په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٢

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی شەوی ئەستێرەکان!

نەهرۆ         


ئەم رۆمانە لە نووسینی بەرێز کاک یاسین بانیخێڵانی یە، من دووجار ئەم رۆمانەم خوێندەوە، جارێ یەکەم بەمەبەستی چێژ وەرگرتن! خوێندنەوەی دووەم بە نیازی تیشک خستنە سەر لایەنەکانی، لەڕاستی دا ئەم رۆمانە چیرۆکی پیاوێک دەگێرێتەوە بە ناوی (هیلەرەس باومان) کە لە ئەنجامی کێشەیەکی خێزانی دووچاری نەخۆشی دەروونی بووە لە خەمۆکی دا خۆی بەرجەستە کردووە، بیر لە مردن و خۆکوشتن دەکاتەوە، تا دواجار هاورێیەکی دکتور هەیە بە نێوی (شاسۆتە) داوای لێدەکا سەفەر بکا، پێدەڵێ هەتا وێران نەبوویت برۆ سەفەرێ بکە، ئەویش سەفەر دەکا بۆ دەریای ناوەڕاست، لەوێ دوای خواردنەوەو گەڕان تووشی ئەبێ بە تووشی ماسیگرێکەوە بە نێوی ( شایگانی پوژمان) ئیدی دەست ئەکەن بەیەکتر ناسین و ئاخاوتن، هەرچەندە ئەم دوو کەسایەتی یە جیاوازن، بەڵام رێکدەکەون بە مسێو بانگی یەکتر بکەن، لەبەر ئەوەی لەم دونیای ئێمە تیا دەژین ناو رۆڵی سەرەکی ناگێڕێ، ئینسانەکان دەبنە داش دامەو ژمارە، دەکرێ ئاوێتەی یەکتر بکرێن هەروەک لە رۆمانەکەدا هاتووە دەڵێ لەهەر وڵاتێک ناوێکم داوە ئێستاش نازانم ناوی ڕاستەقینەم چی یە؟


خوێنەر هەست بە تێکەڵبوونی نێوان یادەوەریەکانی ئەم دوو کەسە دەکا، لەوانەیە نووسەر بۆ سووککردنی باری سەر شانی ئەم ئاوێتە بوونەی پێ باش بووە، ئافرەتێکی رۆماننووسی لوبنانی هەیە بە نێوی ئیلهام مەنسور لە رۆمانی (کامەیان تۆێت) بەهەمان شێوە ئەم کایەی کردووە! ڕاستە خوێنەر لە بەرانبەر دیالۆگی دوو کەسایەتی دایە، بەڵام هێڵێ جیاکەرەوە زۆر بەزەقی دیار نییە!


گەرچی رۆمان زادەی قۆناغی سەرمایەدارییە بەڵام جۆرەکانی رۆمان بریتین لە کلاسیکی، رۆمانسی، پۆلیسی، مێژوویی، تۆماری(تەسجیلی) هەروا رۆمانیش هەیە دەچێتە خانەی ئەوتۆبێوگرافی یەوە وەک رۆمانەکەی نووسەری مەغریبی( محمد شکری) بە ناونیشانی ( الخبز الحافی ) بەرای من رۆمانی شەوی ئەستێرەکان دەچێتە خانەی ئەوتۆبێوگرافی مێژوویی تەنانەت تەسجیلییەوە!


من رۆمانەکە وا دەشوبهێنم کە تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگە لە شێوەی کۆلاج، فیگەرەکانی بریتین لە یادەوەریەکانی رۆژئاواو رۆژهەڵات، نووسەر زیاتر کایە لەسەر ئەزمونەکانی خۆی کردووە، سەبارەت بە پەیوەندی یی لەگەڵ ئافرەت و هونەرو شۆرش، لەم رۆمانە زەمەنی ڕاستەقینەی گێڕانەوە پێنج رۆژە بەڵام بیرەوەیەکانی نووسەر لە نێوان نێو سەدە هاتۆچوو دەکا، لەنێوان زەمەنی مناڵی و هەرزەکاری و گەوەرە بوون، زەمەن لە رۆماندا وەک تەناف وایە نووسەریش پێنج پارچە جلی پیا هەڵواسیوە، بۆ ئەوەی خوێنەر لە رووداوی رۆمانەکە تێبگا، دەبێ هەر لەسەرەتاوە حکایەتی نێو جلەکان هەڵداتەوە، کەواتە لە رۆمانەکەدا بەرواڵەت زەمەن کورت و توندو تۆڵە بەڵام لە ناواخنی رۆمانەکە بە قووڵی شۆڕبۆتەوە، ئەوەی جێ ئاماژەیە ئەم شۆڕ بوونەوەیە خوێنەر وەرس ناکا!


ڕاستە قارەمانی سەرەکی هیلەرەسە بەڵام پەیتا پەیتا خوێنەر ئاشنا دەبێ بە قارەمانگەلێکی تر وەک شایگانی پوژمان، ئەو کوڕە شارییەی کە دایکی دەمرێ و باوکی ژنی دی دەهێنێ هەروا خاڵوی کە هەڵویستی دژە شۆرشە، فەرزاد کە هاوڕێیەتی ئەرکی گێڕانەوەی نهینیەکان دەکەوێتە ئەستۆی، بەهزاد کە سەرسەرییەو دوای ئەبێتە فەرماندەیەکی شۆرش، ئەزیتای خوشەویستی، خەسرۆی خەسێو کە زۆر سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێ بەلای خۆی دا، لێرەدا ئەوەی شایانی باس بێ شارەزابوونی نووسەرە لە دۆخی دەروونی نەخۆشی خەمۆکی، بۆ نموونە لە پەرەگرافێک دا دەڵێ زۆربەی نەخۆشیە دەروونیەکانی ئەم خەڵکە هۆی گۆشەگیری و بەتەنها بیرکردنەوەیە لە گۆشەیەکی تەسک دا ! ئاخر نەخۆشی دەروونی هەتا خۆدی کەسەکە دووچاری نەبێ ناتوانی وێنای بکا، ئەمەش توانای نووسەر دەرئەخا لە تێگەیشتن لە دۆخی خەڵکی دیکە دا، هەروا لە لاپەرە دوازدە دەڵێ (دووریش نیە ئەوەی دوای تۆ قاچی نەپلێت و بەرەو ناو دەریایەکە بەر نەبێتەوە، ئیتر بۆ خۆی رزگاری دەبێت، بەدبەختی بۆ ئەوانەی دوای خۆی جێدەهێڵێت) ئەم چەند رستەیە ئاسایی یە لە کەسێکی خەم زەدەوە گوێبیستی بین بەڵام وەکو فەلسەفەو بیرکردنەوە زادەی نەهیڵیزم و عەدەمە! کە لە دوای جەنگە گەردوونیەکان لە ئەوروپا سەری هەڵدا، رابەرەکانیشی ئەلبیر کامۆ و کافکا بوون، بەرای من ژیان بایەی ئەوەندە مەبەست و مانای تیایە خۆمانی بۆ هەڵگرین و لەو پێناوەدا ململانی بکەین و شان بدەینە بەر ئەرکی بەرپرسیاریەتی، جارێ دیموکراسی لە وڵاتی ئێمە قووڵ نەبوەتەوە، بزوتنەوەی نیشتمانی لە پارچەکانی دیکە لە کێشمەکێش دان ! لێرەدا مەبەستم نییە ئەرکی سیاسی بەرۆمان بسپێرم بەڵام دەبێ رۆمان لەم قۆناغە هەڵگری پەیام نەتەوە بێ بە ئاراستە پێشکەوتنخوازیەکەی!


