په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١\٢٠١٧

خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگای بانکی جیهانیی.


ئاسۆ کەمال      

- بەشی دووەم (کۆتایی) -

 

ئەفسانەی گەشەی ئابووریی کوردستان و خوێندنەوەیەک بۆ بەرنامەی بانکی جیهانیی و حکومەتی ھەرێم بۆ ٢٠٢٠.


ئاشکرایە کە کوردستان ھیچ ئیعتبارێکی ڕەسمی نێودەوڵەتی نیە و ھیچ بنەمایەکی دەوڵەت و دامەزراوەشی نیە ،بەڵام لە دۆخی داڕوخاوی عێراق و ئەزمەی ناوچەکەدا بازاڕێکی ڕەش و دەسەڵاتێکی دیفاکتۆی ھەیە کە کە بەدوای ڕوخانی بەعس و بەسترانەوەی کوردستان بە بازاڕی جیھانی نەوتەوە ئاڵوگۆڕێک لە جێگای ئابووریی کوردستاندا ڕویداوە. دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەیانەوێ سەرەڕای ھێشتنەوەی سیستەمی میلیشیایی خۆیان بەڵام بازاڕی نەوت و داھاتی کوردستان بەسود وەرگرتن لە نەخشەی بانکی جیھانی و لەسایەی کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا لەپێناو کەڵەکەی سەرمایە بۆ خۆیان ڕێک بخەن. لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا باسی "نەخشەڕێگای بانکی جیھانی" و "دیدگای ٢٠٢٠" حکومەتی ھەرێممان کرد سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەم بەرنامانە و دوالیزمی کەرتی تایبەت و گشتی ، لەم بەشەدا لەسەر ئایندەی ئەم بەرنامانە و میکانیزمی جێبەجێکردن و کاریگەریە سیاسیەکانی قسە دەکەین.

ئەفسانەی گەشەی ئابووریی.


بەرنامەی ریفۆرمی بانکی جیھانی باس لە گەشەپێدانی ئابووریی کوردستان دەکات لەڕێگای " گۆڕینی ئابووریی کوردستان بۆ ئابووریی ھەمەجۆر یارمەتی گەشەی ئابووریی دەدا بە سەرکردایەتی کەرتی تایبەت"*١.ئەوانەی باوەەڕ بەم قسانەی بانکی جیھانی دەکەن وخەیاڵی گەشەکردنی ئابووریی کوردستان لەڕێگای کەرتی تایبەتەوە لێ دەدەن دەبێ بچن نمونەکانی ئەو وڵاتانە سەیرکەن . ئەمانە جگە لەوەی زەوی تا ئاسمان لەگەڵ کوردستانیش جیاواز بوون لە باری بونی دەوڵەت و دامودەزگای یاسادانان و قەزایی و ژێرخانی ئابوورییشەوە ،بەڵام پڕۆژەی تایبەتی کردن و پرایڤیتایزەیشن پشتی ئابووریی ئەو وڵاتانەی ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی شکان. دوای پەنجا ساڵ تاقیکردنەوە ،لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە تا ئێستا لە کۆی ٤٣ دەوڵەت کە ئەم بەرنامانەی گەشەپێدانی بانکی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەسەریاندا سەپێنراوە ٢/٣یان قەرزارن و ئابووریی زیاتر لە پەنجا وڵات تەنیا ٣ یان چوار کاڵا بەرھەم دەھێنن و (٥٠٪)ی ئەفریقاش تەنیا یەک کاڵا بەرھەم دەینێ.*٢ ئایا ئەم ئامارانە ئەو ڕاستیە ناسەلمێنێ کە کوردستانیش دوای دەیان ساڵی تریش لەسەر ھەمان بنەمای تاک بەرھەمی نەوت دەمێنێتەوە و وەک ئێستا ٨٥٪ داھاتەکەی لە ئابووریی رەیعی یەوە دێت؟

نەخشەی ئابووریی بە بەلێن جێبەجێ ناکرێ و پێویستی بە بودجە و نەخشەیەکی پراتیکی و تەکنیکیە ، بەلام ھیچ ژمارەیەک لەم ڕاپۆتانەدا نیە .باسی گەشەی ئابووریی تەنیا ناوێک و ڕوپۆشێکە بۆ ڕازاندنەوەی بەرنامە ڕاستەقینەکە کە گەشەی ئابووریی لەسەر حسابی کەم کردنەوەی مەسرەفەکانە کە وەک بینیمان ڕوتاندنەوەی زیاتری کرێکار و فەرمانبەر و خانەنشین و خزمەتگوزاریەکان دەبێت. با بۆ زیاتر دڵنیابون سەیری ڕاپۆرتی سندوقی دروای نێودەوڵەتی*٣ بکەین تابزانین گەشەی ئابووریی ڕاستەقینە بەچی دەکەن؟ لە ٥ی دیسەمبەری ٢٠١٦ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ئەم سندوقە کە قەرزی (٥.٣٤ ملیار دۆلار) داوە بە عێراق ،ددەڵێ" بەپێی بەرنامەی دارایی گشتی چاکراو لە ٢٠١٦ و پڕۆژەی موازەنەی ٢٠١٧ دا ..بڕیارە چاکردنی دارایی ھەنگاوبەھەنگاو بکرێ ،لەڕێگای زیادکردنی داھاتی نەوتی و کەمکردنەوەی مەسروفاتی ئێستا ،لەوانە موچە و معاشی خانەنشینی،ریفۆرمی کەرتی کارەبا (فرۆشتنی)و مادەی کۆمەک (بایعی)و موڵکەکانی دەوڵەت ، تاکو ڕێگا بکاتەوە بۆ مەسروفاتی وەبەرھێنانی گەورە و بەڵام زۆر چالاکتر و بەتواناتر لە کۆمەکی جێبەجێکردنی گەشەکردن." "گرنگە کە ئیدارەی دارایی گشتی زۆرباش بکرێ. پێویستە جارێکی تر ئەوانەی دواکەوتوە(مەبەست قەرزەکانە) سەیرکرێتەوە و بدرێت دوای تەئکیدکردن لێیان،ھەروەھا دەبێ ئیدارەی دارایی و پەیوەست بون بە ڕێکەوتنەکەوە پتەو بکرێ تاکو ڕێگە لەکەڵەکەبونی دواکەوتنەکان بگرێ." کەواتە ڕۆشنە کە گەشەی ئابووریی لەڕێگەی کەمکردنەوەی موچە و فرۆشتنی موڵکی دەوڵەت و دابینکردنی پارەی کۆمپانیاکانەوە دەبێ. کەواتە سەرمایەی دارایی ، لەڕیگەی قەرزدانەوە بێت یان لەڕێگەی شەریک بون و کڕینی موڵکە حکومیەکانەوە بێت ، پێویستی بەوەیە کە داھاتی ناوخۆی کوردستان بخاتە خزمەت وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی داویەتی بە حکومەت یان ئەو وەرگرتنی پشکانەی لە بەرھەمھێنانی نەوت و گاز ھەیەتی، بەڵام لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم لەسەرەتای ٢٠١٦ دا ١٢ ملیار دۆلار قەرزار بوە ناتوانێ قەرز و پشکی کۆمپانیاکان بدات و ھەربۆیە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی داوا لە عێراق و کوردستان دەکەن کە ڕێگاچارە کەمکردنەوەی موچە و خانەنشینی و فرۆشتنی موڵک و پشکەکانی حکومەتە. کەواتە سەرمایە ھەر لە بواری نەوت و گازدا دەمینێتەوە و بواری تری نیە بۆ پشت پێ بەستن و گەشەکردن . ھەربۆیە سەرمایەی کەلەکەبوو بەسەر قەرزەکان و پشکەکانی یەکێتی وپارتیدا دابەش دەکرێتەوە و سوڕی گەڕانی سەرمایە لەم بوارە و بوارەکانی بازرگانی و بەرنامە ژێرخانیەکانی پێویستی کەرتی نەوت و گاز تێپەڕناکا.ئەمە ھۆکاری سەرەکی داڕمانی ئابووریی و ھەژاری ئەو ٥٠ وڵاتەی ئەمڕۆیە کە کەوتونەتە ژێرباری ئەم قەرزە کەڵەکەبوانەی بانکی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا و دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە*٤، لەجیاتی گەشەی ئابوورییش لە فرۆشتنی یەک یان دوو تاسێ کاڵا وکەرەسەی خاودا گیریان کردوە و بازاڕی ناوخۆیان لەلایەن کاڵای پیشەسازی و ئامادەکراوی دەوڵەتانی قەرزدەرەوە مۆنۆپۆلکراوە.

ھەربۆیە باسکردنی جۆرارجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات و گەشەپێدانی کشتوکاڵ تەنیا درۆیەکی گەورەیە. "گەشەی ناھاوسەنگ و ژیانی نیوە برسی خەڵک ھەلومەرجی بنەڕەتی و ناچاری و پێداویستی شێوەی بەرھەمھێنانەیە".*٥ بەرھەمھێنانی سەرمایەداری و دابەشکردنی بازاڕی جیھانی لەلایەن ئالیگارشی داراییەوە. مۆدێلی دروست بونی پلەبەپلەی وڵاتانی پیشەسازی و خاوەن سەرمایەی مالی گەورە ئیتر ئەفسانەی بورژوازی وڵاتانی دواکەوتوە کە لەبازاڕی جیھانی مۆنۆپۆلی سەرمایەدا بێ شێو سەردەنێتەوە. سەرمایەی مالی ئێستا چارەنوسی بازاڕەکان دیاری دەکا و گەشەی ھەربەشێک و ھەر سەرمایەیەک پەیوەستە بەوەی چەندە لە چوارچێوەی ئەو بوارانەی سەرمایەی مالی تیایدا زێدەقازانج دەکا پێویستن. کۆمپانیا و سەرمایەی مالی لە کوردستان ڕوناکەنە بەشێکی تر جگە لە نەوت و گاز ئەگەر بوارەکەی پەیوەست نەبێت بەم بوارەوە. سەرمایەی ناوخۆی کوردستانیش دەبێت وەک بەشێک و بگرە پاشکۆی ئەم سەرمایە مالیە کاربکا ئەگەر نا شکست دەخوا و ناتوانێت گەشە بکا.

ھۆکاری ئەوەی کەرتی تایبەت دەچێتە خزمەتی باڵادەستکردنی کۆمپانیا دەرەکیەکان و ئیمپریالیستیەکان و خزمەتکردن بە دەوڵەمەندبونی زیاتری حیزبە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکانی کوردستان و ھەژاری زیاتری زۆربەی خەڵکی کوردستان بریتیە لەوەی کە یاسای کەڵەکەی سەرمایە لە دنیای ئەمڕۆدا واکاردەکا. سەرمایەی مالی جیھانی ،کە بانکی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ڕیکخراوی بازرگانی جیھانی بازاڕی جیھانی بەرنامە و خزمەت بە گەشەپێدانی مۆنۆپۆلکردنی ھەموو بازاڕە ناوخۆییەکانی بۆ فەراھەم دەکەن، بڕیاری سەرەکی دەدا لەسەر نرخ و بەرھەمھێنان و قازانج و ھەموو مەسەلە ئابوورییەکان. کەرتی تایبەت نازناو و ڕێگایەکە بۆ ئەم کۆمپانیا و بانک و ئالیگاریشیە مالیە کە سنور و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان ببەزێنێ و کۆتایی بەو بەربەستانە بھێنێ ،کە لەپرۆسەی دروست بونی دەوڵەت و خۆماڵی کردن و گومرگەوە، ڕێگە لە مۆنۆپۆلکردنی بازاڕەکان دەگرێ.

شۆڕشی کۆمۆنیکەیشنی کۆتایی سەدەی بیست ئاستی تەمەرکوزی سەرمایەی مالی و توانای لە ئیدارەکردنی بازاڕی جیھانیدا بردۆتە ئاستێکەوە کە دەتوانێ ئاست و پێداویستیەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە بەئاسانی لە ئاستی جیھانیدا ڕێک بخا و کۆنترۆڵ بکا.ئەم گەشەکردنە تەکنۆلۆژیە سیستمی کردیتی بەئاستێک گەیاندوە کە سەرمایەی مالی دەتوانێ بەبێ دەزگای بیرۆکراتی پانوبەرین ئیدارەی بازاڕ و سوڕانەوەی سەرمایە و کەڵەکەی سەرمایە بکا. سەرمایە دەیەوێ لە کۆڵی مەسرەفی زیادی موچەی کرێکاران و کارمەندانی ئەم دەزگایانەش ببێتەوە و بێکاری ڕۆژبەڕۆژ زیاتردەبێ. بەتایبەت کەرتی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی کارەبا و ئاو و تەندروستی و خانوبەرەو خوێندن دەکاتە کەرتی کۆکردنەوەی باج و لێسەندنەوەی ئەو بەشە لە داھاتی کرێکار و موچەخۆر کەوەک کرێ بەکارھێنانی ھێزی کاریان پێیان دراوە. ئەمڕۆ ١٪ دانیشتوانی جیھان خاوەنی زیاتر لە نیوەی داھاتی کۆمەڵگەی جیھانین .ئەمە ھەمان یاسای کەلەکەی سەرمایەیە کە لە کوردستان کاردەکا. گەشەی ملیاردێرەکانی کوردستانیش لە دەیەی ڕابردودا ،کە سەدان ملیار دۆلارە ،ھۆکاری ٢٢ ملیار قەرزداری حکومەتی ھەرێم و بەرزبونەوەی ڕادەی ھەژاریەکە لە نیوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ واتە تەنیا لە دوو سالدا لە ٣٪ بوە بە ١٢٪ و ئێستاش دوای ساڵێک بێ موچەیی بێگومان چەند زۆر لەوە زیاترە. ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە چڕبونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمیاتیەکدا ھاوشانی فراوانبون و قوڵبونەوەی ھەژاریە . پرۆسەی تایبەتی کردنەوەی موڵکایەتی و شان خاڵی کردنەوەی حکومەت لە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاریەکان پرۆسەی ئەم کەڵەکەیەی سەرمایەیە، کە لە کوردستان یەکیتی و پارتی لەسایەی نەبونی ی و دەوڵەت و ھیچ ڕیگریەکی ڕەسمیدا دەیسەپێنن. ئەمە ئەو بەرنامەی گەشەی ئابوورییەیە کە بانکی جیھانی وحکومەتی ھەرێم باسی دەکەن.


دیدگا بۆ سەرابی ٢٠٢٠.


پڕۆژە ٦٦ لاپەرەکەی حکومەتی ھەرێم (دیدگایەک بۆ ئایندە ٢٠٢٠)*٦ دەیەوێ ھەموو ئەو سیاسەتانەی ئێستا لە بڕینی موچە و فرۆشتنی موڵکی حکومی و قەرزارباری کۆمپانیاکان بە وەعدی گەیشتن بە بەھەشتی ٢٠٢٠ قبوڵ بکەین .سیاسەت ومیکانیزمی تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و گەشەی ئابووریی لەم بەرنامە ٣ سالیەدا بریتین لە: قەرز و فرۆشتنی سەرچاوەی وزە ومولکە گشتیەکان و کەمکردنەوەی خەرجیەکان.

دوو ڕاستی ھەیە کە بانکی جیھانی سەبارەت بە ئابووریی کوردستان باسی دەکا دەتوانن ئەوە ڕۆشن بکەنەوە کە سیاسەتی قەرزی حکومەتی ھەرێم تا ٢٠٢٠ چ کاریگەریەکی لەسەر ئابووریی و گەشەی کوردستان دەبێت.

یەکەم :بانکی جیھانی دەلێ "ڕێژەی کریدتی تایبەت بۆ سەرجەمی بەرھەمھێنانی ناوخۆ لە ئێستادا لە ھەرێم ٢٪ە کە بەبەراورد لەگەل ڕێژەیی میانەیی ڕۆژھەلاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا کە ڕێژەکەی ٥٠٪یە." نەبونی ئیعتبار و کریدتی مالی حکومەتی ھەرێم سەرچاوەی ئەوەیە کە ئەم حکومەتە قەرزی لە بانکی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەولەتی پێ نادرێ و ھاوکات ئەم دەسەلاتە وەک بەشێک لە حکومەتی عێراق حساب دەکرێ و ئیعتباری سەربەخۆی نێودەولەتیشی نیە و باری سیاسی و چارەنوسی سیاسی ناجێگیرە، ھەربۆیە ئامادەی ھەمو شتێکن لە پێناو وەرگرتنی قەرز و فرۆشتنی ھەر دامودەزگا و سەرچاوەیەکدا پێیان. نمونەی قەرزکردن لە تورکیا و فرۆشتنی کێڵگە نەوتیەکان کە ویکیلیکس*٧ ئاشکرای کرد ھەمان عەقڵیەتی فرۆشتنی کێبڵ و شۆفڵ و کەلوپەلی دامودەزگاکانی حکومەت بوو لە ساڵی ١٩٩١ بەئێران کە ئێستا ئیتر فرۆشتنی کێڵگەی نەوت و کەرتی کارەبا و ئاوە. ھەروەھا بەرزی ڕێژەی سودی قەرزەکان حکومەتی ھەرێم بە قەرزاری بۆ ماوەی دوردرێژ دەھێلتەوە.

دووەم: بانکی جیھانی دەڵێ" (دەسەڵاتدارانی ھەرێم) زۆر بەباشتری دادەنێن کە لەمامەڵەی بزنسدا پارەی نەقد(کاش) بەکاربێنن. نزیکەی ٣٪ی کۆمپانیاکان پشت بە کەرتی بانک دەبەستن بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی وەبەرھێنان و سەرمایەی کارگێڕ لەبەرامبەر ڕێژەی زیاتر لە ٢٠٪ لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا. تەفسیری ئەمەش دەتوانین لە ڕیگەی ئەو دۆخە زاڵەوە بکەین کە بێ سیقەیی یە بە کەرتی بانکی بەھۆی تێکچونە بەردەوامیەکانی دارایی و ناجێگیری لە ھەرێمدا.)* (سەرچاوەی ١ لاپەرە ٣-٤ خاڵی ٤).

نەبونی سیستەمی بانکی واتە نەبونی سیستەمی کریدت و ئیعتیباری مالی حکومەتی ھەرێم و ھاوکات کۆنترۆڵی داھاتی نەوت و گاز و سەرچاوەکانی تر لەدەست بنەماڵەکانی یەکێتی و پارتیدا و نەبونی ھیچ ئایندەیەکی ئابووریی و گەشەپیدان و پڕۆژەیەک.بانکی نێودەوڵەتی بەزمانێکی تر دەڵێ کە لەھەرێمی کوردستاندا گەندەڵی ھەیە، ھۆی ڕێگەنەدانی سیستەمی بانکەوە لەلایەن ئەم حیزبانەوە بۆ ئەوەیە کە سیستمی پارەی کاش بەکاربھێنن؛ بۆئەوەی ھەرچی زیاتر بتوانن شەفافییەت نەبێت لە ھەمو ئاستەکاندا .لەکاتێکدا لەڕێی سیستمی بانکییەوە خەڵک زیاتر دەتوانێت ئاسان دەستی بگات بە زانیارییەکان و بزانێت داھات چۆنەو چەند دەفرۆشرێ و بۆ کوێ چووەو چۆتە حسابی کێوە؟

حکومەتی ھەرێم حساب بۆ ئەم یاسا و ڕێسای ئابووریی جیھان و بازاڕی نەوت ناکا ھەربۆیە دوچاری شکستی قوڵی دارایی و ئیفلاسی دەبێتەوە، بەڵام دەیەوێ بە بڕینی موچە و فرۆشتنی سەرچاوەیەکی وزە و داھات و قەرزی سودی بەرز پینەوپەڕۆی ئەم سیستەمە ئالیگارشیە نەوتیە میلیشیاییە بکا.

بەرنامەی بانکی جیھانی بۆ ریفۆرمی "ڕێکردنەوەی ستراکتۆر"ی ئابووریی کوردستان بەدەست یەکێتی و پارتیەوە بوە بەو قوربانیانەی کە دەستی چەتە و ڕێگرەکانی سەدەی ناوەڕاست دەکەوتن و کەسەکانیان لەسەر تەختەیەک پاڵ دەخست و ئەگەر ھەر شوێنێکی ئەو کەسە لە قیاسی تەختەکەیان زیاد بوایە دەیان بڕیەوە. ھەربۆیە دەبینین لە میکانیزم و ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم و "دیدگا بۆ ٢٠٢٠"دا ئەوەی لەسەر ئەم تەختە و نەخشەیەی حکومەتی ھەرێم بڕدراوەتەوە بریتیە لە دامەززراندنی سیستەمی بانکی و کریدت و چاودێری لەبەرئەوەی کە ڕێگری دروست دەکا لەوەی دەسەڵات سوڕی کەڵەکەی سەرمایەیە لە خێراترین کات و دەستکەوتنی داھاتێکی کاش و ناردنی بۆ سەر حسابی بانکی بنەماڵە لە ئەوروپا دابین بکا. بەڵام بۆ بانکی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە تەجروبەی نیوسەدەیان لە قەرزدان و بەرنامەدانان بۆ سیستەمە دیکتاتۆریە عەسکەری و گەندەڵەکاندا ھەیە ئەمە ڕیگریەک نیە لە بەرنامەی گەشەپیدانی ئابووریی چونکە لە بناغەدا گەشەکردنی ئابووریی ڕونادات و ھەمو کارئاسانیەکە بۆ گەشەکردنی سەرمایەی مالی بانکەکان و ئالیگاریشە مالیە ئیمپریالیستیەکان،جا ئەمە لە رێگای دامەزراوە و دەوڵەتەوە بێ یان لە ڕێگای دەسەڵاتێکی میلیشیایی وەک پارتی و یەکێتیەوە بێت جیاوازی نیە و ئامانج ھەر یەک شتە کە زێدە قازانجە.

نەخشەڕێگای بانکی جیھانی زۆر بەئاشکرا و بێ پەردە بە یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی نێودەسەڵات دەڵێ کە مانەوە و دەوڵەمەندبونی ئەوان بە ھێنانەخوارەوەی ئاستی ژیان و پێشێلکردنی زیاتری چینە ھەژار و کەمدەرامەتەکانی کوردستانەوە ھەیە. ھەربۆیە ئێستا لە کاتێکدا قەیرانی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی ڕوبەڕوی ئیفلاسی و شکست کردوە ئەوان ئەم ئامۆژگاری جەھەنەمیانەیان بەخۆڕایی لەڕێگای "تیمی ھاوکاریە تەکنیکیەکان" ەوە ناردوە بۆ ڕزگاربونی شەیتانەکانی دەسەڵاتی کوردی لەو جەھەنەمەی کوردستان کە چۆڵیان کردوە بۆ ئەوەی زۆربەی "لێقەوماوان و ھەژاران" تاکو بەئیسراحەت تامی بەروبومی سک ھەڵگوشینی گەشەی نەوت و میوەی بێکاری و بەرھەمەکانی کەرتی تایبەتی کۆمپانیاکانی بنەماڵە ملیاردێرەکان بکەن.

تێکەڵکردنەوەی دەستە سیاسیەکە و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان.

ئابووریی رەیعی نەوت گۆڕانی لە پێکھاتەی سیاسی و ھاوسەنگی ھێزدا لە کوردستاندا دروستکردوە . پارتی وەک ھێزی باڵادەستی ئابووریی و کەرتە نەوتیەکان باڵەکانی یەکێتی و ئیسلامیەکانیشی لە دەوری بەرنامە و حکومەتەکەی ڕێکخستوە. ئەم "دیدگای ٢٠٢٠" ی حکومەتی ھەرێم کە بە بڕین و کەمکردنەوەی موچە و خزمەتگوزرایەکان بە ئیمزای جێگری حکومەت کە یەکێتی یە و پەنجەمۆری وەزیرەکانی یەکگرتو و کۆمەڵ و وەزیرە دەرکراوەکانی گۆڕانیش دەستی پێکرد. ئێستاش وێڕای ھەر گلەیی و گازەندەیەک لە مۆنۆپۆلی پارتی و بارزانی بەڵام ھەمویان چاوەڕێی جەولەیەکی تری تێکەڵکردنەوەی دەستەی حوکمڕانێتین تاکو لە بەرھەمی کەڵەکەی سەرمایەی نەوتی پشکی زیاتر وەرگرن. چڕبونەوەی داھات لەدەستی بارزانیدا پێویستی بە چڕکردنەوەی دەسەڵاتە و ھەربۆیە دەیەوێ ھەموو ڕێگریە یاسایی و سیاسیەکانی وەک پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزایەتیەکی سیاسی و جەماوەری سەرکوت دەکا و بەرنامەی ٢٠٢٠ بەزۆری چەک و بە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی دەسەڵات جێبەجێ بکا. بەڵام ئەم ستراتیژیەی پارتی بێگومان لەبەردەم کێشەی ناوخۆ و دەرەوەدایە.

بانکی جیھانی ئاماژە بە مەترسیەکانی سەر ڕێگای ئەم "بەرنامەی ڕیفۆرم"ەی کوردستان دەکا و دەڵێ " ئیمکانی بەردەوامی گرژیەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی نێوەند، و گرژیە سیاسییەکانی نێو حیزبە سیاسیەکانی سەرەکیەکان لە ھەرێم " * (سەرچاوەی ١ خاڵی ٢٧) بەشێک لەو ھەڕەشەی گەورەیە بۆ سەرکەوتنی ئەم بەرنامەیەی حکومەتی ھەرێم. ئاشکرایە لە ئەنجامی توندبونەوەی ململانێی قوتبەکانی ناوچەکە ،ئێران و تورکیا و سعودیە و وابەستەیی یەکێتی و پارتی پێیان ، واقیعی دوو ئیدارەیی و دوو میلیشیایی وەک خۆی دەمێنێتەوە لەقەیرانی ناجێگیری سیاسی دا وێڕای بەردەوامی و چونەپێشی ڕێڕەوی باڵادەستی و مۆنۆپۆلی ھەمەلایەنەی پارتی و مەیلی تێکەڵاو لە ناچاری و پێویستی بە کۆبونەوە لەدەوری بەرنامەی ئابووریی حکومەتی پارتی و یەکێتی و وازھێنان لە دەوری ئۆپۆزسیۆن بوون بەرانبەر بەدەسەڵات بوەتە سیما و جیھەتی ئیسلامیەکان و گۆڕانیش.

ئەم ئاڵوگۆڕە لە جێگەوڕێگەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستاندا و کۆبونەوەیان لە دەوری پاکێجی "ڕیفۆرمی ئابووریی" خزمەتێکی کردوە بە خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەمدەرامەتی ناڕازی بەوەی چیتر دوای کڵاوی بابردوی ئۆپۆزسێۆنی جاران و بەتایبەت گۆڕان نەکەوێ. سەرجەم حیزبەکانی نێودەسەڵات سەرەڕای ناکۆکی وجیاوازیە سیاسیەکانیان بەڵام خاوەنی یەک دیدگا و نەخشەن بۆ ئایندەی ئابووریی کوردستان .ھەمو بەشدارن لە دروستکردنی ئەم واقعیەتە تاڵ و مەئساویەی کە کوردستان خاوەنی داھاتی نەوتە و کۆمپانیاکان بەردەوام تیایدا سەرمایە کەڵەکە دەکەن ،بەڵام ئەم داھات و سەرمایەیە دەڕژێتە گیرفانی کۆمەڵێک بنەماڵە و سەرمایەدارەوە و سەرمایەکانیان گەشە دەکا و بازاڕ و کۆمپانیا و مۆڵ دەکەنەوە ،بەڵام لەلایەکی ترەوە زۆربەی کرێکار و کارمەند و خەڵکی کەم دەرامەت بێکار و ھەژارتر دەبن و موچەیان نادرێتی و دانامەزرێن و کرێی کارەبا و ئاو و خۆراکیان لەسەر زیاد دەکەن. بەرنامەی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ جیبەجێکردنی خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندبونی چینی باڵادەست و حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ھەروەھا بەرنامەی ماڵوێرانی و قەرزاری و نەبونی مافی ژیان و گوزەرانی شایستەیە بۆ چینی کرێکار و ژێردەستە.

بێگومان بانکی جیھانی و حکومەتی ھەرێم دەزانن ئەم بەرنامانەیان چ کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە ھەربۆیە پێشنیار دەکا کە "پێوەری ھێڵی ھەژاری" * (سەرچاوەی ١ خاڵی ٢٢) بەکاربێنێ بۆ ئەو (١٥٠ ھەزار دینار)ەی بۆ قەرەبوکردنەوەی لێقەوماوان و ھەژاران دایناوە کە بەر زیانی ئەم بەرنامەی ریفۆرم و سک ھەڵگوشینە دەکەون. ئەمە ھەموو گەشەکردنە ئابوورییەکەیە کە بانکی جیھانی نەخشە ڕێگاکەی دەدا بە پارتی و یەکێتی،ڕەسمی کردنەوەی ھەژاری و کردنی بە چارەنوسی ملیۆنەھا ئینسان لە کوردستان.کرێکاران و فەرمانبەران و چینە زیان پیگەیشتوەکانی ئەم ھێرشانەی حکومەتی ھەرێم ساڵێکە بە خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆت وەڵامی ئەم دەسەڵاتەیان داوەتەوە وفشاریان لەسەر داناوە. بەتایبەت ناڕەزایەتیەکانی پارێزگای سلێمانی دژی تاڵان و سەرکوتی یەکێتی نیشتمانی سەرەتای ئەو ئاڵوگۆڕە نیشان دەدا کە چیتر خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و ھەژار لە دوو قوتبی پارتی و یەکێتیدا ناسوڕێتەوە و دەیەوێ ڕاستەوخۆ و سەربەخۆ بێتە مەیدان دژ بەم حکومەتە دوو سەرە . ئەم ھەلومەرجە نوێ یە پێویستی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی و جەماوەری لە خەڵکی کریکار و فەرمانبەر و دەست تەنگی کوردستان ھێناوەتە ئارا ،کە وەک بەرەیەکی چینایەتی بەرامبەر بەم حکومەت و بەرەی پێنج حیزبی دەسەڵاتدارە ڕاوەستێت. بێگومان ئەمە سەرەتای پراتیکێکی جەماوەریە کە ھێشتا بەدەست کەم تەجروبەیی لە ڕێکخستن و تاکتیک و دیدگا بۆ ئانیدە دەناڵێنێ. ئەمە ئازاری ھەموو سەرەتایەکە کە دەبێ لەئاستی شوێنی کار و ژیان و لەئاستی شار و سەراسەریدا بزوتنەوەیەک ڕێک بخەین بەرانبەر بە بەرنامەی "ریفۆرمی ئابووریی " کە بەرنامەی ھەژاری و برسیکردنە بوەستینەوە. قەیرانێک کە خەڵکی کوردستان لە ماوەی یەکساڵدا یەک لەسەر سێی ژیان و مافەکانیانی ھەڵلووشیوە نابێ دەبێ ڕامانچڵەکێنێ بەوەی کە ئێستا کاتێک بەواقعی لە دۆزەخی حکومەتی ھەرێمداین چاوەڕوانی چی لە ئایندەی ٢٠٢٠ی ئەو دۆزەخە دەکرێ؟ ئێمە وەک خەڵکی یۆنان دەبێ بزانین کە شەڕێکی گەورەی سەروماڵیمان لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بەرانبەر ڕاگەیەندراوە و دەبێ ھەمان وەڵامی شۆڕشگێرانەی خەڵکی یۆنان بەم نیولیبرالە میلیشیایانە و بەرنامەی بانکی جیھانی بدرێتەوە و لەڕیزی ناڕەزایەتیەکاندا لەگەڵ Oliver Sykes ھاوارکەین " ھەمو شتێک تۆ بیڵێی دەیھێنمە خوارەوە ، بڕۆ بۆ جەھەنەم بۆ خاتری بەھەشت ".*٨

________________________________
*١- PUBLIC-EXECUTIVE-SUMMARY-of-KRG-Economic-Reform-Roadmap-post-Decision-Review-5-302016.pdf
*٢- Structural Adjustment—a Major Cause of Poverty
*٣- IMF Executive Board Completes First Review of Iraq’s Stand-By Arrangement
Poor nations ‘pushed into new debt crisis
*٥- IV. EXPORT OF CAPITA
*٦-
www.ekrg.org/files/pdf/KRG_2020_last_english.pdf
*٧- ئێن ئاڕ تى بەڵگەى نوێى نهێنى و تایبەت لەسەر دۆسیەى نەوت و گازى هەرێم بڵاودەکاتەوە.
*٨- گۆرانیەکی ڕۆکی ئینگلیزی.

________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/xiwendineweyekbon.htm

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک