویستی ئەو خۆی شاردۆتەوە. بۆیە ڕۆژێکییان
خەیری داوای لێدەکات بیگەیێنێتەوە ماڵ،سەحەریش چونکە خۆشی دەوێ و
متمانەی پێیە، ھەرچەندە گومانیش دەیگرێ، بەڵام لەگەڵی دەڕوا. دواتر
دەبینێ خەیری دووھاوڕێی تریش لەگەڵدایە و دواجار لەبری ئەوەی
بیگەیێننەوە ماڵ، خەیری دەیباتە شوێنێکی دیکە و ئەو کارەی لەگەڵ دەکات
کەمەرامی ھەزاران پیاوی ترە. بۆیە سەحەر بەداخەوە دەبێتە قوربانی
خۆشەویستییەکی ساختە و دواجاریش باجی ئەو کارەی دەدات ولەلایەن غانی
باوکی و ھادی برای،لەچۆڵەوانییەک دەکوژرێ. بەمەش ژن وەک قوربانی پیشان
دەدرێ.ھاوکات بەشێکی گەورەش لەو مەرامە شاراوەیەی پیاوان پیشان دەدات،
کە ھەمیشە بەناوی خۆشەویستییەوە دەریدەبڕن و دواجاریش ئامانج تیایدا،
تێرکردنی ڕەمەکە سێکسییەکانی خۆیانە. سەحەرلێرەدا پترھێمایە
بۆھەمووئەوانەی پاکانە خۆشەویستی ڕاستەقینە دەکەن نەک ژن کوشتن، کە
بەداخەوە سەرەنجامیش بەھەڵە دائەبردرێن.
لە چیڕۆکی(نازۆی پاککەرەودا) کارەکتەری چیڕۆکەکە کەناوی
نازۆیە،بەمنداڵی باوکی دەمرێ و بەخێوکردنی دەکەوێتە ئەستۆی دایکی.بۆیە
دایکی لەڕێگەی کارەکەرییی ماڵانەوە،نازۆ پێدەگەیێنێ و گەورەی دەکات.
کاتێکیش گەورە دەبێ، دەیەوێ پاداشتی دایکی بداتەوە.بۆیە پێی دەڵێ ئیدی
من کاردەکەم و نابێ تۆ چیتر کاربکەی.ڕۆژێک نازۆ لەڕێگەی چوونە سەرکاری
دەکەوێتە نێو خۆپیشاندانێکەوە و دواتریش ژەندرمەکانی تورک، زامداری
دەکەن. کاتێ بە ئەمبۆلانس دەیگوازنە بۆ نەخۆشخانە،لەوێش پیاوانی دەوڵەت
وازی لێناھێنن ولەنەخۆشخانەدا بەدوای ناسنامەی ئەوانەدا دەگەڕێن
کەلەخۆپیشاندانەکەدازامداربوونە.سێڤگی کە پزیشکی نەخۆشخانەکەیە، دەیەوێ
زامداربوونەکەی نازۆ ببەستێتەوە بەڕووداوێکی ترلە دەرەوەی سیاسەت. بۆیە
بەپۆلیسەکان دەڵێ لەشوێنێک کەوتۆتە خوارەوە. وەلێ ھێشتا پیاوانی دەوڵەت
وازی لێناھێنن وسەرەنجام دەیگرن. ئەوئەگەر چی بۆ ژیان و لەپێناو
دایکیدا ویستی کاربکات. بەڵام چونکە لە باکوور تورکیا بۆنی سیاسەت
لەھەموو شوێنێک دەکەن، بۆیە دەیبەنە زیندان. بەڵام نازۆ لە زیندان فێری
خۆڕاگری و باوەربەخۆبوون و گیانی قوربانیدان دەبێ لە پێناو
کێشەیەکدا.بۆیە ھەرگیزناڕەزایەتی خۆی لەوەپیشاننادا کەبۆچی
زیندانیکراوە.
لە چیڕۆکی(وەک تێگەیشتوون وانییە) کارەکتەری چیڕۆکەکە ڕۆژێک ئەوەی بە
خەیاڵ دادێ کەبەملپێچەکەی خۆی بخنکێنێ. کارەکتەرەکە کەناوی(موستی)یە،
ئەم کارە ناکات و پە شیمان دەبێتەوە.دواتر ویستی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە و
نێرگزی خۆشدەوێ. بەڵام ئەڤینێک ھەیە گەورەتر لە ئەڤینی نێوان ئەوان.
کەئەویش ئەڤینی نیشتمانە. موستی و نێرگز ھەرتەنھا بیرلە خۆشەویستی
نێوانیان ناکەنەوە. بەڵکوئەڤینێکی گەورەتر شک دەبن، کەئەویش
نیشتمانە.بۆیە ھەوڵدەدەن ئەڤینی خۆیان بکەنە پۆڵایەکی ڕەق، بەمەبەستی
ھاتنەوە بەگژستەمکاران و دنیای چەوسێنەراندا. دەمیرتاش چونکە ئازاری بێ
نیشتمانی دەچێژێ، لەگەلێک لە چیڕۆکەکانی، ئەوئازارە ڕەنگیداوەتەوە.
لە چیڕۆکی(سڵاولەچاو ڕەشەکان) دەمیرتاش باسی دووکارەکتەرمان بۆدەکات کە
ناویان حوسێن و جەمالە. ئەوانە تەمەنیان شانزە ساڵە. خوێندنیان تەواو
نەکردووەو بۆکارکردن ناچارن گوندەکەیان جێبێڵن و ڕووبکەنە شار. بۆیە
دەبنە کرێکارو لەدروستکدنی باڵەخانەکانی شارکرێکاری دەکەن.چیڕۆکنووس
واقیعی سەختی ژیانی ئەوانمان بۆ باسدەکات، کە دوای چەندین مانگ لە
کارکردن کرێکەیان پێ نادەن.بۆیە ڕۆژێکییان بەمەبەستی وەرگرتنی ئەو
مافەیان، ھەموو کرێکارەکان ڕێز دەبەستن.بەڵام دواجارژمێریارەکە
ئاگاداریان دەکاتەءە کەدەبێ بچن لە ئیستەنبۆل کرێکەیان وەرگرن! لەم
چیڕۆکەدا پەیامی ستەم لە کرێکاران وجیاوازی چینایەتی و سەرمایە
دەبینرێ. ئەگەر بە پپێی یاسا بێ، ئەوان نابێ ھەرکاربکەن. چونکە
تەمەنیان ھێشتامنداڵە.بەڵام وێرای ئەوەش ستەمیشیان لێدەکرێ. کاتێکیش
ھەردوو کرێکارەکە لەکارەکەیان تەواو دەبن و ئەو باڵەخانە جێدێڵن
کەپێشترکاریان تێدا کردبوو،دیمەنێکی سەیرو ھەژێنەر دەبینن. ئەوەیش
ئەوەیە لەسەردیوی دەرەوەی باڵەخانەکە نووسراوە(زیندانی پیتی .ف).بەمەدا
بۆیان دەردەکەوێ کەئەو باڵەخانەیە کراوەتە زیندان.بۆیە نیگەران دەبن و
ھەست بەپەشیمانییەکی گەورە دەکەن. بەڵام تاوانێکی ئەوانی تێدانییە.
چونکە ئەوان لە پێناو ژیانیاندا، ناچاربوونە کاربکەن.
لە چیڕۆکی(کچی دەریا)دا، کارەکتەری چیڕۆکەکەناوی مینایە.لەبەربارودۆخی
شەڕو ئەو وێرانکاریەی بەسەر سوریاداھاتووە، ناچاردەبێ لەگەڵ دایکی
چونکە باوکی نەماوە حەمما بەجێبێڵێ وبەقاچاغ لە ڕێگەی دەریاوە بچێتە
ھەندەران. بەڵام گەمییەکەیان لە نێو دەریادا نغرۆ دەبێ و شەپۆلەکان تا
بینە قاقایان دێ.بەم جۆرەلەنێودەریا دەمێنێتەوە تادواجارخۆی لێ دەبێتە
پەری دەریا. دەمیرتاش لەوچیڕۆکەیدا پەنجە دەخاتە سەر ئەو برین و دیمەنە
تراژیدیانەی کەبەھۆی شەڕەوە دروست دەبن کەپەڕاگەندەیی و بەناچاری
جێھێشتنی نیشتمان یەکێکییانە..بەتایبەتیش لە سوریا.
لە چیڕۆکی(کولیرە بەقیمەی حەلەب)یشدا، چیڕۆکنووس دیسانەوە ئاماژە
بەدۆخی وێران بووی سوریا بەھۆی شەڕەوە دەکات. کاتێک باسی حەلەب دەکات
کەیەکێکە لە کۆنترین شارەکانی دنیاو لانکەی مرۆڤایەتی بووە.بەڵام ئێستا
ئاسەواری ژیانی تێدا نەماوە و خوێن فوارەی لە شەقامەکان بەستووە.ھەروەک
خۆشی لە بارەی شارەکەوە دەڵێ (ئەم شارە حوزن دەفرۆشێ). ڕوقیە کەخەڵکی
حەلەبە و لەترسی شەڕچووتە شاری ھاتای، ڕۆژێک بەمەبەستی ھێنانی
چەندپێداویستییەک دەگەڕێتەوە حەلەب.بەڵام بەداخەوە بەر تەقینەوەیەک
دەکەوێ، کەجگەلەو شەست و ھەشت کەسی تریشی تیادادەبنە قوربانی.دەمیرتاش
ئەم چیڕۆکەشی لەژێرکاریگەریەتی دیمەنە دڵتەزێنەکانی حەلەب
نووسیوە،کەھەموودنیا ئێستا چیڕۆکی دڵتەزێنی ئەوشارەوێرانکراوە دەزانێ.
لە چیڕۆکی(ئاە ئاسومان) کەلای من جوانترین چیڕۆکی نێوکۆمەڵە چیڕۆکەکەیە،
دەمیرتاش ھونەریانە بابەتێکی جوانمان بۆدەکاتە چیڕۆک. کەڕەنگە ڕۆژانە
چەندین کەس لەئێمە بیبینێ. ئەوچیڕۆکە، باسی سەرنشینی ئوتووباسێک دەکات،
کە شوفێرکە بەگەنجۆ ناوی دەبات. گەنجۆ قوتابی کۆلیژی یاسایە. دەیەوێ
بگەڕێتەوە. لەنێوئوتووباسەکە لەگەڵ کاپتن کە شوفێرەکەیە دەکەوێتە
گفتوگۆ. ئەوگفتوگۆیە،لەءەءە دروست دەبێ، کەکاپتن زۆر بەسستسی لەدوای
کامیۆنێکەوە دەڕوات. کاتێ گەنجۆ پرسیاردەکات کەبۆچی خێرا لێناخوڕێ.
ئەویش چیڕۆکەکە دەگێڕێتەوە. لەپشتی کامیۆنەکە،وێنەی گەورەی ژنێک ھەیە.
بۆیە کاپتن لە سۆنگە ئەو وێنەوە نایەوێ کامیۆنەکە تێپەڕێنێ. بەڵکوسەیری
وێنەکە دەکات. تادواجارباسەکە بۆگەنجۆ باس دەکات. کەئەو پێشتر کەوتۆتە
داوی ئەڤینی ژنێک بەناوی ئاسومان. گەرچی ژن و منداڵیشی ھەبووە. بەڵام
دەیخوازێ. تادواجار جێی دێڵێ. ئیدی کاپتن بەخەیاڵی ئاسۆمان ئەو ژنەی
دیوی دەرەوەی دەرگای دواوەی کامیۆنەکە دەبینێ. دوای ساڵانێکی زۆر،
کاپتن پیربووە و قژی سپی بووە.بەڵام بەھۆی ئەوەی کورێکی لە
خۆپیشاندانێکدا( خوێنەری بەڕێز لەوچیڕۆکەش دەمیرتاش، لە پاڵ
خۆشەویستییەوە باسی ستەمی سیاسی دەکات) گیراوە ئیدی بەدوای پارێزەرێکدا
دەگەڕێ. بەڕێکەوت ڕوولە نووسینگەیەکی پارێزەری دەکات کەھی گەنجۆیە.
ئەوگەنجۆ ناناسێتەوە.بەڵام گەنجۆکاپتن دەناسێتەوە.بۆیە چیڕۆکی ئاسۆمانی
بیر دێنێتەوە وخەیاڵیان دەگەڕێتەوە ڕابردوو. دواترکوڕەکەشی ئازاد دەکات.
لە چیڕۆکی(حیسابات لەگەل دایکم)دەمیرتاش باس لەسەرمایە و دابەشکردنی
داھات و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان لەژیان دەکات.ناوەڕۆکی ئەم چیڕۆکە،
سەرگوزشتەی دوومنداڵ باسدەکات، کە دایکیان داوایان لێدەکات بچن
پێداویستی ماڵ بکرن.بەڵام لەشوێنێکی دورترلەدوکانی نزیک
ماڵەکەیان.چونکە لەوێ پەنجا لیرە لەنرخی دیاریکراکەمترە. کاتێکیش
ھەردووبراکە دەڕۆن بۆ ئەو شوێنە و پێداویستییەکان دەکڕن کە بەھاکەی
دووسەدوو پەنجا لیرەیە، دەبینن ناتوانن ئەو کەل وپەلانە بەدەست ببەنەوە
بۆ ماڵ.بۆیە دەچن کرێکارێک کەکاری گواستنەوە بەعەرەبانەکەی دەکات،بەکرێ
دەگرن و لەبەرامبەرئەم کرێیەشدا،پەنجا لیرەی پێدەدەن.بەمەش خەرجییەکە
دەکاتەوە ھەمان ئەو تێچووەی کە دەیانتوانی لە نزیک ماڵییان پێی دابین
بکەن. کەکۆی گشتی سێسەدلیرە بوو. بەڵام ئەوان دەڵێن بۆیە ئەوکارەیان
کرد تاکو ھەموو سەرمایە بەتەنھا لەدەست تاکەکەسێک کۆنەکرێتەوە.بەڵکو
دووسەدوو پەنجا لیرە بۆخاوەن دوکانەکە،پەنجا لیرەش بۆئەوکرێکارەی کاری
گواستنەوە بە عەرەبانەکەی دەستی دەکات.تاکوھەردووکییان سەرچاوەی
گوزەرانی ژیانیان پێ دابین بکرێ. پەیامی پشت ئەوچیڕۆکە،پەیامی
یەکسانخوازی و ھاوبەشییە لەژیانێکی شایستە بۆ ھەموو تاکەکان. پەیامێک
کە دژی ئەوەیە سەرمایە مۆنۆپۆل بکرێ.کە تیایدا کەسانێک زەنگین و
دەوڵەمەند ببن، کەسانێکی دیکەش ھەژارو لات. بەڵکومرۆڤەکان دەبێ
ھەموویان وەکویەکتری بژین.
لە چیڕۆکی(کۆتاییەکی دڵڕفێن دەبێ)کارەکتەری چیڕۆکەکە دکتۆر بێکەس،لە
زگی دایکی دەبێ کاتێک باوکی دەکوژرێ. واتادوای مردنی باوکی لەدایک
دەبێ. دایکی بێکەس،بەسەختی و دژوارییەکی زۆرەوەکوڕەکەی پێدەگەیەنێ
وشوێنی باوکیشی بۆدەگرێتەوە. بێکەس دەچێتە قوتابخانەو ھەموو قۆناعەکانی
خوێندن،وێرای نەبوونی و ھەژاری بەسەرکەوتوویی دەبڕێ.دواجار کۆلیژی
پزیشکی تەواو دەکات و دەبێتە پزیشک. بۆ خزمەتی ھاوشاریانیشی،دەگەڕێتەوە
شارۆچکەکەیی و خزمەتی ھاوشاریانی دەکات. لەھەمان کاتیشدا بە ئەندامی
ئەنجوومەنی شار ھەڵدەبژێردرێ و سەرەنجام بەنوێنەرایەتی ئەنجوومەن،
داوەتی ئەمریکا دەکرێ بۆبەشداربوون لە کۆنفرانسێک. بەمەش دکتۆر بێکەس
زۆرخۆشحاڵ دەبێ. بەرلەوەی سەفەر بۆ ئەمەریکا بکات، دەچێتە سەر
گۆڕەکەی(ئەحمەد تونج)ی باوکی و پێی دەڵێ ئاسوودە بە. دەمیرتاش
بەوچیڕۆکەی، نەھامەتی ھەموو ئەو منداڵە بێ باوکانە پیشان دەدات،
کەدواجاردایکییان گەورەیان دەکەن وسەرەنجامیش دەبنە کەسی داھێنەر
لەژیان. دەمیرتاش لەو چیڕۆکەی ئەو پەیامەمان پێ دەدات، کە ھەرگیز
نەبوونی،بێ باوکی، ھەژاری، نابنە ئاستەنگ لەبەردەم مرۆڤەکان ئەگەر
ئیڕادە و ڕوحی ھەوڵدانیان ھەبێ. بێکەس بەم شێوەیە لە دایک بوو، وەلێ
دواجار بووە ئەو کەسە ناودارە. لەکۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم
کەوەک خوێنەرێک چێژم لەخوێندنەوەی ئەوچیڕۆکانە وەرگرت. چیڕۆکەکان
بەگشتی لەزمان و دەربڕین سادەن. لەگێڕانەوەشدا، زمانێکی واقیعیان
بەسەردازاڵە کەھەموو خوێنەرێک تێیان دەگات. بەڵام بۆمن گوتارو پەیامی
چیڕۆکەکان گرنگ و جێی ھەڵوەستەکردن بوو. تواناکانی نووسینی چیڕۆکم
لەدەمیرتاش بەدی کرد. ھیوادارم ئەمە دوا بەرھەمی نەبێ. ئاواتم
ئەوەیە،ڕۆژگارێک دابێ بەزمانی کوردی بنووسێ. ھەرچەندە فەزای چیڕۆکەکان
کوردییانەیە. دەستخۆشانەش لەوەرگێری چیڕۆکەکان دەکەم.ئومێدەوارم
بەرھەمی دیکەش لەزمانی تورکی وەربگێڕێ.بۆئەوەی خوێنەری کورد بزانێ
کەلەئەدەبی تورکی، ھەرتەنھا پامۆک نییە،نووسەری دیکەش ھەن کەجوان
دەنووسن..
_________________________________________________
●
سەحەر، کۆمەڵە چیڕۆک، نووسینی (سەلاحەددین دەمیرتاش)، وەرگێڕانی لە
تورکییەوە (فەرھاد چۆمانی)، بڵاوکراوەی ناوەندی غەزەلنووس ٢٠١٨.
sadiqrwandze@yahoo.com
|