ئەگینا خۆدکوشی و خۆ لە نێوبردن گەرچی لوتکەی خۆدخواهی یە بەڵام ئاسانترین رێگایە، نابێ ئێمە خەڵک بەوە ئامۆژگاری بکەین کە حەزی لە مەرگ بێ! مەبەستم ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ نییە بەڵکو رێنمایی سێبەر ئامێز! من پرسیارم لە خەڵکی نەرویج کردووە بۆ چی شەیدای رۆمانەکانی پاولۆ کوێلهۆ ن لە وەڵام دا دەڵێن سەبارەت بە وردەکاریەکانی ژیان شتی تازەمان فێر دەکات، گەرچی پاولۆ زیاتر لەسەر مەسەلەی روحی ئیش دەکا ! ئەگەر ئاوەرێک لە قوتابخانە ئەدەبیەکان بدەینەوە گەرچی دابەشکردنێکی کۆنە وەک واقعیەتی سوسیالیستی، واقعیەتی رەخنەگرانە، واقعیەتی سیحری، نووسەری رۆمانی شەوی ئەستێرەکان زیاتر کاریگەری واقعیەتی سیحری لەسەرە کە زیاتر گابریل گارسیا مارکیز ئیشی لەسەر دەکرد، بۆ نموونە کاتێ بەرێکەوت (کێومەرس) دێتە نێو گێڕانەوە وەک مناڵێکی برسی لە زستانێکی تووش دا لە دەرگای موسافرخانە ئەدا بۆی ناکەنەوە، ئەویش لە نێوان ئینجانەکان دەبێ بە پەپوولە دواتر لە باتی بەفر پەپوولە دەبارێ! لێرەدا (تماهی)و لێکچونێک هەیە لەگەڵ رۆمانێکی بەختیار عەلی بە نێوی ( ئێوارەی پەروانە) لەم رۆمانە پەپوولە وەک سیمبۆل تەوزیف کراوە، تەنانەت خەونی فڕێن و جێگۆرگی شوێن لەم رۆمانە هاتووە، گەرچی مەبەستی نووسەر لەم رۆمانە داوای شکاندنی کوت و بەندی ئاینی و وەدەستهێنانی ئازادی زیاترە بەڵام نوقمی فانتازیای کردووە!


ئەوەی لە گێڕانەوەی شەوی ئەستێرەکان سەرنجت ڕادەکێشێ دەرخستنی کێشمەکێشە لە نێوان سەردەمەکانی مناڵی و هەرزەکاری و پیری، نووسەر نیگەرانی بوونی هەیە (قلق وجودی) وەک فلۆبیر باسی دەکا، ئەو لە چەندین شوێن دا ئاواتە خوازە بگەرێتەوە باوەشی دایکی تەنانەت لەوە زیاتر بگەرێتەوە نێو منداڵدانی! ئەم هەستکردنە لەرووی سایکۆلۆژییەوە بەڵگەنەویستە، مرۆڤ لەژیانی دا سێ جار تووشی نیگەرانی دەبێ، یەکەم کە لە هەناوی دایکی دێتە دەرەوە! دووەم کە لەمەمک دەیبڕنەوە (فگام)! سێیەم کە دەینێرنە قوتابخانەو لە دایک و ماڵەوە دووری دەخەنەوە! تەنانەت کە باسی سەردەمی هەرزەکاری دەکا پۆلیسی دەروون سەرزەنشتی دەکا، ئەمەش دیسان یەکێکە لە نیشانەکانی نەخۆشی خەمۆکی، بەڵام لێرەدا نووسەر لەبەر سانسۆری خەفەکراوی کۆمەڵایەتی کە نێوە دەرەکییەکەی بەلانسی ویژدانە! زۆر نەچووتە قووڵایی دەروونی خۆی، ئەگەر ئێمە سەرنجی رۆمانی ( الخبز الحافی) بدەین کە (محمد شکری) نووسیویەتی، زۆر پەدیدەی تاپۆی باس کردووە، بەشێوەک کە لە وڵاتانی عەرەبی کاتی خۆی کرایە هەرا لەسەر ناوەڕوکەکەی، کەچی دوازدە جاریش چاپ کرا! قارەمانی شەوی ئەستێرەکان لەسەردەمی کامڵبوونی دایە بۆیە ئەم هەراوزەنایە بە خانەکانی مێشکی گوزەر دەکەن! رۆماننووسی میسری نەجیب مەحفوز لە رۆمانێک دا دەڵێ گەنجەکان خوازیاری سەرەرۆیین! پیرەکانیش داوای دڵنیایی دەکەن!


هەر قۆناغێکی تەمەن خواستی خۆی هەیە، بەڵام کەسایەتی پۆزەتیڤ ئەوەیە ڕادەی ئەقڵ و ئاوەزی لەگەڵ ساڵەکانی تەمەنی بگونجێ، لەکاتێکدا هەموو کەسێک هەستی مناڵێکی دڵناسک لە ناخی دایە، ترس و نیگەرانی لە ئایندە خولیایەتی، بەڵام دەبێ پێمان لە ئەرزی واقعی ئاستی تەمەنی خۆمان گیر بێ!


هەست دەکەیت نووسەر لەزاری قارەمانەکانیەوە زانیارەیەکانی خۆی دەخاتە روو دەربارەی زانستی کیمی و ڕەنگ و هێڵکاری و وێنەکێشان و موزیک و ناسینی گوڵاوەکان ئەمەش نرجسیەتێکی تیایە بەڵام نرجسیەتێکی پۆزەتیڤە!


(عبدالرحمن منیف) دەڵێ دەبێ رۆماننووس وریای نووسینەوەی ئەوتۆبیوگرافی بێ لەرۆمان دا لەبەر ئەوەی هەموو کەرەستەو زانیارەکانی خۆی دەخاتە روو ئیدی لە ئایندە دووچاری ووشکبوون و نەزۆکی دێ، خوێنەر چاوەروانی بەرهەمی تازەی لێناکا!


بەهەر حاڵ ئێمە لە میانەی خوێندنەوەی رۆمانی شەوی ئەستێرەکان، هەست دەکەین دەقی نووسەرێکی بە ئەزمون دەخوێنینەوە، نووسەرێک کە شارەزای کەلتوری رۆژهەڵات ورۆژئاوایە، ئەم خاڵەش نووسەر لەو نووسەرانە جیا دەکاتەوە کە تەنیا کوردستانیان بینیوە، بەرای من شوێنی ژیان و گوزەران زۆر گرنگە بۆ پێگەیاندنی یادەوەری نووسەر!


بەڵام خاڵێک کە سەرنجی ڕاکێشام، هەڵویستی خاڵوی مامۆستایە لە شۆرش گەرچی وێناکردنی تەوژمێکی کۆمەڵایەتی سەردەمی شۆرشە، هەروا هەڵبژاردنی بەهزاد وەک کەسایەتییەکی نەگێتڤ دواتر شۆرشگێڕ!


بەرای من شۆرش کەم کوڕی و ناهەقی ودیل کوشتن و سەرکوتکردنی رای جیاوازی تیابوو، نارەزایەتی خەڵکی دێهاتەکان وەک لە رۆمانەکەدا هاتووە، بەڵام شۆرشیش نەدەکرا بەو بارەی کە خانم ئەزیتا باسی لێوە دەکا کە چەشنی غاندی شۆرشی سپی و راپەرینی سەرتاسەری ئەنجام بدرێ! لەو دەمە نەدەکرا لەبەر ئەوەی خەباتی چەکداری دوژمن سەپاندبووی، نازانم کاک یاسین باسی چ زەمەنێکی شۆرش دەکا لەبەر ئەوەی لە رۆمانەکەدا زەمەنی شۆرش تارادەیەک ونە، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە بوونی دوژمنی سەڵماندووە، نووسەر گومانێکی ئەلبیر کامۆ ئاسای لایە، ئەویش دەیگووت ئەگەر مردم کێ دەڵێ ئەوانەی دوای من بەهەمان ڕێگا دا دەرۆن!


بەڵام خوێندنەوەو پێشبینی نووسەر بۆ ئەوساو ئێستای شۆرش شایانی تێروانین و هەڵوەستەکردنە، پەیامی نووسەر ئەوەیە کە پێمان بڵێ کەرەسەکانی شۆرش و رژێمە سەرکوتکەرەکان وەکو یەکن، ئاسمان وریسمان جیاوازە لە نێوان گوتاری سەردەمی گەرماوگەرمی شۆرش و دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات!


نووسەر دەیەوێ لە دیوی ئینسانی شەڕ قووڵ بێتەوە بۆیە نەفرەت لە هەردوو لایەن دەکات، بەهەمان شێوە لە ساڵی ١٩٨٩ نووسەرێکی ئەهوازی چیرۆکێکی نووسی لەم بارەیەوە بە نێوی(چاڵ) دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو لەو سەردەمە!


هەر وەک لەسەرەتا گووتم نووسەر شارەزای باری خەمۆکی یە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە بروانە لاپەرە(١٣)(بێزاری و خەمۆکی لە قەلەڕەشێک دەچن مرۆڤ بۆ کارەسات و نەگبەتییەکانی ژیان پەلکێش دەکەن).


دەربارەی شوێن حیکمەتێکی سایکۆلۆژی خستۆتە روو بروانە لاپەرە (٢٢)(مسیۆ من تازە گەشتومەتە ئەو بروایەی جێگیربوون پەیوەندی بە مێشکی مرۆڤ خۆیەوە هەیە نە بە شوێنەکەوە! بەڵام ئێستا دوای ئەو هەموو گەڕان وسەرگەردانی و ئەزمونە تاڵانە تێگەیشتم، هیچ شوێنێک نییە لە دونیادا دۆزەخ یان بەهەشت بێت، دۆزەخ و بەهەشت ئەفرێندراوی مێشکی مرۆڤە).


لەپەرەگرافێکی دیکەدا دەڵێ( باڵندەکان، جوانی ئەوان تەنها لە فرێنەکانیان نیە، بەڵکو لەوە دایە هەر باڵندەو ڕەنگ و دەنگی تری هەیە) لێرەدا پێ لەسەر سەربەخۆبوونی کەسایەتی و جیاوازبوونی دەنگ دادەگرێ، بروانە پەرەگرافێکی تر کە درێژەی هەمان مانایە( دەبێ کەسەکانی تر لە ناخمان بکوژین تا لە خۆمان بچین).


لەم دێرەی خوارەوە داوای بە عەمەلی بوونی ئینسان دەکا بۆیە دەڵێ (خوێندەوارەکان کتێبەکانیان لە دەست دەربێنی وەک نابینا پێشی خۆیان نابینن).


لەلاپەرە٨١ دا دیسان نەغمەیەکی نەهێلیزم وئەکستانسیالیزم پەردەی گوێچکەمان دەلەرێنێتەوە ( ئەم دونیایە جگە لە کۆمەڵی قسەی قۆڕ شتی تر نییە!).


لەلاپەرە٩٩ دا دەڵێ( خوێندنەوەی زۆر مرۆڤ تووشی گومانی زیاتر لە خۆی و دەوروبەر دەکات) بەرای من مەعریفە ئەگەر نەکرێتە دەسەڵات و لە کردارمان ڕەنگ بداتەوە بێگومان مرۆڤ تووشی گومان دەکا!


لەلاپەرە ١١٧ دا توانێویەتی سەرکەوتووانە ئەفسانەی ڤینوس تەوزیف بکا!


لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ نووسینەوەی کتێبی دووەم.. هیوادارم دڵم نەیشاندبێ لە تێبینیەکانم دا.


نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک