٥\٥\٢٠١٣
خوێندنەوەیەک بۆ
رێکەوتننامە گوماناوییەکەی نێوان نێچیرڤان
بارزانی و مالکی.

جیهاد موحەمەد
دەمێکە زۆربەی چاودێرە سیاسییەکان و
رۆشنبیران و رۆژنامە نووسان و تەنانەت زۆریکیش لە خەڵکی گشتی کوردستان
لە گەمە چەواشەکارییەکان و خەڵک سەرقاڵکردن و خۆڵکردنە چاوییان و
خوتووکەدانی هەستیی نەتەوەیی بە ناوی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردییەوە
تێگەیشتوون لە گەمە سیاسییەکانی سەرۆکی هەرێم(مەسعود بارزانی) و پارتی
و توێژێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی. لە
سەر زۆرێکیش لەم گەمە سیاسیایەن وەڵامدراوتەتەوە و رەخەنەییان لێگیراوە
و فێڵەکانیان ئاشکراکراون، بە جۆرێک کە سادەتریین خەڵکی کوردستان
شارەزە بووە لێییان.
کورد، دەمێکە وتوییەتی پەتی درۆ کورتە. پەتی درۆ و بانگهێشتە
ساختەکارییەکانی کۆکردنەوەی دەنگ و هەڵبژاردنەکانی دەسەڵاتی سیاسیی
یەکێتی و پارتی لە پەتک ـ ی دەیانجارە بەکارهاتوو پێکهاتووە، پەتی گەمە
سیاسییەکانی ئەم دەسەڵاتە لە ریسێک پێکهاتووە کە چەندین جار هەر خودی
خۆیان ناچار بە گەمەیەکی تری سیاسیی کردویانتەوە بە خوری. رێکەوتنامەی
کۆبوونەوە دوقۆڵیەکانی نێوان نێجیرڤان بارزانی و مالکی لە تەونێکی
سیاسیی پوکاوەی گومانلێکراو پێکهاتووە کە ریسەکانی تری دەسەڵاتی سیاسی
کورددستانی کردەوە بە خوریی و هەڵیوەشاندنەوە. ئەم پەتک و خورییە لە
کەڵک کەوتووەی پارتی و حکومەتی هەرێم، کە دیانجار کردویانەتەوە بە
قورگی مەکینەی رستنەوەییدا، تەنیا بە هۆکاریی هێزی سەروەت و
سامانەکەیان، واتا (دراو) و هەڵخەڵەتاندن، واتا (درۆ) و بە کارهێنانی
حکومەت وەک ئامرازی سێیەم توانیوییانە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن و
سیناروێ لە دوای سنیارۆیی پێدروستبکەن.
ئەگەر بە وردی سەیری رێکەوتنە ٧ خاڵییەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و
مالکی بکەین، لەسەر هەریەک لەو خاڵانە قسەگەلێک و لێکدانەوە و شیکاریی
تایبەتی خۆی هەڵدەگرێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو ڕێکەوتننامەیە دەبوایە
بە بەلاغێکی فەرمیی و بە واژووی هەردوو سەرۆکی شاند و ئاگاداریی و
پشتڕاستکردنەوەی ئەندامانی شاندی هەردوو لا تەواو ببواییە. کەچی بە
کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی نێوان مالکی و نێچیرڤان بارزانی دوایی هات!.
ئەمەش لە لایەک تاریکییەکی ئەوتۆی بەسەر ئەو ریکەوتنامەیەدا هێناوە کە
بووە بە جێگەی گومانی هەموو لایەک و بە تایبەتی گومانی لای ئۆپۆزسوێن
دروستکردوە.
خاڵی یەکەمی بەم جۆرەی خوارەوە داڕێژراوە:
١- ئامادهکردنی پڕۆژهیاسایهکی تایبهت به
(قهرهبووکردنهوهی قوربانیانی شاڵاوهکانی ئهنفال و چهکی کیمیایی
و ڕاپهڕین و گۆڕه بهکۆمهڵهکان) و حکوومهتی فیدراڵ بۆ یارمهتیدانی
ئهو ئاواره و پهنابهرانهی له ههرێمی کوردستانن؛ بڕه پارهی
پێویست تهرخان دهکات.
پێش هەموو شتێک، نابێت پڕۆژە یاسایی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی
قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال و چەکی کیمایی، تێکەڵ بە هاوکاریی
حکومەتی فیدارڵ بکرێت بە ناوی یارمەتییدانی ئاوارە و پەنابەرانەوە.
ئەمە دوو شتی جیاوازە و تێکەڵەیەک دروستدەکات کە رەنگە لە دواجاردا و
لە کاتی جێبەجێکردنییدا لەسەر حسابی قەرەبووکردنەوەی شاڵاوەکانی ئەنفال
و چەکی کیمایی رێگەی گەندەڵیی خۆشبکات و پارەیەکی زۆر لەو
قەرەبووکردنەوەیە لابدرێت بە ناوی(یارمەتی ئاوارە و پەنابەرانەوە)!.
جگە لەمە ئەو پرۆژە یاسایە دەبوایە دەستبەجێ بە فەرمانی سەرۆکایەتی
وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی فیدراڵی بۆ هەردوو فراکسوێنی
دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی کوردستان بکرایە بە پرسی لێکۆڵینەوە و
دەنگدان لەسەری لە ناو پەرلامانی عێراقدا، تا چیی زووترە جێبەجێبکرێت.
کاتێک کە ئەمە داوادەکرێت بکرێت بە پرۆژە یاسایەک، ئیتر ئەوە
رادەستکردنییەتی بە ئەگەرە سیاسییەکانی داهاتووی عێراق و کوردستان و
دەچێتە ژێر ڕەحمەتی بەرژەوەندخوازیی حیزبایەتییەوە لە جێبەجێکردن و
جێبەجێنەکردنییدا. ئەم خاڵە تەنییا شکڵییە و لە ناوەڕۆکدا هیچ نییە جگە
لە داواکارییەک.
٢- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ
هەماهەنگیی ئەمنی.
ئەم خاڵە نابەجێیە و جێگەی گومانە، چوونکە لیژنەی ئەمنی لە کوردستاندا
لە ژێر فەرمانڕەوایەتیی (مەسرور بارزانی)دایە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی
پارتیە و دەسەڵاتێکی ئەوەندە باڵای پێدراوە کە کەوتوەتە سەرو پەرلەمان
و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە سەرۆکی هەرێمەوەیە.
رەخنەیەکی جددی لەسەرە و، دەمێکە داوای ئەوە دەکرێت دەبێت ڕاوێژکاری
لژینەی باڵای ئەمنی لە کوردستاندا بە یاسا لە پەرلەمانەوە بە پرۆژەیەکی
یاساییدا تێپەرێت و دەسەڵاتەکانی دیاریی بکرێت و ببێت بە دەستگایەکی
حکومیی و لە ژێر ڕکێفی پارتییدا دەربهێنرێت. تا ئەمە نەکرێت ئەم
ڕاوێژکار و لیژنە باڵا ئەمنییەی کوردستنان بۆی نییە هیچ ریکەوتنێک بکات
لە گەڵ لیژنەی ئەمنی عێراقدا، کاتێکیش دەخرێتە دوو توێی
رێکەوتننامەیەکی واوە، ئەوە شێواندنی کارەکانی حکومەتە، چوونکە بە
هەموو پێوەرێک ڕاوێژکاری دەستگای ئەمنی لە کوردستاندا هی حیزبە و لە
بەرژەوەندی پارتیی کار دەکات و بێلایەن نییە.
٣- پێکهێنانی لیژنەیەک لە هەردوو لا بۆ
لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی بەڕێوەبردنی ئەمنیی هاوبەش لە ناوچە ناکۆکی
لەسەرەکان کە بە میکانیزمێکی تایبەت و بێ لە فەرماندەکانی
ئۆپەراسیۆنەکان، لە نێویشیاندا ئۆپراسیۆنی دیجلە، بەڕێوەدەبری.
لەم خاڵەدا هەر وەک کاک کامیار سابیر لە نووسینێکیدا ئاماژەی پێدابوو.
لە کوردستاندا سەرۆکی هەرێم بۆ گێڕانی سیناروێ و خوڵکردنە چاوی
خەڵکییەوە و خوتوکەدانی هەستی نەتەوەیی بە بڕیارێک وتی دەبێت لەمەودوا
لە جیاتی ناوچە ناکۆکیی لەسەرەکان ناوچە کوردستانیەکان بەکاربهێنرێت.
ئەگەر ئەوە بۆ خەڵەتاندن و خوتوکەدانی هەستیی نەتەوەیی و گەمەکردنی
سیناروێی شەڕەکەیان نەبوو لەگەڵ مالکیدا لەسەر ٤ ملیار دۆلار، ئەی بۆ
ئەوەندە بوێر نیین کە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مالکیدا هەمان قسە بکەن و
بڵێن ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانیین! هەر خۆیان خۆیان بەدرۆ خستەوە بە بێ
شەرمکردن. دواتر ئەوە هەڵخەڵەتاندن و خەڵک گەمژەکردنە کە دەڵێن
لیژنەیەکی ئەمنی لە هەردوولا پێکبێ بە بێ ئۆپەراسوێنەکان و لە
ناویشیاندا ئۆپەراسوێنی دجلە. چوونکە ئۆپەراسوێنی دجلە مەوجودە و
هەمیشە لەسەر پێییە بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی مالکی. کاتێکیش کە
ئاماژە بە (ئۆپەراسوێنەکان و لە ناویشیاندا ئۆپەراسوێنی دجلە کراوە)
دەستەواژەی(ئۆپەراسوێنەکان) گومانی ئەوە هەڵدەگرێت کە مەبەستییان لە
هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانییە لە ناوچەی کەرکوک و خانەقیندا. پارتی
هەمیشە ئەوە پیشەیەتی کاتێک مەسەلەیەک خۆی تیا نەبێت، یان پێگەی خۆی لە
پێگەی یەکێتی تیا لاوازتربێت ئەگەر زۆر بە زیانی کوردیش بشکێتەوە قبوڵی
ناکات، وەک سیناروێکەی خۆی سەرینەگرت و مالکی بە ملهوڕی ئۆپەراسوێنی
دجلەی نەگەرانەوە، بۆیە ئەمیش لە لیژنە ئەمنیەکاندا نایەوێت هێزەکانی
یەکێتی نیشتیمانیی بەشداربن، بە تایبەتی لە ئێستادا کە بە فەرامانی
کۆسرەت رەسوڵ هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی جوڵەیان پێکراوە بۆ جێ
ناکۆکەکان و کەرکووک.
٤- پێکەوەکارکردن لە پێناوی دانانی یاسای
دیاریکردنی سنوورە ئیدارییەکان بۆ پارێزگاکان وەک ئەوەی لە لایەن
سەرۆکایەتیی کۆمارەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کراوە، هەروەها
پرۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی(ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) کە لە
لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش کراوە.
ئەم خاڵە رێک بە پێچەوانەی دەستوری عێراقەوەیە کە هەمیشە مەسعود
بارزانی دەیوت ئێمە پێ لەسەر جێبەجێکردنی دەستوری عێراق دادەگرین. بەم
خاڵە ماددەی ١٤٠ دەپوکێتەوە. دیارە پوکانەوەی ماددەی ١٤٠ کە لەوانەیە
ببێتە هۆکاری گەرانەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان، لە بەرژەوەندی پارتی
نییە، چوونکە هەمیشە پارتی نەیویستوە کەرکووک بگەڕێتەوە سەر کوردستان،
بە هۆکاری ئەوەی کە پێگەی لەم شارەدا لاوازە و وەک یەکێتی نییە.
٥- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ
لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی قەزا و گومرگ و سەفەر و دەروازە سنوورییەکان و
هاوشێوەکانیان لە هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم.
ئەم خاڵە لە بەرژەوەندی مالکی و حکومەتی ئیتیحادییە نەک حکومەتی هەرێم
و کورد، چوونکە لە دەستوردا ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە. ئەوەی کە
بیانووی گرتوە لەسەر ئەو ماددە دەستورییانە ئەوە مالکی و عێراق بووە.
لێرەشدا سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێم قسەکانیان سەرینەگرت کە دەیانوت
پێلەسەر جێبەجێکردنی دەستور دادەگرین. بە گوێرەی ئەم خاڵە هەمیشە مالکی
بۆی هەیە بیانوو بگرێت و شەر بە کورد بفرۆشێت. بەڵام نێچیرڤان بارزانی
و پارتی دەربەستی ئەمە نیین، چوونکە هەتا هەتایە خۆ ئەوان لەسەر حوکم
نابن و حکومەت بەدەست پارتییەوە نابێت، کەواتە کێشەکە بۆ حکومەتی
ئایندەی کوردستان بەردەوام دەبێت.
خاڵی شەشەم و حەوتەم. ( ٦- داواکردن له ئهنجومهنی
نوێنهران بۆ چاوخشاندنهوه به یاسای بودجهی فیدرالی ساڵی
٢٠١٣ و پاشکۆکانیدا، به شێوهیهکی ئسووڵی.
٧- پێکهێنانی لیژنهیهکی هونهری له ههردوولا
بۆ ڕێککهوتن لهسهر پڕۆژهیاسای نهوت و غاز و پڕۆژهیاسای دابهشکردنی
داهاتهکان.).
هەردووکییان جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مالکی و حکومەتی ئیتیحادییە.
وە وازهێنانە لە دەستور و مافەکانی کورد لە دەستوردا. چوونکە ئەو
کێشانە بە گوێرەی دەستور یەکلاییکراوەتەوە. بە هەڵواسراویی مانەوەی ئەم
کێشەیە و رادەستکردنی بە لیژنەو لیژنەکاریی کە مالکی و حکومەتی
ئیتیحادی دروستییانکردبوو، داوای داهاتی نەوتییان لە پارتی دەکرد،
کێشەیەکی نەگریس و ئاڵۆزە بۆ حکومەتی داهاتوو لە کوردستاندا. داهاتی
نەوت هەمووی تا ئێستا لای پارتییە لە رێگەی وەزیری نەوت و نێچیرڤان
بارزانی خۆیەوە، بۆیە هێشتنەوەی ئەو کێشەیە بە هەڵواسراویی خۆ
دەربازکردنی پارتییە و مانەوەی کێشەکەیە بۆ کورد و حکومەتی ئایندەی
هەرێم. دیسان هەردوو خاڵەکە لادانە لە دەستور و قبوڵکردنی کوردە بە
فشاری مالکی لە دەستور کە لە بەرژەوەندی کوردە.
٥\٥\٢٠١٣
- نەرویج
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|