په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٨

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی فیتنە.


سەدیق سەعید     


توندوتیژی وەک دیاردەیەکی سیاسی و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر وڵات،ھەمیشە بەشێک بووە لەشوناسی عێراق بەتایبەتیشی دوای دامەزراندنی. ئەوتوندوتیژییە کەبەشێک بووە لە ماھیەتی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دژ بەنەتەوەوتاکەکان لەسەر دەمی فەرمانڕەوایەتی بەعسدا دەگاتە ترۆپک. کاتێ ئەو وڵاتە دەبێتە زیندانێکی گەورە و ڕژێمێکی فاشی بۆ ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوایی وڵات دەکات. بۆیە خەونی ڕووخانی بەعس ئەو ئومێدەی لای عێراقییەکان بەگشتی دروستکرد، کە ئیدی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی ئەو وڵاتە دەست پێدەکات. بۆیە زۆرکەس ڕووخانی سەدامییان وەک دەرفەتێک دەبینی بۆ ئەو گۆڕانکارییە. خەونی لە ناوچوونی بەعس کە ساڵانێکی زۆر وەک مۆتەکەی ترس و تۆقین لە ژیانی عێراقییەکان بوونی ھەبوو، خەونی ھەمووان بوو بێ جیاوازی.لە پێشەوەشیان ئەوانەی ستەم و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانیان بەدستی ئەو ڕژێمە دیتبوو. تاڵاوی زیندانەکانی بەعسیان چەشت بوو. وەلێ بەماوەیەکی کەم دوای ڕووخانی بەعس، ئەو خەونەش لەنێودەچێت و جارێکی تر و لەفۆڕمێکی تر، توندوتیژی و دیمەنەکانی خوێن و کوشتن، دەگەڕێنەوە سەر شانۆی سیاسی ئەو وڵاتە. کەبەداخەوە تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە. پێکھاتەی عێراق، لە ڕووی ئیتنیکی و مەزھەبییەوە، پێکھاتەیەکی ئاڵۆزە، ئەو وڵاتە وڵاتێکی بە زۆر دروستکراوو پێکەوە لکێنراوبوو. بەعس و سەدام بە زەبری چەک و کوشتن ئەو ھاوسەنگییەیان ڕاگرتبوو. بۆیە کاتێکیش ئەو ڕژێمە نامێنێت، ئیدی ئەو بەیەکدادانە ئایینی و مەزھەبیەش دروست دەبێت، کە ساڵانێکی زۆربوو پەنگی خواردبووەوە. لێرەوەش عێراقی نوێ کە دوای ڕووخانی بەعس پانزە ساڵ لەمەو بەردروست دەبێت، بەبڕوای ھەزاران کەس جیاوازییەکی دیکەی لە گەڵ عێراقی پێشووتر نییە. دیسانەوە خوێن و ستەمکردن دەبنەوە بەشێک لەناسنامەی ئەو وڵاتە کە بەداخەوە ھەمیشە وەک سیمایەک دەبینرێت بۆ ناسینەوەی شوناسی سیاسییانەی.

 

بێگومان ھەموومان لە ڕێگەی کتێبە نایابەکەیەوە بەناوی (دڵڕەقی و بێدەنگی) نووسە رو بیرمەندی عێراقی (کەنعان مەکییە) دەناسین. ئەو نووسەرەی دوورکەوتنەوە و ستەم و چەوسانەوەی زۆری دیت لە سایەی بەعس. دواجاریش ماھیەتی ڕاستەقینەی ئەو دەسەڵاتەی لەو کتێبەیدا بۆھەمووان دەرخست. بۆیە ڕەنگە ئەو نووسەرە ئومێدێکی زۆری بەو عێراقە تازەیە ھەبێت. وەلێ بەماوەیەکی یەکجار کەم و تاکە ڕۆژێک دوای ڕووخانی بەعس و کوشتنی (سەید مەجید)، ئیدی ئەو ئومێدەی ئەویش ھەرەس دێنێت. ئەم بیرمەندە، ئەمجارەیان لە ڕێگەی کتێبێکی دیکەیەوە کەخۆی ناوی ناوە ڕۆمانی (فیتنە) شوناسی ئەو عێراقە نوێیە دەردەخات کەلەدوای بەعس دروست بوو.

 

مەکییە لەو ڕۆمانەیدا، ڕەخنە لە ئەقڵیەتی سیاسی بەڕێوەبردنی عێراقی تازە و ئەو بەیەکدادانە مەزھەبییە دەگرێت کەسەدان ھەزارعێراقی کردەقوربانی بەبێ ئەوەی بتوانن لێبوردانەبەیەکەوە بژین. ڕەخنە لەو دەستەبژێرە سیاسییە دەگرێت کەدەبوو ئەزموونێکی سیاسی جیاوازتریان لە ئەزموونەکانی ڕابردوو پێشەکش کردبا کەبەداخەوە نەیانکرد. ئەو ڕۆمانە باسی واقیعی سیاسی عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٠٦ دەکات. کەتیایدا بەیەکدادانی شیعەو سوننە لەترۆپک دابوو.ڕۆمانەکە لەچەندین بەشی جیاواز پێکھاتووە.لەھەریەک لەو بەشانەش باسی کارەکتەرو ڕووداوێک دەکرێت. وەلێ پەیامی ڕۆمانەکە دواجار لەوخاڵەدا چڕدەبێتەوە کە ئەویش ڕەخنەکردنی ئەو ئەقڵە شیعەگەرایەیە کەدوای ڕووخانی بەعس دەسەڵات دەگرێتە دەست، بەڵام سەرکەوتوو نابێت لە بەڕێوەبردنی وڵات. ئەوناکۆکییە تائیفیەی لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق ھەبووە ڕەنگدانەوەی لە سەر سیاسییەکانیش دروستکردووە. ئەمەش وایکردووە لەبڕی ئەوەی وەک عێراقییەک بیر بکەنەوە بەپێچەوانەوە وەک شیعەو سوننەیەک بیر دەکەنەوە.ھەروەک خۆشی لە سەردەمی یەکێ لەکارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەیەوە باسی دەکات. کاتێ دەڵێت:(عێراق تەنھا ناوە وەک بیرۆکە و نەتەوە بوونی نییە.سەرەتا ئێمە شیعەین، ئینجا عێراقی،دواتر عەرەب).بێگومان ئەو بیرکردنەوەیە ڕەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی تێگەیشتنی سیاسییانەی تاکی عێراقی بۆ بەیەکەوە ژیان دوای ڕووخانی سەدام بزانین. کاتێ مەزھەب لە پێشەوەی وڵات و نەتەوە دێت، ئیدی ھەموو شتێک ڕەوایە لە پێناو ئەو مەزھەبەشدا بکرێت. وەک ئەوەی ڕۆماننووس باس لە کوشتنی(عومەر)ەکان دەکات کاتێ سەریان بە دڕێلی کارەبایی کون دەکرێت تەنھا لە سۆنگەی ناوەکەیان. یاخودئەوانەی ناویان(عەلی)یە ئیدی باجی ناوەکەیان دەدەن.

 

نووسەر لەو ڕۆمانەیدا، ھەمووئەودیمەنە تراژیدی و دڵتەزێنانە باسدەکات کەلەنێوان ئەو ساڵانەدا ڕوویاندا کاتێ کوشتن لە سەر ناوو ناسنامە دەبێتە کاری لە پێشینەی تاکەکان و سیاسییەکانیش جگە لە تەماشاکارێک ناتوانن بەر بەو خوینە بگرن کە ڕۆژانە لەجەستەی عێراقییەکانەوە دەڕژێت. بەبڕوای نووسەر دەستە بژێری سیاسی عێراقی لەوە بێ تواناتربوون بتوانن عێڕاقێکی تازە بۆ ھەمووان بونیاد بنێن. کە تیایدا کوردو عەرەب و سوننەو شیعە و موسڵمان وکریستیانییەک بەیەکەوە وەک برابژین. ئەو سیاسییانەکە بە تێگەیشتنی ڕۆماننووس ساڵانێکی زۆر لە دەرەوە ژیاون، ئیدی دێنەوە سەر زەمینەیەک بەبێ ئەوەی بتوانن وڵات بەڕێوەبەرن. شیعەکان کە پێکھاتەیەکی گەورە و سەرەکی عێراقن و دیمۆگرافیایەکی زۆری ئەو وڵاتە پێکدەھێنن، لەھەمووان زیاتر ئەو بەرپرسیاریەتیەیان دەکەوێتە ئەستۆ. چونکە ئەوان دەستە بژێری بەڕێوەبردنی وڵات بوون. بەڵام بەداخەوە ئەوانیش نەیانتوانی نەخشی ئەو عێڕاقە نوێیە بەبرایەتی و پێکەوە ژیانی مەزھەبی بکەن. بگرە ئەوھەلەیان قۆستەوە کە ساڵانێکی زۆربەدەست سوننەکانەوە ستەمیان لێکراوە، ئیدی گیانی تۆڵە سەندنەوە لەناخیان دروست بوو.ئەمەوێرای ئەوەی لەنێوخۆشیان کەوتنە ململانێ لە سەردەسەڵات و ناسینەوەیان بەچەندین شوناسی مەزھەبی لەبڕی ھاوولاتیبوون وەک:( حەکیم و سەدرو خوئی وچەندان شوناسی تریش). وێرای دروستکردنی چەندین میلیشیای چەکداری.کەھەریەکەیان سەربە نێوەندێک و کەسایەتییەک بوو.بەمەش وڵات بووە پارچەیەک لە میلیشیای چەکداری، بێ ڕێکخستن و سەروەربوونی یاسا و دامەزراوەیی دەوڵەت. کە دۆخەکە زۆر لە پێشتر خراپتر بوو. بەبڕوای ڕۆماننووش ماھیەتی عێراقی بەناو نوێ ھەر تەنھا ڕۆژێک دوای ڕووخانی بەعس لەنۆی نیسان دەرکەوت، کاتێ لە دەی نیساندا سید مەجید خوئی، کەیەکێکە لە کەسایەتییە پاک و خۆنەویستەکان تیرۆر دەکرێت.بەبێ ئەوەی ھیچ کەس و دەزگایەک لەوخوێنە ڕژاوە بپێچنەوە. ئیدی جارێکی تر خوێن دەبێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییان و بەتەقاندنەوەی مەرقەدی دووئیمامەکانیش،دەبێتە فوارە.ئەمەش سەرەتای نائومێدبوونە لەدروستبوونی عێراقی تازە، کە خەونی گەورەی(مەکییە)و ھەزارانی وەک ئەویش بوو.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕۆمانەکەیدا ڕۆماننووس ڕەخنە لە ڕۆژی لە سێدارەدانی دیکتاتۆر دەگرێت، بەوەی کە پاڵنەرێکی مەزھەبی لە پشتی ئەوەبووە ئەوڕۆژە بۆلەسێدارەدانی دیکتاتۆر دیاریبکرێت. کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان و پیرۆزی خۆی لای مەزھەبی سوننەکان ھەیە.لەدوابەشی ڕۆمانەکەشیدا،نووسەر باس لە ساتی دادگاییکردنی دیکتاتۆر و پاسەوانەکانی و چەند دیالۆگێک دەکات کە سەدام لە میانەی لێپرسینەوەی لەبەردەم دادوەردا وک دروشمێک ھەمیشە بەرزی دەکردنەوە کە ئەویش شانازیکردن بە عروبەو خۆناساندن وەک بەرگریکاری نەتەوەی عەرەب بوو، کە دواجار ھەموو عێڕاقییەکانیش چارەنووسی ئەوەیان بینی کەنەک نەیتوانی بەرگری لەنەتەوەکەی بکات،بگرە لە خۆشی. لەکۆتایی کتێبەکەشیدا، مەکییە لە بارەی بیرۆکەی ئەوکتێبەو پاڵنەری نووسینی دواوە کە بەبڕوای من پێویستی بەو شرۆڤەکردنە نەدەکرد.

 

ئەم کتێبە بەبڕوای من وەک خوێنەرێک پتر کتێبێکی سیاسی و مێژووییە لەوەی ڕۆمان بێت. ڕاستە نووسەر لە کتێبەکەیدا بەزمانی ئەو کارەکتەرانە دەدوێت کە خۆی ناوی ناون. بەڵام بیرمان نەچێت، کەسایەتییەکان، ڕووداوەکان، ململانێ و کێشمە کێشمە سیاسییەکان، لە زەمینەی واقیعدا و لە کۆمەلگەی عێراقی بوونی ھەیە. بۆیە ناتوانرێت گوتاری ئەو کتێبە لەو دیمەنە سیاسییانە داببڕینین کەلەدوای ڕووخانی بەعسەوە لە عێڕاق دروست بوون. ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە مێژووی عێراقی تازەی دوای ڕووخانی بەعس. بەڵام مێژووێک چەند شایستەی لێوردبوونەوەیە، ھەزار ئەوەندەش مایەی نائومێدییە. چونکە دواجار ئەو ڕاستییەمان بەڕاشکاوی پێ دەڵێت کە عێراقی نوێ، ئەو عێراقە نەبوو کە سەدان ھەزار عێراقی و کەنعان مەکییەش خەونیان پێوە دەبینی و ئومێدییان پێبوو. بەڵکو زەمینەی بەیەکدادانی نێوخۆیی و دیمەنەکانی تەقاندنەوەو خوێن بوو..
___________________________
* فیتنە: نووسینی کەنعان مەکییە، وەرگێڕانی: ھەڵکەوت عەبدوڵا، بڵاوکراوەی (ناوەندی عەبدولرەحمان زەبیحی - سلێمانی - ٢٠١٧).
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک